پێنج ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لەبارەی خۆپیشاندانەكان داوا لە حیزبەكەیان و گۆڕان دەكەن دواین دەرفەت بدەنە پارتی

لەلایەن ستاندار Posted on 561 جار بینراوە

ستاندەر

لە راگەیەنراوێكدا پێنج ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوا لە حیزبەكەیان و بزوتنەوەی گۆڕان دەكەن تا كۆتایی ئەم مانگە دەرفەت بدرێتە حكومەتی هەرێم بۆ گەیشتنە رێكەوتن لەگەل بەغدا بەگوێرەی بنەما دەستوریەكان، بەپێچەوانەوە پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ھەڵەبجە بەجیا بچنە دانوستانەوە لەگەڵ حکومەتی بەغدا بۆ بەدەستھێنانی مافە دەستورییەکانی ئەو دوو پارێزگایە.  

 دەقی ڕاگەیەندراوەکە:  

پەیامێک سەبارەت بەخۆپیشاندان و ناڕەزاییەتەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی

کۆمەڵانی خەڵکی ماندوو بەشەرەفی سنوری دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، حزبە سیاسیەكان، لەپێناو ڕزگارکردنی ئەوەی ماوەو بۆئەوەی زیاتر خوێنی گەنجەكانمان نەڕژێت داوا دەکەین:

١/ گەنجانی توڕەو گیرفان خاڵی تکایە باسوتان و تاڵانکردنی بینا حكومی و خزمەتگوزراریەكان نەکەینە کلتور،  ئەوە داوا ڕەواکان دەشێوێنێت و پاساودەدات بۆ توندوتیژی، ھەروەھا زەرەرمەندی یەكەم خەڵکەکەی خۆمانە نەک ھیچ لایەنێک، جگەلەوەش دواتر لەسەر بودجەی ناوچەکانمان دەبێت چاك بكرێتەوە، سەرەڕای ئەوەش بینای ھەرچی حزب ھەیە بەقوربانی خوێنی گەش و ئاڵی گەنجێكی ئەم نیشتمانە بێت.

٢/ داوای موچەو کارو بژێوی، شەڕی گەندەڵی و ھاواری ناعەدالەتی حەق و ڕەوایە، بۆ لەڕەگەوە چارەسەکردنی ئەم کێشەیە کەلە ساڵی ٢٠١٤ میللەتەکەمانی ماندوو کردووە، ڕودەکەینە (ی.ن.ک) و بزوتنەوەی گۆڕان وەک دولایەنی خاوەن پێگەی جەماوەری ئەم سنورە کەبەشداری حکومەتن، داوادەکەین تاکۆتایی ساڵ دەرفەت بدەنە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی بەغداو جێبەجێکردنی ئلتزامە دەستوریەکان (ڕادەستکردنی ئەو بڕە نەوتەی ڕێککەوتنی لەسەردەکرێت لەگەڵ نیوەی داھاتی خاڵە سنوریەکان)  بۆ نەھێشتنی بیانوی بڕینی بودجەو مووچە ھەروەھا لەناوخۆشدا  سیستمی نا ناوەندێتی(لامەرکەزی) ئیداری و دارایی بۆ پارێزگاکان جێبەجێبکات، خۆ ئەگەر حکومەتی ھەرێم کات دەکوژێت، ناکرێت تەنیا تەماشەکەری برسێتی میللەتەکەمان بین! پێویستە پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ھەڵەبجە بچێتە دانوستانەوە لەگەڵ حکومەتی بەغدا بۆ بەدەستھێنانی مافە دەستوریەکان.

٣/ پێمان وایە دابینکردنی ژیانێکی شایستەو بەکەرامەت بۆ خەڵکەکەی خۆمان بەشێکی گەورەیە لەنیشتیمان پەروەری.

خوای گەورە ئاگاداری ھەموان بێت.

١- صباح شەھید فتاح   ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا

 

٢- ڕێكەوت زەكی          ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا

 

٣- نیاز سەید ئەحمەد   ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا

 

٤- صەمەد ئیبراھیم      ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا

 

٥- ئاڤان جەمال           ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.