کاری ڕۆژنامەوانی لەنێوان گرژی پەڵکانە و بنکەی پۆلیس دا

لەلایەن ستاندار Posted on 541 جار بینراوە
ستاندەر
 بۆزانینی دواین هەواڵ و زانیاری دەربارەی کێشەی کوردنشینانی پەڵکانە و عەرەبەکانی ئەو سنوورە سەردانی گوندەکەمان کرد، کەچی خۆمان بووین بەهەواڵی دەزگاکانی ڕاگەیاندن” ئاکام وەزیری پەیامنێری ستاندەر لەکەرکوک بەم جۆرە باسی لەچۆنیەتی دەستگیرکردنی خۆی و هاوڕێکانی کرد لەگوندی پەڵکانە لەڕۆژئاوای شاری کەرکوک.
نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ١١ـی کانوونی یەکەمی٢٠٢٠ سەعد حەربی سەردانی گوندی پەڵکانەی کرد و تاوەکو کاتژمێر ٣ـی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە١٤ـی کانوونی یەکەمی٢٠٢٠ مۆڵەتی بە گوندنشینانی کوردی پەڵکانەدا بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ عەرەبەکانی گوندەکە بۆچارەسەر کردنی کێشەکانیان، ئەگەر نا بەهێز لەبەرژەوەندی عەرەبەکان دەستوەردانی سەربازی دەکەن، هەربۆیە بۆزانینی دواین زانیاری و خستنەڕووی ڕاستی ڕووداوەکانی گوندی پەڵکانە، بەیانی ڕۆژی دووشەممە١٤ـی کانوونی یەکەمی٢٠٢٠ پێنج ڕۆژنامەنووسی کورد، کە پێکهاتبوون لە(ئاکام وەزیری پەیامنێری دەزگای ستاندەر، ئۆژین جۆڵا پەیامنێری ئاژانسی ئەنادۆڵ، سۆران عەبدولکەریم پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان، سۆران محمد پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژ نیوز، هەڵمەت حەسەن پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا) لەشاری کەرکوکەوە بەرەو گوندی پەڵکانە لەسنووری شارەدێی سەرگەڕانی سەربەشارۆچکەی دووبز لەڕۆژئاوای شاری کەرکوک بەڕێکەوتن و لەکاتی ئەرکی ڕۆژنامەوانی خۆیان لەگوندی پەڵکانە دەست بەسەرکران. ئاکام وەزیری پەیامنێری دەزگای ستاندەر، کەیەکێک بوو لەڕۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکانی گوندی پەڵکانە، چیرۆکی دەستگیرکردنی خۆی و هاوڕێکانی لەگوندی پەڵکانە گێڕایەوە و ئاماژەی بەوەدا، پاش ئەوەی گەیشتینە گوندی پەڵکانە سەرەتا لەگەڵ دانیشتوانی کوردی گوندەکە دانیشتین و پرسیاری ئەوەمان لەخەڵکی گوندەکە کرد، کەئەوان ئێستا بەنیازی چین و ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی مۆڵەتەکەیانە، کەسوپای عێراق بەر لەدوو ڕۆژ پێیانی دابوو بۆڕێککەوتن لەگەڵ عەرەبەکانی هۆزی شەممەر و خەڵکی گوندەکەش سوربوون لەسەر مانەوەیان لەسەر خاک و ئاوی خۆیان و باسیان لەوەدەکرد، کە نیشتمان شەڕەفیانە و ئەوان شەڕەفیان ڕادەستی خەڵکی تر ناکەن. وەزیری وتیشی: “پاش قسەکردن لەگەڵ خەڵکی گوندەکە دەستمان کرد بەڕووماڵ کردن و گواستنەوەی وتەکانی گوندنشینانی کوردی ناوچەکه و پاش کۆتایهاتنی کارەکانمان لەگەڵ کاک یوسف یەکێک لەکوردنشینانی گوندی پەڵکانە قسەم کرد و پرسیاری ئەوەم لێی کرد، ئاساییە بچینە لای هاوڵاتییە عەرەبەکانی گوندی پەڵکانە بۆئەوەی قسەی ئەوانیش بزانین دەربارەی ئەو ڕووداوانەی لەم ناوچەیە دەگوزەرێن، کاک یوسف و ئەو گوندنشینانەی لەگەڵی بوون و کێشەکانی خۆیان تاوتوێ دەکرد، زۆر لەلایان ئاسایی بوو ئێمە بچینە لای عەرەبەکان،کەلەهۆزی شەممەر بوون، بەڵام پێیان ڕاگەیاندم، کەئەوان ترسیان لەوە هەیە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە دەست بەسەربکرێین”. پاش ئەوەی ڕۆژنامەنووسەکان سەردانی هۆزی شەممەریان کرد سەرەتا بەبازگەیەکی کاتی سوپای عێراق دا تێپەڕین، کەئۆتۆبێلێکی سەربازی جۆری هامەربوو لەبەردەم مزگەوتی گوندی پەڵکانە داندرابوو، بەڵام ئەو بازگەیە هیچ لێپرسینەوەیەکیان لەڕۆژنامەنووسەکان نەکرد، کەبەبەردەمیان تێپەڕین بەرەو ماڵی سەرۆک هۆزی شەممەر(شێخ نایف) و لەلایەن تەواوی ئەندامانی هۆزەکە و سەرۆک هۆزی شەممەرەوە پێشوازی لەڕۆژنامەنووسەکان کرا و گفتوگۆیەکی گەرم لەنێوان ڕۆژنامەنووسان و سەرۆک و ئەندامانی هۆزی شەممەر ڕوویدا. “ئەوان باسیان لەوەدەکرد، کە خاوەنی زەویەکان و تاپۆیان هەیە و گەر کوردەکانیش تاپۆیان هەیە دەتوانن لەدادگا بیسەلمێنن، کەخاوەنی زەوییەکانن و ئەوکات ئەوان(عەرەبەکانی هۆزی شەممەر) زەوییەکان چۆڵ دەکەن بەبێ هیچ کێشەیەک) ئاکام وەزیری لەدرێژەی قسەکانی وایگوت. دوای تەواوکردنی گفتوگۆیەکە ڕۆژنامەنووسەکان دەستیان کرد بەکاری ڕۆژنامەوانی خۆیان و ڕووماڵ کردن و گواستنەوەی دەنگی عەرەبەکان وەکو خۆی بەبێ ئەوەی دەستکاری هیچ وشەیەک بکرێت و دواتر ڕۆژنامەنووسەکان سەرئۆتۆمبێلەکەیان کەوتن بۆئەوەی بەرەو کەرکوک بگەڕێنەوە و بەهۆی نەبوونی نوسراوی ڕێپێدراو لەلایەن فەرماندەی ئۆپڕاسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک لەلایەن هێزێکی لیوای ٣٢ـی فیرقەی هەشتی موغاویری سەربازی سوپای عێراقەوە دەستگیرکران. نزیکەی دوو کاتژمێر لەسەر شەقامێکی تەندراو بەهێزی سەربازی، کەدەکەوتە نێوان گوندنشینە کورد و عەرەبەکانی پەڵکانە، لێکۆڵینەوە لەتیمە ڕۆژنامەوانییە پێنج کەسییەکە کرا. ئاکام وتیشی: “دۆخەکە تادەهات ئاڵۆزتر دەبوو عەرەبەکانی هۆزی شەممەر لەناوخۆیان هەڵایەکیان درووستکردبوو، کە گوزارشت بوو لەهەڵای شەڕ و خوێن ڕشتن، بەڵام هێزە عێراقییەکان پەیامێکی توندیان بەهۆزی شەممەر گەیاند و بەئەندامانی هۆزەکەیان ڕاگەیاندبوو، گەر هەر هەنگاوێک بنێن بۆداگیرکردنی خانووی کوردەکان و ئەوان وەکو سوپای عێراقی بەهێز ڕووبەڕوویان دەبنەوە و دەستگیریان دەکەن، ئەمەش هۆکارێک بوو بۆکپ بوونەوەی عەرەبەکان، بەڵام هێزە عێراقییەکان هێشتا دڵنیانەبوون لەسەلامەتی گیانی ئێمە بۆیە بەپەلە ئێمەیان خستە نێوئۆتۆمبێلەکەمانەوە و ڕێگەیان نەدا دابەزین و پاش چەند و خولەکێک بڕیاریان دا ئێمە ڕادەستی بنکەی پۆلیسی سەرگەڕان بکرێین”.
پاش گەیشتنی ڕۆژنامەنووسەکان بەبنکەی پۆلیسی سەرگەڕان دواجار کەیسەکەیان ڕادەستی پۆلیس کرا، و بۆماوەی نزیکەی پێنج کاتژمێر بەتۆمەتی سەرپێچی کردنی یاسا و بەماددەی٢٤٠ـی سەرپێچی لەیاسای سزادانی عێراقی لێکۆڵینەوە لەتیمەکە ئەنجامدرا و لەکاتژمێر ٦:٠٠ـی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە١٤ـی کانوونی یەکەمی٢٠٢٠ بەبڕیاری دادگا تیمەکە ڕۆژنامەوانییەکە بەکەفالەتی خەڵکی ناوچەکە ئازادکران، بەڵام تاوەکو ڕۆژی دادگایی کردنیان لەڕۆژی دواتردا دەست بەسەر تەواوی مۆبایل و کەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەکانی تیمەکەدا گیرا و لەدوای کاتژمێرێکیش لەدەرچوونی بڕیارەکەی دادگا لەکاتژمێر٧:٠٠ـی ئێوارە تیمەکە ئازادکران، بەڵام بەهۆی ئەوەی جارێکی تر دەستگیرنەکرێنەوە تیمە ڕۆژنامەوانییەکە بەرەو شاری هەولێر بەڕێکەوت و پاشان بەرەو شاری کەرکوک گەڕایەوە. ڕۆژی دواتر ڕۆژنامەنووسەکان لەبەردەمی دادگای دووبز ئامادەبوون و پاش نزیکەی پێنج کاتژمێر لەلێکۆڵینەوە دادوەر بڕیاری ڕادەستکردنەوەی مۆبایل و کەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەکانی تیمە ڕۆژنامەوانییەکەی دەرکرد، جگە لە کامێرایەکی ئاژانسی ئەنادۆڵ، بەڵام لەڕۆژی چوارشەممە ١٦ـی کانوونی یەکەمی٢٠٢٠ دادوەر بڕیاری ڕادەستکردنەوەی کامێراکەی ئاژانسی ئەنادۆڵی دەرکرد.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.