عێراق و هەرێم قەیرانی بێ کۆتایی

لەلایەن ستاندار Posted on 860 جار بینراوە 0 سەرنج
Sarsar Qadr

تەحسین قادر

رێكخراوی ئازادبون بۆ تواناسازی، تاكگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەكان

پێشەکی

بە درێژایی مێژوو عێراق یەک وڵات نەبووە، لە دوای جەنگی جیھانی یەکەمیشەوە ھەر سێ ویلایەتی بەسرە و بەغدا و موسڵ ( بە باشوری کوردستانەوە) بە زۆر لێکدران و ئەم عێراقەی ئێستایان لێدروستکرا.

ھیچ کام لە پێکھاتەکانی عێراق ئینتیمایان بۆ عێراق نییە، ھەر یەکە ئینتیمای بۆ پێکھاتەی خۆی زیاترە لە ناو عێراق ھەروەھا بە قوڵاییە ئەتنی و مەزھەبییەکانییانەیەوە لە دەرەوەی عێراقدا.

 

عێراقی یەکگرتوو

بە درێژایی سەدەی بیست و ئەم بیست ساڵەی سەدەی بیستویەک، چوار ئاڕاستە ویستییان عێراقی یەکگرتوو دروستبێ و ناسنامەی عێراقیبوون بدەنە ھەموو پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینیی و مەزھەبییەکان:

یەکەم- ئینگلیز و توێژێک لە کەسایەتییە ھەڵکەوتووەکانی پێکھاتەکان (زۆر بە تایبەتی دەستەبژێری عەرەبی سوننە)، کە دەیانویست وڵاتێکی دەستووری دروست بکەن و ھاوڵاتی بوون لەسەروو ئینتیماکانی ترەوە بێت.

کێشە بونیادییەکانی ئەم کۆمەڵگەیە رێگربوون لە سەرکەوتنی ئەم ئاراستەیە، لەگەڵ ١٤ تەموزی  ١٩٥٨و روخاندنی پاشایەتی و پەکخستنی پەرلەمان و  نەھێشتنی دەسەڵاتی ئینگلیزدا، ئەم ھەوڵە شکستی ھێنا.

دووەم- حیزبی شیوعی عێراق لە گۆشەی یەکگرتوویی چینی کرێکاری عێراقەوە دەیانویست (نیشتمانێکی ئازاد و گەلێکی بەختەوەر) دروستکەن، سەرەڕای تێکۆشان و قوربانییە زۆرەکانی ئەم حیزبە، بەھۆی کۆمەڵێک ھۆکاری خۆیی و بابەتی، ناوخۆیی و جیھانی نەگەیشتنە دەسەڵات، سەرئەنجام شکستێکی دیارییان خوارد، رەنجییان بە فیڕۆ چوو. حیزبەکە دابەشبوو، لەگەڵ خاوێنی و دڵسۆزی و نیازپاکییان.. ئێستا بە زەحمەت کورسییەکی پەرلەمان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان وەردەگرن.

لە عێراق و ھەرێم سەرکردە و خێڵ و حیزبی بە ناو ئایینی و نەتەوەیی و خاوەن میلیشیا زاڵن!

سێهەم- دیکتاتۆر و حیزبی توتالیتاری ناو پێکھاتەی سوننە بە ناوی ئاڕاستەی نەتەوەیی عەرەبیبیەوە، کە بە روونی لە ١٩٦٣ وە ھەتا ٢٠٠٣ بە ئاگر و ئاسن یەکگرتوویی عێراقییان پاراست و سڵییان نەکردەوە لە ئەنفال و جینۆسادی پێکھاتەی کورد. بەرامبەر شیعە و پێکھاتەکانی تر و ھەموو ئۆپۆزیسیۆنیش درێخیان نەکرد لە کوشتن و بڕین!

لە ئەنجامدا عێراقییان تووشی چەندین شەڕی دەرەکی کرد، شیعە و کوردییان زیاتر لە سونە دوورخستەوە. عێراقییان بە تەواوی کردە زیندان و دۆزەخ بۆ ھەمووان( جگە لە کەمینەی دەسەڵاتدار).

چوارەم- لە ٢٠٠٣وە ئەمریکا ھەمان ھەوڵی شکستخواردوی ئینگلیزی دەسپێکردەوە بۆ دروسکردنی عێراقێکی بەناو نوێ کە وەکوو یەک ھی ھەموو پێھاتەکانی بێت، لەو پێناوەدا دەستووری ٢٠٠٥ ی  بەزۆر سەپاند.

بەڵام راستییەکەی عێراقی دوای ٢٠٠٣ نەک هەر نوێ نەبوو بەڵکو هەر عێراقی کۆن بوو، لە راستیدا تەنانەت سێ جاریش کۆن بوو:

١) دەستەبژێر و بڕیار بەدەستانی عێراقی عەرەبی هەڵگری هەمان بنەما فیکری و ئایدیۆلۆژییەکانی عێراقی کۆن بوون؛

٢) لایەنی کوردی هێشتا هەر ئەسیری بیری ئۆتۆنۆمی و پاراستنی یەکپارچەیی عێراقە کۆنەکە بوون. تەنانەت بەشداربوونییان لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا، بۆ پارە و پۆست و ئیمتیازاتی شەخسی و بنەماڵەیی و حیزبی بوو.

لە راستیدا سەرکردە و حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان، نە عێراقی بوون نە کوردستانی، بەڵکوو بێ ستراتیژی نەتەوەیی و نیشتمانی بوون، تاکتیکی رۆژانە و کورتخایەنیان پەیڕەو کردووە و بەردەوامیشن لەسەری بۆ پارێزگاری دەسەڵات و کۆکردنەوەی سەرمایە بۆ خۆیان و نەوەکانییان.

٣) کۆمەڵگەی  نێو دەوڵەتی، بە تایبەتی ئەمریکا، لەسەر بنەما کۆن و جیۆ-ستراتیژییە کۆنەکە پێداگر بوو لە مانەوەی عێراقە کۆنەکە بە یەکگرتوویی بۆ پاراستنی هاوسەنگی هیز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زۆر بە تایبەتیش لە ناوچەی کەنداو، بەرامبەر بە ئێران.

کاتێکیش کە بیینیان سەرکردەکانی کورد ( وەک بریمەر لە بیرەوەرییەکانیدا باسی دەکات)[1] پارە بۆ خۆیان و حیزبەکانییان، بایەخی یەکەمی ھەیە… بە پارە دەستەمۆیان کردن و بێ کێشە عێراقە کۆنەکەیان دروست کردەوە.

بەھۆی نەبوونی کەلتوری دیموکراسی و باوەڕنەبوون بە سەروەری یاسا، ئازادی بیروڕا، یەکسانی نێوان نەتەوە- ئایین- ئایینزا و مافی مرۆڤ بەگشتی… ئەم ھەوڵەش شکستی خوارد، رۆژ بە رۆژ  زۆرینەی شیعە، بە حوکمی زۆرینەیبوونیان لە دانیشتووان و پەرلەمان و حکومەتدا، بەشی زۆری دەستوورییان جێبەجێنەکرد ( بۆ نموونە پێکهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵی و مادەی١٤٠).

ئێستاش بە فەرمی و بە کردەوە  پاشەکشەی زیاتر دەکەن لە دەستوور، ئه‌مه‌ش بە ھەڵوێستییان لەسەر مافەکانی ھەرێم وناوچە دابڕاوەکان و ده‌ركردنی به‌شێكی ئه‌و یاسایانه‌ی به‌هاكانی مافه‌كانی مرۆڤ  پێشێل ده‌كه‌ن، به‌ روونی ده‌ركه‌وتووه!

بۆ ئەمریکاش لە ماوەی دوو دەیەی سەدەی بیست و یەک، ئەمە دووەم شکستی گەورەیەتی لە دوای ئەفغانستان؛

بۆیە پاشەکشە و کەمکردنەوەی ھێزەکانی ئەگەرێکی چاوەروانکراو بوو. بییرمەندی ئەمریکی فرانسیس فۆکۆیاما، لە کتێبی ( بنیاتنانی دەوڵەت) دا باس لەو شکست و بەخۆداچوونەوەیەی ئەمریکا دەکات.[2]

جێگای خۆیەتی ئەوە بیر بهێنینەوە کە هەر زوو، رۆژێک دوای کەوتنی رژێمی سەددام لە نامەیەکی کراوەی پڕ لە فیکر و پێشبینیدا. زاناو دڵسۆزی کورد د. بورهان یاسین (مامۆستای زانکۆ لە سوید) هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری کوردستانی لە کۆمەڵێک ئەگەر و سیناریۆ ئاگادار کردەوە، یەکێکیش لەو ئەگەرانە مەترسی دووبارە کردنەوەی پڕۆژەی بەریتانیا لە بەرگێکی ئەمریکیدا و ئەگەری شکستخواردنی ئەم پڕۆژەیە، هەروەک چۆن شکستی پڕۆژە بەریتانیەکە لەگەڵ رووخانی رژێمی پێشوو بە ترۆپک گەیشت. ناوبراو ئەو ئاگادارکردنەوەیەی بە شیوەی پرسیارێک خستۆتە روو: ئەگەر پڕۆژەی بەریتانیای عێراقی یەکگرتوو لە لە ھەشتا ساڵی رابردوودا بە مێژووێکی خوێناویەوە شکستی هێنابێت، ئەوە چییە وا دەکات کە هەمان پڕۆژە لە بەرگە ئەمریکییەکەیدا سەرکەوتوو بێت؟ لە هەمان ئەو دوو نامەیەدا ناوبراو پرسیارێکی گرنگ بەرەوڕووی دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی دەکاتەوە، کاتێک دەپرسێ: ئایا کورد بەشداری دەکات لە دامەزراندنەوەی سەرلەنوێی دەوڵەتێک کە دواجار بچێت لە هەمان دەوڵەت داوای مافەکانی بکات؟[3]

ھەر بەڕێزی ساڵانێکە سێ بێھیوابوونی تیوریزە کردووە[4]:

١- بێھیوابوونی سونە لە شیعە و شیعە لە سونە؛ ٢- بێھیوابوونی کورد لە شیعە و سونە ھەردووکیان؛ ٣- سێھەمیشیان بێھیوابوونی ئەمریکا لە پڕۆژەی عێراقی یەکبوو (واتە عێراقی شیعە و سونە و کورد)، واتە بێھیوابوون لەو عێراقە بە ناو نوێیەی دەیویست دروستی کات و بەرژەوەندییەکانی خۆی تیا بەدەسبێنێت. ئەو پێی وایە یەکێک لە سیناریۆکان کە بەردەوام روو لە داهاتوو ئەگەرێکی بەهێزه ئەوەیە کە لە هەمان کات و ساتدا ئەو سێ بێهیوابوونە بە لوتکە بگەن، ئیدی لەو چرکەساتەدا لەبەریەک هەڵوەشانەوەی عێراق دەبێ بە شتێکی “حەتمی”.

دیارە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ھەل و ھەڕەشەکانیش لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە خۆی لە (نەوت و گاز، ئەمنی ئیسرائیل، چەکی کۆکوژ و توندڕەوی و تیرۆریزمی ئیسلامی)دا دەبینێتەوە، پیاچوونەوەی بۆ دەکرێت، بەو مانایەی ئەمریکا دەسبەرداری بەرژەوەندییە شتراتیییەکانی نابێت لە ناوچەکە بەڵکوو بە رێگە و شێوازی جیاواز کاری بۆ دەکرێت.

لەوانە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و وڵاتە عەرەبییەکان وەک بە ئیمارات و بەحرەین دەسیپێکرد و سیناریۆی تریش بەڕێوەیە.

 

ئەزموونی باشوری کوردستان

———————————

کوردستان بەدرێژایی مێژوو جگە لە ھۆکاری ناوخۆیی،  قوربانی بەرژەوەندی وھاوکێشە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەکان بووە.

بۆیەکەمجار ھاوکێشە جیھانییەکان لە بەرژەوەندی  باشوری کوردستان لە ١٩٩١ گۆڕانی بەسەردا ھات. لێکەوتەیەکی هەرە گرنگی ئەم گۆڕانکاریەش ھەڵبژاردنی پەرلەمان و دامەزراندنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بوو لە ١٩٩٢دا.

زۆرینەی باشوریش بە کرکوکەوە لە دوای ٢٠٠٣ وە، کەوتە دەسی کورد. فرسەتی زێڕین دەسکەوت کە کار بۆ ئێستا و داھاتوویەکی گەش بکرێت، بەڵام  بەھۆی نەبوونی سەرکردەی مێژوویی، دەسڵاتخوازی و ململانێی نێوان حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە، نە دەستوور بۆ ھەرێمی کوردستان دانرا کە فرسەتمان ھەبوو ئەوە بکەین پێش ئەوەی عێراق ببێتە خاوەنی دەستوور( لەم ١٥ ساڵەی دواییشدا  ھەرکاری بۆ نەکرا)، نە دامو دەزگای دەستوری دانران و دەسەڵاتەکانیش لەیەکتر جیاکرانەوە، نە حیزبەکان کرانە مەدەنی و نە ھێزی پێشمەرگەی نیزامی و یەکگرتوو پێکھێنرا،  نە دادگای سەربەخۆ و جەسوور و پاکی دەسکراوە و نە ھەڵبژاردنه‌كانیش بە ئازادی و خاوێنی کران و ده‌ستاوده‌ستكردنی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ھێنایە دی.

نە ژێرخانی ئابووری و دارایی بەرھەمھێن و پتەو دارێژرا و نە  سیستمی بانکی و باج و یاسای کار و بیمەی بێکاری دانرا، نە  ئامار کرا و نە بازاڕی ئازاد رێگەی پێدرا، دوا جار نە ئازادی بیروڕا و مافی مرۆڤ پارێزرا، نە کار بۆ یەکسانی ژن و پیاو کرا…

بە کورتی نەیانھێشت کۆمەڵگەی حیزبی – میلیشییایی ببێتە.. کۆمەڵگەی مەدەنی!

 

رەشبینی لە دواڕۆژی عێراق و ھەرێم

———————————

لەم زەمان و زەمینەدا من رەشبینم کە عێراق بەرەو دەستووری بوون و مەدەنی بوون بڕوات بەو میتۆد و ستراکچەرە تائیفی و میلیشییاییەوە. ھەمان شێوە  کوردستانیش لە سایەی دەسەڵاتی سەرکردەی ستەمکار و حیزبی میلیشییاییدا، ھیچ ئاسۆیەکی روونی نییە.

شەڕ و تارماییەکانی شەڕ، جینۆساید و ئەنفال رووداوێک نین لە پشتمانەوە، بەڵکوو ئەگەرێکن لە پێشمانەوە ھەروەک لە ساڵانی پێشوودا بەرامبەر یەزیدییەکان کرا،  لەشەڕەکانی دەرکەوتن و لەناوبردنی داعشیشدا چەندین تاوانی جەنگ و پێشێلکاری مافی مرۆڤ بە ئاڕاستەی جیاواز ئەنجامدرا، لە پاش ریفراندەم و ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ش، تاوان و  پێشێلکاری زۆر بەرامبەر دانیشتووانی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان کرا.

لە بارودۆخێکی ئاوادا، دۆخی ئابوری- سیاسی- کۆمەڵایەتی- روناکبیری عێراق و کوردستان زیاتر دوادەکەوێت ھەتا رادەی داتەپین و وێران بوون.  پەیوەندییەکانییشیان ھیچی لێ سەوز نابێت بۆ بەرژەوەندی خەڵکی زەحمەتکێشی ھەردوولا جگە لە سەودای ھەرزان و کورتخایەن بۆ پارێزگاری لە ئیمتیازاتی شەخسی و خێزانی و حیزبیی دەسەڵاتدارانی ھەردوو لایەنی عێراق و ھەرێم.

خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان و عێراق، بەشمەینەتتر دەبن،  ستەمی زیاتریش بەر ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان و کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکانی ناوچەکە دەکەوێت و  قوربانی یەکەم دەبن، هەر وەک  پێشتریش ھەر وا بوون.

 

تروسکەی ئومێد

———————

ھوشیاربوونەوەی تاکەکەس و بەرزراگرتنی شکۆی تاکەکەس،  گەیشتنە ئەو قەناعەتەی کە کۆمەڵگە پێویستە لە کۆی تاکە کەسە ئازاد یەکسانەکان پێک بێت.

خۆجیاکردنەوە و خۆرێکخستنی تاکەکەسە ئازاد و سەربەخۆکان بە شێوەی مەدەنی جۆراوجۆر لە دەرەوەی حیزب و دەسەڵاتی گەندەڵ و ستەمکار لە عێراق و کوردستان و دروستکردنی دایالۆگ و پردی پەیوەندی ھەمەجۆر لە نێوانییاندا، کلیلی چارەسەرە.

یەکێک لە بابەت و گرفتە گەورەکانیش کە ھۆی بەدبەختییە بۆ خەڵکی  زەحمەتکێشی ھەردوولا، ئەم چوارچێوەی عێراقە بەزۆر دروستکراوەیە! کە تەنھا سەرکردە گەندەڵ و حیزبە میلیشییاییەکانی ھەردوولا سوودییان لێوەرگرتووە، کردوویانەتە بیانووی عەسکەرتاری و شەڕە ناڕەواکانییان ( شەڕ فاشیزم بەرھەم دەھێنێت؛ فاشیزم شەڕ بەرھەم دەھێنێت).

لە لایەکی ترەوە  شکستە ھەمەجۆرەکانییان لە حوکمڕانیدا بە پشتی یەکتریدا ھەلدەواسن و عەیب و عارەکانی خۆیانی پێ دادەپۆشن!

بۆ نموونە عێراق، نەوت و دەروازە سنورییەکان و تەسلیمنەکردنی داھاتی ناوخۆی ھەرێم دەکاتە بیانووی شکستی حوکمڕانی و تایفەگەری خۆی کە ھەموو ھەرێم ھێندەی پارێزگایەکی وەک بەسرە نابێت!

ھەرێمیش بە ھەمان شێوە بڕینی مووچە لە لایەن بەغداوە دەکاتە پەردەپۆشی شکستی حوکمڕانی و گەندەڵی سی ساڵەی! لە بارودۆخێکی وادا کە کۆمەڵگەی سیاسی و دام و دەزگا حوکمڕانییەکانی عێراق و کوردستان.. شکستییان ھێناوە لە  بەڕێوەبردنی وڵات، جێبەجێکردنی دەستوور، پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ، دابینکردنی  ژیان و گوزەران و مووچەی کارمەندان، پاراستنی سنورەکان و سەروەری ئاسمان و خاکی وڵات… لە ھەمووی مەترسیدار تر، نەھێنانەدی یەکسانی و ئاشتی نێوان پێکھاتەکان و بەپێچەوانەوە دروستکردنی قەیرانی بەردەوامە لە نێوانییاندا ھەتا رادەی ململانێی توندوتیژ و شەڕ کە رۆڵەی ھەژارانی ھەمووان سووتەمەنییەکەی دەبن!

بۆیە گفتوگۆی خاوەنبیران وئەکادیمیکار و  چالاکوان و رێکخراوی مەدەنی و سەندیکای راستەقینە و  خۆپیشاندەرانی ھەردوولا لەسەر ھەموو بابەتەکان و بە تایبەت لەسەر مافی چارەنوس و ھەڵوەشاندنەوەی ئەم چوارچێوەی قەیران و ستەمە، چارەنوسساز دەبێت بۆ ھەمووان، ھێنانەدی مافی چارەنوس بۆ گەلی کوردستان و ھەموو پێھاتەکانی عێراق گەورەترین خزمەت بە ھەمووان دەکات.

بە دیاریکراویش دەمەوێت بڵێم سەربەخۆیی کوردستان چەندە بۆ خەڵکی کوردسان پێویستە، ئەوەندە و زیاتریش بۆ رزگاربوونی خەڵکی عێراق و پێکھاتەکانی پێویستە و خزمەتییان پێ دەکات.

گۆڕینی دەسەڵات و سەرکەوتنی خەباتی مەدەنی و رزگاربوون لەو سەرکردە ستەمکار و حیزبە گەندەڵ و میلیشییا بنەماڵەیی و تائیفییانە زۆر ئاسانتر دەبێت، بۆ ھەر پێکھاتەیەک کە سەربەخۆ و یەکڕەنگ بوو بێت.

١/١/٢٠٢١

[1] پۆول بریمر: عام قضیتە فی العراق.

[2]  فرانسيس فوكوياما، بناء الدولة.

[3] بۆ بینینی دوو نامەکە بڕوانە:

http://burhanyassin.com/2%20name%20bo%20hkumetekan….pdf

[4] بۆوردەکاری زیاتر بڕوانە:

http://burhanyassin.com/Helbijardinekan-dr.%20Burhan%20Yassin.pdf

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *