ستاندەر پلانێکی پارتی بۆ کۆنگرەی حزبەکە و پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ئاشکرا دەکات

لەلایەن ستاندار Posted on 506 جار بینراوە

ستاندەر پلانێکی پارتی بۆ کۆنگرەی حزبەکە و پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ئاشکرا دەکات

ستاندەر

 

بریار وایە ئەمساڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنگرەی خۆی ببەستێت، بەڵام هێشتا ململانێکانی ناو بنەماڵەی بارزانیی لەسەر جێگرەوەی مەسعود بارزانیی بۆ پۆستی سەرۆکی حزبەکە بەردەوامە.

بەپێی زانیارییەکانی ستاندەر، لە کۆبونەوەی ڕۆژی رابردووی شاندی باڵای پارتی و یەکێتی، نێچیرڤان بارزانیی جێگری سەرۆکی پارتی باسی کێشەکانی ناو حزبەکەی کردووە و وتویەتی “ئێمەش کێشەمان هەیە و دۆخی ناوخۆمان باش نیە”

ستاندەر زانیوێتی، پارتی پلانی هەیە کە لە کۆنگرەی داهاتودا، پۆستێکی نوێ بۆ مەسعود بارزانیی سەرۆکی حزبەکە دابتاشێت و لەبری سەرۆکی پارتی، ببێتە (مەرجەع).

بەپێی ئەو پلانەش، بۆ بەڕیوەبردنی حزبەکە دەستەیەکی بەڕێوەبردنی باڵا لە ناو مەکتەبی سیاسیی دروستدەکرێت کە سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی پارتی دەکات بۆ چوار ساڵی داهاتوو.

هاوکات نێچیرڤان بارزانیی و شاندی پارتی بە پاڤڵ تاڵەبانیی و شاندی یەکێتیان وتووە “مەسعود بارزانیی کێشەی نیە کە ئەمجارەش سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی و بەرهەم ساڵح بێت، بەو مەرجەی ڕێکبکەوین کە چوار ساكی داهاتوو ئەو پۆستە بۆ پارتی بێت”.

پارتی و بنەماڵەی بارزانیی دەیانەوێت، تا ئەم چوار ساڵە، دەستەیەک باڵا پارتی بەڕێوە ببات و، دواتریش نێچیرڤان بارزانیی بنێرنە بەغدا و کاندیدی بکەن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، بەمەش سەرۆکایەتی پارتی لەدوای مەسعود بارزانیی بۆ مەسرور بارزانیی کوڕی یکلا دەبێتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ستاندەر کەوتووە، مەسعود بارزانیی پشتگیریی مەسرور بارزانیی دەکات بۆ سەرۆکایەتی پارتیی و، جەند جارێکیش ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی چونەتە لای بارزانیی و پێیانوتووە کە دۆخی حکومەت خراپە و خەڵک زۆر ناڕازییە، بەڵام مەسعود بارزانیی گوێی پێ نەداوە و وتویەتی “ئێوەش بەقسەی فەیسبوک دەکەن ؟”

لە ئەگەری سەرگرتنی پلانەکەی پارتیی، نێچیرڤان بارزانیی دوای ئەم چوار ساڵە دەبێتە سەرۆک کۆماری عێراق و مەسرور بارزانیی دەبێتە سەرۆک و کەسی یەکەمی پارتیی دوای باوکیی، مەسعود بارزانیش دەکرێتە مەرجەعی پارتیی و ئەگەری زۆریشە، مەلا مستەفا ناسراو بە بابۆ بچێتە شوێنی مەسرور بارزانیی و بکرێتە سەرۆکی حکومەت.

بەپێی ئەم پلانەش، پارتیی و یەکێتیی ڕێکدەکەون کە پۆستی سەرۆکی هەرێم نۆ یەکێتیی بێت و لەناو یەکێتیش بدرێتە قوباد تاڵەبانیی.