شیكاری ستاندەر: ئەوەی لە عێراق ڕوودەدات، هاوشێوەی 31ی ئاب دەبێت بەڵام ئەمجارە لەبەرژەوەندی یەكێتی دەبێت.

لەلایەن ستاندار Posted on 950 جار بینراوە

ستاندەر

ناوەندی شیكاری ستاندەر، لەچەند خاڵێك كۆمەڵێك سەرنج لەبارەی پێشهاتە نوێیەكانی عێراق و كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان دەخاتە ڕوو بەم شێوەیەی خوارەوە:

ئەنجامدانی دانیشتنی پەلە پەلی چوارچێوەی هەماهەنگی و یەكێتی، لەپەراوێزی كشانەوەی سەدرییەكان، وادەخوێندرێتەوە بۆ دیاریكردنی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران بێـت، هاوكات قسەكردن بێت لەسەر گۆڕانكاری لەسەر پارسەنگی هێز لە هەرێمی كوردستان بە قازانجی یەكێتی، بەشێكی تریش پەیوەندی بە پرسی نەوت و غازی هەرێم هەبێت بەتایبەت دوای بریارەكەی دادگای فیدراڵی، بەجۆرێك هەرێمی كوردستان زیاتر لە بەغدا نزیك بێتەوە و رۆڵی یەكێتی زیاتر بێت لە هاوكێشەكان.

پارتی لەم دواییانە هەوڵیدەدا یەكێتی لە چوارچێوەی هەماهەنگی دووربخاتەوە، سەردان و كۆبونەوەكانی سلێمانی و هەولێری نێوان ئەم دوو لایەنە بەم ئامانجە بووە، بەڵام وا دەبیندرێت سەركردایەتی ئێستای یەكێتی زۆر پابەند نابێت بەو بەڵێنانەی بە پارتی داوە، بۆیە ئەوەی پارتی نەیدەویست ڕووبدات خەریكە ڕوودەدات، كە نزیك بونەوەی زیاتری یەكێتی و چوارچێوەی هەماهەنگییە، ئەویش لە پەراوێزی شكستی هاوپەیمانی رزگاری نیشتیمانی پارتی، لەگەڵ سەدر و سوننەكان.

بۆیە وا لێكدەدرێتەوە هاوشێوەی ئەوەی چۆن 31ی ئاب لە ڕووی پێگە و دەسەڵاتەوە لە كوردستان بە قازانجی پارتی شكایەوە، بەشێك لە لێكدانەوەكان بۆ ئەوەن ئەمجارە ئەم ڕووداوانەی ئێستا لە بەرژەوەندی یەكێتی لەسەر ئاستی عێراق بشكێتەوە و پێگەی بەرامبەر ڕكابەرەكەی زۆر بەهێزتر بكات، بەڵام ئەمجارە لەرێی دیبلۆماسی و سیاسی نەوەك چەكداری و سەربازی.

سەرەڕای ئەوەی دەوترێت ئێستا هەوڵێكی هاوبەشیش هەیە كە پارتی و چوارچێوەی هەماهەنگی نزیك ببنەوە، ئەمەش كاریگەری لەسەر هاوكێشەكان دەبێت، بەڵام تا ئێستا پارتی پەیوەندی خۆی لەگەڵ سەدر و سوننەكان بە ئەولەویەتی سیاسەتكردنی لە عێراق دانەوە.