مەهێڵن نەوتی سەدەی نوێ منداڵەکانتان و داهاتوویان بکوژێت

لەلایەن ستاندار Posted on 522 جار بینراوە

 

حەکیم داود قەرەداغی

لەبری پێشەکی
پێش هەموو شتێک ئەم دێڕەت بۆ هەموو تەمەنت لەبیرنەچێت: لە سەدەی ٢١ دا داتا (واتە زانیاریەکانی ژیانی تۆ) لە نەوت و وزە بەنرختر و گرانترن. ئەمە قسەیەکی هاکەزایی نییە، هەر بەڕاستی وایە، ئێستا سەرمایەی هەندێک لەو کۆمپانیا گەورانەی کە خاوەنی داتان پێش ئارامکۆی سعودیەش دەکەون. ساڵ بە ساڵ نرخی وزە کەمدەبێتەوە و هی داتا زیاد دەکات، منداڵەکانتان بۆ ئەو سەردەمە پەروەردە بکەن.
پرسیارەکان:
بۆچی و چۆن ئەم نەوەیەی ئێستا تووشی گۆشەگیری و شڵەژان و چەندین گرفتی دەروونی و تەنانەت هەوڵی خۆکوشتنیش دەبنەوە؟
چۆن سۆشیاڵ میدیا دەتوانێ منداڵ و نەوجەوانان بکاتە پیاوکوژ؟
ئایا ئاگاداری منداڵە خوار هەژدە ساڵەکەت رۆژانە و شەوان چەندین سەعات تەماشای چی دەکات؟ هاوڕێکانی کێن؟
ئایا وەک دایک و باوک هێندە شارەزایت هەیە کە بتوانی منداڵەکەت نەتخەڵەتێنێ، ئایا لە زمانی دیجیتاڵی منداڵەکەت تێدەگەیت؟
ئەرکی دایباب چییە و چۆن چاودێری منداڵەکانیان بکەن لە حاڵەتێکدا مۆبایل یان ئایپادیان هەبێ؟
بۆچی سۆشیاڵ میدیا خۆڕاییە؟ ئایا بەڕاستی خۆڕاییە؟ ئێمە چین بە نسبەت کۆمپانیاکانی سۆشیاڵ میدیاوە.
بۆچی زۆر گرنگی بە باسی جێندەر و رەگەز دەدرێ؟ کۆمپانیا زەبەلاحەکان چۆن کاردەکەن لەسەر پرسی رەگەز نەک تەنیا لەسەر تاک بەڵکو لەسەر حکومەت و دامەزراوە پەروەردەییەکان و خێزان بۆ ئەوەی قازانج بکەن؟
هەوڵدەدەم لە چەند بابەتێکدا وەڵامی ئەم پرسیارانە بە زمانێکی سادە بدەمەوە.
بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ لە بەریتانیا، سۆشیاڵ میدیا هۆکاری سەرەکی یەک لەسەر چوای ئەو تاوانانەیە کە کەسانی خوار هەژدە ساڵ ئەنجامیدەدەن. بۆیە گرنگە ئەم سەرەتایە بە تاوانێکی کوشتن دەستپێبکەم کە هەموو شتێکی لەڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە ئەنجامدراوە.
کوشتنی ئۆلی لەڕێگەی سناپچات
ئەمە رووداوی کوشتنی منداڵێکی تەمەن ١٣ ساڵە لەلایەن دوو کوڕ و کچێکی دیکەی تەمەن ١٣ و ١٤ ساڵ لە بەریتانیا. ئەزانم بابەتەکە دوورودرێژە، بەڵام ئەم تاوانە گرنگە بۆ تێگەیشتن لە دونیای منداڵ و هەرزەکار لە سۆشیاڵ میدیادا.
بەڵێ، ئەوەی ئەیخوێنیتەوە راستە، تەمەن ١٣ ساڵ. نەک هەر ئەوەش بەڵکو کوشتنەکەیان زۆر پلان بۆ داڕێژراو بووە و هەمووشیان لە سۆشیاڵ میدیاوە ئەنجامداوە؛ هەم چەقۆیان لەو رێگەوە کڕیوە، هەم هۆکاری کێشەکە سۆشیاڵ میدیا بوە، هەمیش پلانی چۆنێتی کوشتنەکەیان هەر لەرێگەی سناپچاتەوە ئەنجامداوە.
ئۆلی ١٣ ساڵ خەڵکی رێدینگە، دایک و باوکی ١٩ ساڵە لە شوێنێکی زۆر ئارامی دەوروبەری ئەو شارە دەژین. دوای نیوەڕۆیەک ئۆلی مۆبایلەکەی دەبات و بە دایکی دەڵێ دەچم هاوڕێیەکم دەبینم، بەس خەمت نەبێ لۆکەیشنی مۆبایلم دەکەمەوە و ئاگات لێم دەبێت. دوای ماوەیەکی کەم دایک و باوکی شۆک دەبن کاتێک ئاگادار دەکرێنەوە منداڵەکەیان بە چەقۆ کوژراوە.
دایکی دەڵێ کوڕەکەمان لە جیهانێکدا ژیاوە من و باوکی نەماندەزانی ئەو جیهانە هەیە، هەر ئەوەش بوە هۆی کوژرانی. باوکیشی دەڵێ، کوڕەکەم لەڕێگەی سۆشیاڵ میدیاکانەوە کوژرا، ئەو کۆمپانیایانەش هیچ رێگریەکیان لەوە نەکرد.
ئەو دوو قسەی دایک و باوکی هەردووکیان زۆر گرنگن؛ هەم ئەوەی چۆن دایباب ئاگاداری تەکنۆلۆجیا نوێیەکان بن بۆ ئەوەی لە جیهان و زمانی منداڵەکانیان تێبگەن، هەمیش ئەوەی بۆچی کۆمپانیاکانی وەک فەیسبووک و ئینستاگرام رێگەخۆشکەرن بۆ کوژرانی منداڵێکی ١٣ ساڵ. بەڵام ئەم دوو خاڵە لێرەدا دەرفەت نابێ بەوردی باسی بکەین.
کاتێک پۆلیس دەست بە لێکۆڵینەوە دەکات، بۆی دەردەکەوێ کوشتنی ئۆلی حاڵەتێکی زۆر جیاوازە و تازەیە. هەر زوو بەهۆی بوونی سەدان بەڵگە لەنێو مۆبایلەکان وەک چاتەکانیان، پۆلیس دوو کوڕی تەمەن ١٣ و ١٤ ساڵ دەستگیردەکات. لە دادگا دان بە تاوانەکەدا دەنێن و دەردەکەوێ کچێکی ١٣ ساڵیش هاوکاریان بووە بەوەی ئۆلی بردووە بۆ شوێنی کوشتنەکە.
بۆچی ئەم منداڵە ١٣ ساڵە کوژرا؟
ئۆلی لە قۆناغی سەرەتاییەوە مۆبایلی بۆ کڕاوە، لە گروپێکی سناپچاتی هاوڕێ و هاوپۆلەکانیدا بووە. چەند رۆژێک پێش کوژرانی ڤیدیۆیەک لەو گرووپە دانراوە کە تێیدا چەند منداڵێک گاڵتە و لاقرتی بە منداڵێکی دیکە دەکەن و وەک چۆن بڵێی سووکی ئەکەن.
تا ئێرە کێشە نییە و ئەم شتە هەر هەبووە، بەڵام ئەوەی جیاوازە ئەم منداڵانە ڤیدیۆی ئەم ئابڕووبردن و لاقرتییە ڤیدیۆ دەکەن و دواتر لە گرووپەکان کە کچ و کوڕی تێدایە بڵاوی دەکەنەوە، بەمەش دەبێتە عەیبەیەک بۆ ئەو منداڵە کە کەتووەتە داوەکەوە. ئەو رۆژە منداڵێکی ١٣ ساڵ ڤیدیۆیەک دادەنێت، منداڵێکی دیکەی ناو گرووپچاتەکە ئیمۆجی پێکەنین و لاقرتی دادەنێت. ئۆلی دەچێت ئەمە دەگەیەنێت بە برا گەورەی ئەو منداڵەی کە لاقرتیەکەی پێکراوە. ئەمەش ئەو دوو منداڵە (ئەوەی ڤیدیۆکەی داناوە و ئەوەش ئیمۆجی بۆ دانابوو) تووڕە دەکات.
ئەم دووانە دوای ئەوەی دەزانن ئۆلی ئەو کارەی کردوە، پلانی کوشتنی دادەنێن. بۆ ئەمەش گرووپچاتی سناپ بەکاردەهێنن بۆ داڕشتی پلانەکە و پەیداکردنی کەسێکی دیکە کە هاوکاریان بکات. لە یەکێک لە گروپەکاندا کوڕێکیان دەنوسێ: کچینە کامتان دەتوانن هاوکاربن بۆ هێنانی ئۆلی بۆ باخچەکە؟ کچێکی ١٣ ساڵ دەڵێ، من ئەتوانم بیخەمە داوەکەوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم کچە دوو کوڕە تاوانبارەکەی قەت نەبینیوە و تەنیا لەو گروپەوە قسەی لەگەڵ کردون، بەس ئۆلی ناسیوە.
پۆلیس دوو هەزار ڤۆیس مەسج (نامەی دەنگی) نێوان ئەو سێ منداڵە تاوانبارەی لەبەردەستە. لە نامەکەدا یەکێکیان دەڵێ، ‘ئۆلی تۆ سبەی دەمریت’. کاتێک پۆلیس مۆبایلەکانیان دەپشکنێ دەردەکەوێ شتی زۆر مەترسیداری وەک ڤیدیۆی چەقۆوەشاندن، دەموچاو داپۆشین بۆ تاوانکردن و چەندین شتی دیکە هەبوون کە پۆلیس دەڵێ لە سەردەمەکانی تردا تەنیا لەناو باندەکانی تاواندا هەبوون.
ئەلگۆریزم
بی بی سی لە بەرنامەیەکدا بە وردی ئیشی لەسەر ئەم رووداوە کردووە. تیمێکی بی بی سی بۆ ئەوەی تاقیبکەنەوە کە ئایا ئەکاونتی منداڵێکی ١٣ ساڵ لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان چی بۆ دێت، پێنج ئەکاونتی ساختە بەناوی کوڕێک کە تەمەنی ١٣ ساڵ بێ لە یوتیوب، ئینستاگرام، فەیسبووک، سناپچات و تیکتۆک دروست دەکەن، بۆ ئەوەی بزانن ئەلگۆریزمی ئەم تۆڕانە چی دەخاتە بەردەم منداڵەکانمان.
بۆ ئەوانەتان کە نوێیە، وشەی ئەلگۆریزم لە ناوی زانای فارسی بواری بیرکاری لە سەدەی نۆیەم موحەممەد ئیبن موسا ئەلخەواریزمی وەرگیراوە چونکە پشت بە بیرۆدزەکەی ئەو دەبەستێت لە بواری بیرکاری و ژمارەدا.
بە کورتی ئەوەیە، مرۆڤ بۆ ئەوەی بە کۆمپیوتەر بڵێ چی بکات کۆد بەکاردەهێنێ بەڵام پێش ئەوەی کۆدەکان بنوسێ پێویستی بە ئەلگۆریزمە. واتە ئەلگۆریزم خۆی لیستی ئەو یاسا و رێسایانەیە کە پێویستە پابەندی بیت بۆ ئەوەی کێشەیەک چارەسەر بکەیت، مانای ئەوەی ریزبەندی لە ئەلگۆریزمدا زۆر گرنگە.
لە سۆشیاڵ میدیادا ئەلگۆریزمی فەیسبوک و ئەوانی تریش وادانراوە دەزانن تۆ لایکی چی دەکەیت، کۆمێنت بۆ چی دەکەیت، گەڕان بۆ چی وشەیەک دەکەیت، تەنانەت لەگەڵ هاوڕێکانت کە دانیشتوی باسی چی دەکەیت چونکە رێگەتداون دەنگت ریکۆرد بکەن و هەروەها دەستیان بگات بە هەموو وێنە و ڤیدیۆ و دەنگەکانی مۆبایلەکەت، هەموومان ئەم رێگەیە دەدین ئەگەرنا ناتوانین بەکاریبهێنین. لەسەر ئەو بنەمایە ئەو شتانەت پیشاندەدات کە گەڕانیان بۆ دەکەیت یان باسیان دەکەیت. مەسەلەن دەزانێ ئەمڕۆ بە خێزانت وتوە ئەمەوێ ڤیتامین ‘دی’ بکڕم، دواتر دەبینی لە سۆشیاڵ میدیا رێکلامی ڤیتامینت پیشاندەدات. یان گەڕان دەکەیت کە کوێ باشە بچم بۆ گەشت؟ سەیر دەکەیت ریکلامی هێڵی فڕۆکەوانی و شوێنە گەشتیارییەکانت بۆ دەهێنێت.
واتە هەر کاتێ تۆ کلیک لەسەر شتێک دەکەیت یان تەماشای ڤیدیۆیەک دەکەیت یان باسی شتێک دەکەیت، ئەلگۆریزم دواتر شتێکت پیشاندەدات نزیکە لەوەی کلیکت لەسەر کرد یان تەماشات کرد، ئامانجەکەش ئەوەیە لەو رێگەوە تۆ لەسەر هێڵ دەهێنێتەوە و دەتکاتە قازانج بۆ کۆمپانیاکان.
بابەتی ئەلگۆریزم ئێستا زۆر ترسناک بووە و ئەگەر بەردەوام بێ مرۆڤ بەتەواوی ئالودەی سۆشیال میدیا دەبێت و توشی گۆشەگیری و شڵەژان و دورکەوتنەوە لە کۆمەڵگە و خێزان دەبێت، گەنجیش لەو رێگەیەوە روبەڕوی زۆر لادانی کۆمەلایەتی و ئەخلاقی دەبێتەوە.
منداڵەکەت چی بۆ دێت لە سۆشیاڵ میدیاوە؟
تیمەکەی بی بی سی لە پانۆراما ئەو ئەکاونتە ساختانە بۆ دوو هەفتە بەکاردەهێنن بزانن ئەم کۆمپانیایانە (کە بەحساب پابەندی چەندین یاسان و دەیان رێنماییان هەیە بۆ پاراستنی منداڵ) چی پیشانی کەسێکی ١٣ ساڵ دەدەن. تیمەکەی بی بی سی بە هاوکاری هاوڕێکانی ئۆلی فۆلۆوی چەند پەیجێک دەکەن و گەڕان بۆ چەند شتێکیش دەکەن بەتایبەت ئەوانەی زۆربەی هەرزەکاران فۆلۆویان دەکەن وەک میوزیک، راپ، سەیارە، لەنێویشیاندا کامپەینی دژە چەقۆ.
تیمەکەی بی بی سی وەک خۆیان دەڵێن ئەنجامەکانی ئەو تاقیکردنەوەیە شۆکی کردون، بەشێکی ئەمانەن:
لە ئینستاگرام، بەردەوام ئەکاونتی ئەم کوڕە ١٣ ساڵە پێشنیازی کڕینی چەقۆی بۆ چووە، وێنەی تێدایە هی کەسێکە لەگەڵ شمشێر. تیمەکە دەڵێن هەر لەگەڵ ئەوەی گەڕانیان بۆ ئەنتی نایڤس کامپەین (کامپەینی دژە چەقۆ) کردوە رێک ئینستاگرام پێچەوانەکەی پێشنیاز کردوە، واتە چەقۆی شەڕی بۆ هێناون. کاتێکیش ڤیدیۆی چەقۆوەشاندنیان داناوە ئینستاگرام بەهیچ شێوەیەک نەیسڕیوەتەوە.
یوتیوب بەردەوام ئەو ڤیدیۆیانەی پێشنیاز کردووە کە باسی کوشتن و باند و باندکاری و چەقۆلێدان دەکات، زۆرجار چەقۆ و چەکی پیشانی ئەکاونتی ئەم منداڵە ١٣ ساڵە داوە.
فەیسبووکیش ئەو گرووپانەی پێشنیاز کردووە کە تێید باسی چەقۆ و کوشتن و هەروەها بابەتی دیکەی نەگونجاوی سێکسی خستووەتەڕوو. بەڵام لە سناپچات و تیکتۆک ئەکاونتەکە ئەو جۆرە چەقۆ و مادانەی کەمتر بۆ هاتووە.
فرانسس هۆگن کە کچە ئەندازیارێکی پێشوی فەیسبووک بوو، ئێستا وازیهێناوە و هەزاران بەڵگەی لەگەڵ خۆی هێناوەتە دەرەوە، باسی ئەوە ئەکات ئەلگۆریزمی ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتیانە وا دانراون کە بەردەوام کەسەکە بەرەو بابەتی زیانبەخشتر رادەکێشن. واتە کاتێک منداڵێک یان گەنجێک گەڕان بۆ توندوتیژی دەکات، یان توشی گرفتە دەرونییەکانی وەک دڵەڕاوکێ و قەلەقی و گۆشەگیری دەبێ، ئەم سۆشیاڵ میدیایانە دوو هێندە بابەتی لەو جۆرەی بۆ نانێرن بەڵکو سەدان جار زیاتر دەینێرن و دەیخەنە بەردەم شاشەکەی.
جیهانی گەورە و جیهانی منداڵ
ئەوەی کێشەیە ئەلگۆریزم شتێک دروست دەکات کە فەیسبووک و سناپچات و ئینستاگرامی تۆ وەک دایک و باوک لەگەڵ ئەوانەی منداڵەکەت جیاوازە و هەردوکتان لە دونیای جیاوازدا دەژین، واتە تۆ ئاگاتان لەو شتانە نیە کە منداڵەکەت لەو تۆڕانەوە بۆی پێشنیاز دەکرێت. هەر بۆیە دایکی ئۆلی وتی ئێمە ئاگامان لەو جیهانە نەبوو کوڕە ١٣ ساڵەکەمان تێیدا دەژیا.
کەواتە یەکێک لە رێگەچارەکان بۆ ئەوەی بزانی منداڵەکەت تووشی هەڵدێر نابێ ئەوەیە خۆت لەو زیرەکتر بیت، لە زمانی سۆشیاڵ میدیا تێبگەیت، بەردەم چاودێری ئەکاونتەکەی بکەیت بۆ بلۆککردنی ئەو سەرچاوانەی شتی خراپی بۆ دەنێرن.
بۆ رێگەچارەکان لەداهاتوودا بابەتێک بڵاودەکەمەوە کە چۆن ئاگات لە مۆبایل و ئایپادی منداڵەکەت بێت.
کوردستان چۆنە؟
رەنگە رووداوی کوشتنی ئۆلی لەلای هەندێ کەس غەریب بێت و بڵێ لە کوردستان ئەوە روونادات. ئەم تاقیکردنەوەی بی بی سی لە بەریتانیا کراوە کە حکومەت دەڵێ بەراورد بە وڵاتانی تری جیهان سەلامەتترینە لەڕووی ئۆنلاینەوە، هەر بە راستیش وایە و زۆر رێگەی باش گیراوەتەبەر. ئێستا یاسای سەلامەتی ئۆنلاین کە پێشتر هەبوو دوبارە لە پەرلەمانەوە هەموار دەکرێتەوە بۆ ئەوەی بەپێی گۆڕانکارییە نوێیەکانی رۆژ بگونجێت.
بۆیە بەپێچەوانەوە، پێموایە لە کوردستان دۆخەکە لە هەندێ رووەوە خراپتر نەبێ باشتر نییە. چونکە لە کوردستان:
-زمانی کوردی لاوازە، ناتوانرێ وەک ئینگلیزی بە ئاسانی ئەو شتانەی قەدەغەن بدۆزرینەوە و فلتەر بکرێن.
-هیچ فلتەر و بلۆکێک لەسەر هیچ جۆرە وێبسایت و مادەیەک نییە.
– هیچ یاسایەک نییە کۆمپانیاکانی وەک فەیسبووک ناچار بکات شتێک بڵاونەکەنەوە کە خراپە بۆ لادانی کۆمەڵایەتی بۆ نموونە.
-هیچ لێکۆڵینەوەیەکی رۆژنامەنوسی و زانستی نییە بۆ دەستنیشانکردنی برینەکان.
-هیچ ئامار و داتایەک نییە بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت.
مەترسییەکان بەگشتی
مەترسیەکانی سەر منداڵ و نەوجەوان لە سۆشیال میدیا زۆرن و بە چەندین بابەت تەواو دەبن، بەڵام سەرەقەڵەمەکان ئەمانەن:
-هاککردن: دەبێتە هۆی ئەوەی وێنە و ڤیدیۆ و نامەی هەرزەکارەکە بکەوێتە دەست خەڵکی دیکە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی کۆمەڵێک حاڵەتی دەروونی خراپ و دەرئەنجامی نەخوازراو هەتا هەندێجار دەگاتە خۆکوشتن.
-هەڕەشەکردن و ترساندن: هەموو کەسێک دەتوانێ دەستی بگات بە منداڵەکەت بەبێ ئاگاداری خۆت و لەخشتەی بەرێت و داوای وێنەی لێبکات. ئەمەش کێشەی کۆمەڵایەتی و هەندێکجار کوشتنی لێدەکەوێتەوە.
-بابەت و مەتریاڵی نەگونجاو و خراپ: پیشاندانی شتی سێکسی و توندوتیژی و چەک کە ئەمانە بۆ منداڵ قەدەغەن.
نەمانی تایبەتمەندی: هەرزەکارێک بیرکردنەوەکانی کامڵ نین، بۆیە وێنە و ڤیدیۆ و شتی سەیر و سەمەرە پۆست دەکات و زۆرجار هەموو تایبەتمەندیەکانی ژیانی خۆی بڵاودەکاتەوە. ئەمانە بۆ کەسایەتی خۆی لە داهاتوو هەروەها دەستکەوتنی کار و پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری کاریگەری گەورەیان هەیە و زیانی زۆری لێدەدەن.
دزینی داتای منداڵەکەت: ئەو کۆمپانیایانە هەموو زانیاری و وردەکاری ژیانی منداڵەکەت بۆ خۆیان دەبەن بەبێ رەزامەندی دایک و باوک و کە بێگومان دەیفرۆشنەوە بە کۆمپانیای دیکە بە پارە، چونکە وەک وتمان نەوتی سەردەمی نوێ داتایە.
-کەمخەوی: بەهۆی زۆر بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا خەوی هەرزەکار کەمدەبێتەوە، چالاکی لاواز دەبێ، رۆتینی ژیانی تێکدەچێت و گەشەی جەستە و هزری کێشەی گەورەی بۆ دروست دەبێت.
-خەمۆکی سۆشیاڵ میدیا: ئەمەش بەهۆی گۆشەگیری دروست دەبێ، وێنە و دیمەنی ناراستەقینە و ساختەی زۆر دەبینێ کە لە ژاینی واقیعەوە دوورن و کاریگەری خراپیان لەسەر ژیانی راستەقینەی خۆی هەیە.
ئینشائەڵڵا بەردەوام ئەبین.