چەقبەستوویی سیاسیی عێڕاق كۆتایی هات

لەلایەن ستاندار Posted on 2002 جار بینراوە

 

ستاندەر

چەقبەستوویی سیاسیی عێڕاق كۆتایی هات
ئایا چوارچێوەی حكوومەتی نوێی عێڕاق چۆن دەبێت؟
لەنێو لایەنە كوردییەكان كێ زەرەرمەندی سەرەكی ئەم قۆناغە نوێیە دەبێت؟
ئەو داواكارییانەی پارتی چین كە سەرجەمییان رەتكراونەتەوە؟

بە بەشداری 201 پەڕلەمانتار كۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، لە كۆبونەوەكەدا پەرلەمانتارانی نوێ كە ژمارەیان 64 پەرلەمانتار بوو لەجێگەی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكانی فراكسیۆنی سەدر سوێندی یاساییان خوارد. 20 لەو پەرلەمانتارە نوێیانە لەسەر شەش لایەنەكەی نێو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەژمار دەكرێن و ئەوانی تریش سەربەخۆ و سونەكانن.

بەو هەنگاوەی ئەمڕۆی پەڕلەمانی عێراق كە هاوپەیمانەكانی پێشووی سەدر كە پارتی و سوونەكان بوون بەشدار بوون، بەتەواو بوونی سەدرییەكان لە پەڕلەمان چەقبەستووی سیاسی كۆتایی پێهات. هەروەك چۆن كۆتایی بەم پرۆژەیەش هێنا كە سعودیە و ئیمارات و توركیا بە پشتیوانی ئەمریكا دایان رشتبوو بۆ لاوازكردنی هەژمونی ئێران، ئەویش لەرێی پشتیوانی هاوپەیمانی رزگاری نیشتیمان بە سەرۆكایەتی سەدر، بەجۆرێك جارێكی تر ئێستا زۆرینەی پەرلەمانی كەوتەوە دەست لایەنەكانی نزیك لە ئێران.ئێستا لە ڕووی یاسایی و سیاسییەوە رێگا لەبەردەم چوار چێوەی هەماهەنگی بە پشتیوانی یەكێتی و بەشێك لەلایەنەكانی تر و، ڕازی بوونی سووننەكان ئاسان بووە بۆ دانانی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، ئەوەشی دەمێنێتەوە یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمارە لە نێو كورد.

بەگوێرەی شیكردنەوەی ستاندەر، لەم قۆناغە نوێیە دوای سەدر، كە ئێستا تەنها شەقامێكی تووڕە و نارازی بەدەست ماوە و، پێشناچێت وا بەئاسانی بهێڵێت نەیارە سەرسەختەكەی كە نووری مالیكیە حكوومەتی نوێ بە ئاسانی پێكبهێنێت، دووەم زەرەر مەندترین لایەن پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت، بەو پێیەی ئێستا سێ مەرجی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ هەیە كە ئەگەری زۆرە جێبەجێ نەكرێن.سەرچاوەیەكی ئاگادار بەستاندەری راگەیاند، پارتی داوای كردووە چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانی كاندیدەكەی بكات، بەڵام داواكە ڕەتكراوەتەوە، دواتر داوای كردووە رێگای پێبدرێت كاندیدەكی بگۆڕێت بۆ ئەوەی بتوانێت بەكاندیدێكی بەهێزتر كێبركێی كاندیدی یەكێتی بكات، ئەو داوایەش رەتكراوەتەوە، دوایین داواكارییشی گۆرینی بەرهەم ساڵح بووە لەلایەن یەكێتی، بۆ ئەمەش چوارچێوەی هەماهەنگی وتوویانە ئەمە لای یەكێتی خۆیانە. سەبارەت بە دوو داواكاریەكەی ترییش سەرچاوەكە وتی، داوای 200 ملیار دینارەكەی مانگانە و هەڵوەشاندنەوەی بریاری دادگای فیدراڵییان كردووە، كە ئەمانەش رەتكراوەتەوە.

بەو پێیەش بێت، لایەنەكانی پێكهێنەری حكوومەت سەرجەم داواكارییەكانی پارتی رەتدەكەنەوە، لەو دۆخەش پارتی دەبێت هاوشێوەی سەدر بایكۆتی پرۆسەی سیاسی بكات، یاخود بە لاوازی بچێتە ناو حكوومەت، كە چاودێران پێیان وایە بە لەبەرچاوگرتنی بڕیارەكانی پێشووی پارتی ئەگەری دووەم نزیكترە بەشداری ئەمڕۆشیان لە دانیشتنی پەڕلەمان ئاماژەیەكی ڕوونی ئەم بۆچونەیە.