92 ساڵ لەمەوبەر ڕۆژنامەیەکی تورکی کەرکوک بە شارێکی کوردی ناودەبات

لەلایەن ستاندار Posted on 547 جار بینراوە
karkuk
بەکر شوانی
پێش ئەوەی باشووری کوردستان لە ساڵی 1925دا بە دەوڵەتی ئەوسا تەمەن 4 ساڵانی عێراقەوە بلکێندرێت، شاندێکی کۆمەڵەی گەلان هاتبووە کوردستان و دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەک دیدار و لێکۆڵینەوە پیشنیازی کردبوو بە مەرجێک ئەو هەنگاوە بنرێت کە دەوڵەتی عێراق زمانی کوردی بە فەرمی بناسێت و فەرمانبەرانی دامودەزگاکانی دەوڵەت لە کوردستان لە گەلی کورد بن.
5 ساڵ دواتر و لە ڕێككەوتنی نێوان عێراق و بەریتانیادا لە ساڵی 1930 دا، حکوومەتی عێراق هیچ حسابێکی بۆ کورد نەکرد و ئەمەش ناڕەزایی زۆری گەلی کوردستانی لێ کەوتەوە و ئەوەی زیاتر لەو بارەیەوە لای ئێمە ناسراوە، ڕاپەڕینی خوێناویی بەر دەروازەی سەرایە لە شاری سلێمانی کە ڕۆژی 6ی ئەیلوولی ساڵی 1930 ڕووی دا و خوێنی تێدا ڕژا و دواتر ئەو ڕۆژە لە مێژووی كورددا بە ڕۆژی شەشی ئەیلوولی ڕەش ناسرا. بەڵام ڕۆژنامەی “Vakit”ی تورکی لە شرۆڤە هەواڵێکی ژمارەی ڕۆژی 15ی ئابی ساڵی 1930دا، واتە 21 ڕۆژ بەر لە خۆپێشاندانەکەی بەر دەرکی سەرا، پێمان دەڵێت خۆپێشاندان دژ بە ڕێککەوتنی عێراق و بەریتانیا سەرانسەری کوردستانی گرتووەتەوە بە کەرکوکیشەوە کە ڕۆژنامەکە لە ڕیزی شارە کوردییەکاندا ناوی هێناوە.
من تەواوی وتارەکەی ڕۆژنامەی “Vakit”م وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و لای خوارەوە دامناوە. پەرەگرافی یەکەمی وتارەکە لە لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەکەدا بڵاو کراوەتەوە و پاشماوەکەی لە لاپەڕەی چوارەمدایە، وەک ئەوەی لە وێنەکەدا خستوومەتە لاکێشەی سوورەوە. بە دوای ئەوەدا کورتە نووسینێک هەیە دەربارەی کەسایەتییەکی کورد بە ناوی محەمەد شوکری سەگبان کە پزیشکی پێشت بووە و بەسەرهاتێکی سەیری هەیە. ڕۆژنامەکە ناوبراو بە “ناپاک شوکری محەمەد” ناودەبات و ئەو کورتە وتارەم لە وێنەکەدا خستووەتە لاکێشەی شینەوە. بە دوای ئەوەشدا کورتە هەواڵێک دەربارەی ڕێککەوتنەکەی عێراق و بەریتانیا هەیە کە لە وێنەکەدا خستوومەتە لاکێشەی زەردەوە.
سەرەتا دەقی کوردیی شرۆڤەی ڕۆژنامەکە دەخەمە بەرچاوتان و پاشان کۆمەڵێک تێبینی و زانیاری لەبارەیەوە دەخەمە ڕوو:
ڕۆژنامەی “VAKIT”ی تورکی، ساڵی سیازدەیەم، ژمارە 4526، هەینی، 15/8/1930:
کێ دەیانجووڵێنێت؟
کوردەکانی عێراقیش ڕاپەڕین
لە سلێمانی و کەرکوک و هەولێر و سەرجەم شارە کوردییەکان زنجیرە خۆپێشاندانی گەورە ڕوویان داوە، کوردەکان داوای موختارییەتیان کردووە
کوردەکانی عێراق لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا جموجووڵی گرنگیان دژ بە حکوومەتی عێراق ئەنجام داوە. کوردەکان لە سەرانسەری دەڤەرە کوردنشینەکانی عێراق زنجیرە خۆپێشاندانی گەورەیان ساز کردووە و داوایان کردووە موختارییەتێکی تەواویان پێ بدرێت و ڕایانگەیاندووە ئەگەر موختارییەتیان پێ نەدرێت، حکوومەتی عێراق بایکۆت دەکەن و لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا بەشداری ناکەن.
پرسی کوردەکانی عێراق بەمجۆرە دەستی پێ کردووە:
کۆمەڵەی گەلان ساڵی 1926 شاندێکی لێکۆڵینەوەی بۆ عێراق ناردبوو و ئەو شاندە پێشنیازی هەندێک مافی بۆ کوردەکانی باکور کردبوو. بە دوای ئەوەدا حکوومەتی عێراق زمانی کوردیی وەک زمانێکی فەرمی ناسی و دەستی کرد بە دامەزراندنی تەنیا فەرمانبەری کورد لە ناوچە کوردییەکان و کەوتە هەوڵدان بۆ ئاوەدانکردنەوەی نیشتمانی کوردان و بنیاتنانی ڕێگەوبان لەوێ. بەو جۆرە کوردەکانی عێراق کەوتنە دۆخێکی نایابەوە.
(بەشی خوارەوەی لە لاپەڕە 4دایە.)
لاپەڕە 4:
(بەشی سەرەوەی لە لاپەڕە 1دایە.)
کوردەکانی عێراقیش ڕاپەڕین
بە پێی بۆچوونێک، ئەو پارەیەی کە حکوومەتی عێراق بۆ وڵاتی کوردانی خەرج کردووە، سێ قاتی ئەو باجەیە کە لە کوردەکانەوە بە دەستی هێناوە. هەرچەندە حکوومەت و خەڵکی عێراق بە گەیشتنی کوردەکان بەو دۆخە ڕازی نەبوون، بەڵام دانیان بە خۆیاندا گرتووە بۆ ئەوەی هیچ ڕووداوێک نەقەومێت و ویستوویانە بەو جۆرە پارێزگاری لە یەکیەتیی عێراق بکەن.
وەلێ ئەو ئاسانکارییەی بەرامبەر بە کوردەکان کراوە، ئەوانی لە ڕادەبەدەر لە خۆبایی کردووە و دواجار لە سەرەتای ئەم مانگەدا خۆپێشاندانی گەورەیان ئەنجامداوە و داوای موختارییەتی تەواویان کردووە و هەڵوێستێکی ‌هەڕەشەئامێزیان لە بەرامبەر حکوومەتی عێراق وەرگرتووە.
جێنشینی تەختی پاشایەتیی عێراق میر غازی لەو نێوانەدا سەری لە دەڤەرە کوردنیشنەکان داوە و کوردەکان جگە لەوەی بە شێوەیەکی لە ڕادەبەدەر بێ حورمەتانە پێشوازییان لێ کردووە، تەلەگرافیان بۆ بەغداد و بۆ کۆمیسیاری باڵای ئینگلتەرا و بۆ بارەگای کۆمەڵەی گەلان لە جنێڤ ناردووە و تیایدا ڕایانگەیاندووە کە خوازیارن لە عێراق جیا ببنەوە.
حکوومەتی عێراق ناچار بووە لە بەرامبەر ئەو دۆخەدا کوردەکان ئارام بکاتەوە و جێگری سەرۆکی حکوومەت و چەند وەزیرێک سەردانی سلێمانییان کردووە و بڕیاریان داوە لەگەڵ کوردەکاندا بگەن بە ڕێککەوتن.
ئێمە وێنەیەکی ئەو سکاڵایەمان بە دەست هێناوە کە کوردەکان لە میانەی سەردانی جێنشینی تەختی پاشایەتیی عێراقدا بۆ سلێمانی داویانەتە دەستی و لێرەدا وەک خۆی وەری دەگێڕین:
“بەر لە هەموو شتێک بە ناوی تەواوی میللەتی کوردەوە بەخێرهاتنی زاتی فەخامەت دەکەین و لە پای ئەوەی لیواکەمانی شەرەفمەند کردووە، خۆمان بە بەختیار دەزانین. کوردەکانی وابەستەی تەختی ئێوە ئەم داواکارییانەی لای خوارەوە پێشکەش دەکەن و خوازیاری بەدەستهێنانی شەرەفمەندین:
وەک ئاشکرایە حکوومەتی حەزرەتی باڵا شا فەیسەڵ لەم ڕۆژانەدا ڕێککەوتنێکی دەربارەی کاروبارە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی عێراق لەگەڵ ئینگلتەرا واژۆ کردووە. بە پێی ئەو ڕێککەوتننامەیە ئینتیداب هەڵوەشێندراوەتەوە و بەرپرسیارێتیی کاروباری ناوخۆ دراوە بە حکوومەتی عێراق.
بەم بۆنەیەوە بە بیری دەهێنینەوە کە ئەو شاندەی لەلایەن کۆمەڵەی گەلانەوە بۆ پرسی دۆخی موسڵ نێردرابوو، پێشنیازی کردبوو لە پێناوی پاراستنی زمان و تایبەتمەندییە نەتەوەیییەکانی تری کوردەکاندا لە دەڤەرە نەتەوەیییە سەرەکییەکانی کوردەکان موختارییەت بدرێت بە جەنووبی کوردستان. مادەکانی 3 و 4 لە بڕیارنامەی کۆمەڵەی گەلان و مادەکانی 109 و 110 لە بڕیارنامەی بنەڕەتیی عێراق پشتیوانی لەو داواکارییە دەکەن. بەڵام لەو ڕێککەوتننامەیەدا کە ئینتیدابی عێراقی هەڵوەشاندووەتەوە، باس لەو مافە ڕەوا و پشتگیریکراوەی کورد و پێداویستیی پێدانی موختارییەت بە ئەوان نەکراوە. لەبەرئەوە سەرجەم کوردەکان ئەو سەودا و مامەڵەیە بە دەستدرێژییەکی ئاشکرا دادەنێن و داوا دەکەن مافی دانپێدانراوی موختارییەت بدرێت بە کوردستانی عێراق، واتە لیواکانی کەرکوک و سلێمانی و هەولێر و قەزاکانی باکوری موسڵ و بەشی لای سەرەوەی دۆڵی دیان و ئومێدەوارین بە پێی پێداویستییەکانی ئەم سکاڵایە کار بکرێت و ڕادەستی حکوومەتی عێراق بکرێت…..”
جێنشینی تەختی پاشایەتیی عێراق پاش وەرگرتنی سکاڵانامەکە بە سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی گوتووە کە دەیخاتە بەردەستی باوکی.
زۆربەی ئەو تەلەگرافانەی کە لەلایەن کوردەکانەوە بۆ بەغداد و جنێڤ و چاپەمەنییەکان نێردراون، واژۆی ژنانی کوردیشیان بەسەرەوەیە.
بە پێی ئەو زانیارییانەی کە لەو بارەیەوە لە بەغدادەوە بە دەستمان هێناوە، ئەوانەی لەم جموجووڵانەدا هانی کوردەکان دەدەن، پشکێنەرە ئیدارییەکانن کە هەر هەموویان ئینگلیزن و بە فەرمانی لێپرسراوانی ئینگلیز لە عێراق هەڵدەسووڕێن.
ئەو پشکێنەرە ئیدارییانە هەر کاتێک بخوازن دەتوانن کوردەکان بخەنە جووڵە و لە ڕێی ئەوانەوە هەڕەشە لە عێراقییەکان دەکەن. لەبەرئەوەی لەم کاتەدا ناڕازیبوونێکی گشتی بەرامبەر بەو ڕێککەوتننامەیە هەیە کە ئینگلتەرا خستوویەتییە بەردەم حکوومەتی عێراق، هەوڵ دەدرێت بە هەڵوێستی هەڕەشەئامێزی کوردەکان ڕای گشتی هێور بکرێتەوە.
چونکە هەروەک چۆن هەڵوێستی کوردەکان خزمەت بە داگیرکاریی بیانی لە عێراق دەکات، مەبەستیشیان لە داواکردنی موختارییەت هاندانی کوردەکانی دەڤەرەکانی تورکیا و ئێرانە و بەردەوامبوونیانە لەسەر بوونیان بە ئامێر بە دەست دەوڵەتێکی بیانییەوە.
ناپاک شوکری محەمەد
مەزهەر عوسمان ب. لە بیمارستانی ئیستانبوڵەوە ئەم بڕگەیەی دەربارەی ناپاک شوکری محەمەد نووسیوە:
“گەنجێکی لاڵ و گرفتار کە لە ئەرگانی لە مولازمێکی قۆشمەی تورک و دایکێکی بەڕەچەڵەک کورد لە دایک ببوو، سی و پێنج ساڵ لەمەوبەر بە هەنبانەی پشتی و گۆچانی دەستییەوە دێتە ئیستانبوڵ. دوای نۆ ساڵ دەبێت بە پزیشک، دامێنی ئەم و ئەو ماچ دەکات و بە زمانی فس و لاڵەوە ڕیایی بۆ هەمووان دەکات و بە هاوکاریی هاوڕێ تورکەکانی، توانای هزری سەد قات بەرز دەبێتەوە. ئەو پزیشکی پێستە ناوی شوکری محەمەد ئەرگانی بوو. ئەو بوونەوەرە چاوبرسییە کە لە هیچەوە ببوو بە شتێک، لە دایکی خۆی دەدات و فڕێی دەداتە سەر شەقام، ئەو دایکەی کە لە ساڵانی ئاگربەستدا ئەمی هێنابووە ژیانەوە. تەماحی نەبڕاوەی لەبن نەهاتوو پاڵی بەو نامەردەوە ناوە تا ڕادەی ناپاکیکردن لە نیشتمان و میللەتی خاوەن نیعمەتی خۆی. ئێستاش ساختەکارێک ئەم کەسە بێ ڕەچەڵەک و بە باوک تورکەی بە بیانووی کوردایەتییەوە کردووە بە ئەندامی کۆمەڵەی کوردی. ئەم شەمشەمەکوێرەیە بە هەڵاتنی خۆری سەربەخۆیی لە وڵات بە شەوارە کەوتووە و لەگەڵ هاوشێوەکانیدا بۆ بەغداد هەڵهاتووە و لووتی لە ئاژاوەیەکی نوێی کوردی ژەنیوە… ئەو، نیازی خراپی پێشان داوە بەرامبەر بە وڵاتی بریندار و ماندوومان کە پێویستی بە ئارامی هەیە و بەرامبەر بە میللەتمان کە هەوڵی داوە ئەو بەخێو بکات و بیکات بە مرۆڤ.
گرووپەکەمان بە هیچ جۆرێک پەیوەندی بە سیاسەتەوە نییە. بەڵام خوێنەرانی خۆشەویستم، ئەگەر تەنیا جارێکیش بووە هاوکاری بکەن تا ئەم کەسە بێ ڕەچەڵەکەی هەڵتۆقیوی ناو خۆمان تێر و پڕ بە نەفرەت بکەین.
کوردەکانی عێراق
تایمس لە بۆمبای-ەوە نووسیوێتی:
ڕێککەوتنی نوێی ئینگلیز و عێراق بڵاو کرایەوە. کوردەکانی ناوچەی باکوری عێراق سکاڵایان لە مادەیەک هەیە کە بەرژەوەندییەکان دەپارێزێت، بەڵام نەخراوەتە پەیماننامەکەوە.
ئەوان سکاڵاکەی خۆیان بە تەلەگراف گەیاندووە بە کۆمەڵەی گەلان لە جنێڤ. بە مەبەستی کۆتایی هێنان بەو جووڵەیە کە مەترسی فراوانبوونەوەی هەیە، جێگری کۆمیساری باڵا لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری ناوخۆ و وەزیری داد چوونەتە کوردستانی عێراق. شاندەکە دەیەوێت بۆ خەڵکی بسەلمێنێت کە حکوومەتی بەغداد پابەندی بەڵێنەکانی خۆی دەبێت. جەعفەر پاشا ئەلعەسکەری کە ئەرکی نوێنەرایەتیکردنی سەرۆک وەزیران بەجێ دەهێنێت، لە لێدوانی خۆیدا لە کەرکوک گوتبووی هەر بزاڤێک زیان بە سەرزەمینەکانی پاشایەتی بگەیەنێت، حکوومەت بە هیچ شێوەیەک لێبووردەیی لە بەرامبەری نانوێنێت.
تێبینی و زانیاری:
1. ڕۆژنامەکە لە مانشێتی وتارەکەدا دەستەواژەی “کوردەکانی عێراقیش ڕاپەڕین”ی بەکارهێناوە. مەبەست لەو “یش”ە ئەوەیە کە بەر لە خۆپێشاندانەکانی گەلی باشوور، ساڵی 1925 شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و ساڵی 1930یش شۆڕشی ئاگری هەڵگیرسابوو.
2. ڕۆژنامەکە لە مانشێتدا کەرکوکی خستووەتە ڕیزی شارە کوردییەکانەوە.
3. ئەو زمانی تورکییەی وتارەکەی پێ نووسراوە، زۆر جیاوازە لە زمانی تورکیی هاوچەرخ. بۆ نموونە؛ وشەی “موختارییەت” لەوێدا بە واتای “ئۆتۆنۆمی” بەکارهێندراوە. لە تورکیی هاوچەرخدا لەبری “موختارییەت” وشەی “ئوێزەریک” بەکاردەهێندرێت.
4. خەڵکی سلێمانی لە نامەکەیاندا بۆ جێنشینی تەختی پاشایەتیی عێراق سنووری هەموو باشووری کوردستانیان دەستنیشان کردووە. پێ دەچێت مەبەست لە “دۆڵی دیان” کە لە وتارەکەدا هاتووە، “دۆڵی دیالە” بێت.
5. لە نامەکەی خەڵکی سلێمانی کوردستانی بە عێراوە لکێندراو بە “جەنووبی کوردستان” ناوبراوە.
6. ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی سلێمانی ئەو تەلەگرافانەیان واژۆ کردووە کە بۆ کۆمەڵەی گەلان لە جنێڤ و حکووومەتی عێراق و میدیاکان نێردراوە.
7. ڕۆژنامەکە هەر لە سەرەتاوە بە بەکارهێنانی دەستەواژەی “کێ دەیانجووڵێنێت” گومان دەخاتە سەر خۆپێشاندانە ڕەواکانی گەلی باشووری کوردستان و لە کۆتایی وتارەکەشدا، وەک ئەوەی لەم سەردەمەشدا باوە، تۆمەتی پاشکۆیەتی بۆ وڵاتانی تری داوەتە پاڵ گەلی باشووری کوردستان.
8. محەمەد شوکری سەگبان کە ڕۆژنامەی ناوبراو بە کورتە نووسینێک سووکایەتیی پێ کردووە، بەڕەچەڵەک خەڵکی قەزای مادەنە کە لەم سەردەمەدا سەر پارێزگای ئەلازیزە. پزیشکی پسپۆری پێست و پرۆفیسۆری وانەبێژ بووە لە نەخۆشخانەی جەراحپاشا. لە هەموو چالاکییەکانی کوردانی ئیستانبوڵدا بەشداری کردبوو. داهاتێکی زۆر باشی هەبوو، بۆیە هاوکاریی دارایی هەموو کۆمەڵە و بڵاوکراوە کوردییەکانی کردبوو. ناوی لە سەرەوەی لیستە “150 کەسییەکە”ی ئەتاتورکدا بوو، بۆیە ئەویش وەک خاوەن ناوەکانی تری سەر ئەو لیستەیە بۆ دەرەوەی وڵات هەڵهاتبوو. پاشان دەرچوونی لێبووردن، سەگبان گەڕایەوە تورکیا. بەڵام بەر لە گەڕانەوەی، کتێبێکی بە ناوی “کوردەکان تورکن” نووسی کە بوو بە مایەی شەرم و پەڵەیەکی ڕەش بە مێژووی ئەو کەسەوە. بۆ زانیاریی زیاتر دەربارەی سەگبان بڕوانە کتێبی: “بیرەوەرییەکانم، موسا عەنتەر، لە تورکییەوە: محەمەد عەزەدین، دەزگای فام، هەولێر 2021.
May be an image of 3 people and text that says 'Cuma Hedive kuponu 1930 VAKITE V-A-K-I-T- Akvam Cemiyetine Dahil Oluyoruz Neler söyleniyor? Ağrıda "Karşı Fırka,, Serbest Cümhuriyet fir- püs- Umumî "muhalif kası hakkında mütalealar doğru Kâzım PaÈa Meclis itibarile taraf Haydar bubranın ediyor? tabírinin Fethi Bey Vakıt muhar- ririne dedikodu enkidatı Tahrik eden Kürtleri Süleymaniye, vuku bulmuş, sair nümayişler muhtariyet Başvekil Gülcemalin hareketinden güvertedo Şehitlikleri ziyaret Heyet dün akşam Ca- nakkaleye hareket etti uat,C Hergün "Vakıt,,'
May be an image of text that says 'VAKIT fırka matbuati Dünkü içtimada Irak Kürtleri ayaklandı Avrupa gazeteleri yeni fırka hak- kında yazıyorlar Bandah güre musavatg'