ستاندەر
چوارچێوەی هەماهەنگی لیژنەیەكی ناوخۆیی بۆ یەكلایی كردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیران ڕاسپاردووە، کە پێكهاتوون لە عەمار حەكیم، قەیس خەزعەلی، هومام حەمودی. لیژنەکە لە کۆبوونەوەی خۆیدا چەند مەرجێكی بۆ دیاریکردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران پەسەند كرد كە بریتین لە:
یەكەم: نابێت ئەو كەسە لە ڕیزی یەكەم سیاسەتمەدارانی شیعە لەدوای 2003ەوە بێت.
دووەم: پێویستە سەربەخۆ بێت.
سێیەم: دەبێت پەیوەندیەكی باشی، لەگەڵ موقتەدا سەدر هەبێت.
چوارەم: لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ئیقلیمی و جیهانی قبوڵكراو بێت.
سەرچاوەیەك بە ئاژانسی ئەلمۆنیتەری ئەمریكی راگەیاندووە، بەگوێرەی ئەم مەرجانە چوار ناو گفتوگۆی لەبارەوە كراوە كە سیانییان ئاشکراکراون و بریتین لە:
1- قاسم ئەعرەجی – راوێژكاری ئاسایشیی نیشتیمانی عێراق.
2- محەمەد شەیاع سودانی، پەرلەمانتاری ئێستا و وەزیر لەكابینەكانی پێشوو.
3- فالح ئەلفەیاز، سەرۆكی ئێستای یەكەكانی حەشدی شەعبی.
هەر بەگوێرەی ئاژانسەكە، مستەفا كازمییش یەكێكە لە بژاردەكان بۆ مانەوە، بەو پێیەی ئێستا بەشێك لە لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیش پشتیوانی دەكەن.
ئەلمۆنیتەر ئەوەشی وتوە، لە پرسی سەرۆك كۆمار تا ئێستا چانسی كاندیدی یەكێتی لە كاندیدی پارتی زیاترە، پارتییش بیر لەدرووستكردنی سێیەمی پەكخەر دەكاتەوە، ئەگەر بتوانێت.