خەسڵەتەکانی پێشکەوتن

لەلایەن ستاندار Posted on 785 جار بینراوە

شەماڵ محەمەد

خەسڵەتەکانی پێشکەوتن
١- مرۆڤ هەمیشە پێش دەکەوێ ، بەڵام بە بەکارهێنانی ژیری و هەوڵدانی زۆر و کارکردنی بەردەوام نەک بە وتار و ئامۆژگاری و دروشمی بریقەدار.
٢- پێشکەوتن یاسای سروشتە و کۆتایی نیە ، هەتا مرۆڤ بمێنێ پیشکەوتن دەمێنێ، ئەگەر پێشکەوتن نەما ئەوا مرۆڤیش نەماوە، واتە ئەگەر نەتەوەیەک پێش نەکەوێ ئەوا مردوە هەرچەندە بە زیندوییش لەسەر زەوی ژیان بکات.
٣- ئەوانەی پێش دەکەون ئەوانەن سود لە ڕابردو وەردەگرن بەڵام خۆیان بە ڕابردو نابەستنەوە ، چونکە ژیان لە ڕابردو ، نە ڕابردو دەگەڕێنێتەوە، نە ئێستا باشتر دەکات ، نە داهاتوش فەراهەم دەکات.
٤- ئەوانەی پێش دەکەون پشت دەبەستن بە شارەزایی (المعرفة) نەک زانست (العلم) ، چونکە مەرج نیە زانست هەموکاتێک کاریگەر بێ. دەتوانین زانست بە کەرەستە و شارەزایی بە ئامێر وێنا بکەین ، بۆ نمونە ئەگەر پەیداکردن و پوختەکردنی ئاسن و شوشە و پلاستیک و سوتەمەنی زانست بن ، دروسکردنی ئۆتۆمبێل شارەزاییە ، واتە ئەگەر شارەزاییمان نەبێ کەرەستەکان کۆبکەینەوە ، با هەمو پێکهاتەکانیشمان هەبێ ، ناتوانین ئۆتۆمبێل دروست بکەین.
٥- پێشکەوتن لەناو ئەو میللەتانە زیاترە کە رێزی تاک دەگرن ، بە پێچەوانەشەوە لە ناو ئەو میللەتانەی کە تاک نرخی نیە و هەمیشە خەریکی کۆمەڵ و کۆبونەوە و قسەی گەورەن پێشکەوتن بەدی ناکرێ،باشترین بەڵگەشمان ، ئەوانەی داهێنانیان کردوە زۆربەی کات تاک بون .
پێشکەوتن تا رادەیەکی زۆر پەیوەستە بە ئازادیی تاک، لە ناو کۆمەلگەی داخراو و دیکتاتۆر پێشکەوتن ڕونادات، هەمیشە ئازادی تاکی ئازا و ڕاستگۆ بەرهەم دێنێ ، ئازایی و راستگۆییش هاندەری بەهێزن بۆ بیرکردنەوە و کارکردنی دروست و داهێنان، لە بەرامبەریشدا قەبوڵنەکردنی بۆچونی جیاواز و تەسک کردنەوەی ئازادی تاکی ترسنۆک و شەرمن و دوڕو بەرهەم دێنێ ، ئەم جۆرە تاکەش توانای داهێنانی نیە، چونکە ناتوانێ دروست بیربکاتەوە.
سەرچاوە : خەونی پێشکەوتن و شەڕی چەمکەکان