هەولێریەكان لانەوازەكراون لەسەر مڵكی خۆیان: زەویەكانی هەشتی حەسارۆك بە نمونە

لەلایەن ستاندار Posted on 555 جار بینراوە
د. محمد کیانی

 

١٧ئۆگستی ٢٠٢١، پاش ئەوەی سەرۆكی حوكمەت بەلێنی بە خاوەن زەویەكانی هەشتی حەسارۆك دا خزمەتگوزارییان بۆ دابین بكەن و ڕێگەیان پێبدەن سوكنایەك لەسەر زەوی و ملكی خۆیان دورست بكەن، پاش هەژدە ساڵ ڕێگری لێیان، دەبێ ئێستا بە چی گەیشتبێ؟؟؟!
لە پاش ئەو كاتەوە هیچ لەو بەڵێنەش شین نەبوو!!
یاسا و ماف و بەلێنی سەرۆكی حوكمەتی هەرێم چیان بەسەرهات؟!! بێگومان هیچیان جێبەجێ ناكرێن چونكە چاوچنۆكێكی ناشەرعی بەهێز چاوی لەوەیە ئەو زەویانەی هەشتی حەسارۆك لە خاوەنەكانیان بدزێت و غەسپی بكات و بیكاتە تاڵانی بۆ خۆی و بەو شێوە بەكاری بهێنێ كە گیرفانی پێی پڕتر بكات!! ئەو چاوچنۆكە بێ ویژدان و بێ مۆڕاڵە دەبێ بەرپرسێكی دەستڕۆیشتوو و شەریكی بنەماڵە یان لە بنەمالە بێت، بۆیە دەتوانێ مافی فەقیر و هەژاری هەولێر زەوت بكات، نەهێلێت ئەم خەڵكەی خاوەن مڵكەكان كونجێكیان هەبێت تا ماڵ و منداڵەكانیان تێیدا ئۆقرە بگرن. نۆزدە ساڵە بێ جێگەوڕێگەیان كردون و زۆربەیان كرێچین و بڕێكی زۆریشیان بە داخەوە سەریاننایەوە و گۆڕ بوو بە ماڵی ئەبەدییان بۆ ئێستا، ئەگەر نەوەی ئەم دەسەڵاتدارانە ڕۆژێك گۆڕەكانیشیان هەڵنەتەكێنن. لە ئێستادا باوان تاڵانیان كردوون بە هۆی ئەو دەسەڵاتدارییە ناشەرعی و نایاساییە دور لە ڕەوشتی مرۆڤایەتیە كێویانیەی بەدەستیان هێناوە، ئەو كاتیش مناڵەكانیان بە چاولێكەری باوكان گۆڕەكانیش لە مردووەكان دەسێننەوە، وەك گۆڕەكەی دلداری شاعیر ئەی ڕەقیبەكەشی بەهانیاوە نەهات. نۆزدە ساڵە دەسەڵاتی بنەماڵە بەربەستە لەو هەژارە خاوەن ماف و كەرامەتانە لەسەر مڵكی خۆیان بحەوێنەوە.

تەنها زەویەکانی هەشتی حسارۆک نیە لە هەولێر ڕێپێدانیان نادەنێ. لەو ڕۆژەوە دەستیان بە دروستکردنی ڤێلا و شوقە کردووە ڕێپێدانیان لە هەموو کەرتەکانی زەوی ڕاگرتوە کە نزیکەی 20ساڵە دابەشکراون وە ساڵانە باجیان لێ وەردەگرن بێ ئەوەی لەباج ببورن، چونکە بەپێی یاسا هەرزەویەک خزمەتگوزاری بۆ نەبرێت و ڕێ پێدانی بنیا دورستكردنی پێنەدرابێت دەبێ لەباج ببوردرێن. ئەم زەویانەی کە ڕێپێدانیان پێنادەن باغلو منارە (باغەمرە)، گرد جوتیار، عەزە، باغەمرەی شهاب، کەڕک، گەڕەسۆر، سێبەردان، زۆری تر کەناویان نازانم، بەبیانۆی ئاو و کارەبای و خزمەتگوزاریان دەوێ. دەڵێن حکومەتی هەرێم توانای دارایی نیە
بەڵام لەولاوە تائەم نوسینەم بەهەزارەها شوقە و ڤێلا لەسەر مڵکی گشتی دروست دەکەن، ئاو کارەبایان بۆدەبەن وە باشترین. خزمەتگوزاریشان بۆ دابین دەكەن بەزوترین کات. ئینجا، بەپارەیەکی خەیاڵی دەیانفرۆشن و قازانجێکی خەیاڵیان لێدەکەن. خەڵکی بێچارەی هەولێریش باسیر بخۆن و زوڕنا لێبدەن.

ئەوەی باسكراوە هەموی ڕاستیە. دۆستم هەیە زەوی کڕیوە، نزیکەی چواردەساڵ پێش ئێستا بە نرخێکی گران، بە هۆی پێنەدانی مۆڵەتی بینا دورستكردن لەسەر ئەو زەویانەی لە سەرەوە باسمان كردن ئێستا نیوەی نرخەکەی خۆیان دەكەنەوە، جگە لەوەی پێنج ملیۆن باجیش هاتۆتە سەریان. وا بڕوات ئەبێ خاوەن زەویەکان بە چەند ساڵی تر زەویەکانیان لەبری باج بدەنە بەحکومەت چونکە ئەم حکومەتە نە نیازی ڕێپێدانی دورستكردنی بینا لەسەر ئەو زەویانە هەیە وە نە خزمەتگوزاری دەبات بۆ ئەو زەویانە، لەبەر ئەوەی خویان خەریکی دروست کردنی ڤێلا و شوقەن، ئەوانەش فرۆشتنیان ئاسانترە بە ڕاگرتنی ڕێگەپێدان بە هاوڵاتیان تا خۆیان خانو بۆ خۆیان دورست بكەن و پێویستیان بە شوقە و خانوی پڕۆژەكانی دەسەڵاتداران و شەریكەكانیان نەمێنێت. بۆیە خەڵکیان وەلاناوە تەنها بیر لەبەرژەوەندی وگیرفان پڕکردنی خۆیان دەکەنەوە.
ئەگەر حۆڵت پێدانی دورستكردنی خانووبەرە بكەنەوە بۆ ئەو کەرتانەی کەباسمان کردن، بە هەزارەها هەلی كار بۆ خەڵک دورست شەبێت، خەڵكێكی گەلێك زۆر هەڵی كاریان بۆ دورست دەبێت: فرۆشیاری مەوادی کارەبا و ئاو کاریان باش دەبێت، وەستا و کرێکار ئیشیان زۆر دەبێت و بەگشتی جولە دەكەوێتە بازاڕەوە. حوكمەتیش پارەیەکی زۆریی لەڕێگای باج و ڕسومات و شارەوانیەکان دەست دەكەوێت. بەڵام لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان لە كەرتی بینا و نیشتەجێبوون، مۆڵەتپێدانیان ڕاگرتووە و نایكەنەوە. بێكاریان بڵاو كردوەتەوە. ئەمەش ئەنجامی دەسەلاتداری فیودالی بیر تەسك و بێ ڕوئیا و دژەكۆمەڵگە.