دووەم دکتۆری شۆرش لەسەر داکۆکی لەنەخۆشخانەیەکی سلێمانی دەستگیردەکرێت

لەلایەن ستاندار Posted on 685 جار بینراوە

ستاندەر

لەسەر داکۆکی لە کەیسی دەنگۆی فرۆشتنی نەخۆشخانەی فێرکاری، بەڕێوەبەری گشتی تەندرووستی سلێمانی سکاڵا لەسەر د. هەژار مەعروف، دووەم پزیشکی شۆڕش وەک پێشمەرگە تۆمار دەکات.

د. هەژار مەعروف، مامۆستای خانەنشینکراوی زانکۆی پزیشکی سلێمانی سەبارەت بە دەستگیرکردنەی بە ستاندەری راگەیاند، ڕۆژیک وەکو ڕاگرتن مامەوە و دەستگیرکرام. من شایەنی ئەوە نیم دەستگیربکرێم و داوام کردووە کەیسەکەم دابخرێت. نیازیانە داوای لێبووردن بکەم لە سۆشیاڵ میدیا، منیش ئامادە نیم بیکەم.

وردەکاریی زیاتر لەسەر شێوازی دەستگیرکردنەکەی بۆ ستاندەر خستە ڕوو و وتی: هۆبەی یاسایی بەڕێوەبەری گشتی تەندرووستی سلێمانی بەڕێوەبەرایەتیەکان، سکاڵایان لەسەر تۆمارکردووم. ئەوەش بە فەرمانی د. سەڵاح، بەڕێوەبەری گشتی تەندرووستی سلێمانی، چونکە ناوبراو پێی وایە سوکایەتییم بە بەڕێوەبەرایەتیەکەیان کردووە، بەڵام ئەوەی نووسیومە تەنیا دەنگۆیە بەشێوەی هەواڵ بڵاومکردۆتەوە. بەڵگەم نیە، بەڵام گومانێکی گشتیە لەناو پزیشک و کارمەندەکان ئەو قسەیە دەکرێت کە فرۆشراوە. ئەو ڕوونکردنەوەیەی کە بڵاویانکردۆتەوە، کافی نیە.

لەبارەی فرۆشتن و نەفرۆشتنی نەخۆشخانەکە رایگەیاند، ئەوەی جێی سەرنجە تاکو ئێستا بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نەهاتووە ئەوە ڕوون بکاتەوە. لە ڕوونکردنەوەکەدا دەڵێت: نەفرۆشراوە! بەواتای ئەوە دێت هێشتا نەفرۆشراوە بەڵام ئێمە پێویستمان بە زانیاریی زیاترە. بۆ نموونە: پلانتان نییە بیفرۆشن؟ هەنگاوتان نەناوە؟ باس لە چارەنووسی نەخۆشخانەکە ناکات!

لەبەشێکی تری قسەکانی ئەوەشی ئاشکرا کرد، دکتۆری دەروونیم. لەناو نەخۆشخانەکان و پزیشکان دام. ماوەی سێ ساڵ زیاترە، ئەم دەنگۆیە هەیە کە دەڵێن نەخۆشخانەی نەشتەرگەری فێرکاری لە سلێمانی کە نەخۆشخانەیەکی زۆر گرنگە فرۆشراوە یان دەفرۆشرێت یان لە پڕۆسەی فرۆشتندایە ئەو بابەتە گاڵتە نییە و نووسراوی فەرمی دەوێت. میوە و سەوزە نییە بچییتە بازاڕ و بیکڕیت. ئەم نەخۆشخانەیە ماڵی دەوڵەت و حکوومەتە. ناکرێت بەو جۆرەی لێبکرێت و دڵی شارەکەیە. سەرجەم کارمەندەکان ئاماژە بەوە دەدەن، گرنگی بە نەخۆشخانەکە نادرێت بۆئەوەی وردە وردە هیچ باوێکی نەمێنێت و بڵێن: ئەم نەخۆشخانەیە بەکەڵک نەماوە.

لەئێستادا دەنگۆیەک هەیە گوایە نەخۆشخانەیەکی مۆدێرن و چاک لە هەواری شار درووست بکەن. د. هەژار مەعروف لەوبارەیەوە رایگەیاند، هەواری شار 10km لە ناوەڕاستی شار دوورە. خەڵکی فەقیر و هەژار بەچی بگاتە ئەو شوێنە؟ دەبێت بزانین نەخۆشخانە بەنزینخانە نییە بڵێیت: ئاگریی لێدەبێتەوە. لە هەموو جیهانیش وایە کە نەخۆشخانە لەناوەڕاستی شارەکان بێت. ناوبراو جەختی لەوەکردەوە کە مەبەستی ئەوە بووە؛ خەڵکی هەژار، ناتوانێت تەکسی بگرێت و بچێتە ئەو جوگرافیا دوورە!