كێ لە پشت ئیمپراتۆرە میدیاییەكەی سەدرە، كە عێراقی هەژاندووە؟

لەلایەن ستاندار Posted on 598 جار بینراوە

ستاندەر

كێ لە پشت ئیمپراتۆرە میدیاییەكەی سەدرە، كە عێراقی هەژاندووە؟
سالح محەمەد عێراقی، یان وەزیرەكەی سەدر كێیە كە شەڕە میدیایی و پەیامەكانی ڕێبەری ڕەوتی سەدر دەگوازێتەوە؟

موقتەدا سەدر خاوەنی هیچ دەزگایەكی ڕاگەیاندن یاخود ڕۆژنامەیەكی فەرمی نیە كە پەیامەكانی بگەیەنێت، بەپێچەوانەی حیزبەكانی تر، كە خاوەنی كەناڵی گەورەی ئاسمانی و سوپای ئەلیكترۆنین. لەگەڵ ئەوەشدا سەدر ئێستا جوڵێنەری ڕووداوەكانی ناو دەزگاكانی ڕاگەیاندنە لە عێراق، بەجۆرێك هەمووان چاوەڕێن بزانن سەدر چی دەڵێت، سەدر ئەو هەرا میدیاییەی بە خەرجییەكی ئێجگار كەم بەڕێوە دەبات كە تەنها پشت بە سێ هەژمار لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەبەستێت بۆ گەیاندنی پەیامەكانی و ئاڕاستەكردنی لایەنگرانی.

موقتەدا سەدر، پەیام و بەیاننامە فەرمییەکانی لەڕێگەی هەژمارە تایبەتییەكەی خۆی لە تویتەر بڵاودەكاتەوە. هەروەها بۆ گەیاندنی ڕێنمایی و ئاڕاستەكردن و سیاسەتە گشتییەكانی ڕەوتەكەی پشت بە دوو هەژماری تر دەبەستێت، كە ئەوانییش هەژماری “وەزیری قائید” و هەژماری “سالح محەمەد عێراقی”ییە، كە ئەوەی یەكەم لە فەیسبووكە و ئەوەی دووەمیش لە تویتەرە. ئەو دوو هەژمارە تا ئێستاش جێگای دەمەتەقێی دەزگا میدیاییەكانە، چونكە بەشێوەیەكی ناڕوون بەڕێوە دەبرێن، بەڵكو هەژماری وەهمیین و كەسێك بوونی نییە بەناوی سالح محەمەد عێراقی، یان وەزیری قائید. پێشتر حاكم زاملی كە سەركردەیەكی دیاری ڕەوتی سەدرە، لە دیدارێكی میدیایی رایگەیاند، هەردوو هەژماری وەزیری قائید و سالح محەمەد عێراقی، لەلایەن كەسە نزیكەكانی موقتەدا سەدرەوە بەڕێوەدەبرێن.

سەرچاوەیەكی نزیك لە ڕەوتی سەدر، بە عەرەبی جەدیدی راگەیاندووە، هەژماری وەزیری قائید لەلایەن حەسەن عەذاری پەرلەمانتاری دەست لەكاركێشاوەوە بەڕێوە دەبرێت. هەروەها پێگەی سالح محەمەد عێراقی، سەرەتا لەلایەن خودی سەدرەوە بەڕێوە دەبرا، بەڵام دوای ئاشكرابوونی، ئێستا لەلایەن تۆفیق غانمی، قوتابی پێشووی باوكی موقتەدا سەدر و عەلی سەدر برازای موقتەدا سەدر بەڕێوە دەبرێت.

بەگوێرەی زانیارییەكان، ئەم دوو هەژمارە هیچ شتێك بەبێ سەدر بڵاوناكەنەوە، ئەركیشیان ڕووبەڕوبونەوە و وەڵامدانەوەی میدیاكانی سەر بە چوارچێوەی هەماهەنگییە. هەژماری وەزیری قائید، لە فەیسبووك ملیۆنێك و پێنج سەد هەزار هاوبەشی هەیە، هەژماری سالح محەمەد عێڕاقییش لە تویتەر نزیكەی 850 هەزار هاوبەش و هەژمارە تایبەتییەكەی سەدرییش نزیكەی 2 ملیۆن هاوبەشی لە تویتەر هەیە.