ئێران بۆچی ئەمساڵ گرنگیەكی زیاتری بە چلەی ئیمام حوسێن دا؟

لەلایەن ستاندار Posted on 450 جار بینراوە

ستاندەر

ئێران بۆچی ئەمساڵ گرنگیەكی زیاتری بە چلەی ئیمام حوسێن دا؟

سەدر و ئێران، یادی چلەی ئیمام حوسێن بووە گۆرەپانێكی تری رووبەروبونەوە!

 

یادی چلەی ئیمام حوسێن، كە یەكێكە لە كۆبوونەوە گەورەكانی مەزهەبی شیعە لەسەرانسەری جیهان، ئەمساڵ هاوكات بوو لەگەڵ گرژبونی پەیوەندییەكانی سەدر و ئێران.

 

سەدر لە پەیامێك داوای كرد چیتر بە هەڕەمەكی خەڵك لە ئێران بەمەبەستی بەشداری لە چلەی ئیمام حوسێن نەیەن، بەڵكو دەبێت دەوڵەت كارووبارەكان باشتر ڕێكبخات و بە پاسپۆرت و ڤیزاوە بێنە ناو خاكی عێراق، داواشی كرد حەشدی شەعبی لەسەرپەرشتی كردنی مەراسیمەكە بكشێنەوە.

 

ئەم دەستپێشخەریی و هەنگاوانەی سەدر وای كرد، ئێران ئەمساڵ حزورێكی بەهێزتر لە بەشداری كردن لەم یادە پیشانبدات، بەگوێرەی زانیاریەكانی دەوڵەتی ئێران نزیكەی 3 ملیۆن هاوڵاتی ئێرانی بۆ بەشداریكردن لە رێورەسمەكە هاتوونەتە عێراق، ئەمە جگە لەوەی وەك ئاسانكاری ئێران بڕێك پارەشی بۆ زیارەتكاران تەرخان كرد كە دێنە عێراق.

 

بەگوێرەی چاودێرانی دۆخی عێراق، ئێران لەم چەند ساڵەی دوایی بەتایبەت لە 2019 و دەستپێكی خۆپیشاندانەكانی تشرینیەكان لە عێراق، هەڵویستەكانی ئەم دواییەی سەدر، پاشەكشەی لایەنەكانی نزیك لە ئێران لە هەڵبژاردن، ئەم وڵاتە هەست دەكات لەسەر ئاستی جەماوەری پێگەی بەرەو لاوازی زۆر دەڕوات، بۆیە بە بەرنامە دەیەوێت هەژموونی خۆی لەسەر ئاستی میللی لەرێی راكێشانی سۆزی ئایینی شیعەكان، عێراق بەهێز بكاتەوە.

 

موقتەدا سەدر، ئەگەرچی لەدواین پەیامی داوای لە لایەنگرانی كرد ڕێزی زیارەتكارە ئێرانیەكان بگرن و كێشەیان بۆ درووست نەكەن، بەڵام هەنگاوی لایەنگرانی بە پێچەوانەی ئەوەیە، لەكاتی رووبەروبونەوەی نێوان لایەنگرانی لەگەڵ حەشدی شەعبی، بەدەیان وێنەی قاسم سلێمانی لەلایەن خۆپیشاندەرانی سەر بە رەوتی سەدر سووتێندرا.

 

هاوكات ئەمریكاش، یەكێك لە پلانەكانی لە عێراق هاندانی خودی عێراقیەكانە بۆ سنوردانان لە دەستێوەردانەكانی ئێران، بەڵام بەهەموو ئاماژەكان هەژمونی زۆری ئێران بە باری سیاسی و مەزهەبی، وای كردووە روبەڕوبونەوەی ئەو تەوژمە پرۆسەیەكی ئاسان نەبێت.