ژانەسەر و ماتۆڕسکیلەکانی وڵاتی قەرەقوش

لەلایەن ستاندار Posted on 464 جار بینراوە

 

شەماڵ محمد
لەم ڕۆژانەی پێشو هەڵمەتی دەسگیرکردنی ماتۆڕسکیل لە شارەکەم دەستی پێکرد ، دەیان و سەدان ماتۆرسکیل گیران و لەناوبران ، خەڵکێکی زۆر بێکار و زەرەرمەند بون ، دیارە ئەم هەڵمەتە بەهۆی زۆربونی ماتۆرسکیلی بێ ژمارە و لێخوڕینی بێ مۆڵەتەوە بوە .
ئەوەی سەیرە ، خەڵک ئامادەن ماتۆرسکیلەکان تۆماربکەن بەڵام حکومەت خۆی تۆماری ناکا بە بیانوی ئەوەی کوالێتییان خراپە !
ئەی بۆچی ڕێگەتان دا بێنە بازاڕ ؟
نازانین بە قاچاخ هاتون !!
ئەی ئێستا بۆچی لەجیاتی سزادانی بازرگانەکان سزای خەڵکی هەژار دەدەن ؟
ئاخر بازرگانەکان چەند دانەیەکن ، سزادانیان ئاسانتریشە ، جگەلەوەی خاوەن ماتۆرسکیلی بەستەزمان گوناهی چییە کە لەبەر نەداری سواری ماتۆرێکی هەراسانکەر و ترسناک دەبێ ! ئەی ئەوانەی بژێوییان لەسەر ماتۆرەکانیانە ، ئەوان تاوانیان چییە ؟
ئایا کۆنترۆلکردنی هاتوچۆ و پاراستنی سەلامەتیی خەڵک بەوە دەبێ کە تەڕ و وشک بەیەکەوە بسوتێنی ؟ بۆچی تەنها ئەوانە سزا نادەن کە خەڵک هەراسان دەکەن و کارەسات دەنێنەوە؟
زۆرێک لە فەرمانەکانی ئەم دەڤەرە لە هی قەرەقوش دەچن ، دەڵێن قەرەقوش کە فەرمانڕەوایەکی ملهوڕ و نەزان بوە جارێکیان بڕیاری سێدارەی بۆ کەسێک دەرکردوە بەڵام تاوانبار باڵای زۆر بەرزبوە نەیانتوانیوە لە سێدارەی بدەن ، فەرمانی کردوە کەسێکی کورت بێنن و لەجیاتی تاوانبارەکە لەسێدارەی بدەن !
کاتێک مرۆڤ قوڵ بیرنەکاتەوە و نەشارەزا بێ ناتوانێ کێشەکان چارەسەر بکا ، ئەگەر چارەسەریشیان بکا دیسان سەرهەڵدەدەنەوە چونکە لە ڕەگەوە چارەسەر نەکراون .
من نزیکەی ١٥ ساڵ بو ژانەسەر بەرۆکی گرتبوم ، زۆرم هەوڵدا و دەرمانی جیاجیام بەکارهێنا تا وایلێهات حەبی ژانەسەر کاری تێنەدەکردم ، کۆمەڵێک دکتۆرم تاقیکردنەوە لە حەبی ژانەسەر باشتریان پێنەدام . تا دواجار لە چەند دکتۆرێكی بیانی پرسیارم کرد ، تێگەیشتم کە من نەخۆش نیم ، ژانەسەریش نەخۆشی نییە بەڵکو نیشانەی نەخۆشییە ، بەڵام نازانم بۆچی دکتۆرەکانی خۆمان ئەوەیان نەدەزانی !
دوای ئەوەی کە تێگەیشتم نەخۆش نیم و ژانەسەریش نەخۆشی نییە (تەنها لە حاڵەتی تایبەتی وەک شەقیقە نەبێ) ، ئێستا زۆرباشـم و کەم ژانەسەر دەمگرێ . ئەگەر کێشەکان لە ڕیشەوە چارەسەر نەکرێن هەرگیز بنەبڕ نابن .
ڕۆژانە هەواڵی کارەسات و مەرگی ئازیزان دەبیستین بەهۆی کارەساتی پێکدادانی ئۆتۆمبێل ، ڕاستە هەندێک لە ڕێگاکان باش نین و هەندێک لە شۆفێرانیش پابەند نین ، بەڵام بۆ کەس ناپرسێ ئەی کوالێتیی ئۆتۆمبێلەکان چۆنن؟
ئایا کوالێتی و مەرجەکانی سەلامەتی لە ئۆتۆمبێل کاریگەرییان نییە لەسەر پاراستنی گیانی سەرنشینەکانی؟
بە سەرنجدان لە ئۆتۆمبێلە مۆدێل نوێکان و بەراوردکردنیان لەگەڵ کۆنەکان بۆت دەردەکەوێ ئەوانەی ئێستا زۆر بێ کوالێتی و ترسناکن ، ئەوەی سەیرە بڕیارەکانی حکومەتە ، باشترین ئۆتۆمبێلی جیهان کە مێرسدسە ئەگەر تەمەنی لە ٢ ساڵ زیاتر بێت تۆمار ناکرێ بەڵام ئۆتۆمبێلی ئێرانی و چینی و کۆری و هەندێک مۆدیکی ژاپۆنیش کە خراپترین و ناسەلامەتترین ئۆتۆمبێلن تۆمار دەکرێن !
ئاخر توخوا بە لۆجیکی کێ بیجۆی ئێرانی مۆدیل ٢٠٢٢ باشترە لە مێرسدسی مۆدیل ٢٠١٥ ؟
ئەرێ پێتان وایە قەرەقوش مردوە ؟ ڕەنگە قەرەقوش لەژیاندا نەمابێ بەڵام بڕیار و فەرمانە جوانەکانی هەر ماون .