وەزارەتی پەروەردە، بانگەشەی خۆشەویستی نیشتیمان دەكات و بەرپرسانیش خەریكی كڕینی موڵك و پاسەپۆرتی وڵاتانی ڕۆژئاوان!!

لەلایەن ستاندار Posted on 106 جار بینراوە
world-passports-xlarge

 

ستاندەر

وەزارەتی پەروەردە، بانگەشەی خۆشەویستی نیشتیمان دەكات..
كەچی بەرپرسان بە گوژمەی ملیارەها دۆلار خەریكی كڕینی موڵك و پاسەپۆرتی وڵاتانی ڕۆژئاوان!!

هەواڵی كڕینی پاسەپۆرتی وڵاتانی رۆژئاوا و كڕینی موڵك بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان نوێ نین، بەڵام ئێستا ڕێژەكە بەردەوامە لە هەڵكشان، ئەوانەشی بەرپرسی باڵان، یاخود بازرگانی نزیكی بەرپرسانی باڵان لە پلەی یەكەمی ئەوانە دێن، كە خەریكی كڕینی پاسەپۆرت یان موڵكی گران بەهان.

بەگوێرەی راپۆرتێكی نوێ تەنها لە مانگی ئاب، سەرووی 400 موڵك لەلایەن بەرپرسان و سەرمایەدارە نزیكەكانی بەرپرسانی باڵای عێراق بەهەرێمی كوردستانەوە كڕدراون، ئەمە جگە لە راپۆرتە نێودەوڵەتیە بەردەوامەکان لەسەر کڕینی موڵکی گران بەها لەسەر ناوی بەرپرسانی باڵای حیزب و حکوومەت لە ئەوڕوپا و ئەمریکا.

لەلایەکی تر بەگوێرەی راپۆرتێكی ئاژانسی عالەم ئەلجەدید، بەرپرسان و دەوڵەمەندانی نزیك لە بەرپرسانی تەنها لە سێ ساڵی ڕابردوو، سەروی 10 ملیار دۆلاریان بۆ كڕینی پاسەپۆرتی وڵاتانی دۆمەنیكا و ئیسپانیا و یۆنان خەرج كردووە. بەجۆرێك تا ساڵی 2021 سەرووی هەزار و 500 هاوڵاتی هەرێم، پاسەپۆرتی وڵاتی دۆمەنیكایان كڕیوە، كە 600 كەسییان بەرپرسانی ئەمنی و دەستڕۆیشتوون.

لەو نێوانەشدا، حكوومەتی هەرێم و وەزارەتی پەروەردە، لەدەستپێكی خوێندنی ئەمساڵ رایانگەیاند، 3 ڕۆژی سەرەتای خوێندنی ئەمساڵ بۆ بڵاوكردنەوەی خۆشەویستی نیشتیمان لەنێو قوتابیان تەرخان دەكەین، كە چەندین تەنزیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان لەسەر نووسرا.

ئەمە جگە لەوەی بەشێكی زۆر لە بەرپرسانی باڵای حیزبەكانی دەسەڵات، خۆیان و خێزانەكانیان خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەوروپا و ئەمریكان، تەنانەت كاتێك لەدایك بوونی منداڵێكی نوێیان نزیك دەبێتەوە، بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی باش و وەرگرتنی پاسەپۆرت بۆ منداڵەكەیان دەچنەوە ئەوروپا، داواش لە هاوڵاتیانی هەرێم دەكەن نیشتیمانەكەیان خۆشبوێت و ئامادەبن گیانی لەپێناو ببەخشن.