زانست یا ژیری ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 1066 جار بینراوە

شەماڵ محەمەد

هەرکاتێک باسی ژیری، دانایی، سەرکەوتن یا پێشکەوتن دەکرێ وشەی زانست پشکی شێری بەردەکەوێ ، بەواتای، زانست هەوێن یا کلیلی هەمو ئەو چەمکانەیە کە ناومان هێنان ، بەڵام ئایا زانست هۆکارە بۆ بەدەسهێنانی هەمو ئەوانەی سەرەوە ؟ ئایا هەرچی زانا بێ ژیر و سەرکەوتو و دانا و پێشکەوتوە ؟ ئایا زانست یەکسانە بە ژیری ؟
جارێ با بزانین مێشک چۆن کاردەکات .
مێشک ئەندامێکی زۆر ئاڵۆز و بەتوانایە ، مێشک هەرگیز بەراورد ناکرێ بە پێشکەوتوترین کۆمپیوتەری سەردەم ، مێشکی مرۆڤ هەزاران بەڵکو ملیۆنان جار لە باشترین کۆمپیوتەر بەتواناترە ، بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ، چۆن بەکاری بهێنین؟ ئایا ئێمە دەزانین دروست بەکاری بهێنین ؟
مێشک چەندین بەشی هەیە ، ئەوەی گرنگە لێرە ئاماژەی پێبدەین ئەوەیە کە بەشی یادگە لە مێشک (Temporal Lobe)ە،کە تەواو جیاوازە لە بەشی ژیری و بیرکردنەوە(Frontal Lobe)، واتە ئەگەر هەر زانیاری لەبەربکەین و بەکاریان بێنین ئەوا تەنها بەشی یادگە کاردەکات و بەشی ژیری و لۆجیک کارناکات .
مێشک تواناکانی ئێکجار زۆرن وەک(بیرکردنەوە ، بڕیاردان ، هەڵگرتنی زانیاری و بەراوردکردن و شیتەڵکردنیان ، وێناکردن ، دروسکردنی بیرۆکە ، چارەسەریی کێشەکان …هتد .
سەرەڕای ئەوەی مێشک زۆر بەتوانا و فرەلایەنە بەڵام لای هەندێک کەس تەنها وەک یادگە بەکاردێت ، واتە کۆکردنەوە یا لەبەرکردنی زانیاری ، بۆیە هەندێک کەس دەبینی زانیاریی زۆر زۆرە بەڵام ژیر نییە بەڵکو دەبەنگیشە ، زانای ئەتۆمە و باوەڕی بە ئەفسانەی وا هەیە کە جێێ باوەڕی منداڵێکیش نییە !
بەکارهێنانی یەک بەشی مێشک وەک ئەوەیە کۆمپیوتەرت هەبێت بەڵام تەنها یاریی پێبکەیت ، یا تەنها نوسینی پێبکەیت لە کاتێکدا کۆمپیوتەر هەزاران کاری گرنگی پێ ڕادەپەڕێنرێت .
هەندێک هەن ، بەهۆی خولیا یاخود کاری ڕۆژانەیان ، مێشکیان تەنها مۆسیقا، هۆنراوە ، چیرۆک ، گۆرانی یا وێنەکێشانی تێدایە …
ئاساییە مرۆڤ هەر کارێک یا چالاکییەک بکات کە خۆی حەزی لێیەتی ، بەڵام نابێ لایەنەکانی تری مەعریفە فەرامۆش بکات چونکە تواناکانی مێشک یەکجار زۆر و فرەچەشنن ، مێشکیش بۆ ئەوە دروست نەکراوە تەنها خەریکی بکەی بە کارێکی سادە و سانا.
هەندێک هەن ، بەهۆی کارەکانیان ، تەنها بەشی بیرکاری لە مێشکیان بەکاردێنن ، وەک کۆمپیوتەر یا بژمێرێکی خێرا و زیرەک کاردەکەن بەڵام ژیر نین ، لە سادەترین کاروباری ڕۆژانەیان دەستەوەستانن .
هەندێک مامۆستا هەن لە بابەتی خۆیان بلیمەتن بەڵام لە بوارەکانی تردا زۆر هەژارن .
هەندێک مامۆستای ئاینی هەن زۆر زیرەکن، هەمو زانستەکانی پەیوەست بە ئاینیان خوێندوە ، بەڵام چونکە ژیر نین هەڵەی وا دەکەن مرۆڤێکی ئاسایی نایکا ، لەم بارەیەوە دکتۆر موستەفا زەڵمی دەڵێ:
“مامۆستایەکی ئاینی هەبو زۆرم خۆش دەویست ، رۆژێکیان چومە لای کە رۆژی هەینی بو ، مامۆستا ئاشناکەم چوە سەر مینبەر و دەستی کردە وتاردان ، لە وتارەکەیدا فەرموی:
ئیمامی حوسێن ئەوەندە گەورە بو ئەو رۆژەی ئەو تێیدا شەهیدکرا ئاسمان خوێنی لێ دەباری .
دوای وتارەکە پێم گوت :
مامۆستا تۆ کەسێکی زانای ، چۆن باوەڕت بەم قسە بێ بنەمایانە هەیە !؟
مامۆستا لە وەڵامدا پێی گوتم :
نا مامۆستا ، نازانی ئیمامی حوسێن چەند گەورە و پیرۆز بوە؟ ”
ژیری پەیوەستە بە شێوازی بیرکردنەوە نەوەک زۆریی زانست و داتا لە مێشکی تاک ، بە گشتیش مرۆڤ بە ٢ جۆر بیردەکەنەوە :
جۆری یەکەم : بیرکردنەوەی خێرا (Cognitive ease) ، ئەقڵیەتی سەرباز(Soldier Mindset).
بریتیە لە بیرکردنەوە یا بڕیاردانی خێرا لەسەر بابەتەکان بە پشت بەستن بە سۆز، ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە ئاسانە هەر لەبەر ئەوەشە کە زۆرینەی خەلک بەم شێوەیە بیردەکەنەوە.
وەک ئاشکرایە ، سەرباز لەسەر ئەوە ڕاهێنراوە کە شەڕبکات ، ئەو شەڕدەکات لەژێر فەرمانی ئەفسەرانی سەروی خۆی ، پرسیار ناکات ئایا شەڕەکە ڕەوایە یان نا ، لەسەرهەقن یا ستەمکار، سەرباز ئامێری جەنگە ، کوێرانە گوێرایەلە بۆ سەروی خۆی ، کاری ئەو تەنها شەڕکردنە لەپێناو سەرخستنی سوپاکەی خۆی.
بیرکردنەوەی سەربازانە هەمان تایبەتمەندیی هەیە ، گرنگ ئەوەیە سەربکەوێ ، گرنگ نییە کێ راستە و کێ هەڵە .
جۆری دووەم : بیرکردنەوەی لەسەرخۆ (Cognitive strain) ، ئەقڵیەتی دێدەوان(Scout Mindset).
ئەم جۆرەیان ئاڵۆزەو پێویستی بە کۆمەلێک لێکدانەوە و شیکاریی ورد هەیە لەناو مێشک و زیاتر پشت دەبەستێ بە ژیری نەک سۆز.
وەک ئاشکرایە دێدەوان ئەو کەسەیە کە هەلدەستێ بە گەڕان و پشکنینی ناوچەکەیەکی دیاریکراو بە مەبەستی دلنیابونەوە لە نەبونی مەترسی بەر لە جولانی سەرباز بۆ ناوچەکە ، دێدەوان هەمو ناوچەکە دەپشکنێ ، هەمو ئەگەرەکانی لەبەرچاودەگرێ ، بریارنادات ، بەلکو زانیاری دەگوازێتەوە و بۆچونی خۆی پێشکەش دەکات.
ئەقلیەتی دێدەوانی شەڕناکا لەسەر بۆچونەکانی و کوێرانە پشتگیرییان ناکا، بۆچونی خۆی دەردەبڕێ و ئەگەری ڕاستی و هەڵەی تێدایە . ئەقلیەتی دێدەوانی کراوەیە و زانیاری کۆکەرەوەیە . لای ئەو گرنگ نییە کێ سەردەکەوێ ، گرنگ ئەوەیە راستی سەربکەوێ.
بەشێوەیەکی گشتی جیاکەرەوەکانی ئەمانەن:
– لەسەرخۆیە.
– سەختە.
– گونجاوە بۆ بڕیاری گرنگ و چارەنوس ساز.
– پێویستیی بە ئەرکە و ماندوت دەکا.
– لە کاتی نەخۆشی و بێزاری کارناکا.
– ژیریی و لێکدانەوەی تێدایە.
– هەڵەی تێدا نییە یا زۆر کەمە.
لەبەر ئەم خالانەی سەرەوە ، دەبینین زۆربەی خەڵکی خۆیان لەم جۆرە بیرکردنەوە بە دور دەگرن و پەنا دەبەنە بەر شێوازی یەکەم لە بیرکردنەوە، کە ئەمەش زۆر جار کارەساتی لێ دەکەوێتەوە چونکە بیرۆکەکانمان دەبن بە قسە، قسەکانیش دەبن بە کردار، کردارەکانیش دەبن بە ڕەفتار(سلوک) دواجار دەبن بە کەسایەتیمان، واتە بیرکردنەوە بەردی بناغەی کەسایەتیمانە، ئەگەر ورد و زانستیانە بنیاتی نەنێین ئەوا کەسایەتیمان هەرگیز دروست دەرناچی چونکە هەرشتێک لەسەر بناغەی لاواز بنیات بنرێ ئەوا بێگومان لاوازە دەبێ .
تا فێرنەبین وەک دێدەوان بیربکەینەوە ، ئەستەمە بتوانین دروست بیرکەینەوە . تا نەشزانین دروست بیربکەینەوە ڕەنگە زانیاریی زۆرمان دەسکەوێ بەڵام نابین بە مرۆڤێکی ژیر .