میدیای فەرمی فەرەنسی: لایەنە كوردیەكان لەنێوخۆیاندا پارچە پارچەن و دەوڵەتانی دراوسێ دژی یەكتر بەكاردەهێنن

لەلایەن ستاندار Posted on 242 جار بینراوە
makron

ستاندەر- بەدواداچوون

ئاژانسی فرانس24ی فەرەنسی كە ئاژانسێكی فەرمی دەوڵەتی فەرەنسایە، لە راپۆرتێكدا لە پەراوێزی تیرۆركردنی سێ كوردەكەی پاریس لە ژێرناویشانی (هێرشەكەی پاریس، تیشكی خستەوە سەر پرسی كورد) نوسیویەتی هێرشەكەی هەینی رابردوو جارێكی تر ڕووناكی خستەوە سەر پرسی كورد كە گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتن و ڕووبەری خاكەكەیان زیاتر لە نیو ملیۆن كیلۆمەتر چوارگۆشە دەبێت.

راپۆرتەكە دەڵێـت ژمارەیەكی زۆری كورد لەناوخۆی (ئەو وڵاتانەی بەسەریاندا دابەشكراون) توشی ئاوارەیی بوونە، ئەویش بەهۆی توندوتیژیە درێژخایەنەكان، بەشێكی زۆریش بونەتە پەنابەر لە وڵاتانی ئەوروپا.

فرانس 24 دەشڵێت تیرۆركردنی 3 كوردەكەی ناوەندی ئەحمەد كایا لە پاریس جارێكی تر ترسی خستۆتە نێو دڵی كوردانی فەرەنسا كە ژمارەیان 150 هەزار كەس دەبێت، بەتایبەت كە رووداوەكە نزیكە لە ساڵێادی تیرۆركردنی 3 چالاكوانی كوردی تر لە 10 ساڵ پێش ئێستا لە هەمان شوێن.

ئاژانسەكەی دەوڵەتی فەرەنسا  ئاماژە بەوەش دەكات كە بەهۆی رێكەوتنی لۆزان بە پێداگری مستەفا كەمال ئەتاتورك لە 1923، دەوڵەتی نوێی توركیا دروستكرا و خەت بەسەر هەموو ئەو هەوڵانە داهێنرا كە پاڵپشتی دروستكردنی دەوڵەتی كوردستانیان دەكرد (مەبەست لێی رێكەوتنی سیڤەر)ە، لەو كاتیەوە ئەم دەوڵەتانەی كوردیان بەسەر دابەشكراوە هەمیشە كورد بەمەترسی دەزانن لەسەر یەكپارچەیی خاكی وڵاتەكانیان.

فرانس 24 دەڵێت سەرەڕای ئەوەی هەموو لایەنە كوردییەكان بانگەشەی دەوڵەتی سەربەخۆ دەكەن، بەڵام لەناوخۆیاندا پارچە پارچە و دابەشن، زۆرجار وڵاتەكانی دراوسێ دژی یەكتر بەكاریان دەهێنن.

ئاژانسەكە دەشڵێـت پرسی كورد بەردەوام یەكێكە لە هۆكاری ناكۆكیەكانی توركیا و فەرەنسا، بەتایبەت دوای ڕووداوی تیرۆركردنی 3 چالاكوانە كوردەكە لە ساڵی 2013، دەشڵێت خۆپیشاندانی ئەم هەفتەیەی كوردانی پاریس توركیا توڕە كردووەو نارەزایەتی خۆیان گەیاندۆتە فەرەنسا،

راپۆرتەكە دەشڵێـت لە نیسانی ساڵی رابردوو، 4 كورد لە سەنتەرێكی كوردی لە شاری لیۆن هێرشیان كرایە سەر، كە دواتر دەركەوت گروپێكی نەتەوەپەرستی توركی بەناوی گورگە بۆرەكان لە پشت رووداوەكەن، بەم هۆیەوە گروپەكە قەدەغەكران.