محەمەد محسین*
قەرزی گشتی چیە؟ حكومەتەكان بۆچی قەرزئەكەن؟ سوود و زیانەكانی قەرزی گشتی چیە و كاریگەری لەسەر ئابووری و كۆمەڵگە چیە؟ ئەم قەرزە لە چ لایەنێكەوە دەكرێت؟
قەرزی گشتی (حكومەت) ئەو بڕە پارەیە كە حكومەت بەقەرز وەریدەگرێت بۆ ماوەیەكی دیاریكراو لە لایەنێك كە دەكریت ئەم لایەنە ناوخۆیی بێت وەك ( بەنكەكان، كومپانیاكان و كاسایەتیە هەببووە نیشتیمانییەكان) یا قەرزەكە بیانیە و لەلایەنێكی دەرەكی دەكرێت وەك (ووڵاتانی بیانی، شەریكاتی بیانی، بەنكەكان و ڕیكخراوە داراییە جیهانییەكان … هتد) یا له هەندێك كاتدا ئەم قەرزە لەهەردوو لایەن دەكرێت.
حكومەت ئەم قەرزە بەمەبەستی تەمویلكردنی پرۆژەكانی ئابووری، سیاسی، سەربازی و كۆمەڵایەتی دەكات بەپێی سیاساتی داڕێژراو، لەنێوانیاندا پەرپێدانی ژێرخانی ئابووری، وەبەرهێنان، پڕۆگرامەكانی چاودێری كۆمەڵایەتی… هتد.
ئەو هۆكارانە چین وادەكەن حكومەت پەنا بۆقەرزكردن ببات؟
1-سستی دۆخی ئابووری ووڵات.
2- كورتهێنان لەبوودجەی حكومەت (دەوڵەت)، واتە ئەوداهاتەی لەبەردەستی حكومەتدایە بەشی خەرجیەكان ناكات واتە بەشی ئەم پێداویستیانە ناكات كە دابینكردنیان لەئەستۆی حكومەتدایە.
3-حكومەت قەرزێكی نێودەڵەتی كردووە و كاتی دانەوەی قەرزەكە هاتووە بەڵام حكومەت پارەی پیویستی لەبەردەستدانیە بۆدانەوەی ئەم قەرزە.
4- هەڵگیرسانی شەڕ(جەنگ)
5- ڕوودانی كارەساتی سروشتی وەك( بوومەلەرزە، لافاو، بوڕكان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەكی كوشندە)
كاریگەری و ئیفێكتی قەرزی گشتی لەسەر ئابووری
ئەم قەرزە كاریگەری كورت خایەن و درێژخایەنی هەیە
كاریگەری كورت خایەن: لەماوەی كورت خایەندا دەكرێت بكریتە ئامرازی هاندان و دروست بوونی گەشەی ئابووری و زاڵبوون بەسەر سستی و لاوازی چالاكیە ئابووریەكان ئەمیش لەڕێگەی تەمویلكردنی پڕۆژەكانی حكومەت و پێدانی قەرز بە دامەزراوە ئابووریەكان و كۆمەكی كەرتی تایبەت و زیادكردنی خەرجی حكومی بەمەبەستی نەوەستانی چالاكییە ئابووریەكان و بەردەوام بوونیان.
كاریگەری درێژخایەن: بەڵام قەرزكردنی زیاد لەپێویست وكەڵەكەببونی قەرز ونەتوانینی دانەوەی قەرز و قەرزكردن لەپێناو دانەوەی قەرز دەبێتە بارگرانیەكی گەورە بەسەر شانی دەوڵەت و كۆمەڵگە، كەئەمەش وادەكات تێچووی قەرزی حكومەت زیاد بكا و متمانەی وەبەرهێنەر كەمدەكاتەوە و دەبێتە هۆی سستبوونی چالاكیە ئابووریەكان و لاوازی گەشەی ئابووری لەماوەی درێژخایەن و دابەزینی كواڵتی و ستانداردی ژیانی تاك و خێزانەكانی نێو كۆمەڵگە، بۆیە گرنگە كاتێك حكومەت قەرزئەكات ژیانی نەوەكانی ئایندەش لەبەرچاوبگرێت و نابێت تەنها بیر لەدابینكردنی پێداویستیكانی نەوەی ئێستا بكاتەوە، واتە دەبێت هاوسەنگی ڕابگیرێت لەنێوان نەوەی ئێستا و نەوەی داهاتوو.
قەرزی گشتی دوو تایبەتمەندی هەیە
- كاتی دانەوەی قەرزەكە.
- دانی سوو(فائدە) واتە ئەو بڕە زیادەی دێتە سەرقەرزەكەو حكومەت پابەندە بەدانی.
بۆدانەوەی ئەم قەرزە حكومەت دوو ڕێگا دەگرێتەبەر:
یەكەم: كەمكردنەوەی خەرجیە گشتیەكان بەگشتی و بەتایبەتیش ئەوخەرجیانەی زۆر بەپێویست نازانرێت.
دووەم: دامەزراندنی سیستمێكی باجی كارا و كاریگەر و گشتگیر و جۆراوجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات تا بتوانێت لەكاتی خۆی قەرزەكە بداتەوە، وە لەپاڵ ئەمانەشدا بوونی شەفافیەت، بەرپرسیاریەتی و گوود گەڤەرنەنس لەكەرتی دارایی زۆرگرنگە لەدروست بوونی متمانە بەحكومەت
- مامۆستای زانكۆ