لەنێوان سیاسییەکانی ئەفلاتون و سیاسییەکانی ئەرستۆدا کامیان ھەڵبژێرین؟

لەلایەن ستاندار Posted on 581 جار بینراوە

ئارام قادر حەمەسور

فەیلەسوفان و بیرمەندان چەندین تیۆریای سیاسییان داناوە بۆ ڕێکخستنی دەسەڵات و کۆمەڵگا.
لەفیکری سیاسییدا دوو بۆچوونی بڵاو ھەیە بۆ حکومڕانی و دادپەروەری، ھەردووکیان لە چوارچێوەی فەلسەفەی سیاسییدان. ھەریەکەیان دادپەروەری دەبەستێتەوە بەستایلێکی دەسەڵاتەوە.
بۆچوونی یەکەم لە فیکری ئەفلاتوندایە و بۆچوونی وایە ئەوەی حکومڕانی دەکات دەبێت فەیلەسوفان بن بەتەنیا، چونکە تەنیا فەیلەسوفان شایستەن و دەتوانن دادپەروەری بچەسپێنن. ئەفلاتون کۆمەڵگا دەکاتە سێ چین، یەکەم چینی زۆرینەی کۆمەڵگایە یان جەماوەر، ئەم چینە زۆرینەن و خەریکی چێژەکانی خۆیانن، دووەم چینی سەربازەکانە، کە سیفەتی توڕەییان تێدایە، سێیەم چینی عەقلانییەکانن کە بریتین لە فەیلەسوفان.
ئەفلاتون بۆچوونی وایە کە فەیلەسوفان دوورن لە چێژ و تووڕەی. واتا جیاوازن لە چینی جەماوەری گشتی و سەربازەکان، بۆیە فەیلەسوفان بەتەنیا شایستەی حکومڕانین.چونکە تەنیا ئەوان عەقلانی دەجوڵێنەوە.

ئەشکەوتەکەی ئەفلاتونیش بەمانا سیاسییەکەی ئەم بۆچوونەی ئەفلاتون دەردەخات، ئەشکەوتەکەی ئەفلاتون بابەتێکی فیکریی قووڵە و گرنگە، ئەفلاتون لە کتێبی (کۆمار) لەسەر زمانی سوکڕات باسی ئەشکەوتێک دەکات کە چەند کەسێکی تێدا دەژیا لە منداڵییەوە، مل و قاچیان بە زنجیر بە یەکتر بەستراوەتەوە و ناتوانن بجووڵێن، تەنیا بەشێکی ئەشکەوتەکە دەبینن کە بەرامبەر خۆیانە، لە پشتی کەسەکانەوە ئاگرێک ھەیە، لە نێوان کەسەکان و ئاگرەکەشدا چەند داھۆڵێک ھەیە کە ھەندێ جار دەجووڵێن، کەسەکان بە ھۆی ڕووناکیی ئاگرەکە سێبەری داھۆڵەکان دەبینن لەسەر دیواری ئەشکەوتەکە نەک سێبەری خۆیان، بەڵام بڕوایان بەم سێبەرانە ھەیە و بە حەقیقەتی دەزانن.

یەکێک لەو کەسانەی ناو ئەشکەوتەکە زنجیرەکەی دەپسێنێت و دەچێتە دەرەوەی ئەشکەوتەکە و خۆر و دەوروبەری حەقیقی دەبینێت، دواتر دەگەڕێتەوە ناو ئەشکەوتەکە و باسی حەقیقەتی واقیع دەکات، ئامۆژگاریان دەکات و پێی وایە ھەمووان لە وەھمدا دەژین و تەنیا خۆی خاوەنی حەقیقەتی ڕەھایە، ھەمووان سێبەرەکان دەبینن نەک حەقیقەتی شتەکان، پێی وایە ھەمووان لە ھەڵەدان و نەزانن.

بەخوێندنەوەی ساسیی بۆ ئەشکەوتەکەی ئەفلاتون دەکرێت ئەو کەسەی ڕزگاری بووە فەیلەسوف بێت و شایستەی حکومڕانییە. لای ئەفلاتون نوخبەی فەیلەسوفان شایستەی حکومڕانین و ئەوانی تر نەزانن و دەبێت ڕزگار بکرێن، لەبەر ئەوەش ئەفلاتون دادپەروەری دەبەستێتەوە بە بوونی فەیلەسوفان لە دەسەڵاتدا. ئەم بۆچوونە پێمان دەڵێت کە سەرکردە دەتوانێت دوونیامان بگۆڕێت و بەھەشتمان بۆ دروستبکات. بەڵام ئەم بۆچوونەی ئەفلاتون زۆرکات دەبێتە ھۆی دروستکردنی دیکتاتۆر، دوونیا پڕیەتی لەم ستایلەی ئەفلاتون، وەک خومەینی و سەددام حسین و ھیتلەر و ستالین…

ئەفلاتون ھەبوونی کۆمەڵگایەکی دادپەوەر و خۆشگوزەران دەبەستێتەوە بەسەرکردەیەکی فەیلەسوف، نەک یاسا و دەزگاکانی دەوڵەت. ئەفلاتون سەرکرەیەک دروست دەکات کەخاوەنی حەقیقەتە و ئەوانی تریش جاھیلن،ئەمەش مەترسییەکەیە بۆ دروست بوونی دیکتاتۆری سیاسییی، وەک نیچە گوتی؛ حەقیقەتی ڕەھا مرۆڤ دەکوژێت. مێژووش پڕە لە تەرمی خاوەن حەقیقەتە ڕەھاو دیکتاتۆرەکانی دەسەڵات.

بۆچوونی دووەم ھی ئەرستۆیە و پێچەوانەی ئەفلاتونی مامۆستایەتی، ئەرستۆ خۆشگوزەرانی کۆمەڵگا و دادپەروەری نابەستێتەوە بە بوونی سەرکردەیەکی لێھاتوو، بەڵکو دەیبەستێتەوە بە ھەبوونی یاسا و دەزگای دەوڵەت. ئەرستو بوچوونی وایە ناکرێت سەرکردەی باش بەردەوام خۆشگوزەرانی بێنێت، چونکە کاتێ سەرکردە باشەکە دەمرێت لەوانەیە سەرکردەکەی دواتر باش نەبێت، بەڵام کاتێ دەزگاکانی دەڵەت باشدەبن خۆشگوزەرانی بەردەوام دەبێت.

ئەفلاتون بەدوای دروستکردنی سەرکرەی تاقانەدا دەگەڕێت کەخاوەنی ھەموو دەسەڵاتێکە، بەڵام ئەرستۆ دەیەوێت دەزگاکانی دەوڵەت بچەسپێنێت و بەھێزیان بکات. تا ئێستاش ئەم دوو بۆچوونە لەئارادان، بەتایبەتی لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا، بەشێکیان خەریکی چەسپاندنی سەرکردەی پیرۆزکراو بنەماڵەی خۆسەپێنن، بەشەکەی تر لەگەڵ دروستکردنی دەزگاکانی دەوڵەت و چەسپاندنی دەستورو یاسادان.

لەھەرێمی کوردستان ئەم دوو ستایلە بوونی ھەیە، ئەوانەی لە دەسەڵاتن ئەفلاتون ئاسا خەریکی پیرۆزکردنی سەرکردەو حیزب و بنەماڵەی سەرکردەن، زۆرینەی ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆنیش خەریکی چەسپاندنی دەستوورو دامەزراندنی دەزگاکانی دەوڵەتن.
لەم ھەڵبژاردنەدا دەنگدان بەسیاسییەکانی ئەرستۆ زۆر گونجاوە، چونکە لەدوای ڕاپەڕینەوە سیاسییەکانی ئەفلاتون خەریکی شەڕی خۆسەپاندنی سەرکردەن و ھەزاران کەسیان کردۆتە قوربانی کورسی و پۆستەکانیان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.