عەبدولحەکیم زرارى
هەندێک لە بیرمەندان و سیاسییەکان واى دەبینن کە ئەخلاق و سیاسەت پەیوەندیەکى مکوم و تۆکمەیان بەیەکترییەوە هەیە لە بوارى تیۆرى و فەلسەفی، لە پێناو بەرژەوەندى گشتى و بەها مرۆییەکان کە خۆى دەنوێنێت لە راستگۆیی و ئەمانەت و دڵسۆزى و یەکسانى و گوێڕایەڵى و ئینتیمابوون، (کانت) لە شیکردنەوەکەى بۆ رەفتارى مرۆڤ ئەوە دەردەخات کە هەڵسوکەوتى تاکەکان و پەیوەندییەکانییان بەیەکتری و بە دەوڵەتەوە پێویستە پەیوەست بکرێت بە بنەمەکانى ئەخلاق لە ژێر سایەو سێبەرى سەروەرى یاساو رێزگرتن لە مافەکانى مرۆڤ، جا ئەوەى پەیوەندییەکانى نێوان تاکەکان و ئەرکەکانیان دیارى دەکات لەبەرامبەر دەوڵەت بریتییە لە یاساى ئەخلاقی. کەچى دید و تێڕوانینى (ئەفلاتۆن) بۆ دەوڵەت بەو شێوەیەیە کە بە هێز دەست پێدەکات و میانگیریش دەکات لە رێی ئارەزووپێدان و ترساندن و کۆتاییشى پێدەهێنێت بە هۆى لایەنگرتن و خاترخۆیی، بێگومان جیاکردنەوەى سیاسەت لە ئەخلاق بریتییە لە جیاکردنەوەى (عەقڵ لە عاتیفە) لەبەر ئەوە دەبینین زۆربەى گوتارە سیاسیەکان لە کۆڕو کۆڕبەند و کۆبوونەوەکان بە بەکارهێنانى هونەرى وتاردان و قسەکردن، سۆز و هەستەکان دەدوێنن و ختوکەیان دەدەن و کاریگەری گەورەیان لەسەر دادەنێن لەگەڵ بوونى کاریگەرییەکى سادەش بەسەر عەقڵ و بیرکردنەوەدا.
خاڵى دەستپێکردنى کارى سیاسی بریتییە لەو کۆمەڵگایەى کە مومارەسەى سیاسەتى تیایدا دەکرێت ئەویش بە رێزگرتن لە بەها و نۆرم و ترادیسیۆن و کلتوورەکانى کۆمەڵگا و پراکتیزەکردنى رەهەندى ئەخلاقی کە لە دەستوورو یاساکانى دەوڵەتدا بەرجەستەیە، ئەمەش ئەندامانى ئەنجوومەنى نیشتیمانى و حکومەت و سیاسەتمەدارەکان هەریەکەو بە پێى پێگەى سیاسی خۆیان سوێند دەخۆن کە پارێزگاریان لێبکەن. بێگومان نزیکى سیاسەت لە ئەخلاق کارێکى یەکجار ئالۆزە بەجۆرێک کە کەسی سیاسی مومارەسەکردنى دەسەڵات و بەردەوام بوون لێی بە ئامانج دەگرێت هەتا ئەگەر شوێن هەندێک لە شێوازەکانى پێچەوانەى ئەخلاق بکەوێت، ئەمەش لەو کاتەدا دەردەکەوێت کە هەندێک لە سیاسییەکان هێرش دەکەنە سەر رکابەرەکانیان بەمەبەستى کاریگەرى و تیشک خستنەسەر هاووڵاتیان ئەویش پەپێدانى بەلێنى گوڵینى نا واقیعى و بەکارهێنانى ئەو وشەو دەستەواژانەى کە ختووکەى هەست و سۆزیان دەدات، هەر لەبەر ئەمەش دەبینین زۆرێک لە سیاسییەکان هەڵوێست و ئاراستەو ئینتیمایەکانیان دەگۆڕن لە پێناو هێنانەدى بەرژەوەندى و ئامانجەکانیان.لە راستیدا مومامەرەسەکردنى کارى سیاسی لە هەر کۆمەڵگایەک بە سیاسەت کردن و ئەخلاق و بەهاکانى و رادەى پابەندبوونى بە دەستپاکى و شەفافییەت و دەرنەچوون لەبازنەى ئەخلاق دەست پێدەکات کە حوکمى کۆمەڵگا و یاساکانى دەکات لە پێناو چاکسازى گەندەڵى ئەخلاقی.
بێگومان مێژوو گەواهیدەرى ئەوەیە کە هەرگیز وەکو ئەمڕۆ کە تیایدا دەژین ئەم دوورکەوتنەوەى سیاسەت لە ئەخلاق بەخۆوە نەبینیوە بە چەشنێک چەمکەکان جیاوازبوونە و پسپۆڕییەکان تێکچڕژاون و ئانارشییەتى سیاسی بڵاوبووەتەوە و بەها و نموونە بەرزەکان لێکهەڵوەشاوەتەوەو دیموکراسییەتیش کەرت و پارچە بووە بەچەشنێک سەرکەوتن بۆ بەهێزەکانەو ململانێیەکانیش لە پێناو مانەوەیە، هەروەها وشەو زاراوە و دەستەواژەى بریندارکەر بۆ شەرم و شکۆ بەکادەهێنرێت کە لێوان لێوە لە جوێن و قسەى ناشرین و گەڤ و هەڕەشە وتوندوتیژى و دوژمنایەتى کردن، جا ئەو سیاسییەى کە بێلایەنەو ئینتیماى بۆ هیچ تەوژم یان گروپ یان حزبێک نییە دەبێتە قوربانى سەرەڕاى زانست و دڵسۆزى و کارو ئەخلاق و لێهاتوو و گوێڕایەڵییەکەى. بەجۆرێک واى لێهاتووە ئەوەى پابەندى ئەخلاق بێت لە کارى سیاسیدا دەبێتە کەسێکى شکستخواردوو لە رووى سیاسی و نەزان بە کاروبارى سیاسەت چونکە بەرخوردى لەگەڵ کاروبارەکان بە وریاییەکى توندە و بەردەوامیش چاودێرى خۆى دەکات لە رووى هەڵسوکەوت و کار و رەفتارەکانى. کەچی پیشەوەرانى سیاسی خەون و خوڵیا سەرەکییەکانیان بریتییە لە سەرکەوتن لە تەکتیک و هاوپەیمانییەتى و هەڵوێستە ناکۆک بەیەکەکان و پەرش و بڵاوى لە پشتیوانی کردنەکان و سەرلێشێواو بوون لە هێنانەدى مەبەستەکان و ئەجیندا دیارى کراوەکان کە پێوەرە ئەخلاقییەکان و پەیوەندییە مرۆییەکان و بەرژەوەندییە گشتییەکان حوکمیان بەسەردا ناکات. جا ئەگەر ئەمە پرانسیپى پیشەوەرانى سیاسی بێت ئەوا چارەنووسی پەیوەندى نێوان سیاسەت و ئەخلاق تەواو دژ بەیەک دەبن، و بەمەش بەها مۆراڵی و هیومانییەکان پلە بە پلە لەبەریەک هەڵدەوەشێنەوە و لە دەرەنجامدا سەردەکێشێت بۆ ئەوەى هیچ بنەما و متمانە و رێزگرتنێکیش نەمێنێت.
ئەوەى ئەمڕۆ لێی دەترسین و لە داهاتوودا رووبەڕوومان دەبێتەوە بریتییە لە (قەیرانى ئەخلاقی) ئەو کەسانەى بانگەشەى دیموکراتییەت دەکەن کەچى مومارەسەى ناکەن و هەوڵی جێگیرکردنیشى نادەن. بۆیە پێویستمان بە شی کردنەوەى واقیعى سیاسی و هەڵوەستەکردنە لەسەر هەریەک لە خاڵە لاوازەکان و چارەسەرکردنیان و هەروەها خاڵە بەهێزەکان و پاڵپشتى کردنیان تاوەکو نیشتیمانێکى تەندروست بونیات بنێین، و گەل و نیشتیمان بۆ هاتنەدى مەرامى کەسانى تر و ئەجێنداى تایبەت خراپ بەکارنەهێنین، بەڵکو لە پێناو نیشتیمان و هاووڵاتیان پێوستیمان بە پەیماننامەى ئەخلاقى هەیە لە کارى سیاسیدا چونکە ئوممەتێک ئەگەر ئەخلاقی نەبوو ئایندەشی نابێت.