مەزاتخانەی سیاسی لەكوردستاندا

لەلایەن ستاندار Posted on 639 جار بینراوە

شێرزاد شێخانی

سیاسەت لەم هەرێمەی ئێمەدا بۆ وا سوك و سەلیم بوە؟. ئەم وڵاتە بۆ وا گۆڕاوە داروبەردی بەسەر یەكەوە نەماوە؟.لەم وڵاتەی ئێمەدا بۆچی سیاسەت لەئەخلاق شۆردراوە،بۆچی سیاسیەكانمان لەجیاتی خزمەتی مرۆڤەكان گاڵتە بەعەقڵی جەمعی میللەتەوە ئەكەن؟.

لەدونیادا حزب، كەسایەتی، سەركردە، سیاسەت ئەكەن بۆ خزمەتی میللەتەكانیان، لای ئێمە بۆ گیرفان و بۆ ناوگەڵ!.خەسڵەتی سیاسی لەم وڵاتەی مندا بوەتە گیرفان بڕین و رابواردن،ئاكاری سیاسەتمەدار بوەتە درۆ وبوختان وفشەفش!.

لەم وڵاتەی مندا سیاسەت بوە بەمەزاتخانە هەر كەسەو كاڵای خۆی تێدا نمایش ئەكات، یەكێ ئەفرۆشێ یەكێ ئەكڕێ،یەكێ خاك یەكێ هەڵوێست!.هەڵوێستی سیاسی سەودای بە دۆلارو دینار پێ ئەكرێ، بوەتە یاری” لگاو” زۆر دانی زۆر ببە”!.

لەم وڵاتەی مندا خیانەت بوە بەشانازی،نانبڕینیش ئازایەتی،حوكمی فاشیلی فاشیل بوە بە حوكمی رەشیدو كامڵ!.

لەم وڵاتەی مندا سەرۆكی ناشەرعی، سەرۆكی شەرعی لا ئەبا، حكومەت شوێنی پەرلەمان ئەگرێ،لق و ناوچەش شوێنی دادگا!.

لەم وڵاتەی مندا خەڵك ئەكوژرێ بەفەرمانی سەرۆك ناهێڵن خاوەن هەق بچێتە دادگا، كادیری حیزبی بریاری لێبوردن دەرئەكا، سەرۆك مافی گشتی(حق العام) ئەخاتە ژێر پێیەكانیەوە!.

لەم وڵاتەی مندا ئەندازیاری ماڵوێرانی بوە بە ئەندازیاری ئاوەدانی،سەركردەی حزب بوە بە چڵكاو خۆری سەركردەی تر!.

لەم وڵاتەی مندا،رۆژنامەنوس ئازاد تیرۆر ئەكرێ،پەیامنێر كامیرای ئەشكێنرێ، نوسەر لەشاری خۆی دەرئەكرێ، شاعیر لەسەر شەقام داركاری ئەكرێ!.

لەم وڵاتەی مندا نەوتەكەمان رادەستی رژێمی داگییركەر ئەكرێ، ئیرادەی میللەت ئەخرێتە ژیر پۆستاڵی عەسكەری سنور بەزێن!.

لەم وڵاتەی مندا ریفراندۆم بەدرۆ ئەكرێ، هەڵبژاردن تەزویر ئەكرێ، پەرلەمان پەك ئەخرێ، وەزیر لەوەزارەت دەر ئەكرێ!.

لەم وڵاتەی مندا ئەندامەكانی ( میم سین) هەر یەكەو بەئاوازیك ئەخوێنێ، میم سینی سەوز بەسەرپەرشتی سەرۆكی زەرد كۆبونەوە ئەبەستێ!.

لەم وڵاتەی مندا ئیسلامی بۆ عەلمانی هەڵئەپەڕێ، شوعیەكانیش تازیەیان بۆ ئەگیرێ!.

لەم وڵاتەی مندا حزبایەتی بوە بەحیزایەتی،مەكتەب سیاسی بوە بەقەشمەرجاڕی، سەركردایەتی بوە بە كۆیلایەتی!.

لەم وڵاتەی مندا میللەت دوای قوربانیدان برسی ئەكرێ، دوای ئەشكەنجەی زیندان موچەی لێ ئەبڕێ، دوای ئازادكردنی خاكی وڵات خەباتگیر لە ماڵو شاری خۆی دەر ئەكرێ!.

لەم وڵاتەی مندا میدیا درۆ ئەفرۆشێ، نوسەر قەڵەم ئەفرۆشێ،سیاسی خۆی ئەفرۆشێ!.

لەم وڵاتەی مندا میللەت بێبەشو بی پارەیە،جاشو خائینو خۆفرۆش پایەدارو پارەدارە.

لەم وڵاتەی مندا دیكتاتۆرمان راماڵی، دەیان دیكتاتۆری گەورەو بچوكمان هێنایە ماڵێ!.

لەم وڵاتەی مندا سندوقی هەڵبژاردنمان داناوە، بەڵام هەمو جارێ دیكتاتۆری بچوك گەورەتر ئەكەین،حزبی ناڕەسەنو خائین وفاشیزم ولایەتی بۆ نوێ ئەكەین!.

لەم وڵاتەی مندا راپەرینمان لەدژی گەورەترین رژێمی دیكتاتۆری وەحشیدا كرد كە خاوەن چەكی كۆ كۆژی كیمیاوی و بایۆلۆژی بو،ئێستا لەبەردەم تاقمێكی بچوكدا چۆك دائەدەین!.

لەم وڵاتەی مندا هێز بۆ پاراستنی بارەگایە، كچەكانیشمان بۆ باوەشی تیرۆریستو جاهیلانە!.

لەم وڵاتەی مندا سیاسەت وەك زبڵخانەیە بۆنی حەوت رۆژە رێ ئەبڕێ،تەنها شایستەی ئەوەیە میزی پیا بكەی!..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.