ئێوەش پێمان بڵێن بڕۆن بسكویت بخۆن

لەلایەن ستاندار Posted on 811 جار بینراوە

هیوا سەید سەلیم
ئەمەی سەرەوە وەڵامێكی گاڵتەجاڕیی ماری ئەنتوانێتی شاژنی فەرەنسا كە خێزانی لویسی شانزەیەم وهەروەها دایكی لویسی حەڤدەیەم بوو، كە جان جاك رۆسۆ لە كتێبەكەی خۆی ئاماژەی بەو قسەیەی ئەنتوان داوە، شاژنی فەرەنسا (ماری ئەنتوان) كە لە وەڵامی ناڕەزاییەكانی خەڵكی برسی لە سەردەمی دەسەلاتی فەرەنسا دەڵێت “خەڵك بۆ برسیە ئەگەر برسیانە با بچن بسكویت بخۆن”.
تۆ بڵێی ئێستا لە كوردستاندا لویسەكان و شاژنەكانیان ئاگایان لە خەڵكی برسی كوردستان بێت؟ بێگومان نەخێر، بۆیە دەبێت پێمان ئاسایی بێت كە ئەوانیش رێگای بسكویت خواردنمان پێ نیشان بدەن.
لەو رۆژانە رۆژنامەنووسێك دەیەوێت خەمەكانی خەڵك لە برسیەتی و دواكەوتنی مووچە بگەێنێتە كاربەدەستێكی ئەو هەرێمە، وەڵامی ئەو كاربەدەستە زۆر لەهی ماری ئەنتوانێت گالتەجاڕانەتر بووە، جارێ ئەو بەرپرسە هەر ئامادە نەبوو بیسەلمێنێت كە خەڵك لە هەرێمی كوردستان هەبێت برسیی بێت، لای خۆشیەوە لە رۆژنامەنووسەكەی پرسیووە :(خێزان شك دەبەی منداڵی لە خوێندن دەرهێنابێت، كەس هەیە كارتی مۆبایلی پێنەكڕێت، خێزان شك دەبەی سەیارەی لە برسان فرۆشت بێت)
ئەمەو ئەو بەرپرسەی هەرێم دەیان پرسیاری تری رووبەرووی رۆژنامەنووسەكە كردۆتەوە، بەڵام نەمانزانی رۆژنامەنووسەكە وەڵامی پێنەبووە یان نەیوێراوە وەڵامی بەرپرسەكە بداتەوە؟
بۆیە كاكی بەرپرس درێژی بە قسەكانی داوە و ووتویەتی :(لە هەرێمی كوردستان خەڵك برسی نیە ئەوەی حكومەتیش ئەنجامی داوە پارەی زیادی لە فەرمانبەران بڕیوە، پاری ڤێلا كڕین و سەیارە گۆڕین، پارەی گەشت و سەیران!!)
كە ئەو گفتوگۆیەی نێوان بەرپرسەكەی هەرێم و رۆژنامەنووسەكەم بیست، رێك قسەكانی ماری ئەنتوانێت هاتەوە یادم، بۆیە لێرە بە كاكی بەرپرس دەڵێم، لەو هەرێمەی ئێمە خێزانی زۆر هەیە ٢ ساڵە هەر ساڵە و منداڵێك دەنێرنە بەر خوێندن، چونكە داهاتیان بەشی ئەوە ناكات دوو منداڵ بەیەكەوە لە زانكۆ بخوێنن، زۆریشن ئەو خێزانانەی خانوویان فرۆشتووە و ئێستا لە خانووی كرێ دان، كەمیش نین ئەو گەنجانەی چوونەتەوە سەر ماڵە باوانیان، چونكە كرێی خانوویان پێنادرێت، باسی هەزارن لەو خێزانانەش ناكەین كە بەهۆی برسیەتی رێگای هاتو نەهاتی هەندەرانیان هەڵبژارد.
دەبێت بە بیر پاشاكانی كوردستان و شازادەكانیان بێنینەوە كە ئایا دەزانن لە مەملەكتی ئەوان خێزانی وا هەیە لەو گەرمایەی هاوین پارەی موەلیدەی نەبووە خاوەن موەلیدەی خەتی كارەبای لەسەر بڕیوە؟
دەی بۆ رەخنە لە ئێوە بگرین گلەیی بكەین كە ئاگاتان لە حالی خەڵك نیە، چونكە دەزانین ئێوە گوێز لە گیرفانی خۆتان دەژمێرن، هەر لێرەش دەڵێین، ئەو پرسیارانەی كاكی بەرپرس لەو رۆژنامەنووسەی كردووە هەمووی راستن، بەلام بۆ كێ و كێ دەگرێتە؟
بێگومان نەمانزانیوە كەسێك لە ئێوە منداڵێكی لە خوێندنی تایبەت دەرهێنابێت، هیچ یەك لە ئێوە و كەسە نزیكەكانتان ساڵی هەر ئەو سەیارە لێبخورێت كە ساڵی پار لای بووە، بگرە لەگەڵ مۆدێل دەبێت بیگۆرێت، برای بەرپرس، دەبوو كاكی رۆژنامەنوس لە جەنابتان بپرسێت ئەرێ بەراست ئەوە كێیە لەو ٢٦ ساڵە بۆتە خاوەنی ڤێلا و مەزرعە و ژیانی پاشایانە؟
ئایا تەواوی خەڵكی ئەو هەرێمەیە یان كەمینەیەكی زۆر كەمی نزیك لە ئێوە، كە بە ناڕەوا لەسەر حسابی ئەو میللەتە دەولەمەند بووە و ئێستاش هەر لەو ژیانە خۆشە دەژین.
كە ئەو جۆرە رایانە دەبیستی، ئینجا تێدەگەی ئێمە لە چ دۆخێكی ژیان داین و ئەو دەسەڵاتە چ جیاوازیەكی لە نێوان دەستبژێرێكی سوودمەند و زۆرینەی زەرەرمەند درووستكردووە؟
برادەرینە ئایا دەزانن ئەو جۆرە بیركردنەوەی پاشا و شاژنەكانی فەرەنسا بوو لە ١٤ تەموزی ١٧٨٩ شۆڕشی فەرەنسای بەرپاكرد، بۆیە دەڵێین، ئەگەر ئێوەش ناتوانن دۆخی خرابی ئابووریی خەڵك چاك بكەن واچاكە خۆتان لە لێدوانی ئیستفزازی بپارێزن، وە گومان لەوە نەكەن كە خەڵكی كوردستان بەهۆی سیاسەتی چەوتی ئێوە رۆژبە رۆژ برسی تر دەبێت .
ئەگەرنا دەبێت ئەوتان بیربێنینەوە كە (برسیەتی رەگێكی لە هاریە)، بەڵام ئێوەش بێباکانە پێمان بڵێن بسكویت بخۆن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.