گۆڕان لەبەردەم هەڵی زێڕین

لەلایەن ستاندار Posted on 655 جار بینراوە

 كارۆخ عوسمان- دلێر حسێن پیرۆمەری – ھۆشیار شێركاوەیی

ئێستا لەهەرێمی کوردستان چاوەکان بە یارو نەیارەوە لەسەر بزوتنەوەی گۆڕانن، بەتایبەت لەدوای کۆچی دوایی ڕێکخەری گشتی گۆران بەڕێز (نەوشیروان مستەفا)، بەجۆرێک یارو دۆستەکان چاوەرانی سیاسەتیکی حەکیمانەی هاوشێوەی سەردەمی ڕێكخەری كۆچكردوون. هەرچەندە سیاسەت و روئیای گۆران بەرنامە دارێژراو دوور مەودایە، بۆ ڕۆژێک و ساتێک و ساڵێک نیە، کاروانێکی دوورو درێژی خەباتی مەدەنیە لەبازنەی پرێنسیپە دیموكراسیەكان بەئامانجی گەیشتن بەسەروەری یاساو بەدیهێنانی ئامانجە نیشتمانیەکان و بەدامەزراوەیی کردنی دەزگا ئیداریەكانی هەرێم، سەربەخۆیی دادگاو دامەزراوەکان و بەنیشتمانی کردنی هێزەکانی ناوخۆو سوپا (پێشمەرگە)، وەک چۆن ڕێکخەری کۆچکردو لەچەند بۆنەیەکی گشتی دوپاتی دەكردەوە، کەم ئەم جوڵانەوەیە ڕەگەکانی لەناخی تاكی كۆمەڵگەی كوردستانیدا داکوتاوەو بەنەمانی من و چەند کەسایەتیەکی تر هیچی لێ كەم نابێت بەڵكو خەباتی نێو ئەم جوڵانەوەیە بەگوڕوتین تر دەبێت. ئەمەش خەون وپلانی نەیارەکان بەتاڵ دەکاتەوە کەگرەویان لەسەر لاواز بوونی گۆڕان دەکرد دوای کۆچی دوای (نەوشیروان مستەفا)، وەک چۆن دیتمان لەیەکەم تاقیکردنەوەی دوای كۆچی دوایی ڕێكخەری گشتی سەرکەوتوانە گۆڕان خۆی ڕێکخستەوە هەم لەدانانی ڕێکخەری گشتی و ھەمیش لەبونیادنانی خانەی ڕاپەراندن.

 

پیلان و گرەوی نەیارەکانی گۆڕان; هەندێ پارت و کەسایەتی کاتێک لەهەوڵی دەست خستنە ناو کاری ڕێکخراوەی گۆڕان لەکاتی هەڵبژاردنەکان سەرکەوتوو نەبوون، بۆیە ئێستا بەشێوازی تر کەمین بۆ گۆڕان و جوڵانەوەی گۆڕانخوازی دادەنێن، دەیانەوەێ بزوتنەوەکە بخزێننە ناوگەمە ناشرینەکانیان بەناوی یەکخستنی نێو ماڵی کوردو سەرخستنی پرسە نیشتمانیەکان. پرسیارە جدیەکان لێرەن: ئایا گۆڕان یەکڕیزی تێکداوە؟ ئایا گۆران هۆکارە بۆ کۆی کێشەکانی هەرێم لەوێنەی; بڕینی قوتی خەڵک و دۆڕانی ئەم هەموو داهاتە زەوەندەی هەرێم کە مۆڵکی گشتی یە؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر وەك ئەو (نەخێرە)ی كە بزوتنەوەی گۆڕان داھێنەری بوو لەھەمبەر حوكمی چەوت و دیدی ڕەشی حوكمڕانی خۆماڵی تەمەن ٢٥ ساڵ. کاتێک گۆڕان لەحکومەت دەرکرا، (کەتەنھا لەمۆدێلی دونیای تاكڕەوی و داسەپاویدا ھەیە وەدرنانی ھێزێكی نیشتمانی مەدەنی لەحوكمڕانیدا)، پارتی بەھاوكاری دواكەوتەكانی هاوشێوەی پەرلەمانی ڕابردوو فرسەتی ھێنا، بەڵام جیاوازتر لەفرسەتی ڕابردوو، ئەم جارە نەک هەر بودجەی حەپەلوش وتەخشان وپەخشان کرد بەڵکو بگرە باج وڕسوماتی بەدە قات زیادکرد، بەمەش نەوەستا قوماری بەقوت و بژێوی خەڵک دەست پێكرد. ڕۆڵی لایەنەکانی ترچی بوو؟ لەو یاریە ناشرینەی پارتی، لایەنەکان بەگشتی تەنها ڕۆڵی بینەریان نەبینی، بەشێکیان بوون بەیاریکەری سەرەکی لەشكڵی (پۆكەر)، بەڵام لەم ھۆڵی قومارە خاوەن كە(میللەتە) بەزۆر دۆڕێنراو بانگھێشتكراویش بەھاوبەشی لەگەڵ بەشێك لەداوەتكەران براوە دەرچوو. وەک قوباد تاڵەبانی (جێگری سەرۆكی حكومەت) دەڵێ: وڵاتان سەرسامن بەچاکسازیەکانمان، وەک ئەوەی ئێمە نابین و نابیست و ناھەست بین لەئاست كرداری ئەوان، ڕەنگە بۆ (مامی بچوک) خەونێکی خۆش بێ هاو شێوەی خەونەکەی تری، هەموو تاکێکی بیانی تەمەنای هاوڵاتی بوون لەهەرێمی كوردستان دەخوازێ، بەهۆی ئەو داهاتە زۆرو زەبەلاحەی تاکی ھاوڵاتی هەرێم.

 

هەلە زێرینەکەی گۆڕان: دەبێت هەمو جادووەکانی پارتی و دواكەوتەكانی بەتاڵ بکاتەوە بە:

١- هیچ جۆرە فشارێک کاریگەری نەبێت لەسەر سیاسەتی گۆڕان و برەوی زێدەتر بەسیاسەتە نەگۆڕەکەی بدات.

٢- لێدوانەکانی بەرپرسانی پارتی بەگشتی و بەشێک لەبەرپرسانی یەکێتی ویەکگرتوو زیاتر بۆ ئەوەیە گۆڕان کاردانەوەی هەبێت تاكو بخزێتە نێو یاریە ناشیرنەکانی ئەوانەوە، چونکە پێگەی جەماوەری خۆیان و (گۆڕان)یان بۆ ڕوون بۆتەوە.

٣- کاراکردنەوەی پەرلەمان جگە لەیاریەکی قێزەون بۆ لەبیربردنەوەی ئەسڵی پرسەكە هیچی تر نیە، ئەسڵەن لەئێستادا پەرلەمان هەر زەروور نیە بەنیسبەت ژیانی خەڵك و كەرامەتی خاك، گۆڕان پێش پەرلەمان دەبێت داوای باشکردنی بژێوی خەڵک، گێڕانەوەی پارەی بڕاوی فەرمانبەران، هەڵوەشاندنەوەو چاکردنەوەی بڕیارە فاشلە بەمەبەست دراوەکانی حکومەت، گێڕانەوەی سەروەت و سامانی دزراوو گەڕاندنەوەی بۆ ھەرێم، با پەرلەمان بۆ ئەوان بێت، پیرۆزیان بێت، ڕەنگە زوو زوو پێویستیان بەداخستن و كردنەوەو درێژكردنەوەو ڕەپێشكردن و تێپەڕاندن و ھەڵپەڕاندن بێت.

٤- باشترین هەڵوێستی گۆڕان بۆ ڕێفەراندۆمە درۆینەکەیان دواخستنە، بزوتنەوەی گۆڕان تائێرە بەڕێكی و بەدڵسۆزی هێناوە، کەجیاوازی لەنێوان بەڵێ ونەخێر نابێنێ و دەڵێت: ئەم فۆڕمەی ڕێفەراندۆمە قبول نیە، نەک ڕێفەراندۆم و ئامانجی سەربەخۆیی. چونكە خەڵكی وشیارو لێزان باش دەزانن كەمادام پەیوەندی نێوان (توركیاو ئێران و پارتی- ئێران و یەكێتی) نەك خەلەلی تێكەوتبێت بەڵكو ھەر پتەوتر دەبێت، بۆیە مەسەلەی ڕێفەراندۆم لەپێناو سەربەخۆیی كوردستان خافڵاندن و سیناریۆیەكیتری بەردەوامیدانی حوكمی جوتڕەویەو دەیانەوێ نرخی باجی مانەوەی خۆیان لەحەكم بەخەڵكی بدەن. بۆیەگۆڕان لەم دوو هەفتەیە لەبەردەم هەڵی زێرین دایە، تاقیکردنەوەکانی سەختن و چاوی یار و نەیاری لەسەرە، ھەمووان چاوەڕێی تەنھا ئاماژەیەكی گۆڕانن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.