کاراکردنەوەی پەڕلەمان بۆ ڕیفراندۆمە یان بۆ دواخستنیەتی

لەلایەن ستاندار Posted on 686 جار بینراوە

مەهدی کاوانی

با قسەگەلیەکانی ئەم و ئەو شی بکەینەوە ، ئینجا سەرنج بدەین بەرپرسێکی یەکگرتوو دەڵێ پارتی ڕازی بووە بە داواکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کە ڕیفراندۆم دوا بخرێ بە مەرجێ بە نوسرآوێکی فەرمی ئەو داوایە لە حکومەتی هەرێم بکەن ، گوایە ئەمەریکا ئەم داوایەشیان ، قبوڵ نەکردووە . بارزانیش هەقی خۆیەتی ئەو داوایە بکات تا لە بەردەم خەلکی کورد ئیحراج نەبێ کە پێی بڵێن بۆ ڕاتگەیاندو ئێستاش دوای دەخەی . ڕووداو دەڵێ لە ٤/۸ واتە ئەو هەینیەی کە ڕۆیشت وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا تەلەفۆنی بۆ هەر یەک لە بارزانی و حەیدەر عەبادی کردووە کە بە پێکەوەیی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بکەن و تەئکیدیشی لە یەکیەتی خاکی عیراق بۆ هەردولایان کردۆتەوەو بە بارزانیشی گوتووە ڕیفراندۆم دوا بخات .

ڕووداو وا دەڵێ و لێدوانێکیش لە نوسینگەی بارزانی دەڵێ ئەمەریکیەکان داوایان لێنەکردووم کە ریفراندۆم دوا بخەم . نوێترین لێدوانی بریم مەگۆک وتەبیژی ئەمەریکی لە ناوچەکە دەڵێ ئێمە دەڵێین ریفراندۆم نەکرێت نەک دوا خرێ و یەکیەتی خاکی عیراقمان گەرەکە . ئەو ئاماژانە پێمان دەڵێن کە مەبەستی پارتی لە کاراکردنەوەی پەڕلەمان زیاتر بە دیوی دواخستنەکەیە نەک کردنی ، بەڵام کە دەڵێن با دەسەلاتی سەرۆکی هەرێم بۆ ساڵەکی تر درێژ بکرێتەوە یانی هەر خودی داواکە دواخستنەکەیە نەک کردنی . یانی بەو درێژکردنەوەیە ئەگەر بکرێ ، ڕازینە بۆ دواخستنەکە . لایەنەکانی تر بە تایبەتی بزوتنەوەی گۆڕان ئەو مەرجە قبوڵ دەکا ناکا یان کە قبوڵ بکا بە تەحدید کردنی دەسەڵاتەکانی ، ئەو قسەو باسانە زیاتر لەناو سەیرورەتی کۆبوونەوەکانی پارتی و گۆڕان قسەو باسی لە سەر دەکرێ . ئەندام پەڕلەمانێکی یەکیەتی دەڵێ ئەو یاسایانەی کە حکومەتی هەرێم دوا بەدوای پەکخستنی پەڕلەمان دەرکراون نا یاسایین و دەبێ پوچەل بکرێنەوە .

مەلا بەختیاریش بە پێچەوانەوە هەندەک پەرچەکرداری وەک دانانی مرج لە سەر پەڕلەمان هێنایەوەو بە دوایەوە ئارام شێخ موحەمەدی جێگری پەڕلەمانی عیراق لە سەر لیستی گۆڕان دەڵێ ئەو لێدوانە ئیسفزازیانە لە شوێن خۆی نیە . پارتی و بارزانی بۆ خۆیان دەڵێن بەبێ مەرج پەرلەمان کارا بکرێتەوە کەچی مەلا بەختیار دەیەوێ مەرج بۆ کاراکردنەوەی پەڕلەمان دانێ ، بەس پێم وانیە بەرپرسە دەستڕۆیشتووەکانی یەکیەتی ، حیساب بۆ قسەی مەلا بکەن . گەر لە من دەپرسن و لە ڕێگای ئاخاوتنە لە یەکجیاکانی بەرپرسە یەکیەتیەکان دەگەیتە سەر ئەو قەناعەتە کە ئەوان سەرزمان و بن زمانیان تێک ناکاتەوە ، سەرزمانیان کردنی ڕیفراندۆمەو بنزمانیشیان دواخستنەکەیە و دەشیانەوێ سوود لەو تەنگژیەی نێوان پارتی و گۆران وەربگرن و پێشم وانیە بەرژەوەندی خۆیان لە گەڵ حکومەتی ناوەندو ئێران بکەنە قوربانی راپرسیەکەی بارزانی . ئەمیری کۆمەڵ مامۆستا عەلی باپیر لە لێدوانێکیدا بۆ کەی ئێن ئێن ، دەتوانم بڵێم قسەی دڵی گۆڕانیشی کرد کە دەڵێ پرسی ڕیفراندۆم پرسی پەڕلەمانەو دەبێ دوای کاراکردنەوەکە قسەلە سەر کردن و نەکردن و کات بۆ دیاری کردنی بکرێ . ئەو کاتانەی کە بۆی دیاری کراوە تەنیا ژمارەنەو بەس چونکە بارزانی لە بەر ئەوەی ماوەی سەرۆکایەتیەکەی گۆتایی هاتووە ، بۆی نیە قسە لە سەر پرسی ڕیفراندۆم بکات .

بە قەناعەتی خۆم لە کۆبوونەوەی دادێی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان کە لە شەمەی داهاتوو دەکرێ، هەم دیسان جڤات هەمان بڕیار دەدا کە مامۆستا عەلی باپیر لە مەڕ پرسەکە لێدوانی بۆ کەی ئێن ئێن دا . لێدوانەکەی موحەمەد تۆفیق رەحیمیش بۆ دەنگی ئەمەریکا ، کە دەڵێ پەڕلەمانیش کارا بکریتەوە ئێمە نوێنەر بۆ ڕیفراندۆم نانێرین چونکە ریفراندۆم ئیشی پەڕلەمانە ، یانی لە گەڵ قسەگەلیەکانی عەلی باپیر تێک دەکاتەوە . بە بڕوای خۆم ئەو ئیحتمالە زۆر لاوازە کە پارتی لە بەر لاوازی هەلوێستی یەکیەتی بیەوێ گۆڕان بخاتە ناو پڕۆسەکە تا بە ناچاری یەکیەتی ریفراندۆم قبوڵ بکات . وتە بێژە پارتیەکانیش کە تەئکید لە سەر کاراکردنەوەی پەڕلەمان دەکەن زیاتر نەرمی نواندنیانە بە دواخستنەکەشەوە . بەڕای خۆم ئەگەر پارتی ڕازی بێت دەسەڵاتەکانی پەڕلەمان و سەرۆکی هەرێم وەک تەوافوقیەک وەک یەک لێ بکرێ و بە دوایەوە دانوستانە حیزبیەکان و کارەکانی دادێی پەڕلەمانیش پێشکەوتنی بەرچاو بە خۆوە دەبینێ . وەختی خۆشی ئەگەر بارزانی بەو تەوافوقیە رازی بوایە یانی دەسەڵاتەکانی یەکسان کرابایە لە گەڵ دەسەڵاتەکانی پەڕلەمان ، پێم وابوو ئەو پەکخستنەی پەڕلەمان رووی نەدەدا . قەناعەتم وایە پارتی بۆ لەمەو دوا بەو تەوافوقیە ڕازی دەبێت و رازیش دەبێ کە سەرۆکی هەرێم لە پەڕلەمانەوە هەڵبژێردرێ .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.