وزەو کاریگەریە جیۆسیاسیەکانى پشت کێشەی مسوڵمانانی ڕۆهینگا

لەلایەن ستاندار Posted on 692 جار بینراوە

ئەسعەد سابیر

بۆرما(میانمار) یەکێکە لە وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ئاسیا ، دەکەوێتە باکورى ڕۆژهەڵاتى چین . سنورى هاوبەشى هەیە لەگەڵ
هەریەک لە لاوس و تایلاند، سنورى باشورى کەنارى دەریایەو درێژ دەبێتەوە لەسەر کەنداوى بەنگال و ئۆقیانوسى هیندى ،
لەساڵى 1937 سەربەخۆى لە بەریتانیا وەرگرتووە.

ژمارەى دانیشتوانى بۆرما 55 ملیۆن کەسە و ڕێژەى مسوڵمانان 10% کۆى دانیشتوان پێکدێنێت، و دابەشبوون بەسەر
نزیکەى شازدە جۆر کەمایەتى ئیتنیکى.
بەشێکى تریان کەوتونەتە پایتەختى پێشووى ئەم وڵاتە شارى( ڕانگۆن) و نزیکەى 10%ى دانیشتوانى ئەم شارە پێکدێنن.
گروپێکى تریان مسوڵمانە چینیەکانى ئەم وڵاتەن و پێیاندەڵێن (پانساى).هەندێکى تریان لە هەرێمەکانى باشورى ئەم وڵاتە
لەسەر سنورى تایلاند نیشتەجێن، و ژمارەیان نزیکەى یەک ملیۆن کەس دەبێت ، تەنها لە هەرێمى (مۆلن یاى)کە یەکێکە لە
سێ هەرێمەکەى باشور نزیکەى 120 مزگەوت هەیە.

زۆربەى مسوڵمانان کەوتونەتە هەرێمى (ئاراکان) کە پێیاندەڵین مسوڵمانانى ڕۆهینگا، لەسەدا 70%ى ئەم هەرێمە پێک
دەهێنن و ژمارەیان نزیکەى 4.4 ملیۆن کەس دەبێت. ئەم هەرێمە لە سەردەمى هاڕونە ڕەشید لەسەدەى هەشتى زاینى لەڕیى
بازرگانە مسوڵمانەکان ئیسلامیان پێگەیشتووە، خەڵکەکەى بەئاشتى و بەبێ هیچ پاڵەپەستۆیەک ئیسلامیان قەبووڵکردووە و
پابەندبوون بە بنەماکانى. لەدواى سەدەى سیانزەى زاینیەوە مسوڵمانانى ئەم هەرێمە جوانترین مزگەوتیان درووستکردووە و
بونە نمونەیەکى جوانى ئەم ناوچەیە.

لەساڵى 1430ى زاینى بناغەى یەکەم دەوڵەتى ئیسلامى لە هەرێمى ئاراکان لە سەردەستى سلیمان شاه بەهاوکارى حاکمى
بەنگال دانرا، ئەم دەسەڵاتە بەردەوام بوو تاوەکو ساڵى 1784 ز کە مەلیکى بوزى بۆرما هێرشى کردەسەرى و داگیرى
کرد. لەم ماوەیە 48 مەلیک هاتنەسەر حوکمى دەوڵەتى ئیسلامى ئاراکان، یەکێک لە مەرجەکانى بوونە مەلیک ئەوەبوو کە
دەبووایە مەلیک خاوەنى بڕوانامەبێت لە زانستى ئیسلامى. لەسەر دراوو و لۆگۆ و نوسراوە ڕەسمیەکانیان وشەى (لا اله الا
اللە محمد رسول الله) و ئایەتى (وان اقیموا الدین) نەخشرابوو.

لەساڵانى دواى 1784 ز لەسەردەمر بودوبیە مسوڵماناى ڕۆهینگا تووشى خراپترین کۆمەڵکوژى بوونەوە لەژێر دەستى
بووزیەکان، بووزیەکان هەڵسان بە کوشتنى مسوڵمانان و تێکدان و سوتاندنى شوێنەوار و کتێبخانەو مزگەوتەکانى، هەرشتێک
کە گومانى مسوڵمان و ئیسلامى لەسەر بووایە تێکدەدراو لەشوێنى پەرستگاى بووزى دروستدەکرا، مسوڵمانان ئاوارەى
باشورى بەنگال بوون لەترسى پاراستنى ژیانیان، لەشوینیان بوزى نیشتەجێدەکران.

دواى ئەوەى بەریتانیا ئەم ناوچەیەى داگیرکرد ڕێژەى مسوڵمانانى ئاراکان بەشێوەیەکى بەرچاو زیادى کرد ئەویش بەهۆى
هێنانى مسوڵمانێکى زۆرى هیندى بۆ ئەوەى یارمەتى بەریتانیەکان بدەن لە کاروبارى بازرگانى. تاوەکو لەساڵانى دواى
1941 ز جارێکى تر بەهۆى ڕێکەوتنى هیندى- بۆرمى ژمارەى مسوڵمانان کەم بۆوە.

لەنێوان ئەم گروپانەى ئاماژەمان پێکرد لەم ساڵانەى دواى مسوڵمانانى ڕۆهینگا ڕووبەڕووى زۆرترین توندوتیژى بوونەتەوە
، لەساڵى 2012 توندەڕەوە بوزیەکان بەهاوکارى سوپا گەورەترین کوشتارگە و کۆمەڵکوژیان لە دژیان ئەنجامدا، نوێرین و
درندانەترین توند و تێژیش ئەمەى ئێستایە کە لە کۆتاى مانگى ڕابردووەوە دەستیپێکردووە ، بەگوێرەى ئامارەکان لەماوەى
یەک هەفتە زیاد لە 400 کەس کوژراون و تاوەکو ئێستا نزیکەى 130 هەزارکەس ئاوەرەبوون بۆ وڵاتى بەنگلادیش، سوپاى
بۆرما سنورەکانى ئەم وڵاتەى بۆمبڕێژ کردووە بۆ ئەوەى ئاوارەکانى خاکى بەنگلادش نەتوانن بگەڕێنەوە ئەم وڵاتە.
هۆکارى ئەم نەهامەتیانەش بەتایبەتى بۆ گرنگى شوێنى جوگرافیاى هەرێمى ئاراکان دەگەڕێتەوە کە ڕاستەوخۆ دەکەوێتە
سەر سنورى کەنداوى (بەنگال) و بۆتە بەشێک لە ململانێى نێوان ئەمەریکا و چین بۆ مەبەستى کۆنتڕۆڵکردنى بازرگانى
ئەم ناوچەیە ، ئەم ناوچەیە لە جەنگى جیهانى دووەم تاکە رێگەى ئاوى بوو بۆ گەیاندنى یارمەتیە سەربازیەکانى ئەمەریکا
بۆ چین لە دژى ژاپۆن. لەم ساڵانەى دواى ئەمەریکا بەهەموو شێوەیەک ویستویەتى گەمارۆى ئاوى و وشکانى بخاتە سەر چین بۆ ئەوەى ببێتە
بەربەست لە بەردەم هەڵکشانى پیشەسازى و بازرگانى ئەم وڵاتە. ئەمەریکا لەڕێگەى دروستکردنى پەیوەندى ستراتیجى و
سەربازى لە گەڵ وڵاتانى ( تایوان و ماڵیزیا و ڤێتنام ) و بە دەنانى بنکەى سەربازى لە گەرووى مالاکا.. توانى سنورى
سود وەرگرتنى چین لە نەوتى ئەم وڵاتانە کەمبکاتەوە و ڕێگاى سەرەکى بازرگانى چین لەگەڵ ئەفریقیا و ئەوروپاو
کەنداوى عەرەبى کۆنتڕۆڵ بکات و کەمتر چین بتوانێت سوود لە بەرهەمى باشورى ئاسیا ببینێت. لە ڕووى وشکانیەوە
ئەمەریکا بە داگیرکردنى ئەفغانستان و هاوپەیمانیەتى لەگەڵ هیندستان و پاکستان هەوڵیدا کە گەمارۆ بخاتە بەشى
ڕۆژئاواى چین و ڕێگە بگرێت لە گەیشتنى گازى سروشتى ئێران و تورکمانستان و وڵاتانى تر بە چین.

لەبەرامبەر ئەم گەمارۆیانەدا چین هەوڵیدا لە ساڵى 2012 بیرۆکەى هێلى ئاوریشمى نوێ زیندوو بکاتەوە ، ئەم هێلە
پێکدێت لە ژمارەیەک هێلى دەریایى و ئاسنى و بۆڕى گواستنەوەى نەوت و هێلى وزەى کارەبا و ئینتەرنێت کە وڵاتانى
ناوچەکە بە چین دەبەستێتەوە ، سێ ڕێگاى وشکانى دەگرێتەوە کە ئەوانیش ڕۆژهەڵاتى چین بۆ ڕوسیاو ئەوروپا و چین
بۆ ڕۆژئاواى ئاسیا و ناوچەى کەنداوى عەرەبى و چین بۆ باشورى ڕۆژهەڵاتى ئاسیاو ئاسیاى باشور و ئۆقیانوسى هیندى.
هەروەها باشورى چین بە ئۆقیانوسى هیندى دەبەستێتەوە بە هۆى بۆڕى گواستنەوە لە کەناراوەکانى هەرێمى ئاراکان
بێئەوەى بە گەرووى مالاکا تێپەڕێت کە هێزى کەشتیەوانى ئەمەریکى کۆنتڕۆڵى کردووە.

لەلایەکى ترەوە چین پەیوەندى هاوبەشى بازرگانى لە گەڵ بۆرما فراوانکردووە بۆ ئەوەى بتوانێت سوود لەم دەرچە
دەریاییەى وەربگرێت لە کاتێک ئەگەر هاتوو گەمارۆى زیاتر خرایە سەر دەریاى چین، و چەندین هێلى بۆڕى نەوتى
ڕاستەوخۆى لە نێوان بۆرماو لاس و تایلاند ڕاکێشاوە.

لە کێشەى مسوڵمانانى هەرێمى ئاراکان ئەوەى ئەمەریکاو ڕۆژئاوا دەیانەوێت و چین ترسى لێ هەیە ئەوەیە کە کێشە
ناوخۆییەکانى ئەم وڵاتە بەرەو ئاڵۆزى زیاتر بچیت و بڕیارى بڵاوە پێکردنى هێزى ئاشتى پارێز بدرێت بە بیانووى
پێشێلکارى مافى مرۆڤ و رێگە گرتن لە گەیشتنى چەک بە گروپەکانى ئەم ناوچەیە ، بەم هۆیە ئەم دەرچە دەریاییەش بە
ڕووى چین دابخرێت. کە ئەگەر هاتوو ئەمە ڕووبدات ئەوا ئەمەریکا پلانى تەواوى خۆى دەست دەکەوێت و بەتەواوى
گەمارۆى چین دەدات لە ڕووى وشکانى و ئاویەوە.

بوونى مسوڵمانان لە هەرێمى ئاراکان تاکە خاڵى لاوازى (چین)ە سوپاى بۆرما بەهاوکارى حکومەتى چین کارى لەسەر
ئەوە کردووە کە مسوڵمانانى ئەم هەرێمە ناچار بکات کە کۆچ بکەن بۆ بەنگلادیش و جارێکى تر نەگەڕێنەوە بۆ ئەم وڵاتە
، هەروەها لە شوێنى مسوڵمانان بوزیەکان لەم ناوچەیە نیشتەجێبکەن ، هیچ مافێکى هاوڵاتیبوون بە مسوڵمانان نەدەن و
مامەڵەى پەنابەریان لەگەڵ بکەن تەنانەت مافی دەنگدانیشیان پێنەدەن.ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە لەڕووی زانستی و ڕۆشنبیری مسوڵمانانی ئاراکان لاوازترین ئاستیان هەبێت لە چاو دانیشتوانی تری بۆرما.

کۆچکردنى مسوڵمانانى ئەم هەرێمە بۆ بەنگلادیش نیشتەجێکردنى بوزیەکان لە شوێنیان خاڵى لاوازى چین ناهێلێت و ئەو
کات چین بە ئاسانى دەتوانێت کۆنتڕۆڵى نەوت و گازى کەنداوى بەنگال بکات کە بە یەدەگێکى زۆر دادەنرێت.
لەبەرامبەردا ئەمەریکا و ڕۆژئاوا و هاوپەیمانەکانیان هەموو هەوڵیکى خۆیاندا تاوەکو توانیان لەساڵى 2015 ئەوکەسانە بێننە
سەر دەسەڵات کە لایەنگرى خۆیانن ئەویش سەرکردەى ئۆپۆزسیۆنى پێشوو و ڕاوێژکارى ئێستاى بۆرما (ئۆنگ سان
سوتشى)یە کە لەساڵى 1991 خەڵاتى نۆبڵى پێدراو ساڵى 2012 ئۆباما لەگەڵى کۆبۆوە، بەدەنگەوە هاتنى تورکیا و
رێگەپێدانى بەگەیاندنى یارمەتى مرۆیى بە مسوڵمانانى ڕۆهینگا دواى پەیوەندى ئەردۆگان لەگەڵ ڕاوێژکارى بۆرما
بەشێکە لەم لایەنگیریە جەمسەربەندیەى جیهان .

لەبەرامبەردا وڵاتانى کەنداو بێدەنگن ئەویش بەهۆى ڕاکێشانى بۆڕى نەوتى چین – بۆرما کەساڵى 2014 تەواو بووە
سودمەندى سەرەکین لە فرۆشتنى نەوتەکەیان ، وڵاتى سعودیە و کۆمپانیاى نەوتى سعودى ئارامکۆ سودمەندى سەرەکین لە
هێلى نەوتى بۆرما و گرێبەستیان هەیە لە گەڵ چین کە ڕۆژانە 200000 بەرمیل نەوتى خاو بگوازێتەوە لە ڕێگەى ئەم
بۆڕیە. لە هەمان کاتەوە بۆڕى گازى سروشتیشیان دروستکردووە کە 4 ملیار مەتر سێجا گازى قەتەر و بۆرما بە هەرێمى
ئاراکان دەگوازێتەوە بۆ چین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.