دەزگای ستاندەر لەبەرامبەر تۆمارکردنی سکاڵایەکی تر لە دادگا لەسەری داوای پشتگیری بەرفراوان لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە دەکات

لەلایەن ستاندار Posted on 797 جار بینراوە

ستاندەر
دەزگای ستاندەر بۆ توێژینەوە و ڕاگەیاندن لە بەیاننامەیەکدا ڕایدەگەیەنێت ” سەرەڕای سکالا راستەوخۆکانی دەسەڵات بۆجارێکی تر بەڕێگایەکی تر سکاڵایەکی قانونی دژی دەزگای ستاندەر لەھەولێر جوڵێنراوە، سکاڵای ئەوجارە لەرێگای بزوتنەوەی ئیسلامیە کە پەیوەندی بە بڵاوکردنەوەی کتێبێک ھەیە لە سایتی ستاندەر لە ساڵی ٢٠١٥، دوای تێپەربونی دوو ساڵ و نیو نازانرێ لەبەرچی لەو تەوقیتە ئەو بابەتە زیندووکراوەتەوە، کە ھاوشێوەی سکاڵاکەی وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر کەیسێک کە ساڵێک و ھەشت مانگی بەسەر تێپەری ئینجا دژ بە ستاندەر لەماوەی سێ مانگی ڕابردوو جوڵێنراو ئێستا لەدادگایە.”
لەبەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەی ستاندەر ھاتوە “ئێمە دەزانین سەرچاوەی ئەو فشارانە بۆ ئەوەیە پاشەکشە بە کاری دەزگاکەمان بکەن بەڵام ئەو جۆرە فشارە ھیچ گۆڕانکاریەک لە شێوازی کار و ھەلویستی ئێمە ناکات، بەڵام مەترسی ئەو سکاڵایە لەوەدایە کە لەمەو دوا دامەزراوە میدیاییەکان و فیکریەکان ناتوانن بە ئازادی کار لەسەر ڕووبەڕوبونەوەی فیکری داعش بکەن، بەو پێیەی دەترسن ڕووبەڕوی دادگا سکاڵای قانونی بکرێنەوە، واتە ئەو سکاڵایە کردنەوەی دەرگایەکی مەترسیدارە بەڕوی توێژەران و دامەزراوە میدیاییەکان، ھاوکات ھاندانێکە بۆ ئەوانەی کە پاڵپشتی فیکری داعشی دەکەن”
ھاوکات رایدەگەیەنێت بەیانی یەکشەممە دەزگای ستاندەر لەھەولێر لە دادگا ئامادەدەبێت لەسەر سکاڵاکەی ئەو گروپەی ناو بزوتنەوەی ئیسلامی.

دەقی بەیاننامەکەی دەزگای ستاندەر بخوێنەوە
بۆ/ ڕای گشتی
بۆ / رێکخراوەکانی بواری داکۆکی کردن لە ئازادی – ناوخۆیی و نێودەوڵەتی

بابەت/ بەیاننامە

لەدرێژەی ئەو ململانێ یەی دەسەڵات لەگەڵ دامەزراوە و میدیا سەربەخۆکان لەماوەی ڕابردوو دەستی داوەتێ بەچەندین شێوە فشار بۆ سەر دەزگای ستاندەر دروستکراوە، ئەویش پاش ئەوەی بە بڕیارێکی ناقانونی و حیزبی ئۆفیسی دەزگای ستاندەر لەھەولێر داخرا، سەرەڕای سکالا راستەوخۆکانی دەسەڵات بۆجارێکی تر بەڕێگایەکی تر سکاڵایەکی قانونی دژی دەزگای ستاندەر لەھەولێر جوڵێنراوە، سکاڵای ئەوجارە لەرێگای بزوتنەوەی ئیسلامیە کە پەیوەندی بە بڵاوکردنەوەی کتێبێک ھەیە لە سایتی ستاندەر لە ساڵی ٢٠١٥، دوای تێپەربونی دوو ساڵ و نیو نازانرێ لەبەرچی لەو تەوقیتە ئەو بابەتە زیندووکراوەتەوە، کە ھاوشێوەی سکاڵاکەی وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر کەیسێک کە ساڵێک و ھەشت مانگی بەسەر تێپەری ئینجا دژ بە ستاندەر لەماوەی سێ مانگی ڕابردوو جوڵێنراو ئێستا لەدادگایە.
بەیانی یەکشەممە دەزگای ستاندەر لەھەولێر لە دادگا ئامادەدەبێت لەسەر سکاڵاکەی ئەو گروپەی ناو بزوتنەوەی ئیسلامی، ئێمە پێمان وایە بەشێکە لەو زنجیرە فشارانەی بۆ سەر ستاندەر دروستکراون، بەتایبەت کە ئەو سکاڵایە دوای کۆبونەوەی ڕابەرگشتی گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی لەگەڵ بارزانی ھاتۆتە، کە دوای ئەو کۆبونەوەیە چەندین ئیمتیازی مادی بەو حیزبە درا.
سکاڵاکە لە بنچینەدا پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ستاندەرەوە نیە، بەو پێیەی ئەو کتێبەی کە ئەو گروپەی بزوتنەوەی ئیسلامی دەڵێن تەشھیری تێدایە، تایبەت بوە بە ڕووبەڕوبونەوەی فیکری داعش و وشککردنی سەرچاوە سیاسی و فیکریەکانیان لەکوردستان، ستاندەر لەچوارچێوەی رێنماییەکانی سێ سەرۆکایەتیەکەی ھەرێم و وەزارەتی رۆشنبیری و ئەوقاف بۆ پرسی ڕوبەروبونەوەی تیرۆر پاراستنی ھەرێم لە تۆوی داعش کاری لەسەر ئەو مەلەفە کردوە بۆ ئەوەی لە ڕوی فکریەوە دەرفەتی تەشەنەکردنی بیری داعشی نەدرێت کە ھەڕەشەیەکی گەورەی لەسەر ھەرێم دروستکرد و، بەھۆیەوە زیاتر لە ھەزار پێشمەرگەی کوردستان شەھید و ھەزارانی تریش بریندار بوون و، ھەزاران کچی پاکیزەی ئێزیدی ڕفێنراون و سوکایەتیان پێکرا کە بەشێکی زۆریان تا ئێستا چارەنوسیان نادیارە.
ئێمە دەزانین سەرچاوەی ئەو فشارانە بۆ ئەوەیە پاشەکشە بە کاری دەزگاکەمان بکەن بەڵام ئەو جۆرە فشارە ھیچ گۆڕانکاریەک لە شێوازی کار و ھەلویستی ئێمە ناکات، بەڵام مەترسی ئەو سکاڵایە لەوەدایە کە لەمەو دوا دامەزراوە میدیاییەکان و فیکریەکان ناتوانن بە ئازادی کار لەسەر ڕووبەڕوبونەوەی فیکری داعش بکەن، بەو پێیەی دەترسن ڕووبەڕوی دادگا سکاڵای قانونی بکرێنەوە، واتە ئەو سکاڵایە کردنەوەی دەرگایەکی مەترسیدارە بەڕوی توێژەران و دامەزراوە میدیاییەکان، ھاوکات ھاندانێکە بۆ ئەوانەی کە پاڵپشتی فیکری داعشی دەکەن، لەلایەکی تر بریندارکردنی ھەستی کەس و کاری شەھیدانی شەڕی داعشە.
بەشیک بزوتنەوەی ئیسلامیش لە ماوەی ڕابردوو بە تەبەنی کردنی ئەو شێوازە لە سیاسەتکردنە حیزبەکەیان بەرەو بچوک بونەوەی تەواو بردوە و بەردەوام بونیش داھاتوی دوچاری پاشەوەچونی گەورەتر دەکات کە لەئێستا خاوەنی تەنھا یەک کورسین.
ئێمە بەپشت بەستن بە بڕیاری (٢١٧٠)ی ئەنجومەنی ئاسایش تایبەت بە ڕوبەروبونەوەی داعش لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی ئەو سکاڵایە دەگەیەنینە ناوەندە یاسایی و دادگاکان بۆ ئەوەی ھەڵوێستیان ھەبێت لەسەر ئەو سکاڵایە کە لەسەر پرسی ڕوبەروبونەوەی فیکری داعش تۆمارکراوە، داواش لە پەرلەمانتاران و پارێزەران و رێکخراوەکانی بواری داکۆکی لە ئازادیەکان دەکەین ھەڵوێستیان ھەبێت.

دەزگای ستاندەر بۆ توێژینەوە و ڕاگەیاندن
٩ / ٩ / ٢٠١٧
ھەولێر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.