ئەمجارەیان بارزانی لەکوێ پەنادەگرێت؟

لەلایەن ستاندار Posted on 845 جار بینراوە

سەرکەوت شەمسەدین

هیچ گومانێک لەوەدە نەما  کە ئەمریکا بەجدی نایەوێت ریفراندۆم بکرێت، هەروەک چۆن ئێمە لە NRT بۆ بینەرەکانمان رونکردەوە و راستگۆبوین لەگەڵیان، هەقە ئەوانەی بەناوی ئەمریکا وە “درۆیانکرد” ئێستا بوێر بن و داوای لێبوردن بکەن، پاشان خەڵکیش دەبێت بیربکاتەوە کە پرسێک لەسەر بناغەیەکی بێ بنەما  دروست بوبێت ئەبێت ئایندەی چۆن بێت؟

من بۆخۆم ئەگەر بزانم بارزانی لەروی سەربازی و ئابورییەوە ئامادەسازی پێویستی کردوە، (ئەگەر باسی دیموکراسیش نەکەین) وپێویستمان بە ئەمریکا و ئەوروپا نییە، ئەوە هیچ کات رام نەرێنی نە ئەبوو لەسەر ئەم هەڵمەتەی بارزانی و هاوپەیمانەکانی بۆ ریفراندۆم، سەرەرای ئەوەی من بارزانی بە هۆکاری زۆرێک لە قەیرانەکانی ئەمرۆی کوردستان ئەزانم، بە سەرکردەیەکی نا سەرکەوتوو و ناراستگۆ و کەم توانای ئەبینم بۆ ئەرکی سەرۆکایەتیکردنی هەرێمی کوردستان،  بەڵام دەمتوانی لە پرسی ریفراندۆم دا لەبری رەخنەکردنی، پشتیوانی بکەم.

من کە دەبینم بەهێزترین ئارگومێنتی بارزانی وە تاکە گەرەنتیش ئەوە بێت بڵێت “ئەگەر ریفراندۆم سەرکەوتو بوو ئەوە بۆ ئێوەیە، ئەگەر شکستی هێنا من بەرپرسم” راستی زیاتر هاورادەبم لەوەی بارزانی ناتوانێت لەبیرکردنەوەی خێڵەکی دەربچێت وەک لە بەڵگەکانی “سی ئای ئەی باسکراوە.”

چونکە بارزانی  بۆ پرۆژەیەکی گرنگی وەک ریفراندۆم و سەربەخۆیی چۆن دەبێت هیچ ستراتیژێکی سەربازی و ئابوری دیپلۆماسی نەبێت؟ چۆن تۆ کارێکی وا گرنگ دەکەیت بێ ئەوەی گرفتەکانی ناوخۆ چارەسەر بکەیت؟ چۆن دەست بۆ پرسێکی وادەبەیت بەرلەوەی گەرەنتیت لە گرنگترین هاوپەیمانت کە ئەمریکا وەرنەگرتبێت و ملدەنێیت و خۆت ئەخەیتە مەئزەقەوە و هەموو هێزت ئەوەبێت خۆت لە ئەمریکا بدزیتەوە؟

من لەمەوە گومان دەکەم بارزانی بەرەو هەڵدێرێکی دیکە بمانبات، چونکە مێژوی هەڵهاتن و شکستی بارزانی لە رابردوا بای هێندە بەڵگە دەخاتە بەردەستمان کە بڵێی ئەم پیاوە لە نیوەی رێگا جێمان دێڵێت.

مەسعود بارزانی و موستەفا بارزانیش هەمیشە لە دۆخە سەختەکاندا خاوەنی بریاری حەکیمانە نەبوون و لەگەڵ هەر هەرەسێک میلەتەکەیان بەجێهێشتوە یان بریاری هەڵەیانداوە، لەوانە جێهێشتنی کۆماری مهابات لە ساڵی ١٩٤٧ جێهێشتنی کوردستانی عێراق و تەسلیمکردنی نزیکەی ۱٠٠ هەزار چەکدار لە  ۱۹۷٥، جێهێشتنی هەرێمی کوردستان لەدوای راپەڕینی ١٩٩١ و گەڕانەوەی دەسەڵاتی سەدام.

چونکە بەپێی بەڵگە نامەیەکی “سی ئای ئەی” بارزانی بەر لە ۳۱ ئاب ئامادەسازی کردبوو بۆ هەڵهاتن بەرەو تورکیا، لە ئەگەری هێرشی سەدام کاتێک ئەحمەد چەلەبی ویستبووی راپەرین بکات. پاشان لەدوای هەرەشەکانی بارزانی لە تورکیا لە ساڵی ۲٠٠۷، تەواوی سەری رەش و هەولێر لە کەسە نزیکەکانی بارزانی چۆڵکرابوو، چونکە تورکیا هەرەشەی دابەزاندنی کۆماندۆی ئەکرد لەسەری رەش و دواتر ئەمریکا ڕێگری لەوەکرد.
ئەوە ئەوپەری ساویلکەییە کە چارەنووس و ئایندەی میلەتێک بسپێری بە نادیار و هەم ستراتیژەکەت بۆ ئابووری ئەوەبێت بڵێت “ئامادەین بمرین لە برسا” بۆ لایەنی سەربازیش بڵێت “من بەرپرسیارم”.  بۆیە ئەمجارەش بۆ هەنگاوێکی وەها ستراتیژی بارزانی جگە لە بونی ۱۸ بنکەی سەربازی تورکیا لە سنورەکەی، کە ئەوانیش روونە بۆچی لەوێن؟  نە پشتیوانی دەرەکی مسۆگەر کردوە و، نە خۆشی خاوەنی ئەو چەک و جبەخانەیە کە بەرگەی هیچ هەرەشەیەکی دەرەکی بگرێت. هەرچی روبدات تەنیا خەڵک ئەبێتە قوربانی و ئەوەشی هەیە دەکەوێتە بەرمەترسی، ئەگەر هەرکەس ئامادەیە چارەنووسی خۆی بداتە دەست نادیار، ئەوە بارزانی باشترین بژارەدەیە، بەڵام بیرتان بێت ئەم ئەمجارە گەرەنتی بۆ خۆیی و کەسەنزیکەکانی وەرگرتە، بەڵام هیچ گەرەنتییەکی بۆ ئێوە پێ  نیە جگە لە وشەکانی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.