ئایا یەکێتی شەڕی سوپای عیراق لەوەکالەتی پارتی ئەکات ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 522 جار بینراوە

شێرزاد شێخانی
بەھۆی عینادییەکانی مەسعود بارزانی و بێئیرادەیی بەشێک لەسەرانی یەکێتی وحزبەکانیتر، ئاماژەکان بەرەو ھەڵگیرسانی شەڕێکی خوێناوی ماڵوێرانکەر ئەڕۆن. ھەڕەشەکانی حەشدو عەسائیبو تورکمانو عەرەبی ناوچەدابڕاوەکانو، بێئومیدبونی ئەمریکاو وڵاتە زلھێزەکان لەبارەی دواخستنی ریفراندۆمەکەی پارتی حەتمیەتی ئەو شەڕە چاوەڕوانکراوە ئەسەلمێنن.
ئەگەر سەیرێکی نەخشەی سیاسی و جوگرافی گۆڕەپانی شەڕەکەش بکەین ئەبینین کەوا شەڕەکە زیاتر ئەو زۆنە ئەگرێتەوە کە لەژێر نفوزی یەکێتیدایەو پێشمەرگەو ھێزەکانی یەکێتی کۆنتڕۆلی ئەکەن، بەمەش ھەر شەڕێکی نەخوازراو بەرپا ببێت سەرەتا ئەو ناوچانە ئەسوتێنێ. پرسیارە گەورەکەش لێرەدا ئەوەیە” ئایا پێشمەرگەو ھێزەکانی یەکێتی ئامادەن بچنە ناو ئەو شەڕەی پارتییەوە لەگەڵ ھێزە عیراقیەکان و تا چەند ئامادەن رۆڵەکانی خۆیان بەکوشت بدەن بۆ ھێنانەدی ئاواتەکانی مەسعود بارزانی وحزبەکەی؟.
تا ئێستا بەشێک لەسەرکردایەتی یەکێتی و مەکتەبی سیاسیەکەی بەئاشکرا مەیلی لای پارتییان نواندوەو،سڵیان نەکردۆتەوە لەبەدوکەوتنیان بۆ ریفراندۆمەکەی بارزانیو بەھەمو شێوەیەک ئامادەبونە ئەجینداکانی پارتی لەم بوارەدا جێبەجێ بکەنو ئیرادەی یەکێتیان بەتەواوەتی تەسلیم بەپارتی کردوە. راستە ئەم ھەڵوێستەشیان کاری کردۆتە سەر یەکریزی ناو یەکێتیو، تار رادەیەک مایەی نیگەرانیو ناڕەزایی بنکە جەماوەرییەکەشی بوە، بەڵام سەرباری ئەمەش یەکێتی تا ئەمڕۆ توشی ھەژانێکی وا نەبوە ریزەکانی بترازێ، تا ئێستا خۆی لەبەرامبەر ئەو ھەڕەشانەی جیابونەوە ولێکترازان راگرتوە، بەڵام کاتێک کار ئەگاتە سەر شەڕو خوێنبەخشین لەپێناو مەسەلەیەک کە لەلایەن زۆربەی بنکە جەماوەرییەکەی یەکێتیو میللەتیش بەگشتی رەتکراوەتەوە، مەترسییەکە زۆر گەورەترە لەوەی تەنھا مەسەلەکە بەشداری کۆبونەوەو بانگەشەی ریفراندۆم بێت. ھەر شەڕێک یەکێتی بچێتە ناویەوە مانای خوێنڕژانی دەیانو سەدانو ھەزاران رۆڵەی ئەم نیشتمانەن بەتایبەتیش رۆڵەکانی یەکێتی چونکە مەیدانی شەڕ لەناوچەکانی یەکێتیدایە.ئەمەش شەڕی روبەڕوبونەوەی داعشی دڕندە نیە کە میللەت بەگشتی ئامادە بێت لەپێناو پاراستنی عەرزو ناموسی خۆی چەک ھەڵگرێو بچێتە بەرەکانی شەڕەوە، ئەمە شەڕێکی بێ ئامانجەو تەنھا بۆ پاراستنی بەرژەوەندی بەشێکی کەمی سەرکردەکانی ئەم ھەرێمەیە.
زەرەرو زیانی گەورەی ھەر شەڕێکی چاوەڕوانکراویش ئەکەوێتە سەر شانی یەکێتیەکان، چونکە ئەگەر شەڕ دەستی پێکرد سەرەتا ناوچەکانی یەکێتی ئەگرێتەوە بەتایبەتیش کەرکوکو خانەقین وجەلەولا، ئیدی ھەر روبەروبونەوەیەک یەکەمجار زیانەکانی بەر پێشمەرگەکانی یەکێتی ئەکەون، ھێشتا ھێزەکانی پارتی ناوچەکانیان دوورە لەبەرەکانی شەڕ. بەپێی وتەی ھەندێ لێپرسراوی سەربازی یەکێتیش بێت، ئەوپەڕی خۆڕاگری ھێزەکانیان لەبەرەکانی شەڕدا لە دە رۆژ زیاتر ناخایەنی دواتر ئەبێ دەست بەکشانەوە بکەن لەو ناوچانەدا، کەواتە لەروی سیاسیشەوە یەکێتی زەرەرێکی زۆر ئەکات بەلەدەستدانی روبەرێکی فراوانی ناوچە دابڕاوەکانی وەک کەرکوک وخانەقینو جەلەولاو ئەوانیتر.
ئەمە بێجگە لەوەی لەداھاتوشدا ئەمریکاو ئێرانو تورکیاو عیراقیش کە ئیستا زۆر بەرونی دژی ئەو ریفراندۆمەی بارزانیین، ھەمان حیسابی دوژمنکارانەش بۆ یەکێتی ئەکەن بەو ئیعتبارەی کەوا یەکێتیش شەریک بوە لەم بەزمەدا، جا ئەبێ حیسابی ئەوەش بکەین دژایەتی ئێران چ زەرەرێکی گەورە ئەگەیەنێ بە رۆڵی یەکێتیو دژایەتی ئەمریکاش لەلایەکیترەوە زیاتر رۆڵی یەکێتی لاوازتر ئەکات لەسەر گۆڕەپانی سیاسیدا.
ئەگەر مەسعود بارزانی و پارتەکەی کێشەیان لەگەڵ شیعەکانی بەغدا ھەبێ و، زۆربەی ئەو کێشانەش لەشەخسی مەسعود بارزانی و ھوشیار زێباریدا کورتکرابنەوە، یەکێتی بەدەیەھا ساڵە پەیوەندییەکی زۆر باشو باخەیداری لەگەڵ شیعەکاندا ھەیەو ھیچ کێشەیەکی ئەوتۆیان لەگەڵیاندا نەبوەو نیە.
ئەگەر مەسعود بارزانی بەتەواوی چوبێتە ناو ئەجنداکانی تورکیاوەو ئیرادەو سەروەتو سامانی وڵاتیشی دابێتە دەست تورکیای ئەردۆغانەوە، یەکێتی ھیچ سودێک لەتورکیا نەبینیوە، ئەوەتا تەنانەت لەسەر دەسگییرکردنی دو ئەندامی میت پەیوەندییەکانیشی لەگەڵدا پچڕاندوە، کەواتە لەھەر سەرکەوتنێکی ئەجینداکانی تورکیا لەناوچەکەدا یەکێتی ھیچ پشکێکشی بەرناکەوێ.
ئێمە ئەزانین ئەو سەرکردانەی یەکێتی کە ئێستا بەدوای سیاسەتەکانی پارتیەوەن بەرژەوەندی ئابورییان لەھەولێردایە، لەترسی دەرکردنیان لەھەولێر بۆ پشتی دیگەڵەو دەستگرتن بەسەر پرۆژەو سەروەتو سامانەکانیان لەھەولێردا ئامادەی ھەمو سازشێکن ئەگەر لەسەر حیسابی حزبەکەی خۆشیانەوە بێت، بەڵام ئایا پێشمەرگەو کادیرانی یەکێتی ئامادەن لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی چوار پێنج سەرکردەی یەکێتیو، لەپێناو بەردەوامیدان بەدزینی نەوتی کەرکوکو بزرکردنی داھاتەکانیو لەپێناو گەندەڵییەکانی پارتی بچنە بەرەکانی شەڕەوەو خوێنی خۆیان ببەخشن؟.
گەنجی سلێمانیو ھەڵەبجەو رانیەو قەلادزی و کفری وکەلار چ خێرو خۆشیەکیان بەدەست پارتیو بنەماڵەی بارزانیو سەرکردە ملشۆڕەکانی یەکێتییەوە بینیوە تا تفەنگ بکەنە شانیانو بچنە بەرەکانی شەڕ بۆ دیفاع کردن لەگەندەڵی وبێکاری و قوتو نانبڕین؟.
سەرەتای ھەر پێکدادانێکی چاوەڕوانکراو ھەڵبەت لەکەرکوکەوە دەست پێدەکات، ئامانجی سەرەکی ھێزە عیراقیەکانیش پێش ھەر شتێک دەستگرتنە بەسەر کێڵگەکانی نەوتی کەرکوک کە ئێستا داھاتەکەی بۆ موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ئەڕوات، ئەوسا بەداگییرکردنی ئەم کێڵگانە حکومەتی ھەرێم ئەم داھاتەشی لەدەست ئەدات ناتوانێ روبعە موچەکەش بداتە فەرمانبەران.
ھێزەکانی داعش ئەوەی ماون ئێستا لەحەویجەو نزیک کەرکوک خۆیان حەشار داوە، بەپێی وتەکانی کاک لاھوری شێخ جەنگیش بێت، وا خەریکن لەناوچەی مەندەلو جەلەولاو حەمرینیش دەست بەجموجۆل ئەکەن، واتە گشت ناوچەکانی نفوزی یەکێتی لەژێر ھەڕەشەدان، ھەڵبەت لەگەڵ ھەڵگیرسانی شەڕی نێوان پێشمەرگەو عیراق ئەوانیش ئەکەونەوە جوڵەو دەست بەھێرشەکانیان ئەکەن کە زۆربەیان ناوچەکانی یەکێتی ئەگرنەوە.ئەمانە بەگشتی ھەڕەشەی سەربازی زۆر ترسناکن بەسەر ناوچەکانی یەکێتی لەکاتی ھەر روبەڕوبونەوەیەکی پارتی لەگەڵ بەغدا.
لەکۆتاییدا پێویستە سەرکرایەتی یەکێتی زۆر بەوردی بیر لەوە بکاتەوە ئایا بەرژەوەندی کوردستان لەو شەڕەدایە کە ئەنجامەکەی لەئێستاوە دیارە، یاخود ئەبێ کارێک بکا لەگەڵ بەغدا رێکبکەون و بودجەو موچەی ھاوڵاتیان بگێڕنەوە وپرۆژەکان بکەونەوە کارو لەمافی ئێستای کوردیش زیاتر بخەنە ناو رێکەوتنێکی سیاسییەوە کە ئەمریکاو نەتەوە یەکگرتوەکان زامنی جێبەجێکردنی بن.
بژاردەکان لەبەرامبەر سەرکرایەتی یەکێتیدا زۆر کەمن، با بریاری خۆیان بدەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.