ئاره‌زومه‌ پڕ به‌ گه‌روم بڵێم به‌ڵێ، به‌ڵام!

لەلایەن ستاندار Posted on 1841 جار بینراوە 0 سەرنج
Yaseen Abdalla

یاسین عبدالله

(هیچ شتێک تامی نه‌ماوه‌) ئه‌وه‌ کۆمێنتی هاوڕێیه‌کی زۆر خۆشه‌ویستم بوو کاتێک له‌ فه‌یسبووک ئه‌و په‌نده‌ کوردیه‌م پۆسکرد که‌ده‌ڵێ ( کێ کردی؟ کێ بردی ؟ کێ خواردی؟ ) مه‌به‌ستیشم له‌و په‌نده‌ هه‌ڵپه‌ڕین و داپه‌ڕینی خه‌ڵکی زاخۆ و دهۆک بوو بۆ ڕیفراندۆم، مه‌به‌ستم خاوه‌ندارێتی و پاڵه‌وانی ساحه‌ی بانگه‌شه‌ی ڕیفراندۆم بوو که‌ ئه‌وکه‌سه‌ی خیانه‌تی نیشتمانی گه‌وره‌ی ئه‌نجامداوه‌و به‌نایاسایی وا چوار ساڵه‌ ده‌سه‌ڵاتی داگیر کردوه‌ ئێستا به‌ته‌نها خۆی به‌خاوه‌ن و پاڵه‌وانی ئه‌و پرسه‌ ده‌زانێ!
هیچ کات هه‌ستی ناوچه‌گه‌رێتیم نه‌بووه‌ و نیه‌ به‌ڵکو هه‌مووکات دژی بوومه‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتداران و خودی سه‌رکرده‌ باڵاکانی ئه‌و دوو حزبه‌بوونه‌ تۆوی دووبه‌ره‌کی و شارچێتی و ناوچه‌گه‌رێتیان چاندوه‌ له‌ماوه‌ی زیاتر له‌ نیو سه‌ده‌ی ڕابردوو به‌ هه‌ردووکیان وا خزمه‌تی ئه‌و تۆوه‌ پیسه‌یان کرد تا بوو به‌دره‌خت ئێستاش ڕاگه‌یاندنه‌ زۆره‌کانیان ئه‌و ده‌وره‌ ده‌گێڕن، نمونه‌ و به‌ڵگه‌ی عاشا هه‌ڵنه‌گریش شه‌ڕی ناوخۆ و دابه‌شکردنی هه‌رێمی کوردستان بۆ دوو ئیداره‌، له‌ ئێستاشدا مانه‌وه‌ی شوێنه‌واری ئه‌و شه‌ڕه‌ وه‌ک بازگه‌کان.
لێره‌دا مه‌به‌ستمه‌ بڵێم بۆ ده‌بێ خه‌ڵکان هه‌بن دژی گه‌وره‌ترین ئامانجی نه‌ته‌وه‌ییبن که‌ ڕیفراندۆمه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی، پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتداران پرسیار له‌ خۆیان بکه‌ن و بڵێن کوا خه‌ڵکی قاره‌مانی ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌ڕین، بۆ بێده‌نگه‌ گه‌رمیانی جگه‌ر سوتاو ئێستاش هه‌موو شه‌وێ به‌گریانه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی ڕۆڵه‌کانیان له‌ نوگره‌وسه‌لمان سه‌حرا و بیابانی عێراق بگه‌ڕێنه‌وه‌، کوانێ و له‌ کوێن خه‌ڵکی خاوه‌ن شه‌هیده‌ سوتاو و هه‌ڵقرچاوه‌کانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی بریندار له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ خوشک و براکانی له‌ دۆڵی بالیسان و گۆپته‌په‌ و جافایه‌تی و سێوسێنان بۆ بۆ ئه‌و پرسه‌ گه‌وره‌یه‌‌ هیچ دڵخۆشنین؟ ڕۆژێک له‌ خۆتان پرسیوه‌ کوا شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی بۆچی دژی ڕیفراندۆم ئاهه‌نگ ده‌گێڕن، نه‌ڵێن که‌مبوون دڵنیابن زۆر له‌و ڕێژه‌یه‌ زیاترن، ته‌نها شاسوار عبدالواحد نه‌بوبا به‌خاوه‌نی ده‌نگی نه‌خێر زۆر نزیک بوو نه‌خێر سه‌رکه‌وێ، سارد و سڕی بانگه‌شه‌ی ڕیفراندۆم شاهیده‌.
خه‌یاڵ نه‌که‌ن و نه‌ڵێن ئه‌وانه‌ خائینن، کوێ بوو زۆرترین ئه‌نفالی لێکرا؟ کوێ بوو کیمیاباران کرا؟ کوێ بوو ڕاپه‌ڕینی کرد؟ کوێ بوو قوربانیدا؟ بۆیه‌ پێویسته‌ له‌جیاتی ته‌خوین هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ک بکه‌ن و له‌ خۆتان بپرسن ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه‌ بۆ بێده‌نگه‌؟
دڵنیابن نه‌ له‌به‌ر دژایه‌تی پارتیه‌، نه‌ به‌قسه‌ و فه‌رمانی هیچ حزبێکیشه‌ که‌ ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ وه‌کو به‌فر به‌ستویه‌تی و ساردوسڕه‌! ئه‌ی ئه‌وه‌نیه‌ (١٦) حزب له‌گه‌ڵ بڕیاردانی ڕیفراندۆمه‌ به‌ یه‌کیه‌تیشه‌وه‌! ته‌نانه‌ت کۆمه‌ڵ و گۆڕانیش وه‌ک حزب دژنین ته‌نها تێبینی یاساییان هه‌یه‌، ئه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌ بۆ بێده‌نگه‌؟ دڵنیابن گه‌ر ئه‌وانیش بێنه‌ گه‌ڵێ ئێستا چۆنه‌ هه‌روا ده‌بێ ده‌یبیننه‌وه‌،
ئه‌زانن بۆ؟
چونکه‌ ئێوه‌ هه‌موو شتێکتان له‌ گۆڕنا هیواکانتان هه‌مووی کوشت هیچ ئومێدێک نه‌ماوه‌، هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیتان نه‌هێشت، هه‌رچی ده‌سکه‌وتی شۆڕشه‌کان بوو به‌ حزبیتان کرد له‌ولاشه‌وه‌ خیانه‌تی گه‌وره‌ی نیشتمانیتان به‌ ده‌سکه‌وت هه‌ژمارکرد، ئێوه‌ سیاسه‌تی جیاکاری به‌عسیانه‌تان په‌یڕه‌وکرد کێ له‌گه‌ڵمه‌ تێری ده‌که‌م و کێش دژمه‌ برسی ده‌که‌م، ئێوه‌ تۆوێکی ئه‌وه‌نده‌ پیس و قێزه‌ون و بۆگه‌نه‌تان چاند تا هه‌تایه‌ په‌روه‌رده‌ و ڕه‌وشتی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌تان تێکدا گه‌ر خه‌مخۆران پسپۆرانی ڕاسته‌قینه‌ بیانه‌وێ بناغه‌ی په‌روه‌رده‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ داڕێژنه‌وه‌ لانی که‌م (٥٠) ساڵی پێویسته‌. ئێوه‌ چ نه‌ما نه‌یکه‌ن، له‌ درۆ له‌ دزی له‌ گه‌نده‌ڵی له‌ پاوانخوازی له‌ خیانه‌ت له‌ کوشتنی هیوای دواڕۆژی نه‌وه‌کانمان چۆن ڕووتان دێت بڵێن به‌ڵێمان بۆ بکه‌ن؟ ئاخر پرسی سه‌ربه‌خۆیی به‌حزبی و به‌ که‌سی کراوه‌، تا ئێستا له‌ خۆتان پرسیوه‌ بۆچی ته‌نها ناوچه‌ی زه‌رد ئاهه‌نگ ده‌گێڕن و هه‌ڵده‌په‌ڕن؟ ئه‌ویش ته‌نها ئه‌ندام و لایه‌نگرانی پارتی به‌شدارن بۆ؟ ئایا خه‌ڵکی تر ئاره‌زووی سه‌ربه‌خۆیی نیه‌؟ بێگومان نه‌خێر، به‌ ده‌یان هه‌زار که‌سی زۆنی زه‌رد هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێن دانیشن و بیربکه‌نه‌وه‌ له‌وێش هه‌زاران ده‌نگی ناڕازی کپکراو و ترسێندراو هه‌یه‌، بۆچی ته‌نها یه‌ک که‌س ووتار ئه‌دا؟ ئه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی باڵای ڕیفراندۆم له‌کوێن؟ بۆ له‌ڕاست و چه‌پی ناوه‌ستن؟ یان بانگه‌شه‌ بۆ خۆی ده‌کا شه‌رعیه‌ت به‌ مانه‌وه‌ی خۆی ئه‌دا؟
ئاره‌زومه‌ پڕ به‌ گه‌روم بڵێم به‌ڵێ! به‌ڵام.!
ئه‌و به‌ڵامه‌ هه‌زاران ئاخی تێدا، ئه‌و به‌ڵامه‌ ته‌نها له‌ ناخی من دانیه‌ له‌ ناخی سه‌دان هه‌زار هاوڵاتی ئه‌و هه‌رێمه‌دایه‌ له‌ناو قوڕگیان گیری خواردوه‌، من له‌ خۆمه‌وه‌ ئه‌زانم کاتێک له‌ تیڤیه‌کان ئه‌بینم کوردانی تاڕاوگه‌ به‌تایبه‌تی کوردی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا ئه‌و پیاوه‌ به‌ته‌مه‌نانه‌ ئه‌بینم، وه‌ کاتێک په‌یامی دوژمنکارانه‌ی تورکیا و ئێران و عێراق ئه‌بیستم، کاتێکیش سیاسه‌تی درۆزنانه‌ی وڵاتانی زلهێز ده‌بیستم و ده‌بینم که‌س پشتیوانی کورد نیه پڕ به‌دڵ ‌ تێر تێر ده‌گریم، که‌ ئه‌وانه‌ ده‌بینم و ده‌بیستم پێم خۆشه‌ پڕ به‌ گه‌روم له‌ناخه‌وه‌ بڵێم به‌ڵێ به‌ڵێ به‌ڵێ هه‌زارجار به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، به‌ڵام بۆ کێ به‌ڵێ؟ بۆچی به‌ڵێ؟ چۆن به‌ڵێیه‌ک؟ بۆیه‌ گه‌ر کرده‌وه‌ ناپه‌سه‌ند و نا یاسایی و پڕ خیانه‌ت و دوژمنکارانه‌تانم بیرده‌که‌وێته‌وه‌ نه‌ک هه‌زارجار هه‌زاران جار سه‌دان هه‌زار به‌ڵام پێم ده‌ڵێ نه‌خێر.!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *