بایز رەشید ئەمین
سیاسەتی چەوت و زۆردارانە و نادیموکراسیانەی دەسەڵاتدارانی هەرێم روبەروی سزای نێوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆوە. وێڕای ئەوەی کە وڵاتانی ناوچەکە لەسەر گەلێک پرس ناکۆک بون، بەڵام بە هۆی نەزانی دەسەڵاتدارانی هەرێم ، ناکۆکیە مەزهەبیە شیعەگەرایی و سونەگەرایی و جەمسەرگیریە نێودەوڵەتیەکانیان وەلاناو . خۆیان بۆ روبەڕوبونەوەی هەرێم ئامادە کرد، بەرامبەر پرسی تاکلایەنانەی هەرێم یەکیانگرت و بانگەشەی سزادانی دەسەڵاتدارانی هەرێمیان راگەیاند. لە هەنگاوە سەرەتاییەکانیاندا سزاکان خۆیان لە راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتیەکانی فرۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی و وەرگرتنەوەی کۆنترۆڵی دەروازە نێودەوڵەتیەکانی هەرێمدا بینیەوە.
دوای ئەوەی کە بەرپرسانی هەرێم لە مانگی حەوتی ئەمساڵدا بە بڕیارێکی حزبی و تاکلایەنانە، بەدەر لە رێکارە یاسایی و دەستوریەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و یاساگشتیە نێودەوڵەتیەکان بە ئاڕاستەی ئەنجامدانی ریفراندۆم هەنگاوێکی نابەرپرسانەیان هاویشت . وێرای نیگەرانی و ناڕەزایی بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان و نەتەوە جیاوازەکانی عێراق و کۆمەڵگەی ناودەوڵەتی و لەسەروی هەمویانەوە رەتکردنەوەی لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە، هەرێمی کوردستان لە ٢٥/٩ ریفڕاندۆمەکەی ئەنجامدا.
لەسەر ئاستی نێوخۆ وێڕای ئەوەی کە رێژەی بەڵێ زۆرینەی دەنگەکانی بۆ سەرخستنی ریفراندۆم بە دەست هێنا، بەڵام بە دیوێکی تردا، گەل دەسەڵاتدارانی هەرێمی لەسەر ئەم تاکڕەویە سزادا، بە شێوەیەک کە لە کۆی چوار ملیۆن و پێنچسەد هەزار دەنگدەر تەنها سێ ملیۆن ودو سەد هەزار دەنگدەر بەشداری پرۆسەکەی کرد کە دەکاتە ٪ ٧٢ لەو رێژەیەش لە ٪٩٢ بە بەڵێ و لە ٪٨ بە نەخێرو بە سپی دەنگی دا، بەمەش کۆی ئەوانەی پشتیوانیان لە بڕیارە تاکلایەنە نایاساییە حزبیەکەی هەرێم کرد تەنها دو ملیۆن وهەشت سەد هەزار بۆ سێ ملیۆن دەنگدەر بو. سنوری پارێزگای سلێمانی کە بەدرێژایی مێژو پێشەنگی جوڵانەوە کوردستانیەکان بوە، زۆرتەین بایکۆت ونەخێری هەبو، بەمەش ئەم دەڤەرە بە دەسەڵاتی گوت کە ئێمە بەشداری لە پرۆسەیەکی تاکلایەنانەو نایاسایی و نا دیموکراسیدا ناکەین.
ئەڵبەتە لە سەر ئاستی عێراقیش حکومەتی ناوەند دەستەوستان نەوەستا، هەنگاوی جدی لە هەمبەر حکومەتی هەرێم نا، لەڕێگەی پەرلەمان و دەستورەوە چەندین پرۆژەی سزادانی بەرامبەر دەسەڵاتدارانی هەرێم گەڵاڵە کرد. لە هەمانکاتدا عەبادی جەختی لەسەر ئەوە کردوەوە کە سزاکان گەلی کورد ناگرێتەوە بەڵکو تەنها دەسەڵاتداران بە ئامانج دەگیرێن بەهیوای بنەبڕکردنی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستاندا. بەواتایەک تەنها ئامانج لاوازکردنی خۆسەپێنی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەبێت و گەلی کورد نابێت هیچ زیانێکی بەربکەوێت.
هەروەک لەیەکەم هەنگاویدا دەسەڵاتی فرۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی لە هەرێم وەرگرتەوە و گەشتە نێودەوڵەتیەکانی لەم دو فرۆکەخانەیە راگرت . تەنها گەشتە ناوخۆییەکانی هێشتەوە ، لە قۆناغی دوەمدا بەغداد بەنیازی وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی مەرزە نێودەوڵەتیەکانە و دەسەڵات دەگێرێتەوە بۆ ناوەند. بەگوتەی عەبادیش بەم هەنگاوەی رێگە لە بەهەدەردانی داهاتی نیشتیمانی دەگرێت کە ماوەی زیاتر لە بیست ساڵە بەرپرسانی هەرێم ئەم دەروازانە بۆ کاری قاچاغ و بەتاڵانبردنی داهاتی گەلی کورد و عێراق بەکاردەهێنن.
لە سەر ئاستی ناوچەکەش هەریەکە لە تاران و ئانکارا بەڵێنی تەواویان بە حکومەتەکەی عەبادی داوە کە هاوکاری تەواوی سەرخستنی بریارەکانی بکەن. هەروەک بینرا کە یەکەم دو وڵات بون دوای بڕیارەکانی عەبادی گەشتەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان راگرت . لەهەمانکاتیشدا هەردو وڵات لەڕێگەی نمایش و مانۆڕی سەربازی لە سەر سنورەکاندا هێمای پشتیوانی سەربازیان ئاڕاستەی بەغداد کرد، هاوکات هۆشداریەکی شارەوەشیان ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی هەرێم کرد کە ئەوان لە گەڵ بڕیارەکانی بەغداد هاودەنگ و پشتیوانن.
لەسەر ئاستی جیهانیش وێڕای رەتکردنەوەی پرسی ریفراندۆم ، بە مەبەستی پاراستنی یەکپارچەیی عێراق، پشتوانی خۆیان بۆ بڕیارەکانی حکومەتەکەی عەبادی نیشاندا. هەڵبژاردنی بێدەنگییش لە ئاست بڕیارەکانی عەبادی و داوای دورکەوتنەوەی هاوڵاتیەکانیان لە ناوچە جێناکۆکەکان، هەڵکردنی گڵۆپی سەوزە بۆ حکومەتەکەی عەبادی کە سەرپشکە لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە دژی هەرێم لە ئەگەری ملنەدانی دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ بڕیارە یاسایی و دەستورییەکانی ناوەند. هاوکات بانگەوازی بەشێک لە وڵاتان بۆ هاووڵاتیەکانیان کە تا ماوەیەکی نادیار گەشت بۆ هەرێم نەکەن، گڕو تینی زیاتر بە بەغداد دەدات کە هەرچی زوترە فشارەکانی لەسەر هەرێم بچەسپێنێت. ئەوەبو کە پەڕلەمانی عێراق بە سێزدە خاڵ توانی پرۆژەیاسایەک بە مەبەستی سزادان لەهەمبەر هەرێم پەسەند بکات .
کاردانە نێوخۆیی و عێراقی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان لە پێش و لە پاش ئەنجامدانی ریفراندۆم، ئاستی لاوازی حوکمڕانی دەسەڵاتدارانی هەرێمیان خستە رو، کە لە سەر ئاستی سیاسەتی گشتی نێوخۆیی و دیبلۆماسیەتی سیاسەتی دەرەکیدا لە ئاستێکی بەرزی شکستدا بون . بۆیە گەڕانەوەی پێگەی سیاسی و ئابوری و دیبلۆماسی هەرێم پێویستی بەگۆرانکاریەکی بونیادی هەیە، کە کۆی پرسەکانی تایبەت بە سیستەمی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان لە خۆبگرێت.
دەسەڵاتدارانی هەرێم، باشوری کوردستانیان لە ناوچەیەکی ئارامەوە گواستەوە بۆ ناوچەیەکی پر کێشە و قەیراناوی کە زۆر ئاسان نیە لێی دەربچێت. تەنها چارەسەر ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی هەرێم شکستی خۆیان رابگەیەنن و بە شێوەیەکی ئاشتیانە و دیموکراسیانە دەسبەرداری دەسەڵاتبن. هەروەکچۆن داڤید کامیرۆن دوای شکستهێنانی لە پرسی ریفراندۆمی جیابونەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا دەسبەرداری ماوەی یاسایی دەسەڵاتەکەی خۆی بو و لە دەسەڵات دورکەوتەوە. بەهەمانشێوە دەسەڵاتدارانی هەرێمیش لە سەرخستنی ریفراندۆم بە ئاڕاستەی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان شکستیان هێنا، بۆیە بۆ گێڕانەوەی ناوبانگ و پێگەی هەرێم باشتر وایە دەسبەرداری دەسەڵاتبن.
بەکورتی چارەسەری ئەم گێژاوەی ئێستای هەرێم تێیکەوتوە ، تەنها ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و دامەزراندنەوەی پەڕلەمانێکی کارای خاوەن بڕیارە. بە پێچەوانەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم، باشوری کوردستان دوچاری نەهامەتی و بەدبەختیەکی گەورە دەکەن کە راستکردنەوەی لە ئایندەدا ئەستەم دەبێت.