کورد چووە قۆناغێکی نوێوە

لەلایەن ستاندار Posted on 424 جار بینراوە

مەهدی کاوانی

سەرەدەری کردن لە پێشهاتەکانی ، کاخوان باش دەکەوێتەوە یان خراپ و چەند دەخایەنێ وەها ئاسان نیە کە بە هاکەزایی قسەو باسی لە سەر بکرێ .بەڵام لێدوانەکانی ئەم و ئەویش بە تایبەتی ئەمەریکیەکان ، هەندەک خیوتی نیمچە ڕۆشنایەتیت دەداتێ ، کە قسەگەلی خۆتی تیا بکەی . لە سەر ئەرزی واقیع ، عیراق گەرایەوە بۆ سنوورەکانی پێش ۲٠٠۳ . ئەگەر ئەمە بەشی کوردی بێت و بەس یانی ئەو بارە نوێیە بۆ کوردان ، زۆربە خراپ دەکەوێتەوە . ئەگەر جێناکۆکە کانیش و حوکمرانیە هاوبەشەکەی و بە نێوەند گیری ئەمەریکاو نەتەوە یەکگرتووەکان بێت ، ئەوەیان بۆ کورد هەمدیسان باش نیە بەڵام فەرامۆش کردنیشی لە شوێن خۆی نیە . بەغدا دەڵێ زیاتر سنوور نابەزێنین و وتووێژی بێمەرجیشمان ، بە گوێرەی دەستور قبولەو جێناکۆکەکانیش بە هاوبەشی بەڕێوە دەبەین .

ئەگەر ئەمەیان بۆ بێناوەرۆک کردنی مادەی ۱٤٠ بێت ، یانی کوردو بە دەولەت بوون ، دەستی لێ بشۆ . پارتی بە پلەی یەکەم و یەکیەتیش بە پلەی دووەم بە حوکمی ئەوەی دۆڕاوەی شەڕن ، ئەگەر گرەنتی مانەوەی خۆیان پێ بدرێ ، لە سەر خوانەی سپیش بۆ عەبادی و ولاتانی ئەقلیمی ، واژوو دەکەن . ئەمەریکا سوورە لە سەر هاوبەشایەتی کردنی حوکمڕانی جێ ناکۆکەکان و ئەکتیڤ کردنی مادەی ۱٤٠ و دووبارە مەشق پێکردنەوەی هێزی پێشمەرگە . دەشڵێن نابێ هەلبژاردن لە هەرێم دوا بخرێ و دەشڵێن دەبێ وتووێژەکانی ناوەندو هەرێم دەست پێ بکاتەوەو پێش دەچێ لەو زوانە بڕیارێک لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەو وەرچەرخانە نوێیە بدرێت . بەندە ئەگەر زۆر گەشبینیش نەبم ، ڕەشبین نیم . پێم وایە ئەمەریکیەکان هەمان لێدوانەکانی بریک مەککۆرک و تیلیرسەن ی پێش ۲٥/۹ بە ئامانج دەگەیەنن . ڕەنگە ئەو کارە لە دەرەوەی بارزانی و ئەم و ئەوی تر بێت . ئەوەی لە بازاڕی سیاسی قسەو باسی لە سەر دەکرێ ، نووری مالیکی خوازیاری ئەوەیە کەرکوک و سولێمانی و هەلەبجە بکرێ بە هەرێمێک و هەولێرو دهۆکیش بە هەرێمێک بمێنێتەوە . پێ ناچێ ئەمەریکیەکان ئەمە قبوڵ بکەن .

ئەگەر ئەمەریکیەکان ئەمە قبوڵ نەکەن ، حەیدەر عەبادیش دەچیتە پاڵ ئەمەریکیەکانەوە . دیارە بوون بە دوو هەرێم ناوەندو ئێران و تورکیاش پێخۆشحال دەبن تا پرسی کورد بۆ زەمەنێکی دوور ، دوور بخرێتەوە . بە مەزندەی خۆم ئەگەر حەیدەر عەبادی هەلبژاردنەکانی ئازاری دادێ ، بباتەوە، پڕۆژەکەی مەکگۆرک و تلیرسەن ، دەکەوێتە واری کرداری ، ئەگەر ناش کۆنتڕۆلی عیراق زیاتر دەکەوێتە ناو ئەجندای ئێران . بێناوەرۆک کردنی ڕیفراندۆم و گەڕانەوەی هێزەکانی عیراقی بۆ ناو ئەو زەویانەی کە پێش ۲٠٠۳ دەناویدا بوون ، زیاتر مانای ئەوە دەگەیەنێ کە عەبادی هەلبژاردنەکان لە مالیکی بباتەوە ، بەس لێرەش تا کردنی هەڵبژاردن نزیکەی شەش مانگی ماوە زۆرە ، کە لەو نێوەندەددا زۆرانێک لە ئەجنداکان بگۆڕدرێن . لە سەر ئەرزی هەرێمی کوردستان و ئەوەی پێی دەڵێن جێ ناکۆکەکان لێرە تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی عیراقی زۆر شت دەگۆڕن . ئەگەر ئەمەریکیەکانیش گوشاری خۆیان بە کردار بکەن کە پێش هەلبژاردنی عیراقی ، هەرێم و لە ژێر چاودێری خۆیان و بواری تەزویر کردن زۆر زۆر کەم کەنەوە ، هەڵبژاردن بکرێ ، بە بۆچوونی خۆم پارتی و یەکیەتی زۆر لەو قەوارەی ئێستایان بچووکتر دەبنەوەو گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان زۆر لەوە فراوانتر دەبیت و پێیەوە ئەجندایەکی سیاسی نوێ لە کوردستان خۆی بەدەر دەخا و ئەمەریکیەکانیش پێیەوە مورتاح دەبن .

ئەگەرێکیش هەیە و تا زەمەنێکی نەختێ دوور جێ ناکۆکەکان بکرێن بە هەرێمێک و بودجەی تایبەتی خۆشیان هەبێت و بە لاوازیش هەم بە هەرێم و هەم ناوەند ببەسترێنەوەو نەتەوە یەکگرتووەکانیش چاودێری ڕەوشەکەیان بکەن . ئەگەری شەڕی ناو خۆ و دوو هەرێمی و ئەگەری شەڕی حەشدی شەعبی لە گەڵ گەریلاو ئەم و ئەوی ترو ئەگەری هاتنە ناوەوەی هێزەکانی ئەمەریکی بۆ جێناکۆکەکان و بگرە هەرێمیش ، بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە لە دژی حەشدو ئەم و ئەوی تر ، هەمدیسان ئەگەرێکی کراوەیە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.