له باره‌ى پۆسته‌كه‌ى بارزانى
بارزانى، له پۆسته‌كه‌ى ده‌مێنێته‌وه، یاخود نا؟
سەرتیپ وەیسی
په‌ڕله‌مانى كوردستان، ره‌شنووسى پڕۆژه یاسایه‌كى ئاماده‌كردووه، وا بڕیاره له‌م هه‌فته‌یه‌دا خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌مى بۆبكات، به پێى ئه‌و ڕه‌شنووسه بارزانى؛ وه‌ك فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ى هه‌رێم ده‌مێنێته‌وه ( له مادده‌ى 13هى یاسایى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمدا هاتووه)، به‌رده‌وامیش ده‌بێ له پۆسته‌كه‌ى، به‌ڵام زۆربه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێم، كه له یاسایى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى ساڵى 2005 دا هاتووه ( له 20 مادده پێكهاتووه)، ده‌درێته هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت و په‌ڕله‌مان و ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى.
بارزانى، تاوه‌كو 8 مانگى تر له پۆسته‌كه‌ى ده‌مێنێته‌وه، هیچ جۆره وازنامهیهكیش پێشكه‌ش ناكات به ماناى وازهێنان، به‌ڵكو تاوه‌كو ڕۆژى كۆتایى هاتنى ماوه‌یى یاسایى ته‌مه‌نى په‌ڕله‌مان و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ( له 6 تشرینى دووه‌مى مانگى داهاتوو)؛ واته 10 رۆژى تر، له راگه‌یاندراوێكدا، به فه‌رمى بۆچوونى خۆى له باره‌ى پۆسته‌كه‌ى راده‌گه‌یه‌نێت، له‌و راگه‌یاندراوه‌دا ده‌ستبه‌ردارى به‌شێك له ده‌سه‌ڵاته‌كانى ده‌بێت و له رێگاى په‌ڕله‌مانیش ده‌سه‌ڵاته‌كانى دابه‌شده‌كرێت، به‌سه‌ر هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى تر‌ى هه‌رێم ( په‌ڕله‌مان و حكومه‌ت، ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى).
ئه‌و مادده یاسایانه‌ى بارزانى، ده‌ستبه‌ردارى ده‌بێت، بریتین له : واژووكردنى یاسا‌و بڕیاره‌كانى په‌ڕله‌مان و، فه‌رمانى هه‌ڵبژاردنى گشتى و، فه‌رمانى سزاى له سێداره‌دان و لێبوردنى گشتى و، جاڕدانى بارى نائاسایى و ، وازهێنان له واژووكردنى بڕیارى متمانه سه‌ندنه‌وه له سه‌رۆكى حكومه‌ت، یاخود وه‌زیرێكى حكومه‌ت ، دواى وه‌رگرتنه‌وه‌ى ڕه‌زامه‌ندى له‌لایه‌ن په‌ڕله‌مانى كوردستان و، دامه‌زراندنى دادوه‌ران و، سه‌رۆك و ئه‌ندامانى داواكارى گشى و، چه‌ند ده‌سه‌ڵاتێكى لاوه‌كى تر.
ههرلهوراگهیاندراوهدا، بارزانى، جارێكى تر ئاماده‌یى خۆى نیشانده‌دات له ده‌ستبه‌رداربوونى له پۆسته‌كه‌ى به‌شێوه‌یه‌كى یه‌كجارى، له دواى ته‌واوبوونى ته‌مه‌نى په‌ڕله‌مان و ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن، دواى 8 مانگى تر.
وابڕیاره له كۆبوونه‌وه‌ى سبه‌ى شه‌ممه ( ئه‌گه‌رى دواخستنى كۆبوونه‌وه‌كه هه‌یه، به‌هۆى دابه‌شنه‌كردنى به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنى په‌ڕله‌مان)، زۆربه‌ى زۆرى مادده‌كانى یاسایى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم به‌سه‌ر هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاتى ( دادوه‌رى و حكومه‌ت و په‌ڕله‌مان) دابه‌شبكرێت، به گوێره‌ى تایبه‌تمه‌ندى هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه، تاوه‌كو هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى هه‌رێمى كوردستان.
به كورتى و به كوردى جارێ بارزانى؛ وه‌ك فه‌رمانده‌ى هێزه چه‌كداره‌كان و مه‌رجه‌عێكى لایه‌نه سیاسییه‌كان ده‌مێنێته‌وه.