ڕیفراندۆمەکەی بارزانی چی لە دەستداین ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 473 جار بینراوە

پێشڕەو بابەشێخ

باشوری کوردستان ئەو بەشەی بە بەراورد بە پارچەکانی تری کوردستان , لە دوای ساڵی ١٩٩١ ەوە وەک بەشێکی ئازادو خاوەن سەربەخۆیی و دوور لە ژێردەستەیی و داگیرکاری بێگانە ئومێدی تاک بەتاکی کورد بوو لە گشت جیھان .
باشور شێوازێک لە حوکمڕانی سەربەخۆو ئازاد بەرامبەر بەدەرەوە , لەگەڵ ئەوەی بە درێژایی ٢٦ ساڵی ڕابردوو بۆ ژیان وخۆشگوزەرانی و دابینکردنی ئازادی و دیموکراسی بۆ زۆرینەی خەڵکی کوردستان سەرکەوتوو نەبووە , بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جێگای ئومێد بوە کە لە داھاتوو ببێ بە مایەی ھێنانی ئارامی و خۆشگوزەرانی و ببێ بە بنەمایەک بۆ دانانی بناغەی دەوڵەتداری لە بیرو زھنی تاکی کورد لە داھاتوو .

دان بەخۆدا گرتن و پشتیوانی ھەر تاکێک لە باشور لەھەر ھەڕەشەو مەترسیەک لەگەڵ ھەموو نەھامەتیەک کەبەسەری داھاتوە ئەمە دەردەخات کە تاکی کورد بە ئومێد بوە بۆ چاککردنی دۆخەکە و جێھێشتنی دەسەڵاتی حزبی و بنەماڵەیی و تاکە کەسی و بەفیڕۆدان و بەھەدەردانی سەروەت و سامانی میلەت .

ئەم ئومێدی گۆڕین و ھەنگاونان بەرەو پاشەڕۆژی باشتر و ھێنانە کایەی دەسەڵاتێک ببێتە مایەی ھێنانەدی ئاواتەکانی ھاوڵاتیان لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٩ بە شێوەیەک لە شێوەکان خۆی دەرخست و ڕەنگی دایەوە .
لەگەڵ زۆری ناڕەزاییەکان و داواکاریەکانی خەڵک بەڵام ئەم حکومەتەو حوکمڕانەکانی نەگۆڕیەوە بە بێگانە و ھیچ کات ئامادە نەبوە دۆخێک دروستبکات ببێتە ھۆی لەدەستدانی ئەم خۆبەڕێوەبەریەی بە خوێنی ھەزاران ڕۆڵەی کورد بەرھەم ھات . ئەم خۆبەڕێوەبەریەی بە تێپەڕکردنی دەیان کارەسات و کۆمەڵکوژی و قوربانی گەلی کورد بەدی ھات .

ئەوەی من مەبەستمە قسەی لەسەر بکەم ڕیفراندۆمەکەی بارزانی و ڕەگەڵ کەوتوەکانی و لێکەوتەوەو ئەنجام و دەرھاویشتەکانێتی لەسەر ھەنگاو نەنان بەرەو سەربەخۆیی و پاشەکشەکردنی باشور و گەڕانەوەیە بۆ ژێر دەسەڵاتی عێراقی عەرەبی .
ڕیفراندۆمەکەی بارزانی چی لەدەست داین ؟

یەکەم / ئەگەر باشور ئومێدێک بوبێت بۆ پارچەکانی تری کوردستان ئەوە بە گەڕانەوەی دەسەڵاتی ناوەند بۆ باشوری کوردستان بێ ئومێدی دێنێتە کایەوە . دەسەڵاتی ناوەند مامەڵە بە ھێزە شۆڕشگێڕەکانی پارچەکانی تر بەتایبەت باکور وخۆرھەڵات دەکات لە ھەر گفتوگۆیەکدا لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێی .

دووەم / خاڵە سنوریەکان کە لە پێشودا لەژێر دەسەڵات و ھەیمەنەی ھەرێم دا بوو بە گەڕانەوەی بۆ ژێر دەسەڵاتی ناوەند ھەم جۆرێک لە سەروەری و ھەم بەشێک لەداھات لەدەستی حکومەتی ھەرێم نامێنێت . کە ئەمە بە یەکێک لەو گورزانە دادەنرێت کەلە داھاتوی ھەرێم دراوە نەک تەنھا بۆ ئێستا .

سێ یەم / فڕۆکەخانەکان و کرانەوە بەڕوی دەرەوەدا یەکێک بوو لەو دەسکەوتانەی کاریگەرو گرنگ بوو , ئەمیش چ وەک داھات , چ وەک ئاماژەیەک بۆ نیشاندانی جۆرێک لەسەربەخۆیی و ئاسانکاری بۆ مامەڵەی ڕاستەوخۆی دونیای دەرەوە لەگەڵ ھەرێم .
بەلەدەستدانی فڕۆکەخانەکان و دوبارە گەڕانەوەیان بۆ ژێر دەسەڵاتی ناوەند لەدەستدانی ھەموو ئەمانە دێت و زیانی باشی بەداھاتوی ھەرێم گەیاند .

چوارەم / کۆمپانیاو گرێبەستە نەوتیەکان ھۆکارێک بوون کە جگە لە سودە ئابوریەکەی (لەکاتێک دا شەفاف بن و بە ئاگاداری پەرلەمان بێت) ھۆکارێکیش بوون بۆ پارێزگاری , چونکە ھەر وڵاتێک و ھەر کۆمپانیایەکی زەبەلاح لەدواجاردا لە ھەوڵی پاراستن و بەئارامی ھێشتنەوەی شوێنی کارو سەرمایەو پاراستنی بەرژەوەندیەکانیانن . بەڵام وەک دەبینین ئیتر ئەمە بۆ ھەرێم لە ڕابردوو دەمێنێتەوە و بۆ حکومەتی ناوەند دەبێت بەکارێک لە داھاتوو کاری لەسەر بکات .

پێنجەم / ناوی پێشمەرگە ناوێکی پیرۆزە و لە بیر و زھنی تاکی کورد قارەمان ورزگارکەر و پارێزەری نیشتمانە , ئەگەر چی حکومەت نەیتوانیوە بە نیشتمانی بکات و ژیانی پڕ سەروەریان بۆ دابین بکات , بەڵام ئەوەی دەیبینین و چاوەڕوان دەکرێت گەڕانەوەی پێشمەرگەیە بۆ ژێر دەسەڵات و فەرمانی حکومەتی ناوەند کە ئەمە جۆرێکە لە سڕینەوەی ناو و خەبات و مێژوی پارێزەرانی نیشتمان جا لە ژێر ناوی پاسەوانی سنور یا سەرباز یا ھەر ناوێکی تر کە شایستە نیە بە فیداکاری و خەباتی ناوی پیرۆزی پێشمەرگە .

شەشەم / ئەگەر پێشتر بۆ خزمەت و جیاوازی نەکردن لەنێوان پارێزگاکان داوای لامەرکەزی پارێزگاگان لە حکومەتی ھەرێم دەکرا , ئەوا ئەمڕۆ دەبێت داوای لامەرکەزی ھەرێم لە ناوەند بکرێت . ناو ھێنانی پارێزگاکانی ھەرێم لە بڕی ھەرێم لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە , خۆی لە خۆیدا ڕۆیشتنە بەرەو ھەڵوەشانەوە و دان پیانەنانی ناوەند بەو دەسەڵاتە خۆجێییەی ھەرێم و ئاماژەیەکە بۆ نەھێشتنی ئەم دەسەڵاتەی ھەرێم .

حەوتەم / ناوچە دابڕێنراوەکان و زیاتر لە ٥٠% خاکی کوردستان لە ژێر ئاڵاو حوکم و ھێزو فەرمانڕەوایەتی کوردبوو , وە بە کردار گەڕابونەوە بۆ باوەشی کوردستان . کەچی دوبارە خرانەوە ژێر ڕەحمەتی حکومەتی ناوەند و فەرمانڕەوایی عێراقی عەرەبی و گەڕانەوە بۆ ژێر ڕەحمەتی ماددەی ١٤٠ ی دەستور . ئەگەر کورد پێش ئەوە لەوپەڕی بەھێزی دەچوە نێو دانوستان , ئەوا ئێستا لە خاڵی سفر دایە بۆ گەڕانەوە و ناوھێنانی ئەم ناوچانە وەک خاکی کوردستان .

ھەشتەم / نوێنەرایەتی کردن و پەیوەندیەکانی ھەرێم لە ئاستی باڵاو دبلۆماسی بە جیھانی دەرەوەو خۆرئاوادا شێوەو پلەی جیاوازی بە خۆوە بینیبوو , بەڵام بۆ لەمەودوا و لە داھاتوو جۆرێک لە سنوردارکردنی پەیوەندیەکانی ھەرێم بە دەوڵەتانی دراوسێ و ھەرێمی و جیھانیش دێتە کایەوە .
لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتدارانی حکومەتی ھەرێم لە ٢٦ ساڵی ڕابردوو ئەزمونێکی تاڵ و پڕنەھامەتی و برسی کردن و پێشێلکردنی یاساو بەتاڵانبردنی سەروەتی میلەتیان پێشکەش کرد , لەگەڵ ئەوەشدا ھەر تاکێکی کورد خوازیاری گەڕانەوەو ژێردەستەیی و خۆبەدەستەوەدان بە حکومەتی ناوەند نەبوە و نیە . لەگەڵ ئەوەشدا خوازیاری گفتوگۆ کردن بوە لەگەڵ بەغداد , بۆ دەستخستنی ماف و پاڵپشتی زیاتر بۆ ئەوەی لە داھاتوو ببێ بە ھەوێنی سەربەخۆیی , نەک بەرگری نەکردن و خۆبەدەستەوەدان و تەسلیمبون و دەست بەسەرداگرتنی یەکجارەکی لە لایەن ناوەند و گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر .
ئەوەی ڕون و ئاشکرایە ھۆکاری ھەموو ئەمانە ئەم ڕیفراندۆمە بوو کە لە بڕیارێکی شەخسی مەسعود بارزانی بوو بە بڕیار و بانگەشەی چەند حزبێک . لەدواجاریش دا گوێ نەگرتن و پاشگەزنەبونەوە لە بڕیاری ھەڵە , بوە ھۆی زیانگەیاندن بە کۆی تاک و خاک و نیشتمان و ئەزمون و لەدەستدانی خەونی لە مێژینەی گەلەکەمان و سوتاندنی گەورەترین کارتی فشاری گەلی کورد لە باشور .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.