ژەھری خیانەت و ھەژاری ئەقلی سیاسی حیزبی کوردی!

لەلایەن ستاندار Posted on 659 جار بینراوە

گەشتیار مەحمود

ئەگەر لەسەربنەمای تیۆری کاریگەری فیکری سیاسی وردبینەوە لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، ئەو مه‌مله‌كه‌ته‌ی لەلایەن بەریتانیا داگیركراو دواتر له‌ژێرده‌ستیه‌وه‌ بوه‌ هه‌ڵگری مه‌شخه‌لی زلهێزترین ووڵاتی جیهان، لەگه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ ریزبه‌ندی به‌هێزترین ووڵاتانی دونیادا ھەرله‌ پله‌ی یه‌كه‌م ماوەتەوە، كه‌چی به‌ریتانیای جاران ئێستا لە‌ پله‌ی دووه‌م داتەپی. توێژەران دەریدەخەن نھێنی ئەوڕۆژگارەی ئەمریکای لەژێرچەپۆکی داگیرکاری رزگارکرد و ئەمرکایەکانی گەیاند بەپێشەنگی جیھان تەنھا بەکارخستنی کاریگەری ئەقلی سیاسی، پەروەردەی، ئابوری، بەرگری بۆ خۆشگوزەرانی یە…

بۆیە ھەرگەلێک دوچاری نەخۆشی پەتای ھەژاری ئەقل وفیکری سیاسی بوو باجەکەی ھەرپوکانەوەو ھەرەسھێنانی حوکمڕانی دەبێت. لەئاکامدا سەرگەردانی و سەرلێشێوان وەک لێکەوت وپەرچەکرداری ھەنگاوەچەوتەسیاسیەکان بەسەر گەلی ڕەشوڕوت دەشکێتەوە. بۆیە ھاناوپەناگا بۆ وەرگرتنی چارەسەری ئەم داروخانە ھاتنی لیژنەی خەمخۆری مرۆیی لەھەسارەی مەریخ نیە! تا چاکسازی ڕیشەیی ئەقلی سیاسی بکات، و گەلی چەوساوە لەژێر باری میحنەتی داڕمانی ئەقلی ڕابەرایەتی نەتەوەکەی ڕزگاربکات، بەڵکو تەکانی ئەقل و گۆڕینی تەوژمی فیکری سیاسی ئەتوانێ ئەوئامانجە بپکێ.

ھەروەک چۆن ھەندێک لە گەلانی ژێردەستەی ووڵاتانی جیھان لەپێناو دابینکردن ژیانێکی شایستە و شکۆمەندانە بۆ ھاونیشتیمانیەکانیان و مسۆگەرکردنی پاشەڕۆژێکی شاھانەیی بۆ نەوەکانیان ئەقلی سیاسی سەرکردەکانیان بۆگەیشتن بەم خەونە لەپێشبڕکێدان. دیارترینیان وەک ھەرێمی کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا. ئەگەر بەچاوی وردبینی بروانینە ھۆکاری ویست و ئیرادەی ھەرێمی کەتەلۆنیا بۆ سەربەخۆی، وەک نموونە وەگرین بەبەراورد لەگەڵ ھەرێمی کوردستان. ئەوا دەبێت لەپەیوەندی نێوان ویستی سەربەخۆی و ویستی گێڕانەوەی سامانی گشتی بۆ خۆشبژێوی تێبگەین. چونکە لەم سەردەمەدا، ئیرادە و ویستی گەل بۆ سەربەخۆی لەپێناو ژیانی شکۆمەندی و خۆشگوزەرانی یە، بۆیە گرەوی بیرۆکەی خاوەنداریەتی نیشتیمان وخۆبەڕێوەبەری ودروستکردنی دەوڵەت و ئامانجی سەربەخۆی وەک ئامراز و دەرمان بۆ سارێژی برینی نادادیی کۆمەڵایەتی و چارەسەری دەردی ژیانی کولەمەرگی بەکاردێت.

لەدیدی لێکۆلەرەوەکاندا، بۆ دەستنیشانکردنی بەھێزترین ھۆکاری پاڵنەروگڕوتینی خەڵکی کەتەلۆنی بۆ سەربەخۆی ئاماژە بە ململانێی گێڕانەوەی داھات بۆ ھەرێمی کەتەلۆنیا کراوە، چونکە ھەرێمەکە دەوڵەمنترین و پڕداھاترین ناوچەیە لەسەر ئاستی وڵاتی ئیسپانیا، لەبواری پیشەسازی و گەشتوگوزاری ئەمەش وایکردوە حکومەتی ناوەندی ئیسپانیا وەک گەنجینەی ووڵات لێی بڕوانێت و پشت بەسامانی ھەرێمەکەیی ببەستێ تا سەرجەم ھاوڵاتیانی لە خێروبێرەکەیی سودمەندبکات. واتە خەڵکی کەتەلۆنی باجی ٢٠ لەسەد دەنێرێن بۆ حکومەتی ناوەند کەچی لەم ڕێژەیە تەنھا ١٥ لەسەد بۆ خزمەتگوزاری و خۆشبژێوی بۆ ھەرێمەکە دەگەڕێنرێتەوە، واتە ٥ لەسەدیی داھات و خێروبێری ھەرێمەکە لەلایەن حکومەتی ناوەند گلدەدرێتەوە. سەرەڕای ئەوەی ھەرێمی کەتەلۆنیا بەھۆی گەشەسەندنی پیشەسازی بەناوەندی کاروپیشەوەرانی سەرجەم ھاوڵاتیانی وڵاتی ئیسپانیا دادەنرێت.

ئایا ھەرێمی کوردستان لەماوەی تەمەنی خۆبەڕێوەبەری، ھاوکێشەی ململانێی گرفتی سیاسی لەگەڵ حکومەتی ناوەند لەکوێ ڕەنگیداوەتەوە؟ گرێکوێرەی گرفتەکان دەرھاوێشتەی ھەنگاونانی ویستی سەربەخۆی بوو یاخود ڕیشەی كێشەکان شکستی سیاسەتی پلانی ئابووری ھەرێم لەپاڵ شەڕی گلدانەوەی سامانی نەوت وباجی گومرگەکان بوو ؟ گومان لەوەدانیە، مێژووی نەتەوەی کورد گەواھیدەری ئەوڕاستیەن، کە نەتەوەی کورد ھێندە تینووی سەربەخۆی یە کەبەری داری ئازادی ئەم گەلە ڕەنگی خوێنی ڕژاوی شەھیدەکانی گرتوە. بەجۆرێک، بستێ زه‌وی ئه‌م جیهانه‌ نه‌ماوه‌ كه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد بانگەوازی سەربەخۆی تێدا نه‌خوێندرابێت، لاپه‌ڕه‌ی زمانحالی هیچ وڵاتێك نیه‌ لەپێناو سەربەخۆی هه‌واڵی جه‌رگبڕی ئه‌م نه‌ته‌وه‌ سته‌مدیده‌ی تێدا نه‌نوسرابێت، بڵنگۆی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك نیه لەپای ئاڵایەک لەبێ ووڵاتیدا‌ ئاوازی میحنه‌تی و نه‌هامه‌تی ئه‌و گه‌له‌به‌شخوراوه‌ی تێدا نه‌وترابێت.

بۆیە لەم سەردەمەدا، کلیلی سەربەخۆی بەدەنگی زگی برسی یەکان و ھاواری گەروی ووشکی چەوساوەکان ناتوانرێ گوێ ی ھەموو دونیا لەسڕکردن بەئاگا بێنی ی کاتێک چینی سەرمایەدار پەیەکانی تەلاری کۆشکی ژیانی شاھانەی لەسەر قوتی ژیانی زیندەمەرگی چینی چەوساوە بونیادنابێ. نەک حکومەتی ناوەند سامان و داھات و قوتی خەلکی ھەرێمەکەی گلدابێتەوە. ئیتر ئەوکاتە بێگومان داوای مافی گەل بە دروشمی دادپەروەری و گێڕانەوەی سامانی گەل ئاپۆڕای جەماوەر بۆ گەیشتن بە خەون و ئیرادە و خواستی سەربەخۆی ھەرگیز ئاکامەکەی بەمردووی لەدایک نەدەبوو.

بۆیە، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ،ویستی سەربەخۆی و ھەبوونی دەوڵەت لەسەر بنەمای گێڕانەوەی خێروبێرو داھاتی ھەرێمە زەنگینەکانە لەچنگی حکومەتی ناوەند، بێگومان ئەم ویستەش لە نەتەوەیەکەوە بۆ نەتەوەیەکی تر لەسەر ئاستی ھۆشیاری ھاونیشتیمانیان دەوەستێ. چونکە ھەرکاتێک داواکاری سەربەخۆی ھەرنەتەوەیەک لەھەرێمەکەیدا دروشمی بانگەشەکەی بۆ دادپەروەریی و گێڕاندنەوەی سەروەت وسامانی گلدراوەبوو بێگومان لەگەڵ ھەڵاتنی خۆری سەربەخۆی و درەوشانەوەی پڕشنگی ڕووناکیەکەی ئیتر تاریکی کەلاوەی ھەژارەکانیش ماڵئاویی دەکات. بەڵام کەھەرێمێک گشت داھاتی ھەرێمەکەی بۆ ژیانی شاھانەیی سەردارانی فەرمانڕەواو سەرکارانی سیاسی حوکمڕان بەکاربردبێ و ڕەشوڕوتیش ژیانی ژەھری ماربێت، تۆبڵێ ی گرەوی ریفراندۆم و سەربەخۆی چ قەدەرێک بۆنەتەوەکەی و چ قورێک بۆ نەوەکەی بگرێتەوە؟!

کاتێک ھەرێمێک ھەموو سامانی ئاسمان و ئابووری ژێرخان و سەرخانی نەتەوەکەی لەدەستێکی ڕەش شاردەوە! ئیتر تەمای چی لەسەر خواست و ئیرادەی سەربەخۆی ھەڵەچنرێ؟! وەختێک ھەنگاوی ڕیفراندۆم لەسەر بنەمایەی بەڵێنی خۆشگوزەرانی و شکاندنی بتی شاھانەیی و شەقبردنی نادادیی کۆمەڵایەتی و ڕیشەکێشکردنی ژەھری ئەژدھایی دەسەڵات و ھەژاندنی عەرشی بخۆرانی حوکمڕانی نەبووبێت… ئەبێ ئەم جۆرە (ڕیفراندۆم)ە بەچ زمانێک و بە چ ڕووێک بکرێتە كارتی ترسێنەری ڕکابەری حکومەتی ناوەند؟!

ھەرێمێک خاوەنی خاکی پڕخێروبەرەکەت بێ، دوای چارەکەسەدەیەک لە ڕەھای دەسەڵاتی بوژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ، بەرنامەی گەشەسەندنی بواری بەروبومی خۆرەکی خۆماڵی نەبوبێ! تاوەکو ببێتە سەرچاوەی داھات و ھاوڵاتی پشتی پێببەستێ ، ئاستی وەبەرھێنانی بەروبوومی کشتوکاڵی وێرانەبێت! ئیتر چۆن ئەم ھەرێمە دەتوانێ بەفشاری ڕاگرتنی ھەناردەی بەرھەمی کشتوکاڵ، حکومەتی ناوەوند تووشی قەیرانی خۆراک و برسیەتی بکات؟!

ھەرێمێک خاوەنی پشکی گەورەی داھاتی گشتی بێ، دوای پشتبەستنی ساڵانێکی زۆر لەبوجەی زەبەلاحی ناردراو لەلایەن حکومەتی ناوەند، بەرنامەی دامەزراندنی کارگە و گەشەسەندنی بواری پیشەسازی نەبوبێ، تاکو ببێتە مەیدانی کار بۆ پیشەوەران و ھاوڵاتی کاری دەستکەوێت، ببێتە ناوەندی کار بۆکورد بەتایبەتی و بۆ عەرەب بەگشتی ، ئیتر چۆن ئەم ھەرێمە دەتوانێ بەفشاری پێنەدانی کار بۆ ھاوڵاتیانی عەرەب، حکومەتی ناوەند ھەڵتەکێنێ و توشی سکاڵای شەپۆڵی خۆپیشاندانی شەقامی عەرەبی بکات؟!

ھەرێمێک خاونداریەتی تەواوی سەروەت وسامانی ئاسمان و زەوی یەکەی بووبێ، ئامادەنەبێ پەردە لەسەر ڕووی گوماناوی سیاسەتی ھەناردەی بەرھەمی زێڕی ڕەشی لابدات! حوکمڕانیەکی شایستەی بۆ گەلەکەی بەرجەستەنەکردبێ! ژیانی شاھانە یی بۆگەلەگورگ و ژەھریماریش بۆڕەشوڕوت بێ. ئیتر چۆن ئەم ھەرێمەدەتوانێ بە فشاری دەنگی ناڕازایی وخۆپیشاندانی جەماوەری بۆ بەرگری لەسیاسەتی خۆشبژێوی گەلەکەی، حکومەتی ناوەند ناچاری دەستبەرداری گلدانەوەی داھاتەکەی بکات؟!

ھەرێمێک خاوەنی ڕوبارێک خوێن و دونیایەک قوربانی ڕێی ئازادی بێ، دوای تەمەنێک لەحوکمی خۆماڵی ھەڵبژێردراوی ناوھەناوی گەل، دەست ھەڵنەگرێ لەکوشتنی دەنگی ئازا و لولەی تفەنگ و شەق وتێھەڵدان وەڵامی قەڵەمی ئازاوبوێربێ! ئیتر ، ئەم جۆرە ھەرێمە چۆن ئەتوانێت ببێتە تاجی شکۆمەندی سەری ھاونیشتیمانیەکانی و ببێتە سەنگی مەحەکی پاراستنی کەرامەتی ھاولاتیەکانی و ببێتە مینبەری دەنگ وڕەنگی دیموکراسی بۆتەواوی گەلانی ئیراق تا تیشکی خۆری ئازادی ئەم ھەرێمە، حکومەتی ناوەندەکەی لە نغرۆی تاریکی ڕزگاربکات؟!

ھەرێمێک دوای تەمەنێک لە ئەزموونی ژەھراوی تاڵی شەڕی براکوژی نەیتوانیبێ ھێزی چەکداری حیزب و گروپی بازرگانی سیاسی لەژێر سێبەری ھێزێکی یەکگرتووی نیشتیمانی ڕێکخات. ئیتر ئەم ھرێمە چۆن ئەتوانێ لەھەر ئەگەرێک سیحری دەستی دەرەکی بەتاڵکاتەوە و ژەھری خیانەتی خۆکوژی نەخواتەوە ، بۆیە پاساوی خیانەتی نیشتیمانی زادەی لاوازی ئەقلی سیاسیە بۆ پەردەپۆش وپەرچەمی شکستەکانە بۆخۆدزینەوەو نەکردنی داوای لێبوردنە لەئاست ھەژاری ئەقل و فیکری سیاسی.

ئاشکرایە لەم بارودۆخەھەستیارەدا، پێگەی کورد لەوڵاتی عیراق لەمەترسی دایە، بەجۆرێک حکومەتی ناوەند لاھەموو ڕوێکەوە کاربۆ زیاتر ملکەچکردنی ھەرێم دەکات تاجارێکیتر نەتوانێت ھەستێتەوە سەرپێی خۆی. ئەمەش لەلایەک باجی سەرەنجامی ھەژاری ئەدەبیاتی سیاسی حیزبی کوردیە کەوایکرد خەڵکی ھەرێم چاولەدەستی حکومەتی ناوەندبێت وھیچ ھیوایەکی نەمێنێ کە ئەم سیاسەتە بتوانێ جێگای متمانەوتروسکایەک ھیوابێت. چونکە بیرەنەوتەکان بەدەستی بازرگانی سیاسی بوون بە چالی سێگۆشەی بەرمۆدە ھەموو شتێکی حەپەلوشکرد و دوایش بۆ مژدانەی کیانی سەربەخۆی ئابوری و خۆبەڕێوەبەری ئەوەبوو کە وەزیری سامانی نەوت ووتی (تابەم مەسارە بڕۆین موچەی فەرمانبەران چارەسەرنابێت)! تاوایلێھات گەل بەوھۆیەوە دوچاری گێژاوی سەرگەردانی سیاسی و پەڕاگرندەیی کرایەوەو دەستەوسان وداماوکرا. ئێستاش لەجیاتی چارەسەری دۆخەکە، ھێزەکوردیەکان لەھەوڵی تۆمەتبەخشین و تۆمەتبارکردنی یەکترن ئەمەش سەلمێنەری ئەوڕاستیەن کە ئەم مەملەکەتە وێرانەیە ھێشتا لەقۆناخی شاخ دان و حوکمدار و کوێخای لادێیەکی بێ دام ودەزگای نیشتیمانی بەگژیەکتردادەچنەوە وەک ئەوەی دادگایەک نەبێت تا تۆمەت و خیانەتکاران راسپاردەبکەن چونکە ھەموو مێژووی ئەمانە پڕەلەخالی رەش و بەکەلتوری نۆکەری بێگانە گۆشدراون وھەموو جەستەی حیزبی کوردی بارگاوی خیانەتی نیشتیمانی یە.

ئەم دەستە کۆنەی حکومەتی ھەرێمیش پێ ئەنێتە شکستێکی گەورەتر کاتێک تەنھا ڕۆلی پارستنی بەرژەوەندی حیزبی بینیووە نەک چارەسەری بژێوی ژیانی ڕوشوڕوت. چونکە لەھەر ئەگەرێکی کۆتای تەمەنی حکومەتی ھەرێم، دوورنیە حکومەتی ناوەند ئۆباڵی قەرزو بەھەدەردانی سامانی نەوت بخاتە ئەستۆی بازگانی حیزبی کوردی و ڕوبەروی دادگای فیدرالی بەغدا بکرێنەوە بۆیە مانەوەی حکومەت بەم دەستەکۆنە بەرگری کردنە لەچونەبەردەم دادگا و ھەڵدانەوەی مەلەفی گلدانەوەی سەرچاوەی داھاتی ناوخۆیە لەدەستێکی ڕەش.

بۆئەوەی کورد لەم بارودۆخە ناھەموارە ڕزگاربێت و ئەم نیگەرانیە بڕەوێنرێتەوە پێویستە بەزووترین کات ھەڵبژاردنێکی بەپەلە ئەنجام بدرێت تاوەکو ئەوچارەڕەشیەی کوردتێیکەوتوە دەربازبێت و بتوانێت دەسکاری وێنەی سیاسی کورد بکرێت و ئەم بۆشای یە سیاسیە پڕبکرێتەوە بەگڕوتینێکی بەھێز بەرگری لەمافی کورد بکرێت و لەبەردەم سڕینەوە و تێکشکانی ھیبەتی کورد بوەستنەوە وببن بەقەڵغان و داکۆکیکاری سەرسەخت تاوەکو حکومەتێکی نوێ بەلۆژیکێکی مەنتقی لەگەڵ حکومەتی ناوەند ڕێکەوتنێک لەدایکبێت کەمترین زیانی لێکەوتەی ھەنگاوەکانی ڕابردووی سیاسەتی شکستخواردو لەخۆبگرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.