بەیاننامەیەک لە دەزگای ستاندەر

لەلایەن ستاندار Posted on 291 جار بینراوە

ستاندەر

دوای ئەوەی چەند حزبێکی باشوری کوردستان هەستان بە ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم لە کات و ساتێکی نەگونجاو، ئێستاکە کەوتونەتە سازش کردن لەسەر پرۆسەکە، لە ماوەی ڕابردودا هەستان بە سڕکردنی ئەنجامی ریفراندۆمەکە بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕای گەل یان تەنانەت بۆ پەرلەمانی کوردستانیش.

ئەوڕۆ حکومەتی هەرێم هەستا بە هەنگاوێکی مەترسیدار و پێشوازی کرد لە (بڕیاری دادگای فیدڕالی) سەبارەت بە (دەستورییەت و شەرعیەتی یەکپارچەیی خاکی عێراق، بەناشەرعیەتکردنی جیابونەوە لێی)

بەتێگەیشتنی حکومەتی هەرێم ئەو هەنگاوە پەیامێکە بۆ بەغدا کە بریتیە لە هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم، بەڵام ئەو کارە سازشێکی زۆر زیاترە لەوە و هەمو تەقەلایەکی مافی چارەنوس لە داهاتودا لە گۆڕدەنێت، کە پشتئەستورە بە کۆمەڵێک یاسا و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتیەکان، لەوانە:

١. مادەی ٦٤ لە پەیمانی سیڤەر.

٢. ١٠ بەڵێننامەکەی عیراق بۆ عوسبەت ئەلئومەم بەتایبەتی بەڵێننامەی ژمارە ٩ و ١٠.

٣. ڕاسپاردەکانی راپۆرتی ویلایەتی موسڵ.

٤. مادەی ١ و مادەی ٥٥ی میساقی نەتەوە یەکگرتوەکان.

٥. هەردو عەهدی نێودەولەتی ساڵی ١٩٦٦ کە عیراق خۆیشی مۆری لەسەرکردوە لە بەرواری ٢٥/١/١٩٧١

٦. بریاری ١٥١٤ی مافی میللەتان، هەروەها بڕگەی ٢ی مادەی ١ی کۆنگرەی ڤیەنای ٢٥/٧/١٩٩٣

لەگەڵ زۆر بڕیار و راسپاردە و بەڵگەنامەی دیکە کە پاڵپشتە بۆ مافی چارەنوسی گەلی باشوری کوردستان، تەنانەت عیراقیش ناتوانێت نکۆڵی لەو خاڵانەدا بکات، بۆیە حکومەتی هەرێم و حزبەکانی ریفراندۆم ئەگەر پرۆسەی ریفراندۆم هەڕاج دەکەن، بەڵام نابێ نزیکی هەندێک بنەمای سوری مافی چارەنوسی گەلی کوردستان بکەن کە مولکی گشتیە.

ئێمە لیرەدا داوادەکەین حکومەتی هەرێم بەخێرایی پەشیمان ببێتەوە و داوا لە هەمو لایەن و پسپۆرانی کوردستان دەکەین بێنە دەنگ لەم بابەتە.

دەزگای ستاندەر ١٤ تشرینی دوەمی ٢٠١٧

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.