ڕیفراندۆمی سەربەخۆی و دادگای دەستوری کامیان دەستوری نین

لەلایەن ستاندار Posted on 423 جار بینراوە

*دکتۆر دلێر سابیر خۆشناو
تێبینی ئەم بابەتە لە سێ بەش پێکھاتووە

بەشی یەکەم:
دوا بە دوای دەرچونی بڕیاری دادگای فێدرالی باڵا عێراقی –کە لە داھاتوو بە دادگای فێدرالی ناوی دەبەین- ژمارە (٨٩ و ٩١ و ٩٢ و ٩٣) لە ٢٠/١١/٢٠١٧ سەبارەت بە دەستوری نەبوونی ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان و ناوچە کێشە لەسەرەکان، ڕاوبۆچونی جیاوازی بەدوای خۆیدا ھێنا، تەنانەت ھەندێ لە ڕایەکان گومانی خستە سەر دەستوری نەبوونی خودی دادگایەکە. بۆیە بە پێویستمان زانی شیکردنەوەیەکی وردی یاسایی ئەم بڕیارە بکەین وە لە ڕیگەی ئەوەوە تیشک بخەینە سەر گرفتەکانی تری ھەنوکەیی.
لە پێشدا بابەتەکە وا دەخوازێت کە باس لە چەند ڕوێکی دادگای فێدڕالی بکەین بۆ ئەوەی ببێتە بەرچاو روونیەک بۆ خوێنەری ئەزیزی بابەتەکە و لایەنی کەم یاسا سەروەری بپارێزرێت کە پێویستە ئامانجی ھەموو یاساناسێک بێت.

یەکەم/ مێژووی دادگای دەستوری لە عێراقدا:
ھەڵبەتە عێراق بە یەکەمین وڵاتی عەرەبی ھەژمار دەکرێت کە توانیویەتی شەرعیەتی دەستوری ببخشێتە دادگای دەستوری ئەویش لە ڕێگەی یەکەم دەستوری عێراقی کە ساڵی ١٩٢٥ دەرچوو و دادگایەکی دامەزراند بە نێوی دادگای باڵا، کە لە نێو پسپۆریەتیەکانی تایبەتمەند بوو بە چاودێریکردنی دەستوریەتی یاساکان و ڕاڤەکردنی دەستور ھەروەکو چۆن لە ماددەی (٨١) ئەم دەستورە ھاتووە. بەڵام گرفتی ئەم دادگایە لەوەدابووە کە کەمترین بڕیاری دەرکردووە کە لە پەنجەکانی دەست رەتنادات.
دوای ڕوخانی ڕژێمی پاشایەتی و ھاتنی رژێمی کۆماری لە ساڵی ١٩٥٨ بۆ نزیکەی دە ساڵ عێراق بێ بەش بوو لە دادگایەک کە چاودێری دەستوری بوونی یاساکان بکات ئەمەش گرفتێک بوو کە حوکمڕانەکانی ئەو کات بتوانن بە ویستی خۆیان یاسا دەربکەن و مۆرکی شۆڕشگێریەتی لێبدەن.
بۆ جارێکی تر دادگای دەستوری لە ژێر سێبەری بنەماکانی دەستوری کاتی ساڵی ١٩٦٨ بەدیار کەوتەوە ئەمجارەیان بەنێوی دادگای دەستوری باڵا، وە یاسای تایبەتی بۆ دەرچوو بەڵام دادگاکە بێ دەمەزراندن و بڕیاردان کۆتای پێھات بە لەدایکبوونی دەستوری کاتی ساڵی ١٩٧٠.
دەستوری نوێ ی ساڵی ١٩٧٠ بە یەکێک لە درێژترین دەستورەکانی عێراقی ھەژمار دەکرێت لە رووی ماوەی کارکردن پێ ی کە تاوەکو ساڵی ٢٠٠٣ بەردەوامبوو، بەڵام ئەویش بنەماکانی بێبەش بوو لە دامەزراندنی دادگایەکی دەستوری، بەڵکو بگرە تەنانەت دەسەڵاتی دادوەری وەکو بەشێک لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن ھەژماردەکرا.
دوای دەرچوونی دەستوری ساڵی ٢٠٠٤ کە بە “یاسایی ئیدارەدانی دەولەت بۆ قۆناغی ڕاگواستن” ناونرابوو، توانی دوو گۆڕانکاری گرنگ لە سیستەمی وڵات بکات ئەویش یەکەمیان عێراقی لە وڵاتێکی مەرکەزییەوە کردە وڵاتێکی فێدڕالی و ھەرێمی کوردستانیش بووە بەشێک لەم سیستەمە نوێ یە. دووەمیش دامەزراندنی دادگای باڵای فێدرالی بوو وە کردنی بە بەرزترین دادگا لە سیستەمی دادگاکانی عێراقی، بەمەش سەرۆکەکەی بوو بە سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری باڵا. ھەر بە مەبەستی ڕایکردنی کارەکانی دادگای فێدڕالی بە بڕیار بە یاسایەک “القرار بقانون” یاسای ژمارە (٣٠) ی ساڵی ٢٠٠٥ بۆ ئەم دادگایە دەرچوو، وە تاوەکو ئێستا بەرکارە.
دوا بەدوای دەرچوونی دەستوری ھەمیشەیی عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ دووبارە شەرعیەتی دەستوری درایەوە بە دادگای فێدڕالی (م ٩٢/ یەکەم) بە ھەندێ گۆڕانکاری لە پسپۆڕیەتی و ئەندامیەتی و شێوازی کارکردنی ئەم دادگایە کە یاسایەک پێویستە ڕێکی بخات کە دوو لەسەر سێ ئەندمانی پەرلەمان – نەک ئامادەبووان- دەنگی بۆ بدەن (م٩٢/ دووەم)، بەڵام لەبەر ڕێکنەکەوتنی لایەنەکانی نێو پەرلەمانی عێراقی نەتوانراوە تاوەکو ئیستا بەرگێکی دەستوری بۆ بکەن کە کۆک بێت لەگەڵ بنەماکانی دەستوری ٢٠٠٥، بۆیە تاوەکو ئێستاش یاسای ژمارە (٣٠) ی ساڵی ٢٠٠٥ بەرکارە سەرەڕای بوونی کەموکوڕی تیایدا.
دووەم/ پسپۆڕیەکانی دادگای فێدڕالی:
دادگای فێدرالی عێراقی و سەرجەم دادگا دەستوریەکانی جیھان بۆ مەبەستێکی سەرەکی دامەزراون کە ئەویش چاودێریکردنی دەستوریبوونی یاساکانن، بەڵام لەپاڵ ئەمە چەند پسپۆریەکی تری خراوەتە پاڵ کە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە.
لە دەستوری ساڵی ٢٠٠٥ وە بە دیاریکراوی لە ماددەی (٩٣) دا ھاتووە کە دادگای فێدڕاڵی باڵا تایبەتمەند بەم پسپۆریەتیانەی خوارەوە:
١- چاودێریکردنی دەستوریەتی یاسا و سیستەمە بەرکارەکان.
٢- ڕاڤەکردنی دەقەکانی دەستور .
٣- یەکلایکردنەوەی ئەو کێشانەی کە لە دەرئەنجامی جێبەجێ کردنی یاساکانی فێدڕال و بڕیارەکان و سیستەمەکان و ڕێنمایەکان و ڕێکارەکانی دەرچوو لە لایەن دەسەڵاتی فێدڕالیەوە سەرھەڵدەدەن، وە یاسا دەستەبەری دەکات بۆ تانەدانی ڕاستەوخۆ لەبەردەم دادگا بۆ ئەنجومەنی وەزیران و لایەنی پەیوەند لە کەسەکان و ئەوانی تر.
٤- یەکلایکردنەوەی ناکۆکیەکان کە لە نێوان حکومەتی فێدڕال و حکومەتی ھەرێمەکان و پارێزگایەکان و شارەوانیەکان و کارگێڕیە ناوەخۆیەکان بەرپادەبن.
٥- یەکلایکردنەوەی ناکۆکیەکان کە لە نێوان حکومەتی ھەرێمەکان یاخود پارێزگایەکان بەرپادەبن.
٦- یەکلایکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەکان دەکرێت، ئەمەش بە یاسا ڕێکدەخرێت.
٧- پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی گشتی بۆ ئەندامیەتی ئەنجومەنی نوێنەران.
٨- ڕ- یەکلایکردنەوەی کێشەی پسپۆڕیەتی نێوان دادگاکانی فێدڕالی و دەستە دادوەریەکانی ھەرێم و پارێزگایەکانی ڕێکنەخراو لە ھەرێمدا. ب- یەکلایکردنەوەی تایبەتمەندی لە نێوان دەستەی دادوەری ھەرێمەکان یاخود پارێزگایەکانی ڕێکنەخراو لە ھەرێمدا .
جگە لەمانەی سەرەوە دادگای فێدڕالی ھەڵدەستێت بە سەیرکردنی ئەو تانانەی کە ئاراستەی ڕاستی ئەندامیەتی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت، ئەمیش بە پاڵپشت بە ماددەی (٥٢) ی دەستور. وە موشەرعی دەستوری ڕێگەی بە پەرلەمان داوە پسپۆڕیەتی تر بۆ دادگای فێدڕالی دیاری بکات (م ٩٢/ دووەم) .
لە دەرئەنجامی ئەم خاڵانەی سەرەوە ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبێت کە پێویستە پسپۆریەکانی ئەم دادگایە لە یاسایەکدا ڕێکبخرێت ھەروەکو چۆن لە ماددەی (٩٢/دووەم) ئاماژەی بۆ کراوە، ئەویش بۆ دوو ئامانج: یەکەمیان بە ئامانجی جێبەجێ کردنی بنەماکانی ھاتوو لە دەستوری ٢٠٠٥. ئەوەی دووەمیان بۆ کۆکبوونی پسپۆڕیەکانی ئەم دادگایەیە لەگەل دەستوردا.
سێیەم/ دادگای فێدڕالی و گرفتی دەستوری نەبوونی:
پێکھاتەی دادگای فێدڕالی گرفتی دەستوری مەزنی ھەیە، کە خۆی دەبینێتەوە لەو گۆڕانکاریەی کە بەسەری ھاتووە لە جۆری پێکھاتەی ئەندامەکانی و شێوازی دیاریکردنیان و پسپۆڕیەتی و شێوازی دەرکردنی یاسایەکەی و تەنانەت لە ھێز و شوێنەواری بڕیارەکانی ئەم دادگایە، ھۆکاری سستی ھەنگاو نان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کەموکوڕیانە دەگەڕێتەوە بۆ خودی دەستور خۆی کە بە ماددەی (١٣٠) ڕێگەی داوە یاساکانی بەرکار وەکو خۆی کاری پێبکرێت ئەگەر ھەڵنەوەشێتەوە یاخود ھەموار نەکرێت بەپێ ی ئەحکامەکانی دەستوری ساڵی ٢٠٠٥.
ئەمەی سەرەوەش شەرعیەتدانێکی دەستورییە بە بەرکاربوونی یاسای دادگای فێدڕالی ژمارە (٣٠) ی ساڵی ٢٠٠٥ کە پێش دەرچوونی دەستوری ئێستا کارپێکراو بووە، وە تەنانەت دوای دوانزە ساڵیش یەک مادەی لێ ھەموارنەکراوەتەوە.
بەڵام ئەگەر بە ووردی سەیری بڕگەی دووەم لە ماددەی (١٣) ە می دەستور بکەین دەبینین کە جەخت لەوە دەکاتەوە کە “نابێت ھیچ یاسایەک دەربکرێت کە ناکۆک بێت لەگەل ئەم دەستورە، وە بە ناڕەوا دادەنرێت ھەر دەقێک کە ھاتبێت لە دەستوری ھەرێمەکان یان ھەر دەقێکی یاسای تر کە ناکۆک بێت لەگەڵی”.
لێرەدا “ھەر دەقێکی یاسای تر” بە ڕەھای ھاتووە واتە چ یاسای فێدڕالی بێت یاخود ھەرێمەکان، بۆیە ئەمە لەسەر یاسای دادگای فێدڕالیش جێبەجێ دەبێت بەڵام بە مەرجێک ھەردوو بنەمایەکە ھاتبن لە دەستور و یاسای دادگا.
بە بڕوابوون بەم بۆچونەی سەرەوە بۆمان رووندەبێتەوە کە پێکھاتەی ئێستای دادگای فێدڕال کە لە ماددەی (٩٢/دووەم) ھاتووە تەواو جیایە لەو پێکھاتەیەی کە ئێستا بڕیارەکانی دادگا دەردەکەن کە بێگومان پێکھاتەیەکە بە گوێرەی یاسای دادگا ژمارە (٣٠) ی ساڵی ٢٠٠٥ کە سەرجەم ئەندامەکانی دادوەرن بەڵام دەستوری ئێستا جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت ئەندامانی ئەم دادگایە پێکھاتبن لە دادوەر و شارەزای فیقھی ئیسلامی و شارەزایانی بواری یاسا (م ٣)، ھەر بۆیە پێکھاتەی دادگای فێدڕالی پێکھاتەیەکی نا دەستورییە، ناشکرێت لەبەردەم ئەم دادگایە تانە لە دەستوری بوونی خودی ئەم دادگایە بدرێت چونکە خۆیان دەبنە (خێم و حکم) کە ئەمەش پێچەوانەی بنەماکانی گشتی یاسایە، لێرەدا سەرۆکی کۆمار وەکو پارێزەری دەستور مافی بەرزکردنەوەی پڕۆژە یاسای ھەیە بە پێ ی ماددەی (٦٠/یەکەم) دەستور بۆ پەرلەمان بە مەبەستی ھەموارکردنەوەی ئەم بڕگەیە لە یاسای دادگای فێدڕال . کە ئەمە خاڵێکی لاوازە ئەم دوو لایەنەی سەرەوە بەرپرسن لێ ی .
چوارەم/ شوێنەواری بڕیارەکانی دادگای فێدرالی باڵا:
سروشتی دەعوایەکانی دەستوری وایە کە ھەڤڕکی (خێومە) تیایدا عەینی یە، بەمەش ئاراستەی یاسایەکان دەکرێت نەک کەسەکان بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە دەستوری بوون و نەبوونی دەربخات.
بۆ ئەم مەبەستەش بڕیارەکانی دادگا کۆتایین و سەرجەم دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێ کردن و دادوەری پێویستە پابەندبن پێ ی، ئەمەش بە پشت بەستن بە ماددەی (٩٤) ی دەستور. کەواتە بڕیارەکانی دادگای فێدڕال تانەی لێنادرێت بە ھیچ شیوەیەک لە شێوەکانی تانەلێدان.
وە بە پشت بەستن بە بڕگەی دووەمی ماددەی (١٣) ی دەستور کە ھاتووە “نابێت ھیچ یاسایەک دەربکرێت کە ناکۆک بێت لەگەل ئەم دەستورە، وە بە ناڕەوا دادەنرێت ھەر دەقێک کە ھاتبێت لە دەستوری ھەرێمەکان یان ھەر دەقێکی یاسای تر کە ناکۆک بێت لەگەڵی”، ئەوا ئەو یاسایانەی کە ناکۆکن لەگەل بنەماکانی دەستور بە بەتاڵبوو ھەژمار دەکرێن.
بە ڕوانین لە بڕیارەکانی دادگای فێدڕال بۆمان ئاشکرا دەبێت کە ئەم دادگایە جێگیر بووە لەسەر ئەو بنەمایەی کە یاساکانی ناکۆک لەگەڵ بنەماکانی دەستور بڕٍیاری پوچەڵکردنەوەیان لەسەر دەدرێت (بۆ ئەم مەبەستەش سەیری بڕیارەکانی ئەم دادگایە بکە بە ژمارەکانی ٦٠/ئیتحادی/٢٠٠٩ لە ١٢/٧/٢٠١٠، وە ١٥/ئیتحادی/ ٢٠٠٦ لە ٢٦/٤/٢٠٠٧، وە ٤/ ئیتحادی/٢٠٠٧ لە ٢/٧/٢٠٠٧، وە ٦٧/ئیتحادی/٢٠١٢ لە ٢٢/١٠/٢٠١٢).
ھەڵبەتە دادگا زاراوەی تریشی بەکارھێناوە وەکو )لەکاردەخرێت(، ھەندێ جاریش تەنھا یاساکەی بە نا دەستوری داناوە بێ ئەوەی شوێنەواری بۆ بڕیارەکە دیاری بکات. کەواتە بە ھیچ شێوەیەک تانە لە بڕیاری دادگای فێدڕالی نادرێت وە پێویستە سەرجەم دەسەڵاتەکان پابەندبن پێیەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.