بۆچی عەلی باپیر خۆشحاڵە بە وازھێنانی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان؟

لەلایەن ستاندار Posted on 361 جار بینراوە

ستانده‌ر

ئەوکاتەی بەڕێز کاک مەسعود سەرۆکی ھەرێم بوو کۆمەڵێک بڕیاری دەدا بڕیارەکان بەسەر ھەموماندا دەشکانەوە کە ئێستا کەسێک نیە لەو پۆستەدا ئەو بڕیارانە دەربکات مانای ئەوەیە ئێمە سەرمان سوکە و حەساوەیە.

عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لەمیانی وتووێژێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند کە “ئێستا ھەرێم سەرۆکی نیە جیاوازی نیە لەگەڵ پێشتر کە سەرۆکی ھەبوو بەپێچەوانەوە ئەوکاتە بەڕێز کاک مەسعود کە سەرۆکی ھەرێم بوو کۆمەڵێک بڕیاری دەدا کە بڕیارەکان بەسەر ھەموماندا دەشکانەوە کە ئێستا کەسێک نیە لەو پۆستەدا ئەو بڕیارانە دەربکات مانای ئەوەیە ئێمە سەرمان سوکە و حەساوەیە.”

ھەروەھا سەبارەت بە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم وتی “لە ١٢-٩ واتە ١٣ ڕۆژ پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە کۆبونەوەیەکی سێ قۆڵیدا (پارتی،یەکێتی،کۆمەڵی ئیسلامی) بوین من ڕومکردە ھەردوو حیزبەکە و پێم وتن ئایا بنەمایەک ھەیە ئێوە پشتی پێ ببەستن بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم یەکێک لەوانە کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانە وتی”وەڵا مامۆستا ئێمە تەوەکەل عەلەئەڵڵا ڕیفراندۆم دەکەین” منیش وتم جا تەوەکەل عەلەئەڵڵا من باشتری لێدەزانم ئەوە ئیختساسی منە و من لە ئێوە شارەزاترم ھەتا دکتۆر ڕۆژ وتی ئەشھەد و ڕاستە مامۆستا باشتری لێدەزانێت.”

هه‌روه‌ها وتی”بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەشەخسی دراوە و بەحیزبی کرا دواتر ویسترا ئەو بڕیارە بکرێتە ماڵ بەسەر ھەموو لایەنە سیاسیەکان بەڵام کۆمەڵی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆڕان ڕێگربوون، دەنا خەڵکێکی دیکە وەگەڵ کەوتن من با ئەو وشەیە نەڵێم ڕەگەڵ کەوتن چونکە ڕەنگە خەڵکێک دڵی پێی ناڕەحەت بێت، گرنگ ئەوەیە خەڵکێک چون لەگەڵ ئەو بابەتە جا پێم وایە قەناعەتیشیان پێی نەبوو.”

ھەروەھا دەربارەی ڕوداوەکانی(١٦)ی ئۆکتۆبەر و کاردانەوەکانیش وتی”بۆ ئەوەی دەوترێت لە(١٦)ی ئۆکتۆبەر خیانەت کراوە یاخود نا دەبێت لیژنەیەکی بێ لایەنی پڕۆفیشناڵ پێکبھێنرێت بەڵام دەبێت ئەو لیژنەیە ھیچ ئەندامێکی پارتی و یەکێتی تێدا نەبێت، ھەرچەندە ئەوەی کە ڕۆژێک پێشتر بینرا ئەوەبوو ھەردوو لایەنەکە ‌(یەکێتی و پارتی) لە دوکان کۆبونەوەیەکیان ئەنجامدا و بۆ شەوەکەی ئەوە ڕویدا کەبینیمان، ئەوەی جێی پرسیارە ئەوەیە ئایا یەکێتی تاک لایەنە ئەوەی کردوە؟! باشە ئەگەر تاک لایەنە کردویەتی ئەی پارتی بۆ شەنگالی چۆڵکرد؟!مەبەستم ئەوەیە بڵێم ئەگەر ئەوەی یەکێتی بەوشێوەیە ھەڵبسەنگێرێت و بڵێن خیانەتە ئەی پارتی بۆ وای لە شەنگال کرد و چیە؟.”

ھەروەھا دەربارەی پێکھێنانی حکومەتی ڕزگاری نیشتمانی وتی”ئەم حکومەتە سەرکەوتوو نەبووە نەیتوانیووە لەگەڵ فرۆشتنی ئەو ھەموو نەوتەدا موچە بداتە فەرمانبەران کە ئەوە سادەترین کارە کە بیکات چ جای خزمەتگوزارییەکانی تر! بۆیە پێویستە ئەم حکومەتە بەزوترین کات گۆڕانکاری گەورەی تێدابکرێت کە لە ئاست خواستەکانی ئەم قۆناغە بێت ئیتر لەژێر ناوی ھەرجۆرە حکومەتێکدا بێت نەک بڵێن ئەوە پەرلەمانمان کارا کردەوە ئیتر تەواو سبەی ھەرکەس ڕقی ھەستا دەرگاکەی گاڵە بدات یا حکومەتی وامان بۆچیە کە وەزیرەکانی بەبڕیاری حیزبی دەربکرێن و بنێردرێنەوە،ئەم کاربەدەستانەی ئێمە ئەوەندە بەڵایان بەسەر ئەم میللەتە و خۆشیاندا ھێناوە کەدەرسی لێوەربگەن.”

ھەروەھا وتی”پێکھێنانی حکومەت یا چاکسازی کردن تێیدا پێویستی بەھەموو لایەنەکانە بە پارتی و یەکێتیشەوە ئێمە نابێت ھەڵەی پێشووی پارتی و یەکێتی دوبارە بکەینەوە کە لایەنەکان پەراوێز بخەین.”

لەکۆتایدا عەلی باپیر خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر وازھێنانی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و گوتی من پێم وایە کە ئێستا ھەرێم سەرۆکی نیە جیاوازی نیە لەگەڵ پێشتر کە ھەرێم سەرۆکی ھەبوو، بەپێچەوانەوە ئەوکاتە بەڕێز کاک مەسعود سەرۆکی ھەرێم بوو کۆمەڵێک بڕیاری دەدا کە بڕیارەکان بەسەر ھەموماندا دەشکانەوە، ئێستا کە کەسێک نیە لەو پۆستەدا ئەو بڕیارانە دەربکات مانای ئەوەیە ئێمە سەرمان سوکە و حەساوەیە.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.