کێن ئه‌وانه‌ی ململانێکه ده‌که‌ن ؟
محەمەد ئەحمەد
پێویسته بپرسین بۆچی ململانێی و شۆرش و شه‌ره‌کان له ئه‌وروپا له‌دوای سه‌رده‌می رێنسانس و رۆشنگه‌رییه‌وه تاوه‌کو دوای دووه‌م جه‌نگی جیهانیش هه‌موویان ببوونه هۆکارێک بۆ گۆرانی کۆمه‌ڵاتی و ره‌وتی به‌ره‌و پێشچوونی کۆمه‌ڵگاکان له‌رووی سیاسی و ئابووری و فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه … ئه‌ی بۆچی له کۆمه‌ڵگاکانی ئێمه‌ی رۆژهه‌ڵاتی که هه‌میشه تایبه‌تمه‌نده به بوونی ململانێ له نێوان چه‌ندین لایه‌ن به‌ڵام نه‌بۆته هۆی هیچ جۆره گۆرانکاریه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی ریشه‌یی و چۆنیه‌تی؟!
من لێره‌دا ده‌مه‌وێ ئاماژه به‌یه‌ک خاڵی گرینگ بکه‌م ئه‌ویش ئه‌و لایه‌نانه کێن ململانێکه ده‌که‌ن ، بێگومان له ناوچه‌کانی ئه‌وروپاش پێش سه‌رده‌می رۆشنگه‌ری ململانێکان زۆر بوون به‌ڵام بۆچی هیچ گۆرانکاریه‌کی ریشه‌یی دروست نه‌ده‌کرد ؟ وه‌ڵامه‌که ئاسانه چونکه له‌و کاتدا (پێش سه‌رده‌می رۆشنگه‌ری) لایه‌نه‌کانی ململانێکه له هه‌مان جۆربوون ، واته هه‌ردوو لایه‌ن یاخود هه‌موو لایه‌نه‌کانی ململانێکه له چینی ده‌ره‌به‌گ و کۆنه‌په‌رست و ئه‌رستۆکراته‌کان بوون وه بابه‌تی ململانێکه‌ش یان فراوانکردنی ناوچه‌ی ژێرده‌سه‌ڵاتی خۆی بوو یان شه‌ری کۆنه‌قینی نێوان دوو بنه‌ماڵه‌بوو یان ته‌نها ئامانج لێی به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵاتێکی رووت بوو …… ، بۆیه ئه‌نجامی ململانێکه شکستی کۆنه‌په‌رستێک بوو له به‌رامبه‌ر سه‌رکه‌وتنی کۆنه‌په‌رستێک به‌مه‌ش هیچ له دۆخه‌که نه ده‌گۆرا. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکی سه‌رده‌می رۆشنگه‌ری جۆری ململانێکه گۆرا ، له‌لایه‌ک ململانێکان چیتر له‌نێوان کۆنه‌په‌رسته‌کان خۆیان نه‌بوو به‌ڵکو ئه‌م جاره ململانێکه له نێوان چینی کۆنه‌په‌رسته‌کان بوو له‌لایه‌ک وه له به‌رامبه‌ردا چینی رۆشبیران و روناکبیران و هزرمه‌ندان مۆدێرنخوازه‌کان بوون ، له لایه‌کیتر بابه‌تی ململانێکان چیتر به ته‌نها په‌یوه‌ست نه‌بوو به فراوانکردنی قه‌له‌مره‌وی و شه‌ری کۆنه قینی بنه‌ماڵه‌یی و شه‌ره‌ف و ……. به‌ڵکو ئه‌م جاره بابه‌تی ململانێکان گۆرا بۆ ململانێیه‌کی هزری و چۆنیه‌تی جیهان بینی ، ململانێ له نێوان نوێخواز و کۆنه‌په‌رسته‌کان به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگ بوو ” ئه‌وانه‌ی سه‌رکردایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی نوێخوازی و رۆشنگه‌رییان ده‌کرد خودی روناکبیر و هزرمه‌نده‌کان و نوێخوازەکان بوون نه‌ک کۆمه‌ڵێک سه‌رکرده‌ی کلاسیکی هه‌ڵسن سواری به‌ها جوان و نوێیه‌کان ببن و نوێنه‌رایه‌تی نه‌وه‌ی نوێ بکه‌ن دواجار له‌مانا و مه‌به‌سته راسته‌قینه‌که‌ی لابده‌ن.”
لێره‌وه ده‌رده‌که‌وێت که بۆچی ململانێ و شه‌ر و شۆرشه‌کانی ئێمه هیچ گۆرانکارییه‌کی ریشه‌یی دروست ناکات و ناتوانێت ببێته هه‌وێنی به‌هاکانی ئازادی و دادپه‌روه‌ری و فره‌یی و پێکه‌وه‌هه‌ڵکردن و نوێگه‌ری و عه‌قڵانیه‌ت، تا خزمه‌ت به‌ره‌وتی به‌ره‌و پێشچوونی کۆمه‌ڵگا بکات ؟! چونکه ململانێکانی ئێمه هه‌میشه له نێوان دوو لایه‌نی کۆنه‌په‌رست بووه که هه‌مان ژێرخانی عه‌قڵیان هه‌بووه ته‌نها له‌رووکه‌ش و ووتاری دیماگۆجی و ئه‌و پرسه‌ی که سواری بووینه جیاوازبوونه.
وه ئه‌وه‌ی ئێستاش ده‌بینرێت چه‌ند حیزبێکی کلاسیکی و سونه‌تی که له‌لایه‌ن چه‌ند سه‌رکرده‌یه‌کی کۆن و کلاسیکی ململانێی و شه‌ری کۆنه قین ده‌که‌ن که زۆر ده‌مێکه هیچ پردێکی متمانه‌ی ئاڵوگۆر له‌نێوانیاندا نه‌ماوه به‌ڵام هه‌ر لایه‌نێک سواری کۆمه‌ڵێک پرس و به‌هاو جوان مۆدێرن بووه خۆی له په‌نادا حه‌شارداوه ، وه ململانێکه‌یان ته‌نها بۆ ده‌سه‌ڵاتێکی رووته ، واته ده‌سه‌ڵات له خودی خۆیدا ئامانج !! بۆیه هه‌موو هه‌وڵ و ئامانجیان هه‌ر گه‌یشتنه به ده‌سه‌ڵات ، که گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵاتیش دیسان هه‌موو هه‌وڵ و ئامانجیان پارێزگاریکردن و پته‌وکردنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته و هیچیتر!! نه‌وه‌ک ده‌سه‌ڵات ئامرازێک بێت له پێناو گۆرانکاری له بنیادی سیاسی و فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵاتی و پێگه‌یاندنی تاکه‌کان له‌سه‌ر بنچینه‌ی به‌ها جوانه‌کان که خزمه‌ت به ره‌وتی په‌ره‌و پێشچوونی کۆمه‌ڵگا بکات.
بۆیه ئه‌و ململانێیه‌ی که هه‌یه ململانێیه‌کی دۆراوه چونکه هیچ لایه‌نێکی نوێخواز و عه‌قڵکراوه‌ی تێدانیه به‌ڵکو له نێوان چه‌ند حزب و سه‌رکرده‌یه‌کی کۆنه‌په‌رست و سونه‌تیه که ململانێ ده‌که‌ن له پێناو ده‌سه‌ڵاتێکی رووت و سه‌پاندنی ئیراده ی خۆیان به‌سه‌ر ئه‌وانیتر به‌ڵام پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه نۆێخواز و روناکبیرانمان له کوێن ؟تۆ بڵێی ئێمه توێژێکی روناکبیر و هزرمه‌ند و پێشکه‌وتووخوازمان نه‌بێت تاوه‌کو به ئه‌رکی سیاسیانه‌ی خۆیان هه‌ڵسن دژی توێژه سیاسیه کۆنه‌په‌رسته‌کان ! یاخود گه‌ر ئه‌م توێژه له رووناک‌بیر هه‌یه ده‌بێت به‌چی خه‌ریکبن ؟! ئایا ته‌نیا خه‌ریکی ستون نوسین و به‌رهه‌مهێنانی چیرۆک و رۆمان و خه‌یاڵی فه‌نتازی و ده‌رکردنی کتێبن ! ئایا ئه‌رک و به‌رپرسیاره‌تیان ته‌نها له نووسینێکی بێ کردار و تیۆرێکی بێ پراکتیک کورتبۆته‌وه !؟ ته‌نها ره‌خنه‌ده‌گرن له پێناو ره‌خنه واته هه‌روه‌ک چۆن لای سیاسیه کۆنه‌په‌رسته‌کان ده‌سه‌ڵات له خودی خۆیدا ئامانجه لای ئه‌م نووسه‌رانه‌ش ره‌خنه‌گرتن له خودی خۆیدا ئامانجه و ته‌واو !؟ ئیتر ئه‌رکی ئه‌وان به‌بێ هیچ به‌شدارییه‌کی سیاسی ته‌واو ده‌بێت ! نوسینێک یان هه‌ر تیۆره‌ک گه‌ر هه‌وڵی پراکتیکردنی نه‌درێت یان توانای پراکتیزه‌کردنی نه‌بێت که‌فی سه‌ر ئاوه.
دیسان ده‌بێت بپرسینه‌وه روناکبیر و رۆشنخواز و عه‌قڵ گه‌وره‌کانی ئێمه له کوێی ئه‌م شێتخانه‌یه‌ن و به‌چی خه‌ریکن ، بۆچی تا ئێستا نه‌یانتوانیوه له بزوتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی خۆیان رێکبێخن و ململانێیه‌کی جددی کۆنه‌په‌رسته‌کان و سیاسیه ته‌قلیدگه‌راکان بکه‌ن ؟
له‌راستیدا ده‌توانین بڵێین توێژی روناکبیران و هزرمه‌ندان له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا به‌سه‌ر دوو جۆردا دابه‌ش ده‌بن :
جۆرێکیان بێ لایه‌نه‌کانن ،، ئه‌مانه خۆیان بێ لایه‌نکردووه له ئاست سیاسه‌تدا ، ئه‌ویش به‌هۆی ره‌شبینی و بێ ئومێدیان له سیاسه‌ت یاخود جۆرێک له ترسیان هه‌یه له سیاسه‌ت نایانه‌وێت ئه‌م سه‌رکێشیه بکه‌ن یاخود جوانتر بڵێین ئه‌مانه بێز له هه‌موو ئه‌م حیزبه کۆنه‌په‌رستانه ده‌که‌نه‌وه خۆیان زۆر له‌وه عاقڵتر ده‌بینن که به‌شداری له سیاسه‌ت بکه‌ن به‌هۆی ئه‌و موماره‌سه ناشرین و قێزه‌ونه‌ی که له‌دونیای سیاسی ئێمه‌دا هه‌یه ، ئیتر ئه‌رکی خۆیان ته‌نها له ستون نوسین و شعر و هۆنراوه و چیرۆک و رۆمان و نووسینی کتێب و قسه‌ی بێ کردار کورتکردۆته‌وه وه‌ک ئه‌وه‌ی تاکه ئامانجیان ئه‌وه‌بێت بڵێن ئێمه‌ش هه‌ین ، راسته ئه‌مانه هه‌مووی شتی جوانن و جێگای رێز و ده‌ستخۆشین به‌ڵام ناکرێت خۆت له ئاست ئه‌م شێتخانه‌یه‌ی سیاسه‌ت بێ ده‌نگ بکه‌یت و بریاری به‌شدارینه‌کردن له سیاسه‌ت بده‌یت هه‌روه‌ک چۆن ئه‌فڵاتۆن ده‌ڵێت ((ئه‌وانه‌ى پاك و لێزان و دادپه‌روه‌رن به‌لام به‌شدارى له سياسه‌ت ناكه‌ن و ده‌سه‌ڵات ناگرنه ده‌ست له لايه‌ن فه‌رمانره‌وايه‌كى نه‌زان و سته‌مكار پاداشتيان ده‌دريته‌وه)). هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ستم له به‌شداریکردنێک نیه له رێگای ئه‌م حیزبه فاشیلانه به‌ڵکو پێکهێنانی حیزبێکی نوێی نوێخواز به‌بێ له خۆگرتنی هیچ سه‌رکرده‌و که‌سایه‌تیه‌کی ته‌قلیدی و کۆنه‌په‌رست.
جۆری دووه‌میاش بریتین له‌و جۆره رۆشبیرانه‌ی که به‌شداری سیاسیان کردووه به‌ڵام له رێگای حیزبێکی کۆنه‌په‌رست و ته‌قلیدی . هه‌ڵبه‌ت به‌کارهێنانی ووشه‌ی روناکبیر و رۆشنبیر بۆیان جێگای پرسیاره ، چونکه هه‌موو جوهد و توانایه‌کی هزری خۆیان له خزمه‌ت که‌سانی عه‌شاییری و ناعه‌قڵانی و کۆنه‌په‌رست سه‌رف ده‌که‌ن . ئه‌مانه ده‌یانه‌وێت به‌رگێکی نوێخواز به به‌ر کۆنه‌په‌رستی بکه‌ن و له رێگای به‌کارهێنان و ئیستغلالکردنی چه‌مک و به‌ها مۆدێرنه‌کان شه‌رعیه‌تی درۆیینه ده‌دوورن بۆ باڵای حیزب و سه‌رکرده ته‌قلیدییه‌کانیان . به‌کوورتی ئه‌مانه به ناوی نوێخوازی به‌رگری له کۆنه‌په‌رستی ده‌که‌ن له دژی نوێخوازی واته ئه‌رکیان ته‌نها شێواندن و لێڵکردنی نوێخوازی و به‌ها جوانه‌کانه له خزمه‌ت کۆنه‌په‌رستیدا. ئەمەش لە بەرئەنجامی نەبوونی بزووتنەوەیەکی چاڵاکی نوێخوازی گەنجانەیە ، کە گەنجە تازە پێگەیشتووە رۆشنبیرەکان بە ناچاری دەبنە نێچیری حیزبە کلاسیکیی و سونەتگەراییەکان . بەمەش ھەموو ھەوڵ و توانا فکری و لێھاتوویەکانیان دەچێتە خزمەت کۆنەپەرستی و ناتوانێت ئەو چوارچێوە کۆنەپەرستیە تێبپەرێنێت کە سەرکردایەتی حیزبەکەی لەسەری دەڕۆن.
بۆیه یه‌کێک له گرینگ‌ترین چاره‌سه‌ریه‌کان ئه‌وه‌یه کات به‌فیرۆ نه‌ده‌ین به ململانێی نێوان هێزه ته‌قلیدی و سونه‌تگه‌راییه‌کان چونکه هیچ گۆرانێکی ریشەیی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌رێنی له‌گه‌ڵ خۆی ناهێنێت به‌ڵکو ده‌بێت جۆری ململانێکه بگورێت بۆ نێوان نوێخوازه‌کان و کۆنه‌په‌رسته‌کان . نەوەی نوێ لە رۆشنبیران و نوێخوازان و تەواو خۆیان رێکبخەن و چاڵاکی بکەن بە مەبەستی ململانێیەک لە پێناو گۆرانکاریەکی ریشەیی لە ھەموو ئاستەکانی سیاسی و کۆمەڵاتی و ئابووری و پەروەردەی و کەلتووری .