“بەو شێوەیەی ئێستا مەحاڵە ئەو چارەگە موچەیەش بەردەوام بێت”

لەلایەن ستاندار Posted on 177 جار بینراوە

ستاندەر
د.عیزەت سابیر سەرۆکی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، “ئەگەر ئەو داھاتەی حکومەتی ھەرێم لەڕێگەی فرۆشتنی نەوت و داھاتی ناوخۆوە دەستیدەکەوێت، نەدرێت بەقەرزی کۆمپانیاکان و قەرزە نێودەوڵەتیەکان و لەنێوانیاندا قەرزی تورکیا، ئەوە دەتوانرێت ئەم دوخەی ئێستا تێپەڕێنرێت و درێژە بەدابەشکردنی چارەکە موچە بدرێت”.
بەڵام وەکو د.عیزەت وتی:”ئەگەر ئەو قەرزانەی لێبدرێتەوە، ئەوە مەحاڵە بتوانرێت چارەکە موچەش لەکاتی خۆیدا بدرێت”.
بەپێویستی زانی حکومەتی ھەرێم بەزویی چاکسازیی و پاکسازییەکی ڕاستەقینە ئەنجامبدات و ژمارەی موچەخۆران کەمبکاتەوەو گەندەڵی نەھێڵێت.
ئەوەی نەشاردەوە، “ئەمەش پڕۆسەیەکی ئاسان نییە، چونکە حکومەت خۆی بەرپرسیارە لەموچەخۆری نایاسایی و بندیوار، بۆیە ئەگەر ئەم حکومەتە بیر لەداھاتوی خۆیی و خەڵکەکە بکاتەوە، دەبێت دەستپێبکات”.

سەبارەت بەوەی حکومەتی ھەرێم دەتوانێت پلانی (B) بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە دابڕێژێت، د.عیزەت سابیر بۆ ئێس ئێن ئێن جەختیکردەوە، “لەم دۆخەی ئێستادا ھیچ چارەیەک لەبەردەم حکومەتی ھەرێم نەماوە، چونکە ئەگەر نەوتەکەی ڕادەستی بەغدا بکات، ئەوە ئەو بودجەیەی بەغدا دەینێرێت بەشی موچەی تەواوی موچەخۆرانی ھەرێم ناکات، بۆ حکومەتی بەغداش ئاسان نییە موچەخۆری ڕاستەقینەو ناڕاستەقینەی ھەرێم جیابکاتەوە”.
ئەوەشی وت:”ھاوکات حکومەتی ھەرێم ناتوانێت نەوتەکەشی ڕادەستی بەغدا بکات، چونکە گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای ڕۆسنەفتی ڕوسیدا ھەیە، بۆیە ئەوکات دەبێت گرێبەستەکەی لەگەڵ ڕۆسنەفت ھەڵوەشێنێتەوە کە ئەویش زەحمەتە، لەبەرئەوەی ھەرێم قەرزی لێوەرگرتوە، سەرەنجامیش حکومەتی ھەرێم لەدۆخێکدایە کە ھیچ ڕێگەچارەیەکی لەبەردەمدا نییە”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.