با ژنەکانمان بڕژێنە سەر شەقام

لەلایەن ستاندار Posted on 216 جار بینراوە

شێرزاد شێخانی

بەھۆی خراپی سیستەمی سیاسی لەکوردستان و بێدەنگی بەشێکی زۆری حزبە سیاسەکان لەئاست ھەوڵەکانی پارتی بۆ بەدیکتاتۆر کردنی دەسەڵات ، ھەرێمەکەمان بەرەو ھەڵدێر ھەنگاو ئەنێ. گومان لەوەدانیە ھەر وڵاتێک سیستەمەکەی بەرەو دیکتاتۆریەت بەرێت، ئاکامەکەی داڕوخان و وێرانبونە. وڵاتێکی وەکو عیراق یەکێکە لەدەوڵەمەندترین وڵاتانی ناوچەکە، بەھۆی دیکتاتۆریەتی سەدام چارەنوسەکەی دیاربو بەچی کۆتایی ھات ، وڵات وێرانبو، میللەت کەوتە برسیەتی، دوای ١٤ ساڵیش لەنەمانی دیکتاتۆر ھیشتا نەھاتۆتە سەر خۆی.

وەزعی میللەتی ئێمە رۆژ بەرۆژ خراپتر ئەبێ، ھیچ ئاسۆیەکیش نابینرێ بۆ چاکبونوەی ئەم وەزعی برسیەتی و نەھامەتی و تێکچونی باری سیاسی ھەرێم، لەگەڵ توندبونی سزاکانی بەغداش ھەرێم لەلێواری روخانێکی حەتمیدایە، حکومەتی ھەرێم بەئاشکرا ھاوار ئەکات کە ناتوانێ لەوە زیاتر موچەو نانی خەڵک دابین بکات، بەڵام لەبەر ئەوەی حزبەکان عەشقی کورسین دەستبەداری دەسەڵات نابن، لێرەدا چەندین رێگا ھەیە بۆ دەربازبون لەم وەزعە قەیراناوییەو روخاندنی ئەو دەسەڵاتە.

روبەروبونەوەی دەسەڵات بەچەندین رێگاو شێوازەوە دێتە ئەنجام.. شۆڕشی چەکداری،راپەڕینی جەماوەری، مانگرتنی گشتی ، خۆپیشاندانی سەرتاسەری. ھەڵبەت شۆڕشی چەکداری و راپەرێنی جەماوەریش کارێکی ئاسان نیە لەم ھەلومەرجەدا، مانگرتنی گشتیش سودێکی ئەوتۆی نابێت ، چونکە دەسەڵات گوێی پێنادات، ئەمێنێتەوە بژاردەی خۆپیشاندانی جەماوەری کە باشترین بژاردەی ئەم سەردەمەیە .

زۆرجار گوێبیستی ئەوەش ئەبین کە ھەندێ کەس ئەڵێن خۆپیشاندانی جەماوەری پێویستی بەڕێبەرایەتی حزبێکە ، ئەمەش بەھانەیەکی بێ مانایە، چونکە کاتێک میللەت لەھەمو شارەکانی کوردستاندا لەراپەرینی بەھاری ١٩٩١دا رژانە سەر شەقام ودامودەزگاکانی بەعسیان بە چەقۆو خاکەناز تەفروتونا کرد، ھێشتا ھێزی پێشمەرگە نەگەیشتبوە ناو شارەکانەوە، کەواتە خۆپیشاندان بەبێ رابەڕیش ئەتوانێ سەرکەوتن بەدی بێنێ.

ھەندێجاریش ئەبیستین کەوا خەڵکی لەترسی گوللەی دەسەڵات ئەترسن بێنە سەر شەقام، پێیان وایە ھێزەکانی دەسەڵات ھیچکات سڵناکەنەوە لەدەستوەشاندن بەگوللەوە. ئەمەش ئەگەر بۆ خۆپیشاندانێکی سەد کەسی راست بێت و دەسەڵات بتوانێ دەمکوتیان بکات، بەڵام کە بون بە سەد ھەزار ھیچ ھێزیک لە دونیا ناتوانێ سەرکوتیان بکات، ئەمەو جگە لەوەش ئێستا دونیا گۆڕاوەو ھەواڵی بەیەکدادانی دو ئۆتۆمبێل بەماوەی چەند چرکەیەک ئەگاتە سەرتاسەری دونیاوە، دەسەڵاتەکەی ئێستای ھەرێمیش ئەوەندە رێزدارو خۆشەویست نیە چ لەسەر ئاستی دونیاو ، چ لەسەر ئاستی ناوخۆدا تا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگی بکات لەسەرکوتکارییەکان و کوشتنی خۆپیشاندەران..

کەواتە ئێستا پێویستیمان بەوەیە خەڵکی بڕژێنە سەرشەقامەکان ، پێموایە ئەگەر ئێمە بتوانین ژنەکانمان بنێرینە سەر شەقام بەتایبەتیش لەھەولێری پایتەختدا، ئەوسا دەسەڵاتی دیکتاتۆر جورئەتی ئەوە ناکات تەقەیان لێبکات ، چونکە خۆپیشاندانی ژنان شێوازێکی خەباتی مەدەنی بێ چەکەو دەسەڵات ناوێرێ بەبەرچاوی دونیاوە سەرکوتیان بکات.

شۆڕشی فەرەنسا کە گۆڕانکاریەکی گەورەی لەمێژوودا ھێنایە کایەوەو بو بەسیمبولی ھەمو شۆڕشەکانی دونیا، ژنانی فەرەنسا دەستپێشخەری بون، کاتێک ھەزارانیان رویان لەباستیل کردو شۆڕشیان راگەیاند، دواتر پیاوانیش ھاتنە مەیدانەکەوە.. پێشتریش ھەر ژاندارک بو رێبەرایەتی شۆڕشێکی تری فەرەنسی کرد دژ بە داگییرکەرانی وڵاتەکەی..

ژنان بەشێکی گەورەو کاریگەری میللەتن ، خۆشیان وەک ھەمو چیینوتوێژێکی تری ئەم کۆمەڵگایە لەمافەکانیان بێبەشن، بۆیە پێویستە ئەمجارە موبادەرەکە ئەوان بەدەستەوەی بگرن و برژێنە سەرشەقام وەکو ھەمو ژنانی ئازادیخواز سەروەرییەک بۆ خۆیان و میللەتەکەیان تۆمار بکەن و کۆتایی بەم دیکتاتۆرییەتو برسیەتیو نەھامەتییە بێنن کە بەرۆکی ھەمو خەڵکی کوردستانی گرتۆتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.