كێ‌ دەستی لەپشتە، خەڵك یان ئێوە!

لەلایەن ستاندار Posted on 426 جار بینراوە

كەمال رەئوف

كەم ئەرزشترین دەربرین ئەوەیە نارەزایەتی خەڵك تۆمەتبار بكەیت بە ئاژاوەگێری و دەست لەپشتبوون، زۆرن ئەو دەستەواژە بێ‌ نرخانەی هەمیشە دەسەڵاتی خۆسەپێن، دەیداتە پاڵ شەقام و خەڵكی نارازی. بردەوام ئەو دەربرینە ناشرینەی زۆرترین لەحزبە دەسەڵاتدارانەی هەرێمی ئەبیستین، ئەو دەستەواژە بێ‌ ئەرزشەیە، كە بەردەوام تۆمەتێكی ئامادەكراوە و ئامادەیان دەڵێن “دەستی لەپشتە”، لەسەردەمانی راپەرینی گەورە، ئێوە كە تازە لە سنوری ئێرانەوە پەریبوونەوەو هاتبونە ناوشارەكانەوە، هەڵسوراوی شوراكانتان تۆمەتبار كرد لەبەر ئەوەی كە لەخۆتان نەدەچوو تۆمەتی ئەوەتان دایە پاڵیان كە ئەوان تابوری پێنج و دەستلەپشتن.
ئێوە لەشاخ و شار، نیوەی تەمەنی سیاسیتان بەشەری یەكترییەوە خەرج كرد، نیوەی توانای میدیاییتان بەتۆمەتباركردنی یەكترەوە بەرێكرد، ئێمە نەمانوت، ئێوە دەستان لەپشتە، سەرێكتان لەشام و قاچتان لە تاران بوو، نەمانوت دەستان لەپشتە، هەتا دەسەڵاتی سەددام لەناو نەچوو پەیوەندی ئاشكراو نهێنیتان بەردەوام بوو، نەمانوت دەستان لەپشتە، بۆچەندین جار بەرەی شەرتان لەدژی رۆژئاواو رۆژهەڵات و باكور بەپاساوی بێ‌ بنەما گەرم بوو، كەچی نەمانوت دەستان لەپشتە، هێزی سەددام و بەعس و تاران و ئەنكەرەتان هێنایە سەر یەكتری، هەر نەمانوت ئێوە دەستان لەپشتە، ژێرخانی وڵاتان تاڵانفرۆشتان كرد، رێككەوتنی پەنجا ساڵەی نەوت وغازتان ژێربەژێر لەپشتی پەرلەمانەوە ئیمزا كرد، ئێمە پركێشیمان نەكرد و نەمانوت، دەستان لەپشتە، لەشەو رۆژێكدا نیوەی خاكی كوردستانتان دابەدەستی حەشدی شەعبییەوە، یەكترتان تۆمەتباری خیانەت و شكست كرد، ئێمە نەمانوت ئێوە دەستان لەپشتە، میدیای جیهانی تۆمەتباریان كردن بەبازرگانی چەكی پێشمەرگەو پێتان وترا بازرگانیتان لەگەڵ داعش هەیە، ئێمە زمان لەدەماندا نەگەراو نەمانوت ئێوە دەستان لەپشتە، ئێوە بەئاشكرا ئەو نیوە خاكەی لەبندەستاندایە پرتانكردوە لەسوپایی توركیاو گروپی نهێنی و ئاشكرای ئێران، هەر نەمانوت، دەستان لەپشتە، ئێستا ئێوە بەبەهانەی دەست لەپشت بوونی نارەزایەتیەكان، دەتانەوێت شەرعیەت بەدەن بەوەی لولەی چەكەكانتان بكەنە ئەو خەڵكەیی بەهۆی برسێتی و بێ ئومێدی بەسیاسەتی ئێوە هاتونەتە سەر شەقام، ئێوە راست ئەكەن ئەو خەڵكەی نارازییە دەستی لەپشتە، بەڵام دەستی پشتی ئێوە پاوانخوازی و خۆسەپێنی و رازیكردنی حەزەكانتانە و دەستی پشتی خەڵكیش تەنها مافەكانیانە بۆ ژیانێكی شایستە تر.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.