د. كامه‌ران مه‌نتك
به‌ڕیزان له‌م په‌یامه‌دا ده‌مه‌وێ زۆر به‌راشكاوی هه‌ندێك شتتان بۆ بنووسم، ره‌نگ بێت دوا په‌یامیشم بێت و زۆر گرنگه به هه‌ندی وه‌رگرن! چونكه قۆناغی ئێوه له كۆتایدایه‌و ته‌نیا به‌ده‌ست ئێوه‌یه، كه چاره‌نووسێكی تراژیدیانه وه‌ك چاره‌نووسی زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی رووبه‌رووی گه‌له‌كانیان بوونه‌وه بۆ خۆتان هه‌ڵبژێرن، یاخود له دوا هه‌نگاودا تروسكه‌ی رێگای راست بدۆزنه‌وه‌و ده‌ست به‌رداری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بن، كه به‌رله هه‌موو كه‌س ئێوه‌و بنه‌ماڵه‌و حزبه‌كه‌ی ئێوه تا ئه‌وپه‌ڕی رێسوا بوون سووكتان كرد‌و خراپ به‌كارهێنا، له كاتێكدا ئێوه له كوردستان له هه‌موو كه‌س زیاتر ئه‌و ئامڕازانه‌ی هێزتان له‌به‌رده‌ست دابوو، كه ده‌تانتوانی دواڕۆژێكی زۆر له‌وه‌ی ئێستا پڕ شانازی ترتان بۆ خۆتان تۆمار بكردبوایه‌و مێژووی ئه‌و قۆناغه‌ی كوردیش پڕشنگدارتر بوایه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و رێگایه‌تان هه‌ڵنه‌بژاردو به پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی كورد دابوو له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خۆتان و بنه‌ماڵه‌كانی خۆتان به‌كارتان هێنا، ئه‌مه وایكرد، كه خه‌ڵكی كوردستان له جیاتی ئه‌وه‌ی وه‌ك سه‌ركرده‌و پێشڕه‌و سه‌یرتان بكات، خۆتان ده‌بینن له میدیاكان چۆن و وه‌ك چی لێتان ده‌ڕوانن، راسته‌قینه تاڵه‌كه ئه‌وه‌یه، كه ئێوه نه‌وه‌ی شكست و شه‌ڕی ناوخۆ‌و قۆناغێكی پڕ خیانه‌تی نیشتمانی بوون، له نێو شكستدا له دایك بوون و له نێو شكستیشدا ژیان و كۆتاییه‌كه‌شتان شكستێكه، كه خه‌ریكه خه‌ونی سه‌د ساڵه‌ی میلله‌تێكی سته‌مدیده بخاته گڵه‌وه، ئێوه و حزبه‌كانی ئێوه له سیاسه‌تدا شكستان هێنا، له‌ناو حزبه‌كانی خۆتان خه‌ڵكی خیانه‌تكارو دزو جه‌رده‌تان برده پێشه‌وه‌و خه‌ڵكی دڵسۆز‌و تێكۆشه‌رانتان ده‌ربه‌ده‌ركرد، له‌و كاته‌ی، كه ده‌بوایه ریفڕاندۆم بكه‌ن، ئێوه چوونه‌وه به‌غداو كارتان بۆ سه‌رله‌نوێ بنیاتنانه‌وی ئه‌و عێراقه كرد، كه ئه‌نفالی گه‌له‌كه‌تانی كرد‌و جۆره‌ها چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراوی نێوده‌وڵه‌تی دژیان به كارهێنا، له‌كاتێكێشدا ده‌بوایه گۆڕانی هاوسه‌نگی هێز له به‌رژه‌وه‌ندی حكومه‌تی عێراق واتان لێ بكات بچنه‌وه به‌غدا، چوون ریفاندۆمتان كرد‌و خه‌ڵكی كوردستانتان نیو سه‌ده گه‌ڕانده‌وه دوواوه، به هه‌مان شێوه له‌بواری ئابووریشدا شكستتان هێنا، له‌گه‌ڵ بوونی سه‌دان ملوێن به‌رمیل نه‌وت و هاتنی ده‌یان ملیار دۆلار بۆ كوردستان، راسته ئێوه بوونه ده‌وڵه‌مه‌ندو ملیاردێر، به‌ڵام سێیه‌كی خه‌ڵكی كوردستان وا خه‌ریكه له برسان ده‌مرێ و له ژێر هێڵی هه‌ژاریدایه، وه‌ك چۆن لایه‌نی سیاسی و ئابووری شكستتان هێنا، له لایه‌نی مه‌عریفی و زانستیشه‌وه شكستتان هێنا، هه‌موو به‌هاكانی ئه‌و میلله‌ته‌تان تێكشكاند‌و زانكۆكانتان كرده باره‌گای حیزبه‌كانتان، نه‌تانتوانی دام و ده‌زگاكانی حكومه‌ت به‌هێز بكه‌ن و یه‌كی بخه‌ن، دام و ده‌زگای خێڵ و بنه‌ماڵه‌تان سه‌پانده سه‌ردام و ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت، هه‌موو بنه‌ماكانی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تتان تێك‌شكاند، ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تیتان خسته مه‌ترسیه‌وه‌و زۆرینه‌ی خه‌ڵكتان كرده ركابه‌رو دوژمنی یه‌كتر، میدیاكانتان كرده مینبه‌رێك بۆ جنێودان و ته‌فره‌دان و فریودانی رای گشتی و پیرۆزكردنی خۆتان، ئازادیتان كرده به‌ره‌لڵایی و له رێگای ئه‌و كه‌سه حزبیانه‌ی كردتانه پیاوی ئاینی . مزگه‌و‌ته‌كانتان له به‌هاكانی خۆی خست، ئیلیتی كوردیتان كرده راپۆرت نووس و سواڵكه‌رو منداڵی كوردیتان راونا بۆ ئه‌وه‌ی له ده‌ریاكاندا بخنكێت، ئێوه سه‌رتان بۆ دوژمن نه‌وی كرد‌و رۆڵه‌كانی ئه‌م گه‌له‌تان یا تیرۆر كرد، یا له پیناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆتان به كوشتتاندا، له ماوه‌ی سه‌د ساڵی رابردوو هیچ كه‌سێك وه‌كو ئێوه نه‌یتوانی كورد‌و مه‌سه‌له‌ی كورد به‌و شێوه‌یه سووك بكات، ئه‌وه‌ی ئێوه به‌و نیشتمانه‌تان كرد، هیچ دوژمنێكی كورد نه‌یتوانیوه بیكات، هیچ كاتێك خه‌ڵكی كوردستان به‌و شێوه‌یه‌ی ئێستا بێ ئینتما نه‌بووه بۆ وڵاته‌كه‌ی، له سایه‌ی ئیوه ئه‌و كه‌سانه‌ی خوێنی رۆڵه‌كانی خۆیان كرده قوربانی له پێناو رزگاركردنی كوردستان، وا ئێستا خه‌ون به هاتنی داگیركه‌رانه‌وه ده‌بینن، له كاتێكدا له ژێر سایه‌ی ئێوه رۆژانه له لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه سووكایه‌تی به هێزی پێشمه‌رگه ده‌كرێت و مه‌رجی قورس و بێ بنه‌مای له‌سه‌ر ده‌سه‌پێنرێت، ناچارتان ده‌كرێن به‌رده‌وام بن له كشانه‌وه‌و له ده‌ستدانی خاكی كوردستان، پیاوه‌كانی خۆتان به‌رداوه‌ته گیانی خه‌ڵكی برسی كوردستان و خوێنی گه‌نجه دلێرو كوڕه ئازاكانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه ده‌ڕێژن!
به‌ڕیزان.. له‌به‌ر ئه‌و گه‌ڕه لاوژه‌ی كوردستانی گرتۆته‌وه، وتاره‌كان تێكه‌ڵاو بووینه، راستی و ناڕاستی شێوێنراوه، بۆیه له‌م په‌یامه‌دا ناچارم به راشكاوی پێتان بڵێم كه‌وا قۆناغی ئێوه به كۆتا هات، نه‌ك سه‌دان گه‌نج، بگره هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانیش بكوژن و تیرۆر بكه‌ن، تازه هیچ شتێك له‌و چاره‌نووسه‌تان ناگۆڕێت، ئێوه ده‌رفه‌تی مێژوویی خۆتان له ده‌ست دا، به هه‌موو پێوه‌ره زانستیه‌كان تازه ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه، له دوو رێگا زیاترتان له‌به‌رده‌م نیه، یا به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر ئه‌و رێگایه‌ی گرتووتانه، كه دیاره چاره‌نووسه‌كه‌تان چیه؟! وه‌لێ ئه‌وه‌ی جێگای داخه له‌و حاڵه‌ته‌دا ره‌نگ بێت ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئێوه له لایه‌ن دوژمنانه‌وه بكرێته بیانوویه‌ك و ئه‌زمونی هه‌رێمی كوردستان به‌ته‌واوه‌تی له ناو ببرێت، یاخود واز له ده‌سه‌ڵات بێنن و چاره‌نووسی خۆتان ماڵ و منالتان رزگار بكه‌ن، نه‌بنه داشی ئه‌و دامه‌یه‌ی دوژمنان بۆ تێكدانی ئه‌و ئه‌زموونه به‌كارتان بهینێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی بیست و حه‌وت ساڵی رابردوودا به‌كاریان هێناون!؟ چونكه ئه‌مه دوا چركه‌یه‌و دواتر ره‌ش و سپی به‌یه‌كه‌وه ده‌سووتیت! دڵنیابن ئه‌مڕۆش بتوانن تووڕه‌یی خه‌ڵك كپ بكه‌نه‌وه،هه‌رچ سیناریۆیه‌ك بگرنه به‌ر، به‌یانی خه‌ڵك راده‌په‌ڕێته‌وه، كوردستان له دۆخێكی ئێجگار مه‌ترسیداردایه‌و با وڵات شه‌لالی خوێن نه‌بێت و هه‌موو شتێك به هۆی مانه‌وه‌ی ئێوه وێران و خاپوور نه‌بێت، پێویسته بوێرانه ژاراوی مێژوێكی پڕ له شكستیتان بنۆشن و بڕۆن.
له كۆتایدا پێتان ده‌ڵێم دڵنیابن ئه‌و چاره‌نووسه به ته‌نیا هی ئێوه نیه، به‌ڵكو چاره‌نووسی زۆربه‌ی سیاسه‌تمه‌دارو ئه‌و حیزبانه‌یه، كه ئه‌م قۆناغه‌یان ریسوا كرد، بۆیه پێتان راده‌گه‌یه‌نم، نه هه‌ڵبژاردن، نه به‌كارهێنانی هێز، نه پشت به‌ستن به داگیركه‌ران داتان نادا، واتان كرد له‌م وڵاته‌دا كه‌س متمانه‌ی به هه‌ڵبژاردن نه‌مێنێت، دۆسته‌كانی دوێنێتان ئه‌وه‌ی هه‌میشه به‌پیرتانه‌وه ده‌هاتن بۆ كوشتنی یه‌كتر، ئێستا یه‌كیان گرتوه‌وه به هاناتانه‌وه نایه‌ن، به پێچه‌وانه بۆتان له بۆسه‌دان، له‌م قۆناغه‌دا باشترین رێگا ئه‌وه‌یه، كه ده‌ست به‌جێ كۆنفراسێك ببه‌سترێت، له كه‌سانی دڵسۆز‌و تێگه‌یشتوو و رۆشنبیری كورد، چ له ناوه‌وه چ له ده‌ره‌وه‌ی كوردستان، ده‌توانرێت سوود له تواناكانی هه‌موو كوردستان وه‌ربگیرێت، كه دڵنیام هێنده توانایه‌ی هه‌یه، كه‌نه‌ك هه‌رێمێك بگره وڵاتێكی گه‌وره‌ش به‌ڕێوه ببه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی جكومه‌تێكی ته‌كنۆكرات بۆ ماوه‌یه‌ك دروست بێت تا ئیداره‌ی ئه‌و دۆخه پڕ قه‌یراناویه بكات، ئه‌مه وا ده‌كات ئه‌و ململانێیه حزبیه ناته‌ندروسته‌ی له كوردستان هه‌یه دوور بخرێته‌وه‌و دۆخه‌كه ئارام بكرێته‌وه، هاوكات بیانووش له ده‌ست دوژمنان بسه‌نێته‌وه و راده‌یه‌ك بۆ ده‌ست تێوه‌ردانی هه‌ریمایه‌تی دابنێت، كه هه‌وڵده‌ده‌ن ئێوه وه‌كو خالی بێهیزی كورد به‌كاربهێنن! دڵنیابن ئێوه چیتر ئه‌وه نه‌ماون بتوانن ئیداره‌ی ئه‌و دۆخه بكه‌ن، نه‌له ناوه‌وه‌ی كوردستان و نه له ده‌ره‌وه‌دا چیتر ئێوه كه‌س و بنه‌ماڵه‌و حیزبی قبووڵكراو نین، هیوادارم له‌م په‌یامه‌م تێبگه‌ن و له دوا چركه‌دا، با كوردستان له‌و ره‌وگه‌یه دوور بخرێته‌وه، كه به‌ره‌و ماڵوێرانی و خوێن رشتن و شكستی كه‌مه‌ر شكێن و گه‌وره‌تری ده‌بات.