ئارام مەجید عەلی
ئەگەر چاوێک بەنێو لاپەڕەکانی مێژووی سیاسی و سەربەزی کورد بگێڕین لەسەدەکانی ناوەڕاست و سەدەی حەڤدە و ھەژدە،ژمارەیەکی دیارو بەرچاو لە(حکومەت و میر و میرنشین)ی خاوەن ھێزی چەکدار ھەبوون، چ وەک ھێزی حکومەت یان میرنشین یان ھۆز و خێڵەکان لەماوەیەکی دیاریکروی مێژوودا ڕۆڵیان ھەبووە و دواتر لەنێو براون و بوون بەمێژوو.
لەکۆتاییەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم ناوێکی نوێ ھاتە نێو مێژووی سیاسی و سەربازی و کەلتورو فەرھەنگ و ئەدەبیاتی کوردی،ناوێک لێوان لێو لەجوانی و شانازی و مەردایەتی و ئازایەت بۆ خەبات وبەرگری و کوردایەتی و بویە ناسنامەی خەبان و تێکۆشان و ڕووبەڕووبونەی داگیرکەران و سیاسەتی چەوساندنەوەی دوژمنانی کورد،ئیدی لەو سەردەمەی کۆماری مەھاباد و بگرە تائێستاش ناوی پێشمەرگە بویە سیمبولی خۆڕاگی وشۆڕشگێڕی و شانازی لەنێو ئەدەبیاتی کوردی و چەندین شیعرو و چیرۆکی جوانی بۆ ھۆنرایەوەو کەوتەنێو لاپەڕەی سەروەری لەمێژووی ھاوچەرخماندا و بویە وێردی سەرزمانی تاکی کورد لەنێو کۆمەڵگەی کوردی وەک وتراوە:
ھۆکاکی پیشمەرگە شوڕشگێڕی قارەمان
ناوی پیرۆزی تۆیە بوەتە وێردی سەرزمان
لەڕاستیدا دەمێکە پێشمەرگەبوون بویە شکۆ و شانازی بوون و خۆبەختکردن لەپێناو خاک و نیشتیمان و تۆمارکردنی داستانی پڕسەروەری بۆ کورد و کوردستان، ھەر ئەم شکۆ و شانازیەی پێشەرگە بوو دوژمنی ھێنابویە لەرزەو حکومەتی بەعس بەو زاڵمیەی خۆی ترسی لەناوی پێشمەرگەو خۆڕاگری و ئازایەتی و گیان فیدای ئەم ھێزە پرۆز و خۆشەویستەی میللەت ھەبوو، جگەلەوەش لەبەر شکۆ و ڕێزی پێشمەرگە تەواوی خەڵکی کوردستان بەگشتی و گوندەکان بەتایبەن کەوتنە یارمەتیدان و خزمەت کردنی پێشمەرگەو پارووی دەمی خۆیان دەگرتەوە بۆ پێشمەرگە و خزمەتکردنی بەبێ ماندووبون.
بەڵام بەھۆی سیاسەتی بەرپرسانی نابەرپرس و بەرژەوەندی تەسکی بنەماڵەیی و کەسی و حیزی لەساڵانی نەوەدەکانی سەدەی بیستەم پێشمەرگەی دڵسۆزیان دووچاری شەڕی نەگریسی ناوخۆکرد و سەدانیان دابەکوشت لەپێناو پۆخڵەواتی و پیسخۆری و بەرژەوەنی خۆیان و شکۆی پێمەرگەیان ھێنایە خوارو دواتریش ھەرخۆیان پێشمەرگەیان بەچاوی سوک سەیردەکرد و تەنھا بۆ پاراستننی بنەماڵەو بەرژاوەندی حیزبی بەکار دەھێنا،کەدەمیش دەکەنەوەو دەڵێن ئێمە پێشمەرگەین و پێشمەرگایەتی خۆمان دەکەین و خۆمان بەپێشمەرگە دەزانین.
لە چارەکی یەکەمی سەدەی بیس و یەک و بەدیاریکراوی لەساڵی ٢٠١٤ دا ناو و شکۆ و ئازایەتی و مەردایەتی پێشمەرگە لەنێو ئاسمانی ئەدەبیات و خەباتی کوردیەتیدا گەشتەئاستی درەوشانەوە، نەک تەنھا کورد بگرە تەواوی وڵاتانی جیھان و سیاسەتمەدارانی جیھان شانازی بەشکۆ و قارەمانی ئەم ھێزەبکەن و لەئاست خۆڕاگریدا لەبەرمبەر ھێزێکی دڕندەی وەک داعش بوو بەھێزێک کەئەفسانەی داعشی تێکشاند و بەجۆرێک شکۆی پێشمەرگە لەئاست خۆڕاگری و ئازایەتی و کوردایەتیدا گەشتە کەشکەشانی فەلەک و ناوی پێشمەرگە بویە ناوێکی کیشوەربڕ.
دەپرسین کێ شکۆی پیشمەرگەی شکاند؟ مەخابن بەھۆی ھەڵەی نابەرپرسانی ئەم ھەرێمە لەکۆتایی شەڕی داعشدا شکۆی پێشمەگە بەشێوەیەک شکێنرا کەمرۆڤ دووچاری شۆکبوون دەکات! چۆن ئەم ھێزە وایلێکرا؟! ئەمەش بەجۆرێک بەھۆی ململانێی حیزبی و کەسی، ڕێزو ھەیبەت و شکۆی پێشمەرگە ھێنرایە خوار بۆ ئاستی ھەڵھات و ڕاکردن و بەجێھێشتنی سەنگەر و ناوچە ڕزگارکراوەکان و بەکوشتدانی دەیان پێشمەرگە ئەمەش بەفیتی سیاسیەکان، جگەلەوەش شکاندنی شکۆی پێشمەرگە لەلایەن بەرپرسانی ئەم ھەرێمە گەشتە ئاستی دەست بردن بۆ قوت و موچەو ژیانیان لەبری پاداشت و ماندووبونیان، دواجاریش دەیانەوێت لەئاست ناڕەزایی ھاوڵاتیاندا زیاتر شکۆیان بشکێنن و دەیانەوێت لولەی تفەنگیان ڕوو بکەنە گەنجانی خێر لەخۆنەدیوی میللەتەکەمان،ئاخر شکانی شکۆی پێشمەرگەو بڕینی نیوەی موچەکەی گەشتە ئەو ئاستەی ئێستا بەچاوی ئیھانەو بێڕیزی سەیربکرێن، لەنیو شەقام و لەنێو پەیجەکان گاڵتە بەشکۆی پێشمەرگە بکرێت و چەندان قسەی نەشیاونەگونجاو بنوسرێت، لەڕاستیدا ئەوە ھاوڵاتی نیە شکۆی پێشمەرگە دەشکێنێ،ئەوە بەرپرسەنابەرپرسەکانن شکۆ و پیرۆزی پێشمەرگە دەشکێنن،لەبری بەرگری لەخاک لەم ساتەدا بۆ بەرگری لەماڵ و بەرپرسان و بەرژەوەندی تەسکی حیزبی و کەسی بەکاریان دێنن،ئیدی پەنجەی تۆمەن بۆ ھاوڵاتی ڕامەکێشن لەکاتێکدا سێ پەنجەی خیانەت ڕووی لەخۆتانە!
تکایە شکانی شکۆ و قارەمانی ھێزی پێشمەرگەی نیشتیمان پەروەر ڕاگرن،چونکە شکانی شکۆی پێشمەرگە شکانی شکۆی میللەتێکە،شکانی ھێزو خۆشەویستی میللەتێکە، ئێستاش میللەت خۆی بەقەرزار و خزمەتکاری ھێزی پێشمەرگە دەزانێت،تکایە بەدەم داوای ھاڵاتیانەوەبێن و کۆمەڵگەی کوردی مەکەن بەکۆمەڵگەی سەربازی،خەڵک بوەتە پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی دووژمن نەک بەکارھێنانیان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ھاوڵاتیان و براکانی خۆی،پێشمەرگە ماندوە زیاتر ماندوویان مەکەن و زیاتر شکۆیان مەشـــکێنن.