مۆر کردنی رێککەوتن لەسەر مەرگی خەڵکی کوردستان!!

لەلایەن ستاندار Posted on 452 جار بینراوە

د.حلمی رەسوڵ رەزا

بە گوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانیەکان، دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان لە نێوان خۆیاندا رێککەوتوون، بۆ ئەوەی دۆخی ناسەقامگیری ھەرێم بەھەر شیوەیەک ھەیە تێپەڕێنن. ھەرچەندە بەندو خاڵەکانی ئەو رێککەوتنە روون و ئاشکرا نییە، بەڵام بە پێی ھەندێ زانیاری رێککەوتنەکە ھەندێ جار کاتی دێتە پێش چاو، ھەندێ کاتیش گەڕانەوەیە بۆ رێککەوتنی ستراتیجی ھاوینەھەواری دوکان لە ساڵی ٢٠٠٧، راگەیاندنی دەسەڵاتیش چاوو سۆزی خەڵکی راکێشاوە بۆ سەر پیاو چاکی و قسەکانی نانبڕەکانی کوردستان لە نمونەی (مالکی) و ھاوبیرەکانی، ھەندێ جاریش (عمار الحکیم) وەکو ناوبژیکەرو خەمخۆر دەھێننە پێش چاو.. کە لە راستیدا ھەم رێککەوتنە ناوخۆییەکە و ھەم رێککەوتنەکە لەگەل دەسەڵاتدارانی دژە ریفراندۆم و کورد و بەرژەوەندییەکانی لە چوارچێوەی مانەوە لەسەر دەسەڵات و درێژەدان بەم دۆخەو لە شێوەی دەرزی ئازار شکێنی کاتی خۆی نماییش دەکات..
دەربارەی رێککەوتنی نێوان دەسەڵاتدارانی باشوور، خۆی لە بەرگری کردن لە یەکترو ھاتنە وەلام لەسەر یەکترو دڵدانەوەو دڵدارییەکە بەوەی چارەنووسی ھەردوولایان پێکەوە بەستراوە، تا رادەی یەک لیستی و گەلە ‌کۆمەکردن لە موعارەزەو خەڵک و رۆشنبیران و رەخنەگران لەم دەسەڵاتە و پەرت پەرت کردنی ھەرچی دەنگە کە بە پێچەوانەی ئەوانەوە ئاوازەکە دەژەنن..
ھەرچی رێککەوتنە لە گەڵ چەند باڵێکی دەسترۆیشتووی شیعە لە بەغدا، ھەمان ئەو تاس و حەمامەیە، کە مالکی و دارودەستەکەی پێھاتە سەردەسەڵات، کرۆکی رێککەوتنەکەی نێوان بەغداو ھەولێریش لەوەدا خۆی دەبینیەوە کە ھەرچی دەسەڵات و سەروەت و سامان ھەیە، لە نیوانیاندا بە یەکسانی دابەش بکرێت و چەند ساڵێکیش ئەوە بەردەوام بوو..
خاڵێکی جەوھەری لە سەرجەم رێککەوتنەکان ئەوەیە، بە ھیچ شێوەیەک ژیان و گوزەرانی خەڵک لەبەرچاو ناگیرێ، و ھیچ حسابێکیش بۆ موعارەزەی عێراق و ھەرێم لە نێوانیاندا نەکراوە، واتە ئەمە رێککەوتنێک نییە، زۆرینەی خەڵکی کوردستان و عێراق ئاگاداری بن و تەنانەت سونەش لەم دابەشکردنی دەسەڵاتە بێبەشە، بۆیە ئەم جۆرە رێککەوتنانە، نابنە مایەی ئارامی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی، بۆ خەڵک، لەلایەکی تریشەوە کڵاوخستنە سەر دەسەڵاتدارانی باشور لەلایەن مالیکی و ھاوبیرەکانیەوە لە ئاسان ئاسنترە، بەوەی مەرج و ستراتیجی ھەرێم تەنھا مانەوەیە ئەگەر بە شێوەیەکی زۆر شڕیش بێت، لێرەدا خەڵکی کوردستان بە گشتی نابێ بە تەمای ھیچ جۆرە باشبونێک لەم دۆخە بکات، بەڵکو ئەگەر رێککەوتنیش ھاتە ئاراوە، وەکو دەرزی ئازارشکێنەو ناچێتە چوارچێوەی نەشتەرگەرییەکی تەندروستەوە.. ، کورتەی قسەی بەندەش ئەوەیە، مۆرکردنی ھەر رێککەوتنێک بەبێ راوێژی خەڵکی ترو پسپۆرو موعارەزەو خەمخۆرانی تری کورد، مۆرکردنی سەپاندنی مەرگە بەسەر ژیانی دانیشتوانی کوردستاندا..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.