بەرەی”حەشد، بدر، ئەھلی حەق، حزبوڵا، خراسانی، ئەلشوھەدا، کتایبی ئیمام عەلی” و داھاتووی کورد!؟

لەلایەن ستاندار Posted on 439 جار بینراوە

ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

وێرای ناسەقامگیری بارودۆخی سیاسیی و ئابووریی عیراق، ناکۆکیی و ناتەبایی نێوان قەوارە و پێکھاتە سیاسیەکان و بنبڕنەکردنی داعش لە ڕەگەوە و بوونی مەترسی، ھێشتا دەستکەوتی پۆستی سیاسی لە نێو پەیکەری دەسەڵاتی حوکمدا مایەی مسۆگەرکردنی مانەوە لەسەر کورسی دەسەڵات، پاراستنی بەرژەوەندی، دەوڵەمەند بوون و دابین کردنی ژیانێکی پڕ لە خۆشگوزەرانیە بۆ تاکی بەژداربوو.

دەسەڵاتداران، سەرانی پارتەکان، قەوارە سیاسیەکان بە گەورە و بچووکییانەوە، گروپی چەکداری فەرمی و نافەرمی، بە سونە و شیعە و کەمە نەتەوەکان، سەرقاڵی خۆ ئامادە کردنن، بۆ چوونە ھاڤرکێ لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ی عیراق. بۆ بردنەوە لە ھەڵبژاردن، ھەر یەک لە، پارت، گروپ و کەسایەتییە دەسەڵاتدار و ناسراوانە، لە ململانێ دان، بۆ ھاوپەیمانیەتی دروست کردن و چوونە بەرەیەک لەگەڵ لایەن و گروپی دی، بۆ بە دەستھێنانی دەنگی زیاتر لە ھەڵبژاردنەکان.

سەرانی پارتە عەرەبی و مەزھەبیەکان، دەزانن کورد دووەم نەتەوەیە و لە ٢٠%ی دانیشتوانی عیراق پێکدەھێنێت. ئەوەش دەزانن، کە کورد لە پەرلەمانی عیراق، بەھۆی کەمی رێژەی دەنگەکانی، ناتەبایی نێوان گروپ و پارتەکانی، ئەو سەنگەی نییە لە نێو پەرلەمانی عیراق، تا لە ھەموو حاڵەتەکاندا، بتوانێت بە دەنگ یاسایێ سەربخا کە لە بەرژەوەندیی دەستەکەوتی نیشتمانیی و نەتەوەیی کورد بێت. وێرای ئەوەش، ھەموو لایەنەکان، بۆ بردنەوە لە ھەڵبژاردنەکان، دەیانەوێ سوودمەندبن لە دەنگی کورد و بەکاری بھێنن بۆ بردنەوە لە ھەڵبژاردنەکان.

دەسەڵاتدارانی عیراق و لایەنە بەشداربووەکان لە ھەڵبژاردن، ڕوونە لایان کە کەسایەتییە کوردەکان و سەرانی پارتەکان، ئامادەیی ئەوەیان ھەیە، بەشداری بکەن، لە پرۆسەی ھەڵبژاردن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتیەکانیان، ھەروھا دەرکیان بەوەش کردوە، بۆ بەدەستھێنانی دەنگی تاکی کورد، دەبێت لە سەران و کەسایەتییە دەسەڵاتدارەکانی ھەرێم نزیک ببنەوە. بۆ ئەو مەبەستە، ھەنوکە، ھەست بەوەدەکرێت، کە ھەندێک لە پارت و کەسایەتیی عیراقی، کەوتونەتە جموجۆڵ، خۆ نزیک کردنەوە لە سەرانی پارتەکان و کڕینی ھەندێک کەسی کورد لە نێو پەرلەمانی عیراق بۆ پێکانی مەبەستەکانیان.

سەرانی شیعە، ڕۆڵێکی سەرەکییان ھەیە، لە پیادە کردنی سیاسەتی عیراق و ڕووداوەکان، لە ھەوڵی ئەوەدان زیاتر ڕەگ دابکوتن، دەسەڵاتەکانیان سەقامگیرتر بکەن لە بەغداد، بۆ ئەو مەبەستە ھەوڵدەدەن لە گشت سەرانی پارت و لایەن سیاسییە عیراقی و کەمەنەتەوەکانی دی وەک نەتەوەی کورد نزیک ببنەوە. بۆ ماوەیەکی کاتی و کورت، گەلێک بەڵێن و گفتی دڕۆ دەدەن دوای ھەڵبژاردنەکان دووبارە پشت لە کورد دەکەنەوە. ئەم جۆرە ئەزموونە ھەموو جارێک لە بازنەیەکی داخراودا خۆی دوپات دەکاتەوە و سەرانی پارتەکانی باشوور “پرسی کورد” دەکەن بە ئامرازی دەستی سەرانی شیعە و سونە، میللەتی کورد ھەڵدەخەڵەتێنن، بەوەی کە فڵانە سەڕۆک ئەگەر سەربەکەوێت ،ئەوا لە بەرژەوەندیی دەستکەوتی نیشتمانیی و نەتەوەیی کوردە!
نوری مالکی، سەڕۆک وەزیرانی پێشووی عیراق و داشی ئیران، تا ئێستا جەمسەرێکی دیار و بەھێزە، لە بەلا خستنی ڕووداوەکان، بەشێوەیەکی کارا لە مەیدانەدا دەبینرێ، تا ھەنوکە لە جوڵەدایە، بۆ بەدەست ھێنانی بەرژەوەندییە تایبەتیەکانی و مانەوەی لە دەسەڵات. عەبادی بەھەمان شێوە.

سەڕۆک وەزیرانی ھەنوکە و پێشووی عیراق، توانیویانە خۆیان لە پارتە کوردییەکان نزیک بکەن، بەڵینی مسۆگەر کردنی بەرژەوەندیی کۆمەڵێک کەسیان داوە، لە ئەنجامدا دەنگی کورد دابەش بووە بەسەر ھەر دووکیان! مالکی و عەبادی، لە میدیاکان ڕایدەگەیەنن، کە پەیوەندیان لەگەڵ کورد لە ئاستێکی باڵا دایە!؟

بەدرێژایی ئەزموونی بەشداریی سەرانی پارتە کوردیەکان، لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان و چوون بۆ پەرلەمانی عیراق، ئەو ڕاستیەی سەلماندوە، کە ھەموو جارێک سەرانی پارتە کوردییەکان و کەسەکان لە بازنەیەکی داخراودا خولاونەتەوە. لە دەستکەوتی تایبەتی زیاتر، بەشداریبوونیان ھیچ دەستکەوتێکی نیشتمانیی نەتەوەیی کوردی تێدا نەبووە. ھەروھا، ھەر جارێکش کە چوونەتە نێو ھاوپەیمانی لەگەڵ لایەنێکی دیاریکراوی عەرەبی و عیراقی، یان پشتیوانیان لە سەرکردەیەکی عیراقی کردوە، دواتر بە دۆڕاوی لێی دەڕچوون! بۆ نمونە جارێک پشتیوانیان لە مالکی کرد بە فیتی ئیران و دواتر کەوتنە لێدوان دژی. جارێکی تر دووبارە بە فیتی ئیران پشتیوانیان لە عەبادی کرد، دووبارە کەوتنە لێدوان دژی ئەویش. لەم ھاوکێشەیەدا یەک ئەنجام بۆ میللەتەکەمان وەک یەک بوو، ئەویش ئەوەیە کە ھاتنی ھەردووکیان ھیچ دەستکەوتێکی سیاسی، نیشتمانی و نەتەوەی مسۆگەر نەکرد و خۆشگوزەرانی بۆ میللەتی کورد فەراھەم نەکرد.

عەبادی، بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی، دژ بە ھەوڵەکانی مالکییە. حەشەد، لە قۆناغی دەسەڵاتی عەبادیدا، ئامرازێکی کارا بوو، بۆ جێبەجێ کردنی مەبەست و مەرامەکانی عەبادی! بەڵام ئێستا عەبادی، دژ بە پێشنیاری مالکییە لە بەشداری پێکردنی حەشد لە ھەڵبژاردنەکاندا.

ھەنوکە، نوری مالکی بە فیتی ئیران، پێش ھەڵبژاردنەکان، تەقەلای ئەوە دەدات بەرەیەک پێک بھێنێت لە “حەشدی شەعبی، رێکخراوی بدر، عەسائبی ئەھلی حەق، کەتائیبی حزبوڵا، سەرایەی خراسانی، سەید ئەلشوھەدا، کتایبی ئیمام عەلی” و چەند ھێز و گروپێکی دی، وەک عەشایری سونی و شیعی، لە ژێر ناوی “بەرەی موجاھدین”. پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە، ئایا لە بەرەیەک و پێکھاتەیەکی لەو جۆرەدا، کە لە داھاتوویەکی نزیکدا دەسەڵات بگرنە دەست لە عیراق، ئاخۆ چارەنووسی میللەتی کورد دەبێت چی لێ چاوەڕوان بکرێت و چی بەسەر بێت!؟

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.