ئینحراف و دابڕان

لەلایەن ستاندار Posted on 427 جار بینراوە

عەدنان عوسمان

سێ پایەی گرنگ کە گۆڕانی لە ھێزە تەقلیدیەکان جیا ئەکردەوە:

یەکەم: گۆڕان ئەو ھێزە بو بە ھاوڵاتیانی وت ئێوە تەنھا ئەرکتان لەسەر نیە، بەڵکو مافیشتان ھەیە. حزبی تەقلیدی کوردی زیاتر قسەی لەسەر “ئەرکی” ھاوڵاتی ئەکرد لە بەرگری لە نیشتمان و پاراستنی ئەزمونەکەیان و قوربانی دان و خوێن و گیان بەخشین، گۆڕان جەختی لەسەر “مافی” ھاوڵاتیان لە ژیانێکی جیاوازتر ئەکردەوە.

دووەم: گۆڕان دابڕانێک بو لە دەستەواژە سواوەکانی بەناو کوردایەتی، کە سەرقاڵی شیوەن و کروزانەوە بون بۆ نیشتمان بە روکەش و، دزینی سەروەت و سامانەکەی لە واقعدا. گۆڕان کاری لەسەر ناسنامەی ھاوڵاتی و مافەکانی ئەکرد، لەسەر پرسەکانی خزمەتگوزاری و دژایەتی گەندەڵی و سیستەمێکی عادیلانەو مۆدێرنانەی حوکمڕانی. بەوەش خۆی لە گروپە ناسیۆنالیستەکان و گوتارە سواوەکانیان جیائەکردەوە.

سێیەم: گۆڕان خۆی دورگرت لە کەلتوری دیوەخانی حزبایەتی کوردەواری کە زۆرتر سەرقاڵی سەردان و یەکتر بینین و جەخت کردنەوە لەسەر خاڵە ھاوبەشەکان و یەکڕیزی فریودەرانە. گۆڕان کاری لەسەر خاڵەکانی جیاوازی ئەکرد و تۆختری ئەکردەوە. واتە دابڕانێکی گەورەی لەگەل دەستەودایەرەی تەقلیدیانەی حزبایەتی لە کوردستاندا کرد و زیاتر روی لە جەماوەر و داخوازیەکانی بو نەک سەرقاڵی گفتوگۆ لەگەڵ حزبەکاندا. خەمی گۆڕان دڵی خەڵک بو نەک دڵی حزب و کەسایەتیەکانی.

بە کورتی، گۆڕان دابڕان” قەتیعەیەک” بو لەگەڵ ھەمو مەنزومەی فکری و سیاسی و رێکخراوەیی بزوتنەوەی تەقلیدی کوردایەتی، پاراستنی ئەو روحیەت و داینەمۆیەی گۆڕان، ئەرکێکی گرنگ و گەورەی گۆڕانخوازانە، چونکە مەترسیان لەسەر ھەیەو ھەوڵێکیش ھەیە بۆ راکێشانی قاچی بۆ نێو ئەو بازنە سواو بەسەرچوەدا. گۆڕان لە دوڕیانی مانەوەو خۆنوێکردنەوەو راوەستاوەییە لەسەر پەیامەکانی نەوشیروان مستەفا، یا بچوکبونەوەو پەراوێزکەوتن.
گۆڕانخوازانی خەمخۆر دەبێت کار بۆ سەرخستنی ئەگەری یەکەم بکەنەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.