گۆڕان شەپۆلە، لەبەرئەوە سواری شەپۆل نابێت

لەلایەن ستاندار Posted on 368 جار بینراوە

سەباح محەمەد

بزوتنەوەی گۆڕان ئەو ھێزە سیاسییە جەماوەرە فراوانەیە کە لە ٢٠٠٩ دێتە ستادیۆمی سیاسی ھەرێم، و دەبێتە کێبڕکێکارێکی ڕاستەقینەی دەسەڵات( پارتی& یەکێتی)، و لەھەمانکاتیشدا سەنگەری داکۆکیکردن لە مافی ھاوڵاتیان، ھەشت ساڵ تەمەنی ڕابردووی ئەم بزوتنەوەیە دەرخەری ئەم ڕاستیەیە.

گۆڕان شەپۆلێکی ڕاچڵەکێنەریوو، کە ھەموو کۆمەڵگای ڕاچڵەکاند، و ڕایگەیاند کە ھێزێکی تازە و خاوەن وزەی نوێیە، بەرنامەیەکی سیاسی گشتگیری ھەڵگرتوە، کە دەتوانێت ئێستا و ئایندە بەرێتە قۆناغێکی باشتر.

ئەم بزوتنەوەیە بوو بە بزوتنەوەیەکی یاخی لە توراسی حزبە کوردییەکان، پشتی کردە پێوەرە حزبیەکان کە خۆی لە پێگەی کۆمەڵایەتی، خزم خزمێنە، باڵ باڵێن و تەکەتول، دەوڵەمەند…..ھتد، بەڵام کاری بە یە پێوەری دیاریکراو کرد کە بریتییە لە توانا و شیاوێتی خودی کەسەکان.

ماوەیەکە و بە پیلان چەند کەسێک دەیانەوێت وانیشان بدەن کە ئەوان ئەلتەرناتیڤی گۆڕانن، و لەڕێگەی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە پەلاماری ئەم بزوتنەوەیە بدەن، و وا وێنای کەن کە سواری شەپۆل دەبێت، ئەگەر بە سەتحیش سەیر بکەین پێچەوانەی ئەمە ڕاستە، ئەمە گۆڕان نیە کە سواری شەپۆل دەبێت، بەڵکو ئەمانە دەیانەوێت سواری شەپۆلی گۆڕان بن.

بزوتنەوەی گۆڕان بەرھەمی عەقڵ و دونیابینی بەڕێز نەوشیروان مستەفا و ھاوڕێکانی و سەدان گەنج و مامۆستای زانکۆ و ڕۆشنیری ئەم کۆمەڵگەیەیە، کە ویستی گۆڕانکاری لەدەوری یەکتر کۆی کردوونەتەوە بە ئامانجی بونیادنانی ئێستا و ئایندەیەکی باشتر بۆ ئەم ھەرێمە.

بەکارھێنانی ناوی نەوشیروان مستەفا لەلایەن ھەر لایەنێکەوە بێت بۆ ڕاکێشانی دەنگی خەڵک جگە لە بزوتنەوەی گۆڕان، بێ مۆڕاڵی سیاسیە، لەبەرئەوەی دونیابینی ئەم کەسایەتییە لە بزوتنەوەکەدا شوێنی گرتوە، ئەگەر لەناو بزوتنەوەی گۆڕانیشدا کودەتا بەسەر تێڕوانینەکانی دا کرا، ئەوا دەشێت چەند کەسێک لەناو بزوتنەوەکە خۆیان بە ھەڵگری بۆچوونەکانی بزانن و ھەڵوێست وەربگرن، بەڵام تا ئەم ساتەش ئەم بزوتنەوەیە بەردەوامە لەسەر پرەنسیپە جێگیرەکانی ڕابردووی.

گۆڕان چەند دامەزراوەیەکی فەرمی ناوخۆیی ھەیە، کە یارمەتی بزوتنەوەکە دەدەن بۆ بڕیاردان، ھەر بڕیارێکیش کە دەردەکرێت دراسەی ھەموو لایەنەکانی بڕیارەکە دەکرێت. ئەگەر پێشتر تەنھا پارتی و یەکێتی ھەوڵیان دابێت کار لەسەر بچوککردنەوەی گۆڕان بکەن، کە نەیان توانی و بزوتنەوەی گۆڕان فراوانتر بوو، ئێستا چەند لایەنێکی تریش چوونەتە سەنگەری پارتی و یەکێتی بۆ دژایەتیکردنی گۆڕان، کە ئەمەش خزمەتکردنە بە پارتی و یەکێتی، و سفرکردنەوەی خۆیانە، چونکە مەعدەنی ئەم بزوتنەوەیە پتەوە و لەسەر بنەمای ھەلپەرستی و ” درۆ و دراو” بینا نەکراوە.

لەو ڕەخنانەی کە لەژێر ناوی “چاودێرێکی سیاسی و شارەزایەکی بواری ھەلبژاردن کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرابکات” ڕوبەڕووی بزوتنەوەکەی دەکەنەوە ئەمانەن:
_ کشانەوەی گۆڕان لە ئێستادا لە حکومەت بۆ کۆکردنەوەی دەنگە، بۆ پێشتر نەدەکشایەوە؟ گۆڕان بۆ نەیتوانی بەرنامەکەی جێبەجێ بکات؟

تەمەنی گۆڕان لە کابینەی ھەشت نەگەیشتە دوو ساڵ کە سەرۆکی پەرلەمان ڕێگری لێکرا بچێتەوە سەر کارەکەی و پەرلەمان داخرا و وەزیرەکان دوورخرانەوە بەبڕیارێکی پارتی، لەم ماوەیەدا شەڕی داعش و قەیران ھەرێمی گرتبۆوە، ئەمە سەرەڕای ڕێگریەکانی ھەردوو حزب لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی گۆڕان کە یەکێکیان یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە بوو، ئینجا کابینەی ھەشت کابینەیەکی بنکە فراوان بوو، نەک تەنھا گۆڕان تەشکیلی کردبێت. ئەگەر لە کاتی شەڕی داعشدا گۆڕان کشابایەتەوە لە حکومەت و بوبایەتەوە بە ئۆپۆزسیۆن، ھەر ئەم بەناو چاودێرانە بەجۆرێکی تر پەلاماریان دەدا و دەیان گوت، گۆڕان ڕەچاوی بەرپرسیارێتی مێژوویی و نەتەوەیی ناکات. گرنگە کە گۆڕان نەشیتوانیبێت بەرنامەکەی جێبەجێ بکات، بەڵام خیانەت و گەندەڵی لە گەلەکەی نەکردووە، خۆ تەنھا گۆڕان بەرنامەی نەبوو، ئەی بۆ کەس باس لە بەرنامەی حزبەکانی تر ناکات؟ !

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی حزبی سیاسی بریتیە لە ھەوڵدان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و کۆکردنەوەی زۆرترین دەنگ، گۆڕانیش ئەو مافەی ھەیە ھەر ھەنگاوێکی شەریفانە بگرێتە بەر بۆ ئەم مەبەستە، پرسیارەکە ئەوەیە ئەوانەی کە ڕەخنە لە گۆڕان دەگرن، ئەوانیش لەبەرئەوە نیە کە دەنگ کۆبکەنەوە؟

_ نەبوونی ھەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە لەسەر ڕیفراندۆم، و ناپاکیەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر.
ھەر لایەنێک وای نیشان بدات کە گۆڕان ھەڵوێستی جدی نەبووە لەسەر ڕیفراندۆم، ئەوا خۆی فریودەدات، چونکە ھەر لەسەرەتاوە گۆڕان دژی ئەنجامدانی ئەم ھەنگاوە بوو، وەپێی وابوو کە زەمینەی ناوخۆیی و ھەرێمی و نێودەوڵەتی گونجاو نیە، و بە بڕیارێکی کەسی و حزبی ناوبرد، دوای نوسینی سەدان وتار لەلایەن نوسەران و ڕۆشنیرانەوە کە مەترسی ڕیفراندۆمیان خستە ڕوو، جولانەوەیەک ھاتە کایەوە، و سواری شەپۆلی بۆچونی ئەم نوسەرانە بوو، و خۆی کرد بە خاوەنی، لێرەوە دوو بەرە دروست بوو، بەرەی لایەنگرانی ڕیفراندۆم، بەرەی دژە ڕیفراندۆم، گۆڕان نەبوو بە بەشێک لەم دوو بەرەیە، و ھەڵسوڕاوەکانی ئازاد کرد لە دەنگدان، بە بڕوای من ئەمە دروسترین بڕیابوو بۆ بزوتنەوەکە.

ئەوەی پەیوەندیدارە بە خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، کە بۆچی گۆڕان ھەنگاوی کردەیی نەنا، و خۆی بە بەدیلی دەسەڵات نەناساند؟ ھەر لەسەرەتاوە گۆڕان داوای جکومەتی کاتی کرد بۆ دەرچون لەم دۆخە، بەڵام پارتی و یەکێتی ڕەزامەند نەبوون، ھەر لەسەرەتای دامەزراندنی گۆڕانەوە کاک نەوشیروان گووتی، ئێمە ڕێگەی ھەڵبژاردن و دەنگدانمان ھەڵبژاردووە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، ئەمەش وەڵامی ئەو پرسیارەیە کە بۆچی گۆڕان وەک بەدیل خۆی نەناساند.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.