دیموکراسیەت حوکمی زۆرینە نیە

لەلایەن ستاندار Posted on 570 جار بینراوە

دیموکراسیەت حوکمی زۆرینە نیە

محەمەد ئەحمەد

کاتێک ده‌ڵێین دیموکراسیەت واتە حوکمی خه‌ڵک یه‌کسه‌ر بیرمان بۆ لای حوکمه‌ ئه‌زموونیه‌کان ده‌چێت که‌ هاتنه‌کایه‌ و وونبونیان په‌یوه‌سته‌ به‌ کات و شوێنێکی دیاریکراو. بۆ نموونه‌ کاتێک بریار له‌سه‌ر پرسێکی سیاسی ، ئابووری یان کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ده‌ین له‌ ژێر کاریگه‌ری هه‌ڵ و مه‌رجێکی دیاریکراو.
له‌م حوکمه‌ ئه‌زموونیانه‌ کۆده‌نگی زۆر ئه‌سته‌مه‌ هه‌ربۆیه‌ چاره‌سه‌ری دیموکراسی پێوه‌ری زۆرینه‌ یه‌، به‌ڵام ئه‌م پێوه‌ره‌ زۆرینە یه‌ ئەگه‌ر بنه‌مایه‌کی ره‌وای نه‌بێت ئەوا زۆر ستەمکارانەیە ‌.
ھەر خودی ئەو پێوەرەی زۆرینەیەشە کە ھەمیشە ماکێکی ناشرین بووە بە نێوچاوانی دیموکراسیەوە ھەر لەسەرەتای سەرھەڵدانیەوە لە ئەسینای یۆنانی کۆن تاوەکو ئێستاشی لەگەڵ دابێت . ئەمەش لەو کاتانەدا دەبێت کە ھیچ چوارچێوەیەکی رەوا نەبێت کە حوکمی زۆرینە سنوردار بکات . چونکە زۆرینە ھەمیشە سۆزدار و ھەڵچوو و ناعەقڵانین و ، بە تەواوی دەکەونە ژێر کاریگەری ئەزموون و بارودۆخی ھەیی و بیروباوەرێک کە زادەی کات و شوێنێکی دیاریکراوە . بە مانایەکیتر زۆربەیان حوکم و چەمکە ھەمەکی و بان ئەزموونیەکان بە جوانی ناناسن تا دادپەروەرانە بریار بدەن و لە زوڵم دووربکەونەوە.

ھەر ئەم دیکتاتۆریەت و گەمژەییەی زۆرینەشە کە وایکردوو زۆرێک لە بیرمەند و فەیلەسوفەکان دژی دیموکراسی بن ، وەکچۆن ئەفڵاتۆن لە رقی حوکمی لە سێدارەدانی سۆقراتی مەزن لە لایەن زۆرینەیەکی نەزانەوە ئەو پەری دژایەتی خۆی چرکردەوە دژی دیموکراسی .
لەسەردەمی نوێشدا نازییەکان و زۆرێک لە حیزب و سەرکردە دیکتاتۆرەکان سەرەتا بە ناوی شەرعیەتی زۆرینەوە کە بنەمایەکی دیموکراسیە گەیشتنە دەسەڵات ، دواتریش دیکتاتۆریەت و تاکرەوییان پەیرەوکرد ھەر لە ژێر ناوی شەرعیەتی زۆرینە .

ئیدی بۆ گه‌ران به‌دوای بنه‌مایه‌کی ره‌وا بۆ حوکمی زۆرینە ده‌بێت به‌دوای چه‌ند حوکمێکی گشتی و بان ئه‌زمووندا بگه‌رێین که‌ له‌ نێوان هه‌موو خه‌ڵکیدا حوکمێکی هاوبه‌ش بێت واته‌ هه‌ر که‌سێک له‌ لای خۆی حوکمی له‌سه‌ر دابێت .ئه‌م حوکمه‌ هاوبه‌شانه‌ش هیچ کات و شوێنێک نه‌ ناسن و له‌ده‌ره‌وه‌ یان له‌سه‌رویی ئه‌زموون بن واته‌ له‌ ئه‌زموون بەدەربن.

که‌واته‌ فه‌لسه‌فه‌ی سیسته‌می دیموکراسی له‌وه‌دایه‌ که‌ هه‌موو خه‌ڵکی له‌سه‌ر چه‌ند چه‌مک و پره‌نسیپێک رێکبکه‌ون که‌ له‌ نێوان هه‌موو خه‌ڵکیدا خواستراو و په‌سه‌ندکراو بێت به‌ کۆده‌نگی . ئیدی ئه‌رکی سه‌ره‌کی حوکمرانان ته‌نها ده‌سته‌به‌رکردنی ئه‌م چه‌مکانه‌ بێت کە زادەی ئیرادەی گشتیە و کۆدەنگیەکی گشتی لەسەرە . چونکه‌ بۆ رێکخستنی کۆمه‌ڵه‌ڵگایه‌کی مرۆیی فره‌یی و جیاواز تاکه‌ شتێک بریتیه‌ له‌ حاکمیه‌تی به‌ها و پره‌نسیپه‌ گشتی و هاوبه‌شه‌کان نەک سەپاندی ئیرادەی گروپێک بەسەر ئەوانیدی ، ھەرچەندە ئەم گروپە لەلایەن زۆرینەشەوە پاڵپشتی کراو بێت.

ئه‌م چه‌مک و پره‌نسیپە ھەمەکیانه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی کۆده‌نگیه‌کی ره‌ها به‌ده‌ستبێنن و هه‌موو خه‌ڵکی بیخوازن ، ده‌بێت زاده‌ی سروشتی تاکی و کۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤه‌کانبن. ئه‌وانیش وه‌ک چه‌مکه‌کانی ئازادی و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری و بەھا پیرۆزە مرۆییەکان . چونکه‌ هیچ که‌سێک نیه لاری له‌م چه‌مکانه‌ هه‌بێت و‌ بڵێت من ئازادیم ناوێت ، یان بڵێت زوڵمم ده‌وێ له‌هه‌مبه‌ر خۆم له‌ جیاتی دادپه‌روه‌ری . که‌واته‌ مادام بۆخۆت داواکارییه‌کی سروشتی و خواستراوه‌ ده‌بێت به‌ خه‌ڵکیش بە ڕه‌وا ببینی.بەڵام تێگەیشتمان بۆ ئەم چەمک و بەھا گشتیانە دەبێت زادەی تێگەیشتنێکی لۆژیکی عەقڵی پەتی بێت نەک عەقڵیەتێکی ئەزموونیانە.

دواتر ده‌بێت رۆحی ئه‌م چه‌مکانه‌ که‌ کۆده‌نگیه‌کی گشتی و سروشتی له‌سه‌ره‌ به‌به‌ر هه‌موو دام و ده‌زگاکانی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و پەروەردەیی ووڵات بکرێت و حاکمیەت ببێتە حاکمەیەتی دامەزراوە دیموکراسیەکان نەک چەند کەسانێک کە بەناوی زۆرینەوە حوکمیان گرتۆتە دەست.
به‌مه‌ش دیموکراسییه‌تی دام و ده‌زگاکانی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی له‌وه‌دایه‌ که‌ ده‌سته‌به‌رکاری ئه‌م چه‌مکه‌ هاوبه‌شانه‌بن له‌ ئه‌رزی واقع له‌ نێوان هاوڵاتیاندا. وە ئەو چەمک و بەھا ھاوبەشانە بکاتە چوارچێوەیەک بۆ رەفتارەکانی حوکمرانان و سنوردارکردنی حەز و ئارەزوو و بەرژەوەندیە کەسی و حیزبیەکانیان .

که‌واته‌ دیموکراسیه‌ت ده‌سته‌به‌رکردنی به‌ها و پره‌نسیپه‌ هاوبه‌شه‌کانه‌ له‌ نێو دام و ده‌زگا و دامه‌زراوه‌کانی ووڵات به‌ڵام کێ هه‌ڵسێت به‌م کاره‌ ، ئه‌وا لێرەدا با زۆرینه‌ بڕیاربدات.
ئیتر ئه‌رکی زۆرینه‌ هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌سانێک هه‌ڵبژێرێت که‌ ملکه‌چی به‌هاو بریاره‌ هاوبه‌شه‌کان بن و ئه‌رکی تحقیق کردنی ئه‌و پره‌نسیپه‌ هاوبه‌شانه لە چوارچێوەی دامەزراوەکان ‌ له‌ ئه‌ستۆبگرن نەوەک زۆرینە ببێتە ھۆکار و فاکتەرێک بۆ زاڵکردنی کۆمەڵە کەسانێک بەسەر باقی ئەوانیتردا.
لێره‌دا پره‌نسیپی زۆرینه‌ وه‌ک پره‌نسیپێکی سیسته‌می دیموکراسی روون ده‌بێته‌وه‌ که مافی ئه‌وه‌ی نیه‌ خۆی بسه‌پێنێ. به‌مه‌ش نه‌‌ زۆرینه‌ مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتێکی زاڵم و عه‌نته‌ر هه‌ڵبژێرێت، نه‌ ده‌سته‌ی حاکمیش مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ به‌ پێوه‌ری زۆرینه‌کی خه‌له‌فێنرراو وروژاو پێشێلی به‌هاو پره‌نسیپه‌ هاوبه‌شه‌کان بکات.

به‌ڵام بەداخەوە لای ئێمه‌ تێگەیشتن لە دیموکراسییه‌ت له‌ حوکمی که‌مینه‌ و زۆرینه‌ کورتکراوه‌ته‌وه‌ ، نه‌ک له‌ پره‌نسیپ و بریاره‌ هاوبه‌شه‌کان . واده‌زانن ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی ده‌نگی خه‌ڵکی به‌ده‌ستهێنا ئه‌وا مافی خۆیه‌تی ببێته‌ حاکمێکی عه‌نته‌ر و ملهور !! ئه‌وه‌ی توانی زۆرترین خه‌ڵک بکاته‌ مه‌ڕ ئه‌و مافی دۆشینیانی هه‌یه‌ !! ئیدی به‌ ئارەزووی خۆی چی بوێت بیکات !!

واته‌ دیموکراسییه‌ت لێره‌دا جۆرێکه‌ له‌ دیکتاتۆریه‌تی زۆرینه‌ و هیچ په‌یوه‌ندی به‌ ده‌سته‌به‌رکردنی ئازادی و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری و بەھا ھەمەکیە ھاوبەشەکانه‌وه‌ نیه‌. وه‌ هه‌موو بریاره‌ کانیی په‌یوه‌ست به‌ پرسه‌کانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری له‌سه‌ر بنه‌مای خواستی که‌مینه‌یه‌کی ئۆلیگارشی ده‌درێت که‌ شه‌رعیه‌ته‌که‌ی له‌ زۆرینه‌کی کارتێکراو وه‌رگرتیه‌ ، زۆرینەیەک کە بەرھەمھێنراوی ئەو ژینگە فاشیستەیە کە خودی ئەم دەسەڵاتە خولقێنەریتی ، نه‌ک له‌سه‌ر بنه‌مایه‌ی به‌ها و بریاره‌ هاوبه‌شه‌کان .

هه‌ر بۆیه‌ ئۆپۆزسیۆنی سیاسی زه‌رووره‌تێکی سیسته‌می دیموکراسیه‌ ، تا هه‌ر کاتێک حیزبی حاکم وویستی پێشێلی به‌ها و پره‌نسیپه‌ هاوبه‌شه‌کان بکات و به‌ره‌و دیکتاتۆریه‌تی زۆرینه‌ هه‌نگاو بنێ به‌ ئیستغلالکردنی ماف و پێوه‌ری زۆرینه‌ک که‌ زاده‌ی هه‌ستێکی مه‌سته‌ ، یه‌کسه‌ر به‌ره‌نگاری ببێته‌وه‌ و خه‌لکی و شه‌قامی لێ ھۆشیاربکاتەوە ولێیانی به‌ده‌نگ بێنێت. چونکە حیزب و دەستەبژێری حاکم بە ھۆی لەبەر دەستدابوونی زۆربەی ئامرازەکانی ماددی و ئیعلامی و پەیوەندیکاری و دام و دەزگا پەروەردەیی و رۆشنبیری ….. ھتد دەتوانێت چۆنی بوێت ئاوا سۆز و ھەستی خەڵک ئیستغلال بکات و خەڵک بەو شێوەیە ئاراستە بکات کە خۆی ئامانجیەتی. سروشتی خەلک و جەماوەریش ھەمیشە کارتێکراو و ورووژاوە بۆیە لە لایەنگیری بریارداندا پشت بە ھەست و سۆزیان دەبەست نەک عەقڵ و لۆژیک بەمەش بە ئاسانی دەتوانرێ بە لارێدابدرێن گەرچی دژی خۆشیان بێت بەبێ ئەوەی ھەستی پێبکەن.

بەکورتی دیموکراسیەت واتە حوکمکردن لەسەر بنەمای ئەو حوکم و چەمکە ھەمەکی و بەھا پیرۆزە مرۆییانەی کە رێککەوتن و کۆدەنگیەکی گشتی لەسەرە لە نێوان ھەموو تاک و کۆمەڵەو گروپە جیاوازەکانەوە نەک دیکتاتۆریەتی زۆرینە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.