نووسینی عیماد ئابشناس
وەرگێرانی ئازادی مەلا نەبیی
لە پێنج شەممەی ڕابردووەوە هەمووان دەپرسن چیی لە ئێران دەگوزەرێ ؟
ئایا شۆڕشێکی نوێ لەو وڵاتە، سەریهەڵداوە ؟
ڕاهاتووین کە تاوناتاوێک گوێبیستی ئەوەبین کە ئێران ڕووبەڕووی ناڕەزایی و خۆپیشاندان بووەتەوە ، بەڵام ناکرێت هەموویان وەک یەک هەڵبسەنگێنرێن_ بەتایبەت ڕووداوەکانی ساڵی 2009 ( بزووتنەوەی سەوز) _ وەکو ئەوەی لەم ڕۆژانەدا لەو وڵاتە ، ڕوودەدات ، لەڕووی ژمارەی خۆپیشاندەران و ڕێکخستنی ناڕەزاییەکان لە شەقامدا .
داواکارییە ئابوورییەکان:
ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی کە پێنج شەممەی ڕابردوو لەشارەکانی مەشهەد و تاران و چەند شارێکیتری ئێران گردبوونەوە ، بەهۆی لەدەستدانی سەرمایەکەیانەوە بوو کە بەرهەمی کارکردی ژیانیان بوو ، لە دامەزراوە داراییە تایبەتیەکاندا وەبەرهێنانیان پێدەکرد و قازانجی باشی هەبوو ، بەڵام لەم چەند ساڵەی دوایدا لەدەستیاندا. ناڕەزایەتییەکان، ڕۆژ بەڕۆژ ڕوویان لە زیادبوون بوو ، بەهۆی ئەوەی حکوومەت بەرپڕسیاریەتییەکەی لە ئەستۆ نەگرت بەو بیانووەی ئەم دامەزراوانە ڕێپێدراو نەبوون لەلایەن بانکی ناوەندیی و حکومەتەوە .
هەرچیی ناڕەزایەتییەکانی پارێزگای خوزستانە، بەتایبەتیی شاری ئەهواز بەهۆی بێکاریی و خراپیی بارودۆخی ئابووریی و گوزەرانی خەڵکی ئەو ناوچەیە و پشتگوێخستنی چارەسەری پیسبوونی ژینگەی ئاسمانی ئەو شارانەوە، بەهۆی دووکەڵ و گازی ژەهراوییەوە بوو ، دەتوانین بڵێین لووتکەی ناڕەزایەتییەکان بەر لە شەش مانگ سەریهەڵداوە ، کاتێک ئاسمانی خوزستان بە دووکەڵ داپۆشراو ، ئاو و کارەبا و تۆڕەکانی پەیوەندیی پچڕان . هەروەها ژمارەیەکی زۆری خوزستانیەکان پێیان وایە کە دروستکردنی بەنداوەکان لەسەر ڕووباری کارون کە درێژترین ڕووباری وڵاتە و بە خوزستاندا تێپەر دەبێت ، هۆکاری وشکبوونی ئەم بەربەستە سروشتییەیە کە ناوچەکەیانی لە خۆڵباران دەپاراست . پاشان توڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵک، تەقییەوە، دوای ئەوەی بڵاوبووەوە کە کە حکومەت پلانی ئەوەی هەیە (۱۰ ) بەنداویتر لەسەر ئەم ڕووبارە بنیات دەنێت و ڕێڕەوی ئاوەکە بە ئاراستەی ناوچەکانیتری وڵات دەگۆڕێت .
توڕەیی ئەهوازییەکان بووە هۆی بەریەککەوتنی نوێنەرانی پارێزگای خوزستان و عیسا کەلانتەریی، یاریدەدەری سەرۆککۆمار بۆ کارووباری ژینگە ، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەک خەڵکی خوزستان بڕژێنە سەر شەقامەکان بۆ پشتگیری کردنی نوێنەرەکانیان .
هاوزەمان، سەبارەت بەناوچە کوردییەکان، بەتایبەتیی شاری سنە و کرماشان ، چەند مانگێک بەر لە ئێستا چەند بەریەک کەوتن و پێکدادانێک لەنێوان کۆڵبەران و سوپای پاسداراندا ڕوویداوە و حکومەت بەوە تۆمەتباری کردن کە بە نایاسایی کەلوپەل دەگوازنەوە ، لەکاتێکدا پێش مانگێک مۆڵەتەکانی هەڵوەشاندوونەتەوە ، بێ ئەوەی پلانی جێگرەوە بۆ نزیکەی نیوەی دانیشتووانی ئەو ناوچە سنووریانە دابنێت کە گوزەران و ژیانیان لەسەر ئەم کارەیە ، ئەمە جگە لە توڕەییان لە لاوازی هاوکارییەکانی حکومەت بۆ زیان لێکەوتووانی بوومەلەرزە، لە ناوچەکەدا .
سەبارەت بە ناوچە کەناراوییەکانی باشووری ئێرانیش بەتایبەت بوشەهر و بەندەر عەبباس ئەوا دەریاوانەکان ناڕازی بوون لە هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتە تایبەتییەکانیان کە ڕێگای پێدەدان ، لەهەر گەشتێکدا هەندێک کەلوپەل بەبێ گومرک بێننە ناوەوەی وڵات( تحت لنج) بەو پێیەی کە دیاریین بۆ خزم و کەسیان . هەموو ئەو شتانەش لە بارودۆخێکدا ڕوویاندا کە وڵات لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی هەڵاوسانی ئابووریی بۆتەوە ، چونکە لەگەڵ دەستبەکاربوونی ، حەسەن ڕۆحانیی ناچاربوو کە وڵات بخاتە ناو بارودۆخی داکشانی ئابووری ، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵاوسان ، بەڵام کاتێک دەسەڵاتی وەرگرت ڕێژەی هەڵاوسان زیاتر بوو لە ٤٥ ٪
حکومەت هیواخوازبوو کە بگاتە ڕێککەوتنامەی ئەتۆمیی ( ناوەکیی ) و هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان لەسەر وڵات و کاراکردنەوەی کەرتی ئابووریی دوای چەند مانگێک لەوەرگرتنی دەسەڵات ، بەڵام گەیشتن بە ڕێککەوتنامەی ئەتۆمیی زیاتر لە سێ ساڵی خایاند ، هەروەها وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆسپی خستە بەردەم ئەو بەندانەی کە دەبوونە هۆی چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکانی ئێران ، حکومەتی ئێران نەیتوانی ڕێککەوتنامەی ئەتۆمیی بقۆزێتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکانی وەک ئەوەی نەخشەی بۆ دانابوو ، بەڵام رۆحانی توانی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی دووەم جاریدا جەماوەر ڕازی بکات بەوەی کە بارودۆخی ئابووریی باشتر دەکات ، بەڵێنی دا کە سەرجەم سزا ” غەیرە- ئەتۆمییەکان” لەسەر ئێران هەڵبگرێت ئەگەر دەسەڵات بگرێتەوە دەست ، لەکاتێکدا ڕکابەرەکانی هیچ بەرنامەیەکی وەهایان نەبوو .
لە یەکەم پڕۆژەی بودجەدا کە حەسەن ڕۆحانیی دوای هەڵبژاردنی بۆ جاری دووەم پێشکەشی ئەنجوومەنی شورای کرد ، هاوڵاتییانی ئێران، توشی سەرسوڕمان بوون ، بەوەی کە بارودۆخی ئابووریی ساڵی ئاییندە خراپتر دەبێت و ڕۆحانیی پلانی ئەوەی هەیە کە پشتگیریی زیاتری حکومەت بکات لەسەر حیسابی فشار خستنە سەر گەل بە زیاترکردنی باج و تێچوو و خەرجییەکانی ژیان . هەرچەندە ئەنجوومەنەکە تا ئێستایش پڕۆژە بودجەکەی نەچەسپاندووە ،بەڵام بووە هۆی بەرزبوونەوەی نائاسایی لە نرخی کەلووپەلەکان لەماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا .
هەرچەندە زۆرێک لەدانیشتووانی ئێران گوێ بە بەرزکردنەوەی ئاستی پشتگیریی حکوومەت بۆ گەل نادەن کە لە ئێستادا یەکسانە بە نزیکەی 12 دۆلار بۆ هەر هاوڵاتییەک لە مانگێکدا ، بەڵام لە ناوچە گوندنیشینەکان و شارە گەورەکان کە خێزانەکان قەڕەباڵغن تا ئێستاش ئەم بڕە پارەیە پشتگیریەکی گرینگە بۆ داهاتی خێزانەکان .
کەڵەکەبوونی ئەو هەموو فشارە ئابووریی و دەروونییانە سەرەڕای کێشەی بێکاریی کە زیاتر لە ۲۰ ٪ ی گەنجانی ئێرانی دەرچووی زانکۆ پێیەوە دەناڵێنن (بەپێی ئامارە رەسمییەکان) بوونە هۆکاری تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکان ، بۆیە هاوڵاتییانی ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی لە دژی خراپیی بارودۆخی ئابوورییان .
پاڵنەرە سیاسییەکان
وەکو زۆربەی وڵاتانی دونیا ، ئێرانیش خاوەنی ئۆپۆزسیۆنی سیاسییە کە خۆی دەبینێتەوە لە ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو ڕەوتی چاکسازییخواز و ئوسوڵیی ( نەریتییەکان ) کە بەربەرەکانێ لەسەر دەسەڵات دەکەن ، وەک ئۆپۆزسیۆنی سیاسیی دەرەکیی کە دژایەتیی هەموو ڕژێمی دەسەڵاتدەکات .
1. ئۆپۆزسیۆنی ناوەخۆ :- دوای پێشکەشکردنی پڕۆژەی بودجە بۆ ئەنجوومەنی شوڕا ، ئوسوڵییەکان کە ڕکابەرایەتیی ڕۆحانییان دەکرد لە هەڵبژاردنی دواییدا هێرشێکی توندیان کردە سەر پڕۆژە بودجەکە کە خۆی دەبینییەوە لە ڕەخنەگرتن لە کەسایەتیی و نوێنەرانی ئەنجوومەنی حکومەتەکەی ڕۆحانیی .لەلایەکیتریشەوە چاکسازییخوازان رەخنەیان لە پڕۆژەی بودجەی حکوومەت دەگرت لەترسی لەدەستدانی جەماوەرەکەیان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوودا ، بەهۆی پشتگیرییکردنیان لە حکومەت .
2. ئۆپۆزسیۆنی دەرەکیی :- کە خۆی دەبینێتەوە لەو گرووپە سیاسییە ئێرانییانەی کە لە دەرەوەی وڵاتدا دەژیەن و پشتگیرییان لە ناوخۆی ئێراندا لاوازە ، هەندێکیان لەلایەن وڵاتە نەیارەکانی ئێران وەک ئەمێریکا و سعودیە و ئیسرائیل پشتگیریی و پشتیوانیی و هاوکاریی دەکرێن .
دەتوانین بڵێین ئەو گرووپانە بریتیین لە داواکارانی گەڕانەوەی ڕژێمی پادشایەتی و ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵق و عەلمانییەکان و سۆشیالیستەکان، کە ئەمانە گرووپ و ڕەوتی سیاسیی دژ بەیەکن ، بەڵام دەزگای ڕاگەیاندنی زۆر بەهێزیان هەیە ، وەک تەلەفزیۆن و ڕادیۆ کە لە ڕێگەی مانگی دەستکردەوە پەخش دەکرێن ، سەرەڕای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە هەندێکیان زیاتر لە ملیۆنێک بەشداربوویان هەیە ، ئەم ئۆپۆزسیۆنە لە توانایدا هەیە لە ڕێی دەزگا ڕاگەیاندنەکانییەوە کاریگەریی لەسەر شەقامی ئێرانیی دابنێت یاخود لە ڕێی هاوکاریی دەسگا ڕاگەیاندنە ئەمێریکیی و بڕیتانییەکانەوە .
3. بزووتنەوە جوداخوازەکان :- لەکاتێکدا هەموو گرووپە سیاسییەکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات جەخت لەسەر یەکێتیی خاکی ڵاتەکەیان دەکەنەوە و ئامانجیان گەیشتنە بە دەسەڵات ، چەند بزوتنەوەیەکی سیاسیی نەتەوەیی بانگەشەی جیابوونەوە لە ئێران دەکەن ، لەدیاریتریین ئەو گرووپە سیاسییانەش بزووتنەوەی قەومیی کوردیی، عەرەبیی، ئازەریی و بە لوجییەکانن .
لەچەند ساڵی ڕابردوودا ، ئێران ڕاهاتووە بەوەی یەکێک لە گرووپە سیاسییە ناوخۆییەکان جوڵێنەری سەرەکی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان بێت .سەرەڕای گەرم و گوڕی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان کە داواکاری ڕەوایان هەیە ، بەڵام هەر زوو ڕەوتە سیاسییەکان ، ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانە بۆ بەرژەوەندیی و ئامانجە سیاسییەکانی خۆیان دەقۆزنەوە ، ئەمەش دەبێتە هۆی نەگەیشتن بە ئامانجەکان و بەلارێدا بردنی خۆپیشاندانەکان . هاوکات، خەڵکێکی زۆر ناڕەزایەتییان هەیە دەرهەق بەوەی کە ئێران، یارمەتیی پرۆکسییەکانی خۆی دەدات لە سوریا، لوبنان و یەمەن و بارودۆخی ئابووریی وڵاتەکەی خۆیشی، فەرامۆش کردووە.
ئەوەی لە ئێران ڕوودەدات شۆڕش نییە …بەڵام
ئەگەر هەموو ئەو شتانەی باسمان کرد لەبەرچاو بگرین ، دەتوانین بڵێین ، ئەم ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانانەی لەم چەند ڕۆژەدا ئێران بەخۆیەوە بینی و دەبینێت ، هۆکارە سەرەکیەکەی کێشە ئابوورییەکانی وڵات و بێ هیوابوونی گەلە لە چارەسەرکردنی ئەم کێشانە ، بە گوێرەی ئەوەی کە دەیبینین و لەبەرچاون ئەو گروپە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنانە نەیانتوانیوە ژمارەیەکی زۆری خەڵک بێننە سەر شەقامەکان ، لە لایەکیترەوە کاتێک هاوڵاتییانی ئێران ئەوە دەبیینن کە لە سوریا و عێراق و یەمەن و لوبنان ڕوویداوە دەترسن هەمان شت لەوڵاتی ئەواندا بە دەستی دەرەکیی دووبارە ببێتەوە .